سەرەکی » وەرزش » مووچەی یاریزانان خەرجییەكی گەورەی یانەكانی ئەوروپایە

مووچەی یاریزانان خەرجییەكی گەورەی یانەكانی ئەوروپایە

كێشەی دارایی لەسەردەمی كۆرۆنادا هەموو كایەكانی گرتۆتەوە، بێ گومان وەرزشیش یەكێكە لەو كایە گرنگانەی ژیان كە كاریگەری گەورەی لەسەر دروستكردوە بەتایبەت كاریگەری دارایی بەهۆی وەستانی پاڵەوانێتییەكانەوە.

یانەكانی ئەوروپاو جیهان لەم دۆخە قورسەی تێی كەوتوون بەدوای چارەسەردا دەگەڕێن بۆ ئەوەی لەسەر پێیەكانی خۆیان بووەستن و توشی مایەپوچ بوون نەبن ئەویش لە رێگەی كەمكردنەوەی زیانە داراییەكان، بەڵام لە راستیدا بەهۆی وەستانی یارییەكان و ئامادەنەبوونی هاندەران لەكاتی دەستپێكردنەوەی پاڵەوانێتییەكاندا ئەوا یانەكان زۆر قورسە بتوانن ئەو كارە بكەن.

رێگەیەك هەیە بۆ كەمكردنەوەی زیانی یانەكان بەڵام ئەو رێگەیە بە رێگەیەكی بێزراو و ناخۆش ناو دەبرێت ئەویش كەمكردنەوە یاخود بڕینی مووچەی یاریزانان و راهێنەران و ئیداییەكان یاخود كەمكردنەوەی ژمارەی فەرمانبەرانی یانەكەیە.

بڕی مووچە لە بەشێك لە یانەكان دەگاتە سەدان ملیۆن یۆرۆ، ئەمەش وادەكات ئەو یانانە بكەونە دۆخێكی زۆر خراپەوە، بۆیە بەناچاری دەبێت لە داهاتووییەكی نزیكدا چاو بە رێژەی ئەو مووچانەدا بخشێننەوە.
بەپێی ژمارەكانی یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپا كە پێگەی بلومبێرگ بڵاویكردۆتەوە، زیاتر لە نیوەی داهاتی یانەكان لە ئەوروپا بۆ مووچەی یاریزانان و راهێنەران و فەرمەنبەری یانەكان دەڕوات، ئەمەش وایكردوە یانەكان لەم دۆخە قورسە بیر لە كەمكردنەوەی مووچە بكەنەوە.

لە ئەڵمانیا یانەكان لەگەڵ یاریزانەكانیان گەیشتنە رێككەوتن بۆ ئەوەی مووچەكانیان كەم بكەنەوە، هەردوو یانەی بایرن مونشن و بروسیا دۆرتمۆند كە دوو یانەی گەورەی خولەكەن بەرێژەی %20مووچەی یاریزانەكانیان كەمكردەوە.

یانەكانی ئیتاڵیاش مانگی رابردوو بە كۆمەڵ گەیشتنە ئەو بڕیارەی ئەگەر بێت و یارییەكانی خولی ئیتاڵیا تەواو نەكرێت، ئەوا مووچەی جوار مانگی كۆتایی وەرز نەدەن بە یاریزانەكانیان، بەڵام ئەگەر خولەكە تەواو بكرێت ئەوا تەنها مووچەی دوو مانگی یاریزانان دەبڕن.

زۆرینەی یانەكانی خولەكانی ئەوروپا هەنگاوی بڕینی مووچەی یاریزانانیان گرتووەتە بەر، بەڵام لە یانەیەكەوە بۆ یانەیەك و لە خولێكەوە بۆ خولێكی تر جیاوازە، بەجۆرێك سپۆرتینگ لیشبۆنەی پرتوگالی %40 مووچەی یاریزانانی بڕیوە بۆ ماوەی سێ مانگ، بەڵام لە ئیسپانیا هەردوو یانەی بارسێلۆنا و ئەتلەتیكۆ مەدرید %70 مووچەی یاریزانانیان بڕیوە بۆ ئەوەی بتوانن تەواوی مووچەی كارمەندانی تری یانەكە بدەن.

لە ئینگلتەرا كەمكردنەوەی مووچەی یاریزانان ئاڵۆزە، بەجۆرێك هەردوو یانەی لیڤەرپول و تۆتنهام هەوڵیاندا مۆڵەتی بێ مووچە بە فەرمانبەرانی یانەكە بدەن، بەڵام بەهۆی ئەوەوە رووبەڕووی هێرشی توند بوونەوە، بۆیە لە بڕیارەكەیان پەشیمان بوونەوە.

لەبەرامبەردا چەند یانەیەكی تر هاوشێوەی وێستهام و ساوسهامپتۆن بڕیاریانداوە مووچەی یاریزانان و فەرمانبەرانیان دوابخەن تا ئەو كاتەی هەموو شتێك یەكلایی دەبێتەوە.
هەموو ئەوانەش وادەكات یانەكان بەشێوەیەكی توند سوور بن لەسەر ئەوەی سەرەڕای مەترسییەكان، یارییەكان دەستپێبكاتەوە، چونكە ناكرێت بەبێ بەڕێوەچوونی یارییەكان، مووچەیەكی زۆر بدەن بە یاریزانەكانیان كە دەبێتە هۆی ئەوەی زیانی دارایی گەورەیان پێبگات و لە مایەپووچ بوون نزیك ببنەوە.

هەر بەهۆی ئەمەوە یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپا وەكو یارمەتیەك بۆ یانەكان و خولە ناوخۆییەكان، چالاكی و پاڵەوانێتییەكانی خۆی دواخست بۆ ساڵی داهاتوو بۆ ئەوەی بوار بۆ خولە ناوخۆییەكان برەخسێت و لە هاویندا یارییەكانیان تەواو بكەن و دوای ئەوانیش چامپیۆنس لیگ و یۆرۆپالیگ دەستپێبكاتەوە.

print

 73 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*