سەرەکی » وتار » د.ئه‌رسه‌لان بايز‌ » بە وتەی سۆفییەكان

کـۆڵەپـشـت

بە وتەی سۆفییەكان

(88)

*هەموو بەیانیان لەگەڵ گزنگی هەتاو، بە دەنگی كوكوختی و بولبولی سەردار سنەوبەرو سەرووەكانی ئەودیو پەنجەرەی ژووری خەوتنەكەم، هۆشیار دەبمەوەو لەخەو هەڵدەستم خۆم و قەڵەم و كاغەزەكانم سەرقاڵی خوێندنەوەی ڕۆمانێك نووسینی وتارێك، نووسینێك دەبم. دەڵێم ئەمە خوایەو بەڵكو سودێك بە گەنجەكانی میللەتەكەم بگەیەنم.

كەچی هەندێ‌ لە كۆمێنتی سایتەكان بەسەر سوڕمانەوە دەپرسن:-
-ئەرێ‌ پێمان ناڵێن ئەم نووسەرە (…..) لە كەیەوە دەستی بە كاری سیاسی كردووەو فێری نووسین بووە، ئاوا وتار لەسەر وتار بڵاودەكاتەوە..؟!
من لەلای خۆمەوە گەردنیان ئازاد دەكەم. كەچی یەكێ‌ لە ئەكتەرەکانی یەكێ‌ لە ڕۆمانەكانی (ئەلیف شەفەق) دەڵێ‌:- (بێئاگایی نیعمەتە).

*هەر لە تەمەنی شانزە ساڵیمەوە تاكو ئەمڕۆ لەگەڵ یەكەمین ڕۆژو هەنگاوی شەرەفی دەست بەكاربوونم لە بوارەكانی (حیزب. نووسین. شاخ. پێشمەرگایەتی) جۆرەها كۆسپ و ئاستەنگم هاتۆتە ڕێگا، دڕك و داڵی ڕێگا، زیندان و تێهەڵدان، هەورازو نشێو، ڕاكە ڕاكەو ئاوارەیی. قسەی ئەم و ئەوو جنێو، بەڵام هیچیان ساردیان نەكردومەتەوە. نە چۆلەكەكان لە جریوەی خۆیان كەوتن، نە بەندەش لە ڕۆیشتنی گەشتەكەم وەستام. (شەمسی تەبریز)یش لە وەڵامی ئەو دەروێشەی كە ویستی هاوەڵی ڕێگای بێت بۆ گەشتی (قۆنیا) دەڵێت:- (هەر چەند هەوڵبدەیت لە ڕەخنەی ئەم و ئەوو- نەزانان- ڕزگارت نابێت).

بەڵام ئەوەی مرۆڤ نیگەران و دڵشكاو دەكات، نا بەڵەدی، یان ڕق و كینەو دەمارگیرییە كە هزرەكان كرمێ‌ دەكات و بەلاڕێیدا دەبات. كارەكان، هەوڵ و ماندوو بوونە پاكەكان دەشێوێنێ. بە پێچەوانەوە خۆشەویستی دڵەكان پاك دەكاتەوەو ڕۆحی مرۆڤەكان ئاسودە دەكات.

هەر لەم بارەوە (شەمسی تەبریز)ی دەڵێت:- (دنیا مەنجەڵێكی گەورەیەو شتی گەورەی تێدا دەكوڵێنرێ‌. بەڵام تا ئێستا نازانین ئەو شتە چیە. هەموو ئەوەی دەیكەین، یان بەرمان دەكەوێت یان بیری لێدەكەینەوە یەكێك لە پێكهاتەكانی ئەو تێكەڵەیەیە، دەبێ‌ لە خۆمان بپرسین چی دەكەینە ناو مەنجەڵەكەوە. ئایا بێزاری یان دوژمنكاری یان تووڕەیی، تۆمەتی ناهەق یان توندو تیژی تێدەكەین…؟ یان عەشق و خۆشەویستی..؟).
من لەلای خۆمەوە هەوڵدەدەم تەبایی و برایەتی لەنێو كۆمەڵگادا بەرجەستە بێت. چونكە ئێمەی كورد پێویستیمان بە یەكڕیزی و تەباییە، نابێ‌ كەسیشمان لە گلەیی و ڕەخنە بترسین. چونكە هەموومان پێویستیمان بە ڕێنمایی و هاوكارییە.

*(بۆچوون و ڕای جیاواز، ڕەخنەی بنیاتنەرو زانستی، هۆكارن بۆ ڕاست كردنەوەی هەڵەكان و پێشخستنی كۆمەڵگا، چونكە ئێمە هەموومان ئافەریدەی جیاوازو دیارین، دوو كەسی لەیەكتر چوو دەست ناكەون و دوو دڵیش بە هەمان ڕیتم لێنادەن. گەر خوا ویستبای هەموومان لەیەكتر بچین، ئەوا وەك یەكتر دروستی دەكردین. بۆیە ڕێز نەگرتنی جیاوازییەكان و سەپاندنی بۆچوونی خۆت بەسەر ئەوانی تردا، ڕێز نەگرتنی ئەو سیستەمە پیرۆزەیە).

print

 811 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*