سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » دنیابینی مام جەلال لە ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیدا

دنیابینی مام جەلال لە ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیدا

یەكێتییەكان خۆیان سازو ئامادەكردووە بۆ داگیرساندنی مۆمی 45مین ساڵیادی لەدایكبوونی حزبەكەیان. ئەم یادەش سەرۆك و كاریزمای نەتەوەییمان سەرۆك مام جەلال ئامادەنییە، بەڵام نەوەیەك وەك هاوسەرۆك مەشخەڵی ئەم یادە دادەگیرسێنێت كە بەلای جەماوەری یەكێتییەوە سێبەری راستەقینەی مام جەلال-ن بەسەر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، چ بە خوێن و چ بە هەڵگرتنی دروشم و رێبازەكەی سەرۆك مام جەلال.

وەك چۆن ژیانئاوایی سەرۆك مام جەلال گەورەترین و كاریگەرترین خەمێك بوو ڕووی لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كرد كە ئەم خەمە رووی لەهەر حزبێكی دیكە بكردایە، ئێستا تەخت و تاراجی لەبن دەرهێنابوو، هێندەی گەورەیی ئەو خەمەش سەرۆك مام جەلال پاشخانێكی گەورە و دەوڵەمەندی بۆ یەكێتی بەجێهێشتووە كە هیچ حزبێكی دیكەی كوردستانی و دەتوانم بڵێم ناوچەییش خاوەنی ئەو پاشخان و فەلسەفە گەورەیە نین.

ئەو بناغە پتەوەی سەرۆك مام جەلال بۆ یەكێتی داڕشتووە، شایانی ئەوەیە ئەم یەكێتییەی ئێستا بەرەو باشترو بەهێزتر بڕوات، ئەم یەكێتییەی ئێستا یەكێتییەكە بەدڵی جەماوەری یەكێتی، بەڵام هێشتا یەكێتییەك نییە لەئاست پاشخان و فیكرو دنیابینییەكانی سەرۆك مام-دا بێت، یەكێتییەك لە دنیابینی مامەوە یەكێتییەكە لەئێستا بەهێزترە.

ئەم ساڵیادە لەدوای چوارەمین كۆنگرە دەرفەتێكی دیكەیە تا دنیابینی مام وەك پرۆگرام و فەلسەفەی سیاسی حزب شۆڕبكرێتەوە بۆناو تەواوی جومگە جیاوازەكانی یەكێتی و بخرێتەوە سەر هەمان رێچكە مێژووییەكەی خۆی.

مادام یەكێتی خاوەنی زۆرترین یەدەگی عەقڵی و فەلسەفییە كە ئەویش دنیابینی و روئیای سەرۆك مام جەلالە، دەبێت یادی 45 ساڵەی یەكێتی و یەكەم ساڵیادێك لەسایەی یەكێتی هاوسەرۆكەكاندا جیاوازبێت و بەجۆرێك تاو بداتە خۆی لەپێناوی بەرژەوەندیی میللەت و هاووڵاتیانمان، شۆڕشی خزمەت و بوژانەوەی ژیانی هاووڵاتیان رابگەیەنێت.

دەبێت ئەم ساڵیادە دەسپێكی شۆڕشی خزمەتگوزاریی بێت بۆ رزگاركردنی میللەت لەكۆی قەیرانە جۆربەجۆرەكان.

ئیدی مێژوو و ویژدانیشمان لێمان قبوڵ ناكات، بەبێ درێژەدان بە دنیابینی و سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك مام جەلال پاڵبدەین بە مێژووی رابردوومانەوە و لەسەر ئەو رابردووە بژین.

دەكرێت لە سیاسەت و بیرو فیكردا بگەڕێینەوە بۆ پاشخانە دەوڵەمەندەكەی رابردووی یەكێتی و لە ئێستایشدا بەشێوەیەكی سەردەمی رەوتی مێژووییمان بۆ خزمەتكردن بەردەوام بكەین.

ئەگەر یەكێتی بەهەر حزب و هێزێكی سیاسی دیكەی كوردستانی و ناوچەیی بەراورد بكرێت، ئەوا بەشاهیدی تەواوی ئەو حزبانە هەر هێزێك بە مەودایەكی دوور لە یەكێتییەوە دەبینرێت، چونكە زۆرێك لە هێزە سیاسییەكان لە یەكێتی وانە وەردەگرن بەهۆی بوونی وانەگەلێكی گرنگی سەرۆك مام جەلالەوە، بەڵام یەكێتی هەمیشە سوودی لەو پیتاندنە ناوخۆییە وەرگرتووە كە لەسەر پاشخانە دەوڵەمەندەكەی خۆی دەژی و گەشە دەكات.

print

 201 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*