سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » کۆرۆنا و سەرکوتکردنی خەڵک

کۆرۆنا و سەرکوتکردنی خەڵک

لەسەرەتای ئەمساڵ و بەتایبەتیش لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەناو وڵاتانی عەرەبی و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، ناڕەزایی خەڵک زیاتر بووە لە کەمیی پێداویستی خۆپاراستن و برسێتی و بێکاری و کەمیی مووچە و بەرزبوونەوەی رێژەی خەرجی و بژێویی ژیان و کەمتەرخەمیی حکومەتەکان بۆ ئارامکردنەوەی رەوشەکە و هاوکاریکردنیان لەو قەیرانەی کە تووشی مرۆڤایەتی بووە.

لە کاردانەوەی ئەو ناڕەزاییانە و لەجیاتی رەواندنەوەی خەم و پەژارەی خەڵک لە ترس و دڵەڕاوکێ و گرتنی دەستبارێک بۆ سوککردنی ئەرکەکانیان بۆ بژێویی ژیان، دەسەڵاتەکان ئەو قەیرانەیان قۆستۆتەوە بۆ راودوونان و گرتن و ئازاردانی خەڵک و بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان.

لەناو زیندان دەیانکوژن

ئەو بارە ناهەموارەدا لە زۆرێک لە وڵاتە عەرەبییەکان گرتن و زیندانیکردن و شوێن بزرکردنی چالاکوانان و رۆژنامەنووسان لە هەندێک لەو وڵاتانە بۆتە دیاردەی رۆژانە و کاتێک ژمارەیەکیان لێ دەخەنە کونجی زیندانەوە، ئیدی کۆرۆنایان بەناودا بڵاودەکەنەوە بۆئەوەی لەدەستیان رزگاریان ببێت و پڕوپاگەندەی ئەوەش بڵاودەکەنەوە کە گوایە بەهۆی کۆرۆناوە رەوشی تەندروستییان خراپە یان بەو هۆیەوە دەیانکوژن.

لەو بارەیەشەوە رێکخراوی ” هیومان رایتس ۆچ” لەزاری بەرپرسێکییەوە ئەوەی ئاشکراکردووە کە لە زۆربەی وڵاتە عەرەبییەکان و بەهۆی کەمتەرخەمیی ئەو حکومەتانە زەمینەیەکی لەبار دروستبووە بۆ خۆپیشاندان و ناڕەزایی و رەخنەگرتن، کاتێک یەکێک رووبەڕووی دەسەڵات دەبێتەوە و رەخنە دەگرێت، دەستگیری دەکەن و لەژێر پەردەوە ونی دەکەن.

“میسر پیشەنگە”

بەگوێرەی ئەو راپۆرتەی رێکخراواکە میسر یەکێکە لەو وڵاتانەی کە پێشەنگە و بچووکترین ئازادیی و دیموکراسی بۆ خەڵکەکەی نەهێشتۆتەوە، جاران ئەگەر بە پاساوی ئیخوانی بوون لەدژی نەیارەکانی دەوەستایەوە، ئێستا بەبیانووی لادان یان کاردانەوەی هاووڵاتیان لەبەرامبەر یاساو رێکارە تەندروستییەکان چالاکوانەکانی ئەو وڵاتە دەستگیردەکرێن، بەپێی سەرچاوە میدیاییەکانیش، ئێستا لە زیندانەکانی میسردا زیاتر لە ٦٠ هەزار زیندانی سیاسی هەن کە زۆربەیان تاوانیان تەنها ئەوەیە رەخنەیان لە سەرۆک یان حکومەت یان بەرپرسە باڵاکان گرتووە.

لەکەنداو دەستگیرکردن بووە بە دوو هێندە

هەمان ئەو سەرچاوانە ئاماژەبەوە دەدەن کە لەهەریەکە لە تونس و جەزائیر و مەغریب و سعودیە و کوێت و ئیمارات، هەمیشە و بەبەردەوامی خەڵک لەسەر بیروڕای ئازاد دەستگیرکراوە چ جای ئەوەی کە ئێستا خەڵکی خەمبار و بێتاقەتە و ناڕەزایی زیاتر هەیە لە مامەڵەی دەسەڵاتە سیاسییەکان لەگەڵ ئەو قەیرانەدا، ئەوا هەڵبەت ئێستا دیاردەکە تۆختر بۆتەوە و خەڵکی زیاتر ئازار و ئەشکەنجەدەدەن.

وەک راپۆرتەکەی هیومان رایتس ۆچ ئاماژەی پێداوە هەر بەگوێرەی میدیاکان دەردەکەوێت کە گیراوەکانی ئەمساڵ لە وڵاتانی کەنداو لەچاو سالانی پیشتردا دوو هێندەیە.

مەغریب سیخوڕیی بەسەر هاووڵاتیانەوە دەکات

کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتوەکانیش ئاشکرایکردووە کە ئەو حکومەتانە بەبیانووی کۆرۆناوە باری نائاسایی رادەگەیەنن و بەهۆیەوە نەیارانیان گۆشەگیر دەکەن. لەو رووەشەوە شانشینی مەغریب یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لەکاتی سەپاندنی یاساکانی خۆپاراستندا هەڵدەکوتێتە سەر ئەوانەی کە لۆمە یان گازاندە لە دەسەڵاتەکەی دەکەن، جگەلەوەش لەڕێی سیستمێکی تەکنۆلۆژی نوێوە کە بەم دواییانە بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆرۆنا کڕیوێتی، کاری سیخوڕی بەسەر مۆبایلی هاووڵاتیانەوە دەکات و زانیاریی و داتا و گفتوگۆ و گرتەی ڤئدیۆییەکانیان بۆ خۆی دەگوازێتەوە و چاودێریی خەڵک دەکات کە ئایا کێ رەخنەی لێ دەگرێت ، پاشان لەسەریان دەکاتە دیکۆمێنت و بەڵگە و بە یاسا سزایان دەدات.

کۆرۆنایان پێوە دەنێن

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و گەشەپێدانی دیموکراسیش ئاماژە بەوە دەدەن کە حکومەتە دیکتاتۆرەکان یەکێکن لە هۆکارەکانی گواستنەوە و بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە بەناو کۆمەڵگەکاندا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە خەمی ژینگەپارێزی و مرۆڤپارێزییان نییە و کەلوپەل و پێداویستیی تەندروستی پێویست بۆ خەڵکەکانیان دابین ناکەن و سەرەڕای برسیکردن و ئەزیەتدانیان، ناشهێڵن دەنگی ناڕەزاییان لێوە بەرزببێتەوە و ئەوەی گازاندەیان لێ بکات، زیندانی دەکەن و لەناو زیندانیش کۆرۆنایان تووش دەکەن.

زۆربەی ئەو دەسەڵاتانە داتا و زانیاریی راست و دروست لەسەر کۆرۆنا لە خەڵک و میدیا و رای گشتی دەشارنەوە و زۆربەیان هەر ناهێڵن رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ چالاکییەکانیان بکەن.

سەرچاوە: دۆیچەڤێلا، شپیگل ئۆنلاین

print

 257 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*