سەرەکی » دۆسێ » مووچەی فەرمانبەرانی عیراق كەم ناكرێتەوە

پەرلەمان بڕیارەكەی حكومەتی رەتكردەوە

مووچەی فەرمانبەرانی عیراق كەم ناكرێتەوە

پەرلەمانی عیراق بەكۆی دەنگ بڕیاردەدات دەست بۆ كەمكردنەوەی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان نەبرێت، پەرلەمانتارێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش لە پەرلەمانی عیراق، ئەم هەنگاوە بە كارێكی باش لەقەڵەم دەدات و دەڵێت، «حكومەت بە بڕیارەكەی پەرلەمانەوە پابەند دەكرێت».

حەسەن ئاڵی، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عیراق، بە (كوردستانی نوێی)ی ڕاگەیاند:”لە دانیشتنی چوار شەممەی رابردوو 10ی حوزەیرانی 2020، لە پەرلەمان بە كۆی دەنگ بڕیاردرا مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و ئەوانەی داهاتییان سنوردارە كەمنەكرێتەوە، بڕگەی دووەمی دانیشتنەكەش بابەتی قەرزی ناوخۆیی و دەرەكی بوو كە لەلایەن لیژنەی داراییەوە ئامادەكرابوو، لە دانیشتنەكەشدا بە هەمان شێوە بە كۆی دەنگ بڕیاردرا بابەتەكە گفتووگۆی زیاتری لەسەر بكرێت، بۆیە دەنگدان لەسەر پرۆژە یاساكە دواخرا”.

بە وتەی حەسەن ئاڵی:”دەنگدانی پەرلەمانی عیراق، هەنگاوێكی باشە بۆ ڕێگرتن لە كەمكردنەوەی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و ئەوانەی داهاتییان سنوردارە، بەڵام سەبارەت بە مووچەی سێ‌ سەرۆكایەتییەكە و وەزیرەكان و پەرلەمانتاران، و پلە باڵاكان، ئەوا ڕەنگە لە هەر كاتێكدا بێت مووچەكانیان كەمبكرێتەوە”.

پەرلەمانتارەكەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پێیوایە،»ڕێگرتن لە كەمكردنەوەی مووچەی فەرمانبەران لەم ڕەوشەدا، بە هەنگاوێكی باشی پەرلەمانی عیراق دادەنرێت كە حكومەتی پێوە پابەند دەكرێت، چونكە “وڵات لەسایەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ئەو تەنگژانەی پێیدا تێدەپەڕێت، بارگرانی زۆری لەسەر شانی هاووڵاتیان دروستكردووە، بۆیە ناكرێت لە بری كارئاسانی و سوككردنی باری سەرشانی هاووڵاتیان، بە كەمكردنەوەی مووچە هێندەی تر ژیان و گوزەرانیان بشێوێنرێت”.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەر لەمانی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندبوو”پەرلەمان دەنگیدا لەسەر ڕەتكردنەوەی مووچەی تەواوی فەرمانبەران و خانەنشیان بەهەرشێوەیەك لە شێوەكان و ڕەتكردنەوەی دانانی باج لەسەر مووچە بەبێ‌ بوونی یاسایەكی داڕێژراو”.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتوو كە “بڕیارەكە سێ‌ سەرۆكایەتییەكە و وەزیرەكان و پەرلەمانتاران و پلە باڵاكان ناگرێتەوە”.

پێشتر، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق، داوا لە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران كردبوو، تەیف سامی وەكیلی وەزارەتی دارایی لەسەركارەكەی دووربخاتەوە، بەو هۆیەی “ڕێزی لە پەرلەمان نەگرتووە”.
حەسەن كەعبی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق لە بەیاننامەیەكدا لە 10ی حوزەرانی 2020 ڕایگەیاندبوو”داوا لە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران دەكەین، تەیف سامی وەكیلی وەزارەتی دارایی لەسەركارلاببات، بەو هۆیەی ڕێزی لە پەرلەمان نەگرتووە و مافی گەلی عیراقی بەفیڕۆداوە”.

كەعبی لە بەیاننامەكەدا داوای لە لیژنەی دارایی پەرلەمانیش كردووە، “هەڵوێستی خۆی بەرانبەر بە بڕینی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشیان و مووچەی قەرەبووكردنەوەی كەسوكاریی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی، دەرببڕێت”.

لە 9ی حوزەیرانی 2020، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی، یاسای كەمكردنەوەی مووچەی پلە باڵاكانی بەڕێژەی 10% پەسەند كرد و جەخت لەسەر پێویستی ئەنجامدانی چاكسازییش لە وڵاتدا كردەوە.

هاشم داود، ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عیراق لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو:”لە دانیشتنی 9ی حوزەیرانی 2020، ئەنجومەنی وەویران، یاسای كەمكردنەوەی مووچەی پلە باڵاكان بەڕێژەی 10% پەسەندكرا”.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، مستەفا كازمی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق ڕایگەیاندبوو:”بەدەم داواكاریی هاووڵاتیانەوە دەچێت و هەست بە ئازارەكانیان دەكات و بەو پەڕی تواناوە كار دەكات لەپێناو هێنانەدی خواستەكانیان”.

بە وتەی كازمی لە میانی دانیشتنەكەی ئەنجومەنی وەزیران”ئەو چاكسازییەی كاری لەسەر دەكەن، بۆ دامەزراندنی واقعێكی نوێیە كە كاریگەر نەبێت بە گۆڕانكارییەكان و ببێتە مایەی دامەزراندنی قۆناغێكی چاكسازی نوێ‌ و عیراق بخاتە سەر ڕێڕەوێكی دروست”.

كازمی دەڵێت:»بەدەم دەخوازیی و داواكاریی هاوولاتیانەوە دەچن و هەست بە ئازارەكانیان دەكەن، بۆیە بەوپەڕی تواناوە كار بۆ هێنانەدی خواستی ڕۆڵەكانی گەل دەكەن”.
سەرۆك وەزیرانی عیراق پێیوایە:”ئەوان لەبەردەم ڕووبەڕووبوونەوەیەكی ڕاستەقینەدان، بەهۆی ئەو تەنگژە گەورانەی ڕوویان لە وڵات كردووە، بۆیە هیچ ڕێگەچارەیەكی ترییان نییە، جگە لە چاكسازی”.

print

 125 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*