سەرەکی » وتار » ئەكرەم میهرداد » كۆرۆنا و دیموكراسی

كۆرۆنا و دیموكراسی

*هەندێك لە سیاسی و بیریاران بڕوایان وایە كە دوای كۆرۆنا سەردەمێكی سیاسیی نوێ دێتە كایەوە كە بەتەواوی جیاوازە لەم سەردەمە و دیموكراسیی لیبرالی یان خۆرئاوایی لاواز دەبێت یان لەناو دەچێت.

بەبڕوای من ئەمە پێچەوانەیە، ئەویش ئەوەیە كە دەبێت دیموكراسی نوێنەرایەتی و لیبرالیزمی نوێ بەرەو دیموكراسییەكی فراوانتر و باشتر و مرۆڤانەتر بڕوات كە هەندێك لە بیرمەندانی چەپی ئازاد و دیموكرات ناویان ناوە (دیموكراسیی رادیكاڵ و پلوراڵ).

*دیموكراسی رادیكال و پلوراڵ داوای ئەوە دەكات كە دەوڵەتی رەفا بەرەو باشتر و فراوانتر بچێت لە بەرژەوەندیی زۆرینەی خەڵكی كاركەر و ئەوانەی كاری بەكرێ دەكەن و خاوەندارێتییان نییە.

بوارەكانی تەندروستی و پەروەردە و ژینگە و ئاسایش و كار و بیمەی بێكاریی و خزمەتگوزارییە گشتییەكان بخرێتەوە دەستی حكومەت و بەپێی بنەماكانی مافی مرۆڤ نان و كار و ئازادیی و ئاسایش بۆ هەمووان دابین بكرێت.

تایبەتمەندیی پلوراڵیش ئەوەیە كە خەڵك لە رێگەی سەندیكا و رێكخراوە نوێنەرەكانیانەوە بەشداربن لە بڕیاری چارەنووس و باشتركردنی ژیانیان.

*بێگومان لەدوای ئەم قەیرانە گەورە مرۆیی و تەندروستی و ئابوورییە، بنەماكانی لیبرالیزمی نوێ دەكەونە بەر هەڕەشەی گومان و لەناوچوون. ئەو بڕوا سیاسییە سەرمایەدارە فاشیستییە چینایەتی و نەژادییەی كە دەیەوێت بە لاواز و سنوورداركردنی دەوڵەت لە بازاڕو ئابووریی و ژیانی گشتیدا، خەڵك بخاتە بەردەمی رەحمەتی قازانج و بەرژەوەندیی سەرمایەداری و بازاڕی بەناو ئازاد، چونكە ئازادە بۆ ئەوانەی كۆنترۆڵ و ئاڕاستەی نرخ و فرۆشتن دەكەن ، بەڵام بێ دەسەڵاتی و ناچارییە بۆ ئەوانەی كە دەبێت بەو نرخ و بەهایانە ژیانی خۆیان بكڕن.

ئازادە بۆ ئەوانەی هێزی كاری هەرزان دەكڕن، بەڵام كۆیلایەتییە بۆ ئەوانەی هێزی كاری گران هەرزان فرۆش دەكەن.

ئەم لیبرالیزمە نوێیە گەورەترین گومان و پرسیاری بەرەوڕوو دەبێتەوە و قەیرانی كۆرۆناش پێمان دەڵێت: ئەگەر فریاكەوتن و چارەسەرێك هەبێت، بێگومان لای ئەم بیركردنەوە فاشیست و چەوسێنەرانە نییە، بەڵكو هێشتا لای دەوڵەتی رەفا و بەدەربەست و كارا و كاریگەرە.

*بێگومان لە دەوڵەتی دیموكراسی خۆرئاوایی و نوێنەرایەتی لیبرالی و حكومەتە لانی كەمەكانی دیموكراسی وڵاتانی ئەمریكای لاتین و ئەفریقا و ئاسیا و روسیا، لەدوای قەیرانی بەهێز و گشتگیری كۆرۆناوە، دوو شێوازی بیركردنەوە دێنە مەیدانەوە، یەكێكیان گەڕانەوەیە بۆ دەوڵەتی تۆتالیتار و ناوەندی و دیكتاتۆری و خاوەنداری هەموو شتێك وەكو ئێستای چین و دەوڵەتانی دیكەی دیكتاتۆری، یان بیركردنەوەیە لە هێنانەدیی دەوڵەتی رەفای كارا و بەدەربەست بۆ ژیان و چارەنووسی هەمووان، نەك ئەو دەوڵەتە لاوازو پەشیمانانەی هەندێك لە وڵاتانی ئەوروپا كە سەردەمێك دەوڵەتی ماف و ئازادیی و خۆشبەختی بوون، بەڵام دوو سێ دەیەیە لە پاشەكشە و پەشیمانیدان.

بێگومان ئەمجارە زۆربەی خەڵك و دەنگدەرانیش بەخۆیاندا دەچنەوە كە بۆچی لەچەند ساڵی رابردوودا دەنگیان بە سۆسیال دیموكراسی و دەوڵەتی رەفا نەداوە؟

print

 161 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*