سەرەکی » ئابووری » نرخی مریشك بەرزدەبێتەوەپەڕە 1

نرخی مریشك بەرزدەبێتەوە

یەکەی ئابووری

بەرزبوونەوەی نرخی مریشك نیگەرانی هاووڵاتیانی لێكەوتۆتەوەو كێڵگە پەلەوەریەكانیش رەتیدەكەنەوە، نرخی مریشك لەسەدا 100 بەرز بوبێتەوە و داواش دەكەن حكومەت نرخ دیاری بكات.

7 ملیار دینار زیان
نازم عەبدوڵڵا جاف جێگری سەرۆكی كۆمەڵی كێڵگە پەلەوەریەكان، لەبارەی گرانبوونی نرخی مریشكەوە رایگەیاند، لەكاتی بەرزبوونەوەی كەمێك لە نرخی مریشك هەموولایەك نیگەران دەبن، بەڵام لەو هەموو زیانەی ئەوان دەیكەن هەر لە گرانبوونی نرخی عەلەف و هێلكە و تێچووی پڕۆژەكان كەس نایەتە دەنگ.

نازم عەبدوڵڵا وتیشی: «لەماوەی دوو مانگی كەرەنتین و كۆرۆنادا زیاتر لە 7 ملیار دینار زیانیان پێگەیشتووەو كەسیش باسی هاوكاریكردنی ئەو كەرتەو بە نیشتیمانیكردنی ئەم كەرتە ناكات كە ژیانی زیاتر لە 700 هەزار خێزانی هەرێمی كوردستانی پێوە بەستراوە.

راشیگەیاند، بەهۆی ترسی زیانی زۆرەوە چەند خاوەن پڕۆژەیەك بەرهەمهێنانیان راگرت و فرۆشتنیان كەمكردەوە، بۆیە نرخ بەرزبۆتەوە بەڵام ئێستا بەرەو هەرزانبوون دەڕواتەوەو نایانەوێت نرخ لەسەر هاووڵاتیان گرانبێت و خاوەن پڕۆژەكانیش بەردەوام زیان بكەن، بۆیە داوا لەحكومەت دەكەن نرخیان بۆ دیاری بكات لەسەرو بڕی تێچوو ئامادەن پابەندبن و هاووڵاتیانیش دڵنیابن لە نرخی مریشك لە بازاڕدا.

دوو هەزار و 100 دینار
بەپێی ئاماری کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەزار و 650 پڕۆژەی پەلەوەری و دوو هەزار و 800 هۆڵی یاسایی هەن، هەروەها 450 بۆ 500 پڕۆژەی پەلەوەریی نایاساییش هەن.
جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان ئاماژەی بەوەشداوە، هەر کیلۆیەک مریشک لەسەر خاوەن کێڵگە پەلەوەریەکان دوو هەزار و 100 دینارەو هەموو کاتیش لەو نرخە کەمتر فرۆشراوە کە بەردەوام لە زەرەردابوون.

print

 241 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*