سەرەکی » ئابووری » كۆبوونەوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دەستپێدەكاتەوە؟

«مووچە و خاڵە سنوورییەكان و بەڕێوەبردنی فڕۆكەخانەكان»

كۆبوونەوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دەستپێدەكاتەوە؟

بڕیاروایە لەسەرەتای ساڵی داهاتوو، گفتوگۆكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا بەسەرپەرشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، دەستپێبكات.

لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٨
رۆژنامەی حەیاتی چاپی لەندەن، لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادار بڵاویكردۆتەوە: دوابەدوای كۆتایی هاتنی پشووەكانی سەری ساڵ و لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا، گفتوگۆكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا بەسەرپەرشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەستپێبكات.
وتیشی: «د.فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عیراق سەرپەرشتی ئامادەكارییەكانی تایبەت بە گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و ناوەند دەكات».ئاماژە بەوەشدراوە: هەرچەندە تائێستا وادەی كۆبوونەوەكانی نێوان هەردوولا دیاری نەكراوە، بەڵام پێدەچێت لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٨ نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری مرۆیی لە عیراق سەرپەرشتی كۆبوونەوەكەی نێوان هەرێم و بەغدا بكات.

مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم
سەرچاوەكە روونیشیكردەوە: مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و سنوورەكان و بەڕێوەبردنی فڕۆكەخانەكان، تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكەی نێوان بەغداو هەولێر دەبێت.
بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ، باڵیۆزو كونسوڵخانەكانی وڵاتانی خۆرئاوا لەعیراق، فشارەكانیان بۆسەر بەغداو هەولێر دەستپێكردووە بۆئەوەی لە وادەیەكی نزیكداو لەڕێی گفتوگۆ، كۆتایی بە قەیرانەكانی نێوانیان بهێنن.
دوابەدوای بەڕێوەچوونی راپرسییەكەی هەرێمی كوردستان لە ٢٥ی ئەیلولی رابردوو، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا ئاڵۆزبوونی زیاتری بەخۆیەوە بینوەو وەك كاردانەوەیەكیش لەبەرامبەر راپرسییەكە، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق، زنجیرەیەك رێوشوێنی توندی ئیداری لەبەرامبەر هەرێم گرتەبەر، كە دیارترینیان راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكان و رادەستكردنی داهاتی دەروازە سنوورییەكانی هەرێم بوو.

لەڕێی گفتوگۆ چارەسەر بكرێت
سەرچاوەیەكیش لە سەرۆكایەتی كۆماری عیراق بۆ كوردسات نیوز ئاشكرایكردوە: د.فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عیراق داوای لە عەبادی كردووە دوای پشوەكانی سەری ساڵ لەگەڵ وەفدەكەی هەرێم كۆبێتەوە، بەڵام تا ئێستا سەرۆك وەزیران بە رەسمیی وەڵامی سەرۆك كۆماری نەداوەتەوە، وتیشی: نیەتێك بەدیدەكرێت كە لێپرسراوانی بەغدا لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ چاویان بە وەفدی هەرێمی كوردستان بكەوێت.لەماوەی رابردوودا، لێپرسراوانی هەرێم چەندین جار داوایانكردووە كێشەو ناكۆكییەكانی نێوان هەولێرو بەغدا لەڕێی گفتوگۆ چارەسەر بكرێت و بەڵام حكومەتی عیراق هیچ دەستپێشخەرییەكی بۆئەو مەبەستە نەكردووەو هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی ریفراندۆمی كردۆتە مەرجی دەستپێكردنەوەی دانوستانەكانی نێوان هەردوولا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*