سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » ئازاد حەسەنی:زۆرترین کتێبە چاپکراوەکانمان ئەدەبیاتە

ئازاد حەسەنی:زۆرترین کتێبە چاپکراوەکانمان ئەدەبیاتە

چاپەمەنی خانی لە سەقز یەكێكە لەو چاپەمەنییانەی كە چەند ساڵێكە چالاكانە كار دەكات، بەرهەمی نووسەرانی كورد چاپ دەكات، تازە لە رۆژهەڵاتەوە پێی ناوەتە باشووری كوردستان، بەرهەمەكانیان دەگاتە ئەم دیو، لەم دیدارەدا بەڕێوبەری خانی ئازاد حەسەنی سەبارەت بە كار و چالاكییەكانی چاپەمەنی خانی و كێشەكانیان دەدوێت.

ئه‌ده‌ب و هونه‌ر

*سەرەتا پێم باشە دەزگاكەتان بناسێنی، مێژووی چاپەمەنی خانی چۆن دەستیپێكرد؟ چالاكییەكانتان چی بوون؟
دوای پانزدە ساڵ کاری بڵاوکردنەوەی کتێب و هاوبەشی و هاوکاری لەگەڵ بنکە و ناوەندەکانی تر و تەواو بوونی پڕۆسەی مۆڵەت لە سەرەتای 2018 بە شێوازێکی ڕەسمی ناوەندی خانی وەک دەزگای چاپەمەنی بۆ تەواوکردنی چالاکییەکانمان دەستبەکار بوو.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کاری چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب لە ئێران لە ژێر ناوی ئینتشارات دەکرێت کە ئەویش ئەبێت لە پڕۆسەیەکی ئیداری زەمانبەر قوناغ بە قوناغی پێویستە تا بە شێوازی یاسایی ئیزنی کار و چالاکی وەربگرێت. ئەزموونی ساڵانی پێشوو یارمەتیدەرمان بوو بۆ پەرەپێدانی چالاکییەکانمان و هێزێکی تازە بە ناوی ناوەندی خانی وەک دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوی کتێب. ناونانی دەزگاکە لە سێبەری گەورە پیاو ئەحمەدی خانی وەک خالقی یەکەمین کتێبی کوردی کە رێپێوی ئەو بنەما فیکرییەی بێت وا ئەو بلیمەتە بۆ نەتەوەی کوردی بوو.

دەزگای خانی لە رۆژهەڵات هیچ پاڵپشتێکی ماڵی وەک حوکمی و حزبی و… نییە و دەیەوێت کە سەربەخۆیی رابگرێت، بەڵام ئەوەی تا ئێستا کراوە بەهاو فیکری، دڵسۆزی کەسانێکە بێ هیچ بەرانبەرێک وەک خزمەتکاری نەتەوە و کتێبی کوردی بووە و هەمیشە دڵگەرمی و پاڵپستی من وەک بەرپرسی ناوەندی خانی ئەوانن.

*ئەو كتێبانەی چاپی دەكەن زۆرتر چ بوارێك دەگرێتەوە؟ لە چ ژانرێكدا زیاتر كار دەكەن؟
بەپێی ئەو باوەڕە کە لەسەر ئەدەبیات هەیە و دەتوانێت تا چ ئاستێک و بە چ ئاکامێک لە کۆمەڵگادا رەنگدانەوی هەبێ تا ئێستا زۆرترین بابەتە چاپ کراوەکانمان ئەدەبیاتە.

*ئێوە زۆرتر گرنگی بە بەرهەمی خۆماڵی دەدەن، واتە بەرهەمی نووسەرەكانی خۆمان، لە كاتێكدا زۆرێك لە دەزگاكانی چاپ شێتی وەرگێڕانن، ئیتر نازانم ئەوان بەرهەمی خۆماڵییان پێكەمە یان هەروا شەیدای ئەدەبیاتی جیهانن. بەڵام ئێوە زۆرترین بەرهەمی خۆماڵی چاپ دەكەن، ئەم بیرۆكەیە لە چییەوە سەرچاوی گرتووە؟
راستییەکەی ئەوەیە کە هەر وەک پێشتر ئاماژەم بە ناوی ئەحمەدی خانی کرد تا توانا و هێزمان هەبێ ئەمانەوێت نووسینی فیکری کوردی بەرەی نوێ و کۆن، کلاسیک و مودێرن چاپ بکەین و بۆ نووسەری خۆماڵی پاڵپشت بین بۆ چاپی کتێبەکانی جا ئەگەر وەرگێڕانی باش و بەهێز بێت، حەتمەن بە پێویستی ئەزانین بۆ خوێنەری کورد.

ئێمە ساڵەهایە لەناو کتێبدا دەژین، کتێب دەناسم، چێژم لە ئەدەبی روسی، فەرەنسی، ئینگلیزی، ئیسپانی، ئەمریکای لاتین وەرگرتووە، بەڵام ئەدەبی کوردیم پێ کەم نییە، هەرکە دۆستۆیڤسکی، سێرڤانتس، کۆندێرا و کامۆ ناوبانگی جیهانییان هەیە. بەڵام ئەبێت پاڵپشتی نووسەری خۆماڵی بین تا بەختیارعەلی، سەید قادرهیدایەتی، شێرزاد حەسەن، عەتا نەهایی بێت و نووسەری نوێی کورد سەرهەڵهێنێت.

بەنیسبەت وەرگێڕانەوە، وەرگێڕان هونەرە، وا نییە هەر کەس بە دوو زمانەوە کە تەنیا توانای قسەکردنی هەیە کاری وەرگێڕان بکات، ئەبێت شارەزایی بنچ و بنەوان رێنووس و رێزمانی هەر دوو زمانەکە بە باشی بێت، ئێمە وەک چاپەمەنی خانی نامانەوێت کتێبسازی بکەین، لە گەڵ بۆڕ و زۆرنین، کارمان بە خواستی بازاڕ و چ دەفرۆشێت و چ نافرۆشێت نییە، ئەبێت بزانین ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە لە کۆمەڵگادا دەیکەین ساڵانێک دواتر رەنگدانەوی ئەبینین ئەمەیش بەس بۆ ئێمە نییە، بۆ هەر تاکێکە بەرانبەر بە کۆمەڵگا وایە.

*بەو پێیەی ئێوە كاری چاپ دەكەن و چاپەمەنیتان هەیە ئاستی فرۆش یان باشتر بڵێم ئاستی خوێنەر چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ چ لە رۆژهەڵات و چ لە باشوور كە ئێوە هاتوون و بەشداری پێشانگاكانتان كردووە؟
کتێبی کوردی ساوایە، ئەبێت ئێمە واقیع و بارودۆخی کۆمەڵگای کوردی رەچاوبکەین. لە رۆژهەلات خوێنەر تا ئێستا سەرچاوەی فارسی لە بەردەست بووە و خوێندن و نووسینی بە فارسییە، ئەبێت کاری بۆ بکرێت تا مرۆڤی کورد بایەخ بە زمان و کتێب و ناسنامەی نەتەوەکەی خۆی بدات، ئەمیش ئەرکێکە لە سەرشانی هەموومانە بە نووسەر و دەزگا و چاپەمەنی و ئەنجومەنە ئەدەبیەکان و ئینجی ئۆ(njo) و هەر بنکە و شوێنێک کە خەمخوری زمانی کوردییە. بۆ نموونە زۆر جێگای سەرنجە کەسێک کە کوردە ئەبێت بۆچی کتێبی بەختیار عەلی بە فارسی بخوێنێتەوە؟! بە سەدان جار بیستوومە کە ئەڵێن کوردی سەختە، یا فارسییەکی خۆشترە، یا من لە کوردییەکی حاڵی نابم!

ئیمەیش مەبەستمان سەدا سەدی کۆمەڵگا نییە، هەر بتوانین بۆ 20% کۆمەڵگا کار بکەین خۆی پەرەئەسەنێت و باش تر ئەبێت کە حەتمەن لەم چەند ساڵەی ڕابردوو باشتر بووە ئێمەیش ئومیدوارین.
بۆ خوێنەرانی بەرهەمەکانمان لە باشوور باسەکەمان جیاوازە چونکی زۆرترین بەرهەمەکانی ئێمە کاری نووسەرانی رۆژهەڵاتە تا نووسەر و کتێبەکان دەناسن کات دەبات، هەرچەند بەردەوام داواکاری بەرهەمی ئەو نووسەرانەی شوناسیان هەیە و چێژیان لە بەرهەمەکانیان بینیوە.

*بەگشتی بەرهەمی چاپكراوی رۆژهەڵات كەمتر دەگاتە باشوور لەبەرنامەتاندا نییە لەگەڵ دەزگایەكی چاپ لە باشوور جۆرێك لە هاوبەشی دروست بكەن تاوەكو بتوانن ئاڵوگۆڕی بەرهەمە چاپكراوەكان بكەن؟
-ئەگەر کتێبەکانی ئێمە لە کتێبفرۆشییەکانی باشوور کەمە، وەک خۆمان ئێمە ئامادەین هاوکاری هەموو دەزگا و کتێبفروشێک بکەین و لە سلێمانیش نوێنەرێکی دڵسۆز و رۆح بەرزمان هەیە و ئەتوانن پێوەندی لەگەڵی بگرن و هاوکاری بکەن، و لە پێشانگاکانیشدا بەپێی توانامان بەشدارین. بەڵام ئەبێت لە ناوەندەکان پرسیار بکرێت بۆچی کەمتەرخەمی دەکەن؟ بۆ نموونە لە مەخزەنی کتێبفرۆشییەکەی ئێمە لە سەقز لە دەزگای ئەندێشەی سلێمانی بابەتی وا هەیە کە بە ئەژماری 200 دانە کتێبی لێیە، هەروەها غەزەلنووسیش، بەڵام ئەی بۆ ئەوان کتێبی ئێمە لە ناوەندەکەیان وەرناگرن؟ هەر چەند ناوەندی رەهەند و چوارچرا بەپێ توانا بە حەق هاوکاریان کردووین و ئێمەیش لە بەرچاومانە.

*پێوەری ئێوە بۆ چاپكردنی كتێب چییە؟
چاپەمەنی خانی هەر کتێبێک چاپ دەکات زۆر هەستیارانە وردبوونەوە لە ناوەڕۆکی دەقەکە دەکات. گەرچی هەر بابەتێک کە دێتە لای ئێمە بەحورمەتەوە دەینێرینە بەر دەستی لیژنە تا ئەوانیش بە پێی شارەزایی خۆیان کە وەک دەستەی پسپۆرانی خانی پێشتر دیاری کراون بابەتەکان دوای هەڵسنگاندن تاوتۆی دەکەن. ئەگەر لیژنە کارێکی بۆ چاپ قەبوول کرد دوای رێکەوتن و عەقدی قەرارداد، هەموو کارەکان دەنێرین بۆ پێداچوونەوە و هەڵەچنی هیچ کارێک بێ پێداچوونەوە و هەڵەگیریی لە باری رێنووس و رێزمان چاپ ناکرێت.

*ئێستا چەندین نووسەری شارەزا و ناسراو پەیدابوون كە خەڵكی رۆژئاوان، لەوانە حەلیم یوسف و جان دۆست و … ئێوە بیرتان لەوە نەكردۆتەوە كار بۆ ئەوانیش بكەن كە لە رێگەی شارەزایانی زمانەوە كە گرمانجی دەزانن بەرهەمی نووسەرانی ئەو بەشەی كوردستان بگۆڕن بۆ سۆرانی چاپی بكەن؟
جێگای دڵخۆشییە ئێستا خوێنەری کورد بە دوای بەرهەمی نووسەرانی هەموو بەشەکانی کوردستاندا دەگەڕێ و بۆ خۆیشم لە جان دۆست، میرنامە و سێ هەنگاوم خوێندووە لە بابەتی پرسیارەکەشتان ناوەندەکانی تر ئەو کارانەیان بە وەرگێڕانی باش کردووە و ئێمەیش وەرمان گرتووە هەڕ چەند زۆر بە پێوێست و لازمی دەزانین بە هیواین ئیمەیش لە داهاتوودا کاری بۆ بکەین.

*پڕۆژەی ئایندەتان چییە؟ چی تازەتان بەدەستەوەیە بۆ چاپ؟
ئەمساڵیش لە بەردەوام بوون لەو بابەتە پێشووانەمان وەک رۆمان و چیرۆک و رەخنەو لێکۆڵینەوە کە 10 بەرهەمی دیاریکراو تا هاوین ئامادەی چاپ دەکرێت لە بواری فەلسەفەیش بە هیواین زنجیرە کتێبێک ئامادە بکەین.

print

 291 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*