سەرەکی » وتار » رەهبەر سەید برایم » هەرمۆتە و رۆحی پیرۆز

هەرمۆتە و رۆحی پیرۆز

مێژووی جیهان بریتی یە لەژیاننامەی كەسە دەگمەن ومەزنەكان، ژیانی هەموو مرۆڤێك چیرۆكێكە خودا دەینوسێت ونیشاندەدا نموونەكان، هەموو مرۆڤێك دڵی هەیە بەڵام هەموو مرۆڤێك ویژدانی نییە، یەكێك لە وەچەی خواكان بێت بایەخ نادا بە زێڕ وپارە مەیلی سامانی نییە، سروشت هونەری یەزدانە، نوێنەری (خوا)ویژدانە، باوەڕبوون بەخوا بەئاسمان دەتبەستێتەوە كەمەند وكۆتە، باشترین شوێن بۆ دۆزینەوەی (خوا)لێی بگەڕێی ناخی خۆتە، خوا لە دەروازەیەكی تایبەت وروناكێكەوە، دێتە ناو دەروونی هەر تاكێكەوە، باوەڕ بەزیندوویەتی دەمێنێتەوە لەناو دەرووندا، بەهێز دەبێ لەتاقیكردنەوە وئەزمووندا، ئەوەی بەدەم خواكانەوە دەیڵێین ئەفسانەیە، (گۆڕ)گەواهەو دوا لانەیە، دەریا فرمێسكی خوایە كە گریاوە، ئاسمان بێ ئەستوون راوەستاوە، ئەوەی دەردی مرۆڤایەتی دەكا چارەسەر، پەیوەست وپێویست بوونە بە باوەڕ، كردارێكی ئەفسووناویە نوێژ، دەردی دەروون دەكا سارێژ، هەموو ئاینێك نایاب وپیرۆزە، تێگەیشتن وقووڵبوونەوە لە (دین)ئاڵۆزە، (ماكس مولر)لە قسە وباسێ، دەڵێ دیندار نییە ئەو كەسەی یەك دین بناسێ، جولەكە ومەسیحی وئیسلام ئاینی ئاسمانیین، نێردراو وپەیامی یەزدانیین، لەدوای یەهودی وزەردەشتی وبودایی، چوارەم ڕیزبەندە دینی عیسایی، ئیسلام كۆتا ئاینی ئاسمانییە، دواین پێغەمبەر محمەد (د.خ) پێغمبەری دیكەی لەدوایدا نییە، حەزرەتی مریەم بێ مێرد لەڕێگەی ڕۆحی پیرۆز سكی پڕبوو، حەزرەتی مەسیح لەدایك بوو گەوهەر وجەوهەری هونەر پێغەمبەر وكوڕبوو، حەزرەتی مریەم، تاك ویەكەم ئافرەتە، ناوی لە قورئانی پیرۆز هاتبێ كەلەناو دەقی ئایەتە، حەزرەتی عیسای كوڕی مریەم پێغەمبەری موژدە بەڵێندراوە، لەشاری (جەلیل)نزیك (ئۆرشەلیم)لەدایك بووە وسەری هەڵداوە، (ئینجیل)كتێبی فەرمی ئاینی مەسیحییە بەزمانی عیبری نوسراوە، مەسیحییەكان بڕوایان وایە، حەزرەتی عیسا كوڕی خوایە، لەلایەن خواوە نێردراوە، ڕزگاری مرۆڤایەتی پێ سپێردراوە، كوێری وگەڕی وكپداگەڕانی چاكردۆتەوە، (سام)دەكاتە كوڕی حەزرەتی نوح مردووە وزیندووی كردۆتەوە، خوا وێنەی حەزرەتی عیسای لەسەر ڕوخساری (شەمعوون ئەسخەریووت)كێشا، لاشەی حەزرەتی عیسای بۆ ئاسمان هەڵكێشا، موسڵمان هەیە لەدڵیەتی، ئاهو حەسرەتی ژێر گڵیەتی، بۆ حەزرەتی مەسیح بۆ ئاسمان هەڵكێشراوە، دوا پێغەمبەر (محەمەد)د.خ لە زەوی لەژێر خاك نێژراوە، شێخ رەزای تاڵەبانی، ئەو بابەتەی باسكردووە بەجوانی، لە شیعرێكی پڕماناو نایاب:

مسیح بر فلك و شاە انبیا بـــــــــــتراب
دلم ز اتش این غصە بسكە بود كبـــاب
سۆال كردم ازین ماجرا زپیر خــــــــرد
چو غنچە لب بسخن برگشود داد جـواب
كە قدر هردو بمیزان قــــــدر سنـــجیدند
كە چون گرانتر ازو بود درهمە أبـــواب
نشــــــت كفە میزان مصگفی بـــــزمین
با سمان چهــــــارم مسیح شد بشتاب(1)

***
لەهەرمۆتەی دیانان، لەناوجەرگەی موسڵمانان، دیانەكانی هەرمۆتە وكۆیە بەشێوە كلدانیین،بەزمانی ئاخاوتن سریانیین، هەرمۆتە شارێكی گەورە وكۆن ومێژوویی بووە لەسەردەمی ساسانییەكان، لەنێوان (هەرمۆتە وتۆبزاوا وشیلە) پڕە لەئاساری كەنیسەی كلدانییەكان، گوندی (بۆگدو كڵێسە)بە ئاین دیان بوون، كڵێسە لە كەنیسەوە هاتووە دوایی موسڵمان بوون، هەرمۆتە ناوێكی ئارامییە بەمانای (خاكی مردن)دێت، یان واتە هەنار، سەیرانگایەكی خۆش وبەهەشتی كۆیە بوو بەزەیتوون وباخ وگوڵزار وجۆبار.

عەبدولكەریم ئەلیاس پۆڵس ناسراو بە كەریم ئەلەكە، هەرمۆتەیی بوو لەبنەرەت وڕێچەڵەكا، خێرەومەند وچاكەخواز، كەسایەتی بەرزو سەرفراز، لە 10/10/1922 كە شێخ مەحمودی نەمر مەلیكی كوردستان بوو، كەریم ئەلەكە لە كابینەی حكومەتی كوردستان وەزیری دارایی وتاكە دیان بوو، مووچەی وەزیری وەرنەدەگرت، خۆبەخشانە كاری دەكرد، پوولی پۆستەی داهێنا، لەسەر بەرهەمی توتن گومرگی دانا، یەكەم بازرگانە كەللەشەكری قەندی لەبەغداوە، بۆشاری سلێمانی هێناوە، سەرچاوەی دەرامەتی بوژاندۆتەوە، برسی ونەبوونی رەواندۆتەوە، لە سەفەربەرلك وساڵی گرانی، بێ بەرامبەر دابەشی كردووە خواردن ونانی، جلكوبەرگی كڕیوە بۆ هەژاران، خەرجی دابین كردووە بۆ خوێندكاران، لەو زەمان ودەور وفەلەكە، دەیتوانی دەولەمەندتر بێ پارە زیاتر بكا كەلەكە، بەڵام ئەوەی نەكرد كەریم ئەلەكە، دیان بوو، دڵفراوان بوو، پێداویستیە سەرەكییەكانی بۆ هەندێ مزگەوتی سلێمانی دابین كردبوو، لەكارێزەكەی خۆیەوە ئاوی بۆ مزگەوتی (تەكیەڕووتە وحاجی شێخ ئەمین وهەمزاغا وشێخ محەمەدی بەرزنجی)بردبوو، بۆ كۆنگرەی ئاشتی پاریس لەجیاتی سەرجەم مەسیحییەكانی كوردستان واژۆی لەسەر پشتگیریی كردنی پرسی رەوای كورد كردبوو، هەستی كوردانە ودەستی مەردانە وگیانی هیمدادانەی دەربڕیوە، خوێندەوار زمانی سریانی وكوردی وفارسی وعەرەبی وئینگلیزی زانیوە، كاتێ شێخ مەحمودی نەمر لێی قەوماوە دوورخراوەتەوە بۆ هیندستان، شێخ لەشەڕ وشۆرش وبەرگری وخەبات كۆڵی نەداوە بێ وەستان، ماڵی لەسلێمانی تاڵانكراوە، كەریم ئەلەكە هەستاوە، هەموو كەل وپەلەكانی كڕیوەتەوە، شێخ كەهاتۆتەوە بێ بەرامبەر هەمووی بۆ بردۆتەوە، چاكە وپیاوەتی هەبووە لەسەر شێخ، هەمیشە بەخشندەیی نواندووە بێ درێخ، خێرخواز وئاشتی خواز وئازادیخواز، كارساز ونیاز پاك وسینەواز، لەمێژوودا دەگمەنە، فریاد رەس ومەلەكە، دیانێكی هەرمۆتەیی وەك كەریم ئەلەكە، بیری بازرگانی بەهێزبوو، نەخشەی وای كێشاوە، رزوقولڵای برای لە (پردێ)داناوە، فرەنسیسی برای لە بەغدا پێستە وجاو وشتومەكی بۆ رەوانەكراوە، رەحیمی برای لەسلێمانی كاروباری بازرگانی بەرێوەبردووە، لەبەردەست كەریم ئەلەكە بووە وسەرپەرشتی كردووە، هەرچەند میراتی زۆریان لەباوكە دەوڵەمەندەكەوە بۆ بەجێما بوو، لەراستیدا لەهەرمۆتەوە بۆ بازرگانی وكاسپی ڕوویان لە سلێمانی نابوو، (قانع) شاعیری چەوساوەكان، دێڕێكی هەیە لەناو هۆنراوەكان، دەیزانی بۆ خەڵك بەكەڵكە:
پیاوەتیت ناكەم نەڵێی مەلەكە
ئەبم بەكاربەدەست كەریم ئەلەكە
كەریم ئەلەكە ساڵی 1923 شاری سلێمانی بە ئێجگاری بەجێ هێشتووە، بەرەو كەركوك پاشان بەرەو بەغدا ڕۆیشتووە، لە 25ی كانونی دووەمی ساڵی 1948، پەپوولەی ڕۆحی فڕی بۆ بەهەشت، لە گۆڕستانی (كاسۆلیك)لە بەغدا نێژراوە، فەرموودەی حەزرەتی حاجی قادری كۆیی تەواوە، ئەوەی باقی بمێنێ هەرناوە.

***
زەمانی بەعس كوردایەتی ئەستێرەیەكی نەبوو لە حەفت ئاسمانان، كەچی (دیانێك)لەوەچەی حەزرەتی مەسیح هەڵكەوت لەناو موسڵمانان، هەروەك حەزرەتی مەسیح بانگەوازی دەكرد لە(ئۆرشەلیم)، لەكۆیە وهەولێر وهەرمۆتەش ئەوها مامۆستا سەلیم، جاڕی جۆشدانەوەی ڕێكخستنی شۆرشگێڕانەی دا وەك هەنگ، هەنگ چەند زۆرتربێ هێشتا گوڵ زیاترە لەدیمەن وسروشتی رەنگاورەنگ، مامۆستا سەلیم حەنا، وەستاكارانە وەك بەنا، بەردی بناغەی ڕێكخستنی دانا، لەدۆزەخ بژی بەسەربەستی، نەك لەبەهەشت بی بەژێر دەستی، زانای مەزن ئەفلاتوون، ئەو پەندەی گەر بنوسرێتەوە بە ئاڵتوون، ئەگەر ئازادی لەئاسمان ببارێ، كۆیلەكان چەتر هەڵدەدەن ئازادییان ناوێ بەهیچ بارێ، سنوری نێوان مرۆڤ وگیاندار ئازادییە، وازهێنان لەئازادی ژێردەستی ودیلی وبێدادیە، لەو ڕۆژگارە سەختە، لە دژوارترین وەختا، هەرمۆتە تەنرابوو بە پۆستاڵی بەعس وتەلبەندی دڕكەزی وسیم، بەجلكی كوردی وجەمەدانییەوە دەرسی دەوتەوە مامۆستا سەلیم، سرودی نیشتمانی فێردەكردن، بەقوتابییەكانی دەگووت ئێوە مەرد وكوردن، تەونی ڕێكخستنی هەڵدەچنی، بێ باك دەگەڕا بەگوڵەوەچنی، بە ئینجیل وتەورات وكەلامی قەدیم، بەدەگمەن هەڵدەكەوێ وەك مامۆستا سەلیم، وەك دار زەیتوون ودرەختی سنەوبەر، هەمیشە سەوز وبەبەر وسێبەر، (سەلیم حەنا كەریم ئیسحاق)لە لۆگۆیەكەی (ی.ن.ك)بۆتە پەڕەی گوڵەمێلاق، رژێمی بەعس بەسیاسەتی زوڵم ومەرگ وسێدارە، كوتەك وچەكووشی بەكاردەهێنا وای دەزانی خەڵك بزمارە، هەرچەند قەفەس تەنگ وتەسكتربێ ئازادی شیرینترە، مرۆڤی باوەڕ پۆڵاین لەهەموو كانزایەك بەتینترە، لە (هەرمۆتە) لە 23/11/1986 لەگەڵ سەباحی برای گیرا، هەواڵیان لێ درابوو دەنا بەعس ئەوانی نەدەهات بەبیرا، دارێك بەهەزاران دەنكە شقارتە بەبەرهەم دێنێ، یەك دەنكە شقارتەش دارستانێك دەسوتێنێ، مامۆستا سەلیم، نەبوو تەسلیم، لەژێر ئازار وئەشكەنجەی زیندان، خۆی ڕاگرت بەرامبەر جەلادان، یەك وشە وهەڤاڵی ڕێكخستنی نهێنی نەدركاند، خائین وروورەش بەشاهید لەسەریان سەپاند، باوەڕكردن بەهەموو كەس مەترسیدارە، بەڵام باوەڕنەكردن بەكەس مەترسیدارتر ودژوارە، هاوڕێی بەوەفا دەرمانی دەردی ژیانە، بۆت دەردەكەوێ لە كاتی تەنگانە، هیچ ڕێگایەك درێژ نییە، لەگەڵ هاوڕێی ڕاست وپڕتەونوور، برادەرێكی نزیك باشترە لە برایەكی دوور، سەباحی برای برا بوو، لەناو ڕێكخستنی شۆرشگێران دابوو، دڕندانە ئازار درا، بەندكردنی هەتا هەتایەی بەسەر سەپێندرا، نۆ ساڵ وحەوت مانگ زیندانی سیاسی بوو، بە لێ بوردنی گشتی ئازادكرا، پەیوەندی بەڕێكخستن نەپچڕابوو، لەسەرباوەڕی شۆرشگێرانەی خۆی مابوو، ناوی نهێنی وحزبی ڕۆستەم بوو، بەڕاستی ڕۆستەم بوو، دژ بە چەوسانەوە وستەم بوو، كەم كەس وای دەناسی، وەك تێكۆشەرێكی دێرین وزیندانی سیاسی، خۆی هەڵنەدەكێشا ونەیدەكرد باسی، ژیا بێ پاداشت وقوڕبەسەری وكەساسی، سودمەند نەبوو زۆری كرد بۆ كورد، تا لە ڕۆژمێژووی (6/3/2020) كۆچی دوایی كرد، لەهەرمۆتە نێژرا، لەبەردەردی (كۆرۆنا) پرسەی بۆ دانەندرا، بەڕەشپۆشی وخامۆشی نێژرا لەپەنا، برا شەهیدەكەی مامۆستا سەلیم حەنا!، چوار كوڕ وسێ كچی بەجێ هێشت، لەژیانی پڕشانازی خۆیدا دووری وئازار وبەندی چێشت، بەمەبەست ومانا، ناوی لەمنداڵەكانی دەنا، (سەركەوت، سەركیس، زانكۆ، زانست،بەهار، پەروین، بەندە)لەسەروبەندی بەندكرانی پاشەبەرەی ناولێنا بەندە، سەلماندی (سەركەوت)بەندیش بێ بە بڕواوە پابەندە، هەردوو برا بە جووتە، بوون بە مۆم لە هەرمۆتە، دەسوتێن ودادەگیرسێن بۆ ڕووناكی، لەجەژن وبۆنە ویادی شادی وغەمناكی، ڕێكخستنە نهێنی یەكان وتێكۆشەر وپێشمەرگەو شەهیدە دیانەكان، هێمای ئازادییان بەخشی ورەوایەتیان دا بەكوردایەتی بوونە نموونە جوانەكان! ڕۆحی شیرینایەتی وگەزۆی زەیتوون(4) بوون، لە شیرینی شۆڕش وخەباتیان نەخوارد و (ون)بوون!! سۆران عەنكاوەیی وسولاقە، شەهیكرانیان ناهەقی ومەراقە، مامۆستا سەلیم، ئەمین وسەلیم، نازناوی حزبی ونهێنی (هەڵۆ)بوو، ئۆباڵی ڕێكخستنی لە ئەستۆبوو، هەڵۆی بەرزفڕ وباڵندە، لەو شوێنە هەڵدەنیشێ كەبڵندە، لێپرسراوی ناوچەی (یەكێتی شۆرشگێرانی كوردستان) بوو، لەناو ڕێكخستنەكانی (ی.ن.ك) تاكە لێپرسراوی كلدانی ودیان بوو، ڕێكخستنە نهێنییەكانی ناوشاری یەك یەك دەناسی، لەژێر توندترین ئەشكەنجەی بەعس نەیكرد باسی، روحی دەیان تێكۆشەری لەبەردەستدابوو، كەسی تووش نەكرد، هێند مەرد وئازابوو، بەعس لێی بووە گرێ ومەراق، ، چۆن سەلیم حەنا كەریم ئیسحاق، وەك كلدانی ودیانێك، لەڕێكخستنی ناوەخۆ بۆتە شوانێك، سەری دانا، سڕی نەدا، گیانی خۆی كرد فیدا، فەرمانی لەسێدارەدانی درا، لە 20/12/1987 شەهید كرا، حەزرەتی مەسیح ومامۆستا سەلیم، دراون لە خێ وئەلف وچیم(2)، حەزرەتی مەسیح دیسان چوارمێخەی دەكێشرێتەوە، لەهۆدەی ئاشۆ ڕۆحی پیرۆزیان بۆ ئاسمان هەڵدەكێشرێتەوە، مامۆستا سەلیم حەنا، مەردبوو لە مردنا، بەرەو پیری مەرگ چوو بەپێوە، بەدەم دروشمی شۆرشگیڕانە ومەقامی سێوە، زەرد هەڵنەگەڕا، شین ومۆر نەبۆوە كەسك بوو بەخوێن وشێوە، مامۆستا سەلیم حەنا كەریم ئیسحاق، لەدەروازەی هەرمۆتە بۆتە قووبە وتاق، هێمای كەنیسە بەرزی خاچە، وێنەی بەستراوی دەستو قاچە، سێ كوڕ وكچێكی لەپاش بەجێما، بوونەتە نیشانە وهێما، بەڵگەن ناوەكان ناوازەن لەناوناوان(كوردۆ-د.نەهرۆ-هەڵۆ-بێ تاوان) مامۆستا سەلیم حەنا، ئەدەب دۆست بوو شیعری دادەنا، لەژێر كاریگەری شیعرەكانی هێمن بوو، دەفتەرە شیعرەكەیان شاردەوە تاونبوو، تا دواهەناسە لای نەدا لەخەتا، هەتا ملی كرا بەپەتا، پێش ئەوەی تەرمەكەی بێتەوە لەناو تابووت، دواجار بەخزم وهاوڕێكانی گووت: (خۆزگەم بەخۆتان دەچنەوە هەرمۆتە وكۆیە)، وتەكەی نامۆیە، ئاگر وبۆنسۆیە، هەرمۆتە ودیانەكان كۆیەیان جوانتر كردووە، هێمای ئاشتی وپێكەوە ژیان وسیاسەت وزانست وئەدەب وهونەریان بەرەوپێش بردووە، ئەستێرەیان گەشە بەهونەرمەند وكەسایەتی، قوربانیان داوە لە ڕێی خەبات وكوردایەتی، (هەرمۆتە دڵی بچووكە، بەڵام كەسایەتی گەورەی لێ لە دایك دەبێ) لەروحی پیرۆزی حەزرەتی مەسیح وكەشكەلانی ئاسمان هەرنزیك دەبێ

           

سەرچاوەكان:
1.دیداری یادێك لەكەریمی ئەلەكە(ژیان وكەسێتی عەبدولكەریمی عەلەكە)لە نوسینی (دكتۆر ئامانج حەسەن ئەحمەد).
2. ئاینە دێرینەكانی كوردستان (كاردۆ مەهدی).
3. ئینجیلی پیرۆز.
4. مێژووی هەرمۆتە، د.هاوژین سڵێوە.
5. دیوانی شێخ رەزای تاڵەبانی.
6. پەند و وتەی نەستەق.
7. كورتەیەك لە مێژووی ئۆلەكانی جیهان-وەرگێڕ:ناسر رەزازی.
8. دیوانی قانع شاعیری چەوساوەكانی كوردستان- بورهان قانع)
واتای شیعرە فارسییەكەی شێخ ڕەزای تاڵەبانی:
(1)مەسیح لە ئاسمان وشای ئەنبیا بە ژێر گڵدا بێ،
دڵم لە داخی ئەم خەفەتە بەجارێ بووە كەباب
لەبارەی ئەم ڕووداوەوە لە پیری خاوەن وێڵم پرسی،
وەك خونچە لێوی بۆ قسە كردووە و وەڵامی دامەوە و وتی:
سەنگی هەردووكیانیان خستە تای ترازووەوە
جا چونكە شای پێغەمبەران لە هەموو ڕوویەكەوە لەو قورستربوو،
تای تەرازووەكەی ئەم نیشتە زەوی و
مەسیحیش بەپەلە سەركەوت بۆ ئاسمانی چوارەم
(2)خێ وئەلف وچیم:واتە (خاچ)
(3)هۆدەی ئاشۆ: بیت المقدس
(4)گەزۆی زەیتوون: لەهەرمۆتە لەداری زەیتوون بەرهەم دێت بەڕەنگ وبەتام وەكو شەكری سپی یە! بەدیاری لە هەرمۆتە بۆم هاتووە وخواردوومە!!.

print

 367 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*