کۆڵەپـشت

ئۆخەی مەفتەن

(90)

*لەگەڵ هەر ژەمێكی نانخواردنی بەیانیدا ئەوان لێیان دەپرسین:

ئەرێ‌ كەی دەڕۆنەوە…؟! پاش چەند رۆژێكی تر هوتێلەكە دادەخەین. ئێمەش بە جۆرێك لە دڵگرانی سەیری یەكترمان دەكرد… لەگەڵ پرسیارە رۆژانەكەیاندا، هەوری خەمەكانی دووری وڵات زیاترو زیاتر چڕدەبوونەوەو دەچوونە پاڵ یەكترەوە، خەنجەر ئاسا بە ناخی دڵماندا دەچووە خوارەوە. ئەوان وا پرسیارەكەیان دەكرد وەكو بڵێی ئێمە بێ كەس و بێ جێگاو رێگاو بێ نیشتمان بین، هەروا لە خۆڕاو بۆ كەیف و سەفا لەوێ‌ مابینەوەو بووبین بە میوانی رەزا قورس و چەل بە ملیانەوە…! بەتایبەتیش كاتێ‌ سەیری ئەملاو ئەولای خۆمان دەكرد.

لە هەرسێكمان و چەند بەردەستێك بەولاوە هیچ میوانێكی تر لەو هۆڵە گەورە رازاوە جوانەدا نەبوو، كە جاران بۆ قاوەڵتی جمەی دەهات.

راستە ئێمەش هەر وەكو سەدانی تر، بەپێی رێكەوتنێكی بیست رۆژەی پێشتر، میوانی ئەو تەلارە بووین، قەدەر ئێمەی هێنابووە ژێر ئەو ساپیتەیەو ئێستا هەر ئێمە ماوین. لە هەموو كەسیش زیاتر لە چاوەڕوانی پەیدابوونی درزێكی رووناكین لەو شەوە زەنگەدا، تاكو بەرەو مەفتەن+ لە شەقەی باڵ بدەین.

*نازانم خانەخوێیەكەمان بۆچی هێندە خۆی غەشیم دەكرد، چونكە لە ئێمە باشتر دەیزانی تخوب و سنوورە زەوی و ئاسمانی و دەریاییەكان داخراون و دەرفەت بە مێروولەش نادەن لە شوێنی خۆی بجوڵێ، تەنانەت شەقام و كۆڵانەكانی شاریش لە جوڵە كەوتبوون و بۆنی خوێنیان لێدەهات. ئەگەر بۆشیان بكرایە لە ترسی گواستنەوەی پەتاكە، باڵە فڕەی كۆترو باڵندەكانیشیان قەدەغە دەكرد.

ئایا ئەو خۆنەبان كردنەی خانەخوێكەمان، لەبەر ئەوە بوو كە بە رۆیشتنی ئێمە باڵەخانەكە دادەخات و سنوورێك بۆ زیانە خەرجییەكانی رۆژانی بێ میوانی دادەنێت…؟! بەردەستەكانیش پێیان وایە ئیتر ئەوانیش دەچنەوە ماڵی خۆیان و لە مەترسی تووشبوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا، خۆیان لە كونی ژوورەوە حەشار دەدەن…؟! ئەوان لە دوورەوە ئاگاداری پەرۆشیی ئەوە نەبوون كە من لەوێ‌ تەنیاو غەریب و بێ ماڵم، چەند خولیای چۆڵكردنی پلازاكەو گەڕانەوەم، ئاخر ئەوان دركیان بەوە نەدەكرد كە چەند نیشتمانی خۆمم خۆش دەوێ‌. ئەو پلازایەی ئەوان، ئەمڕۆ لای من (كەپر)ێكی لای خۆمان ناهێنێ، چونكە (ژیان و مردن) هەر لە وڵاتی خۆت خۆشە. ئەوان بێئاگابوون لەوەی ناخم بۆتە گڕكانێكی هەڵچوو و دامركانەوەی بۆ نییە.

رۆژ نەبوو لەگەڵ شنەی شەماڵ نەدوێم، گفتوگۆ لەگەڵ باڵندەكان نەكەم، كە چۆن بەیەكەوە لەگەڵ ئەوان سكی ئاسمانی شین شەق بكەم و بگەڕێمەوە مەفتەن.

ئەسینا؛ شارە جوانە دڵگیرەكە، مەڵبەندی شارستانیەتی دێرین و دادگاییكردن و ژەهردەرخواردی سوقرات. شاری شوێنەوارو رێستۆرانتی نێو كۆڵانە تەسك و خانووە كۆنە بە پێبلكانەكانی، كافیتریای سەر كەناری دەریاكانی. جاران لە كۆتایی هەر گەشتێك مرۆڤ خولیاو نەخشەڕێژی بۆ گەشتێكی تر دەكرد، بەڵام ئەمجارەیان پەلەپڕوزێی ماڵئاوایی و گەڕانەوە بووم بۆ نیشتمان. بێ ئەوەی هیچ بیرۆكەیەكی گەشتێكی تر بەلامدا گوزەر بكات.

+مەفتەن: وطن-نیشتمان.

print

 267 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*