سەرەکی » راپۆرت » به‌رپرسیارێتی ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و رێگرتن له ‌ئاژاوه‌و پیلانگێڕیی، هه‌ڵده‌گرین‌

به‌رپرسیارێتی ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و رێگرتن له ‌ئاژاوه‌و پیلانگێڕیی، هه‌ڵده‌گرین‌

ته‌نها و ته‌نها، بڕیارمان خامۆشكردنی ئاژوه‌گێڕانه‌و به‌س

چەند رۆژی رابردوو، سنوورەكانی سلێمانی ‌و هەڵەبجەو گەرمیان ‌و راپەڕین ‌و كۆیە، خۆپیشاندانی بەشێك لە چین ‌و توێژە جیاجیاكانی لە فەرمانبەران ‌و مامۆستایانی بەخۆوە بینی بەمەبەستی خستەڕووی خواستە رەواكانیان لە دابینكردنی مووچەو خزمەتگوزارییەكان‌و چاكسازیی ‌و… بەڵام دەستی تێكدەری ئەملاولا بە پیلانی ئەم و ئەو خۆی خزاندە ناو خۆپیشاندانەكانەوەو رێڕەوی خۆپیشاندانەكە بەلاڕێدابرا بەرەو توندوتیژیی ‌و سوتاندن ‌و تێكدان ‌و تاڵانكردن.
دوای کاردانەوە رەسمییەکانی دوێنێ لەوانەش بەیاننامەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لایەنەکانی تریش تەئکید لەسەر مەدەنی بوونی خۆپیشاندانەکان دەکەنەوە

بایكۆت ‌و دووركەوتنەوە لەتوندوتیژی
بزووتنەوەی گۆڕانیش لەڕێی وتەبێژەكەیەوە داوا دەكات «سەرجەم فەرمانبەرانی كوردستان بایكۆتی دەوام بكەن، بەڵام پەنا نەبەنە بەر توندوتیژیی ‌و سووتاندنی بارەگای حزبەكان ‌و فەرمانگە حكومییەكان ‌و هۆشدارییش دەدات لەوەی وێڕای رەوایی داوای خۆپیشاندەران، بەڵام نابێت بێ ئاگابین لە بوونی دەستی دەرەكی كە دژی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان لەكاردایە».

حكومەت و پەرلەمان
لەلایەكی دیكەوە پەرلەمان ‌و حكومەتی هەرێم لە دوو راگەیەندراوی جیاجیادا پشتیوانیی خۆیان بۆ خۆپیشاندانی هێمنانەو مەدەنییانە دووپاتكردۆتەوە، بەڵام داوا دەكەن بەئاراستەی توندوتیژیدا نەبرێت.

كشانەوەو دەست لەكاركێشانەوە
لەلایەكی دیكەوە دوای سێ رۆژ لە كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان، دواجار ئەو بزووتنەوەیە بڕیاریدا بەڕەسمی لە كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم بكشێتەوەو بەشوێن ئەویشدا كۆمەڵی ئیسلامی هەمان هەڵوێستی دەربڕی، هاوكات گۆڕان رایگەیاندووە كە د. یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانیش بە رەسمی دەست لەكاربكێشێتەوە لە پۆستەكەی، ئەگەرچی هێشتا دیارنییە كە ئاخۆ بزووتنەوەی گۆڕان لە ئیدارەی خۆجێییش دەكشێنەوە یان نا.
لە پێشهاتێكی نوێشدا گۆڕان لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆیدا بڕیاریداوە رێكەوتننامە سیاسییەكەی لەگەڵ یەكێتیدا هەڵپەسێرێت، ئەگەرچی لەوبارەیەوە یەكێتی هیچ هەڵوێستێكی ئەرێنی یان نەرێنی رانەگەیاندووە.

میدیا‌و خۆپیشاندانەكان
لە چوارچێوەی گرژیی ‌و ئاڵۆزییەكانیشدا كە لە خۆپیشاندانەكان كەوتەوە، دوێنێ بەپشتبەستن بە بڕیارێكی پێشتری وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی كوردستان، پەخشی كەناڵەكانی ئێن ئارتی بۆ ماوەی هەفتەیەك وەستێنرا، كە بەوتەی وەزارەتی رۆشنبیری «لە پێودانگ‌و پرەنسیپەكانی كاری میدیایی لایداوەو رۆڵی هەبووە لە هاندانی توندوتیژییدا». لەوبارەیەشەوە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا داوایكردووە دەشێت رێكارە یاساییەكان بگیرێتەبەر، بەڵام مەسەلەی داخستنی كەناڵەكە چاوی پێدا بخشێنرێتەوە.

كۆبوونەوەی هاوبەش
دوێنێش لە ئەنجامی خوێندنەوەی دۆخی دوو رۆژی رابردوو زۆربەی لایەنە سیاسییەكان لە هەریەكە لە پارێزگای هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان كۆبوونەوە‌و وێڕای پشتیوانیی داوای رەوای خۆپیشاندەران، سەرەخۆشیی لە كەسوكاری قوربانییەكان‌و هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان، هانی هەموو لایەكیاندا كە دووربن لە توندوتیژیی ‌و هەوڵی نانەوەی پشێوی، هەر بەو بۆنەیەشەوە ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە ئەمڕۆ پێنجشەممەی وەك پشووی رەسمی لە پارێزگاكە راگەیاند‌و داواكرا ئاڵای سەرجەم حزبەكان بهێنرێتە خوارەوە بۆ نیوە.
لەسەر ئاستی عیراقیش چەندین سەركردەی سیاسی كە بەشێكیان بۆخۆیان هۆكاری بەشێك لە نەهامەتییەكانی خەڵكی كوردستانن كە پەیوەستە بە بودجەو مووچەوە‌و لێدوانی جیاجیا لەبارەی دۆخی هەرێمەوە دەدەن‌و هەندێكیان كە هیچ بڕوایەكیان بە دیموكراسی ‌و ئازادیی ‌و خۆپیشاندان نییە، لێدوانی جیاجیا دەدەن‌و ریشسپێتی بەسەر دۆخەكەوە دەكەن‌و لە بەغداش سوورن لەسەر كەمكردنەوەی بودجەی كوردستان كە كێشە هەرە گەورەكەی فەرمانبەران ‌و مامۆستایان كە رژاونەتە سەر شەقام، هۆكاری بژێویی ‌و ئەو گەمارۆیەیە كە خراوەتە سەر هەرێم لەلایەن بەغداوە، هەر لەوبارەیەشەوە هەندێكیان بەناوی نیشاندانی «هاوسۆزییەوە بۆ هەرێم» داوای دەستێوەردانی سەربازیی لە حكومەتی عیراق دەكەن.

 1,808 جار بینراوە