سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » پێشوازیی له‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی میسر ده‌كرێت بۆ چاره‌سه‌ری ململانێكانی لیبیا

پێشوازیی له‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی میسر ده‌كرێت بۆ چاره‌سه‌ری ململانێكانی لیبیا

ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ی میسر كه‌ بۆ چاره‌سه‌ری ململانێكانی لیبیا رایگه‌یاندووه‌، له‌لایه‌ن زۆرێك له‌ وڵاتانی جیهان ‌و عه‌ره‌ب ‌و خه‌ڵكی لیبییاشه‌وه‌ پێشوازیی لێده‌كرێت ‌و به‌ هه‌نگاوێكی ئه‌رێنی وه‌سفی ده‌كه‌ن.

ده‌ستپێكردنی پِڕۆسه‌ی سیاسی
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی یۆنان ستایشی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی میسری كرد ‌و روونیكرده‌وه‌، كه‌ ئاگربه‌ستی ده‌ستبه‌جێ ‌و ده‌ركردنی هێزه‌ بیانییه‌كان ‌و چه‌ك داماڵینی میلیشیاكان له‌و وڵاته‌ ‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی لایه‌نه‌ لیبییه‌كان بۆ مێزی گفتوگۆ، تاكه‌ چاره‌سه‌ری ململانێكانی لیبیایه‌.

حكومه‌تی به‌ریتانیاش وێڕای پێشوازیی له‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌، داوای له‌ لایه‌نه‌كانی لیبیا كردووه‌ گفتوگۆ ده‌ست پێبكه‌ن بۆ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێكی سیاسی.

به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا: جان ئیف لۆدریان وه‌زی وه‌زاره‌ته‌كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ سامح شوكری هاوپۆسته‌ میسرییه‌كه‌یه‌وه‌ كردووه‌ ‌و پشتیوانیی وڵاته‌كه‌ی بۆ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی میسر ده‌ربڕیوه‌ بۆ به‌ كۆتاییهێنان به‌ ململانێكانی لیبیا.

حكومه‌تی واشنتۆنیش پێشوازیی له‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی میسر كرد، كه‌ ئامانجی ئاگربه‌ست ‌و هاوكارییه‌ له‌ ده‌ستپێكردنی پِڕۆسه‌ی سیاسی له‌ لیبیا.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ لیبیا رایگه‌یاندووه‌، كه‌ پێشوازیی له‌ هه‌وڵه‌كانی میسر ‌و وڵاتانی دیكه‌ ده‌كات بۆ پشتیوانیی له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دیالۆگ ‌و دانوستان ‌و چاره‌سه‌ری سیاسی له‌ لیبیا. هه‌روه‌ك داوای كردووه‌، كه‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كان به‌شداریی بكه‌ن له‌ راگرتنی شه‌ڕ ‌و بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ دانوستان به‌ سه‌رپه‌رشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان.

ببێته‌ بنه‌مایه‌ك بۆ دانوستان
روسیاش پێشوازیی له‌ ده‌ستپێشخه‌ریه‌كه‌ كردو ‌و به‌ گرنگ وه‌سفی كرد بۆ كۆتاییهێنان به‌ ململانێكانی لیبیا.

له‌و رووه‌وه‌، باڵیۆزخانه‌ی روسیا له‌ قاهیره‌ی پایته‌خت رایگه‌یاند، كه‌ میسر ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی گرنگی كردووه‌ ‌و پێشوازیی له‌ هه‌ر هه‌وڵێك ده‌گه‌ین بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان ‌و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئاشتی بۆ سه‌رانسه‌ری خاكی لیبیا.

هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ پشتیوانی خۆی بۆ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ ده‌ربڕی ‌و رایگه‌یاند، كه‌ پێویسته‌ ببێته‌ كۆِبه‌ندێكی سه‌ره‌كیی بۆ دیاریكردنی چاره‌نووسی ئه‌و وڵاته‌. هه‌روه‌ك پێشنیاره‌كانی قاهیره‌ی به‌ گشتگیر وه‌سف كرد روونیكرده‌وه‌ ده‌كرێت ببێته‌ بنه‌مایه‌ك بۆ دانوستانی نێوان لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كانی لیبیا.

دیالۆگی گشتگیر تاكه‌ رێگه‌یه‌
هه‌ریه‌ك له‌ تونس ‌و جه‌زائیر كه‌ دراوسێی لیبیان، پاڵپشتی چاره‌سه‌رێكی ئاشتییانه‌ بۆ ململانێكانی لیبیا ده‌كه‌ن. له‌و باره‌یه‌وه‌ وته‌بێژێك به‌ناوی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی تونس رایگه‌یاند، كه‌ پشتیوانییه‌كانیان نه‌گۆڕ ‌و چه‌سپاون بۆ گه‌لی لیبیا ‌و دامه‌زاره‌وه‌كانی حكومه‌ته‌كه‌ی، كه‌ بڕیاره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ‌و رێكه‌وتنه‌ سیاسییه‌كان دیاری ده‌كه‌ن، به‌و مه‌رجه‌ی یه‌كێتیی خاكی ئه‌و وڵاته‌ ‌و سه‌روه‌رییه‌كه‌ی بپارێزرێت. وتیشی: تونس رۆڵی به‌رچاو ده‌گێڕێت له‌پێناوی چاره‌سه‌ری لیبی – لیبی ‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ش ده‌رخه‌ری بوونی وتوێژن له‌ نێوان وڵاتانی دراوسێی لیبیادا.

جه‌زائیریش پابه‌ندبوونی خۆی به‌ رۆڵی میحوه‌ری خۆی دووپاتكرده‌وه‌، به‌ ئامانجی لێك نزیككردنه‌وه‌ی بۆچوونی لایه‌نه‌كانی لیبیا ‌و جه‌ختییكرده‌وه‌، كه‌ دیالۆگی گشتگیر تاكه‌ رێگه‌یه‌ بۆ به‌دیهێنانی ئاشتی له‌ لیبیا ‌و گه‌ره‌نتی یه‌كێتی ‌و سه‌لامه‌تیی خاكه‌كه‌ی.

پێویسته‌ چه‌كه‌كان بێده‌نگ بكرێن
هه‌روه‌ها له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا نێرده‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌ لیبیا رایگه‌یاند: زیاتر له‌ ساڵێك شه‌ڕكردن له‌پێناوی ته‌رابلوسی پایته‌خت، ئه‌وه‌ی سه‌لماند كه‌ شه‌ڕی نێوان لیبییه‌كان شه‌ڕێكی دۆڕاوه‌. وتیشی: هه‌رگیز براوه‌یه‌كی راسته‌قینه‌ له‌و جه‌نگه‌دا نییه‌، ته‌نها زیانی زۆر ‌و زه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌ت ‌و گه‌له‌كه‌ی نه‌بێت، كه‌ به‌هۆی ململانێ چه‌كدارییه‌كانه‌وه‌ زیاتر له‌ 9 ساڵه‌ تووشی نه‌هامه‌تی بوون، بۆیه‌ له‌پێناوی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی وتوێژه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی جددی، پێویسته‌ چه‌كه‌كان بێده‌نگ بكرێن.

گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێكی سیاسی
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئیماراتیش هه‌وڵه‌ دیپلۆماسییه‌كانی میسری به‌رزنرخاند بۆ راگرتنی شه‌ڕ ‌و پێكدادانه‌كانی لیبیا.

عه‌ره‌بستانی سعودیش پێشوازیی له‌ هه‌وڵه‌كانی میسر كرد بۆ چاره‌سه‌ری ته‌نگژه‌ی لیبیا ‌و پشتیوانیی هه‌ڵوێستی سیسی كرد بۆ راگرتنی شه‌ڕ، هه‌روه‌ها حكومه‌تی ریاز پشتیوانیی خۆی بۆ هه‌وڵه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌ربڕی له‌پێناوی وه‌ستاندنی شه‌ڕ ‌و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ری سیاسی، له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستپێشخه‌ری ‌و بڕیاره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان.

هه‌روه‌ها ئه‌یمه‌ن سه‌فه‌دی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئوردن رایگه‌یاند، كه‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی میسر ده‌ستكه‌وتێكی گرنگه‌ ‌و له‌گه‌ڵ ده‌ستپێشخه‌رییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان یه‌كده‌گرێته‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ پشتیوانی لێ بكه‌ین بۆ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێكی سیاسی ته‌نگژه‌ی لیبیا.

بنه‌مای تاكه‌ چاره‌سه‌ره‌
لای خۆشیه‌وه‌، ئه‌حمه‌د ئه‌بو غه‌یت ئه‌مینداری گشتیی كۆمكاری وڵاتانی عه‌ره‌ب ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی قاهیره‌ی به‌رزنرخاند بۆ راگرتنی شه‌ڕ له‌ لیبیا ‌و گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێكی سیاسی بۆ ته‌نگژه‌ی ئه‌و وڵاته‌.

هه‌روه‌ها حسام زه‌كی جێگری ئه‌میندای گشتیی كۆمكاری وڵاتانی عه‌ره‌ب له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا، رایگه‌یاند: هیوادارین حكومه‌تی ویفاقی نیشتمانی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی فائیز سه‌ڕاج هه‌ڵوێستی خۆی ده‌رباره‌ی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی میسر رابگه‌یه‌نێت بۆ ئاگربه‌ست ‌و ده‌ستپێكردنی پڕۆسه‌یه‌كی سیاسیی گشتگیر ‌و ئه‌و هه‌ڵوێسته‌شی بیخاته‌ سه‌ر رێی پڕۆسه‌ی سیاسی. وتیشی: ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رییه‌ بنه‌مای تاكه‌ چاره‌سه‌ره‌ ‌و كۆمكاری وڵاتانی عه‌ره‌بیش هه‌رگیز بۆ ساتێكیش بڕوای به‌ كرده‌ی سه‌ربازی نه‌بووه‌ بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ته‌نگژه‌كه‌ی لیبیا.

رۆژی شه‌ممه‌ی رابردوو، دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ عه‌قیله‌ ساڵح سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی لیبیا ‌و موشیر خه‌لیفه‌ حه‌فته‌ر فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی ئه‌و وڵاته‌، عه‌بدولفه‌تاح سیسی سه‌رۆك كۆماری میسر له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا بانگه‌وازی قاهیره‌-ی بۆ كۆتاییهێنان به‌ شه‌ڕی ناوخۆی لیبیا راگه‌یاند، به‌ڵام دوای راگه‌یاندنی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆك كۆماری میسره‌وه‌، حكومه‌تی ته‌رابلوس به‌ سه‌رۆكایه‌تیی فائیز سه‌راج ئاشكرایكرد، كه‌ خۆیان كات ‌و شوێن بۆ وه‌ستاندنی شه‌ڕ دیاری ده‌كه‌ن. به‌ وته‌ی چاودێرانی سیاسیش، ئه‌وه‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌یه‌، مه‌گه‌ر له‌ ژێر فشاری نێوده‌وڵه‌تیدا هه‌ڵوێستی ئه‌رێنی له‌و بلاره‌یه‌وه‌ ده‌رببڕێت.

سه‌رچاوه‌، ئاژانسه‌كان

print

 255 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*