سەرەکی » دۆسێ » عیراق،ئامادەكاریی بۆ سەرژمێری دانیشتوان دەكرێت

بەشێوازیی ئەلیكترۆنی دەبێت

عیراق،ئامادەكاریی بۆ سەرژمێری دانیشتوان دەكرێت

خالید بەتال نەجم، وەزیری پلاندانانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، سەرژمێری دانیشتوان بەشێوازی ئەلیكترۆنی و بە تەواوەتی ئەنجام دەدرێت، ڕەتیشیدەكاتەوە پرۆسەكە هیچ پەیوەندییەكی بە ئامانجە سیاسییەكانەوە هەبێت، ئاماژەش بە هەماهەنگییەكی باشی هەرێمی كوردستان دەكات لەو بارەیەوە.

خالید بەتا نەجم لەمیانی سەرۆكایەتیكردنی بۆ كۆبوونەوەی ژووری ئۆپەراسیۆنەكانی سەرژمێری گشتی دانیشتوان لە 9ی حوزەیرانی 2020 ڕایگەیاندبوو”ئەو سەرژمێرییەی كە بەتەواوەتی بەشێوەی ئەلیكترۆنی ئەنجام دەدرێت، ئامانج لێی گەشەپێدانە بۆ خزمەتكردن بە گەشەكردن، هیچ پەیوەندییەكیشی بە ئامانجە سیاسییەكانەوە نییە”، ئاماژەی بە بوونی هەماهەنگییەكی باش كرد “لەگەڵ هەرێمی كوردستان، وێڕای هەماهەنگی بەرهەمدار لەگەڵ ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و لەپێش هەموویانەوە سندوقی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ دانیشتوان، و پرۆژگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرنووەكان بۆ نیشتەجێ مۆرۆییەكان، ئەمەش لەپێناو زامنكردنی سەركەوتنی سەرژمێرییەكە”.

وەزیری پلاندانانی عیراق باسی لە بوونی ڕووبەڕووبوونەوەی گەورەش كرد كە بە وتەی ئەو”دێنەڕێی جێبەجێكردنی سەرژمێری، لەوانەش فاكتەری تەندروستی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و نەبوونی مەودایەكی كاتی ڕۆشن بۆ نەمانی ئەو پەتایە كە دەبێتە ڕێگر لەبەردەم جوڵە و هاتووچۆی سەرژمێرەكان و توێژەرە مەیدانییەكان كە سەرژمێرییەكە ئەنجام دەدەن و ژمارەیان لە 150 هەزار كەس زیاترە، وێڕای بوونی ڕووبەڕووبوونەوەی تر كرد كە خۆیان لە تەنگژەی دارایی و پەسەندنەكردنی بودجە تاوەكو ئێستا، دەبینێتەوە”.

پێشتر بەڕێوەبەری كارگێڕی سەرژمێری دانیشتوان لە وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی فیدراڵ رایگەیاندبوو، وەزارەتەكەیان میكانزیمێك پەیڕەو دەكات بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتوان لە كۆتایی ساڵی 2020، ئاماژەی بە قەدەغەكردنی هاتووچۆش كردبوو لە تەواوی ناوچەكانی وڵات لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی ئەنجامی سەرژمێرییەكە.

سەمیر خزەیر بەڕێوەبەری كارگێڕی سەرژمێری دانیشتوان لە وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی فیدراڵ لە مانگی ئابی ساڵی رابردوودا رایگەیاندبوو”ئامادەكارییە لۆجستی و تەكنیكییەكان بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتوان بەردەوامن كە بڕیارە لە كۆتایی مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی 2020 ئەنجام بدرێت”، ئاماژەی بە پێویستی دابینكردنی دوو ملیار دۆلاریش كرد بۆ دابینكردنی تێچووی سێ‌ قۆناغی سەرژمێرییەكە.
تائێستا لە عیراقدا هەشت جار پرۆسەی سەرژمێری ئەنجامدراوە و یەكەم پرۆسە لە ساڵی 1927 و دوایین پرۆسەش لە ساڵی 1997دا بووە.

بە وتەی خزەیر”وەزارەتەكەیان پشت بە سیستمی ئەلیكترۆنی دەبەستێت لە بری سیستمی دەستی لە سەرژمێری گشتی دانیشتوان، ئەمەش پێویستی بە كڕینی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانی (تابلیت) و كەرەستە خزمەتگوزارییەكان و نەخشە و وێنەگرتن، و مەشقی كادرە تەكنیكی و ئەندازیاریی و توێژەرەكانە”، ئاماژەی بە پێویستی بەگەڕخستنی زیاتر لە 30 هەزار فەرمانبەریش كرد لە تەكنیكی و توێژەر و مەیدانییەكان و بەڕێوەبەرانی ناوچەكان و سەرۆك تیمەكان، جەختیشی لەسەر پێویستی سەرژمێركردنی ژمارەی دانیشتوان و خانووەكان و شەقامەكان و كۆگا و كۆڵانەكانیش كردەوە.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پلاندانی عیراق دەڵێت”لە ڕۆژی سەرژمێری گشتی دانیشتوان، فۆرمی ئەلیكترۆنی تایبەت بە سەرژمێری پڕدەكرێتەوە، تەئكیدی لەسەر ڕاگەیاندنی قەدەغەكردنی هاتووچۆش كردەوە لەكۆتایی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی داهاتوو، تا بە وتەی ئەو “پرۆسەكە بەشێوەیەكی ورد و بە بەشداریی هەموو عیراقییەكان بەڕێوەبچێت”.

تائێستا لە عیراقدا هەشت جار پرۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوان ئەنجامدراوە كە لەم ساڵانەدابوون” 1927-1934-1947-1957-1965-1977-1987-1997)”.

دوایین سەرژمێر لە عیراق لەلایەن دەزگای ناوەندی سەرژمێریی لە 16ی تشرینی یەكەمی 1997 ئەنجامدرا، و تێیدا زانیاریی سەرژمێری لە تەنیا پانزە پارێزگەی عیراقدا كۆكرایەوە (جگە لە هەرێمی كوردستان)، ژمارەی دانیشتوانی عیراقیش لەو سەرژمێرییەدا گەیشتە نۆزدە ملیۆن و 184 هەزار و 543 كەس.

print

 161 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*