سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » دنیایەک پرسیار لەبارەی کۆرۆناوە

دنیایەک پرسیار لەبارەی کۆرۆناوە

دکتۆر جیهاد سەعادە،پسپۆڕی بەرگریی ‌و نەخۆشییە گوازراوەکان

لە عەرەبییەوە: کوردەوان محەمەد سەعید

 

*قسەی زۆر دەکرێ لە بارەی ئەوەی کە ئەم ڤایرۆسە دروستکراوە، زۆر لەوانە دکتۆری بەناوبانگیشن ‌و لە سۆشیال میدیا و کەناڵەکانەوە دەرکەوتوون ‌و ئەم قسەیەیان کردووە، وتوشیانە گەشەی ئەم ڤایرۆسە پێویستی بە 800 ساڵە، ئەم قسانە تا چەند راستن؟
دکتۆرجیهاد سەعادە: بەداخەوە خەڵکێکی زۆر هەیە دوای مۆدە دەکەوێت ‌و قسەی خەڵکی دیکە دەجوێتەوە ئەگەر قسەکان زانستیش نەبن، راستە هەندێک ڤایرۆس ساڵانێکی زۆری دەوێت بۆ گەشە کردن ‌و رەنگە بگاتە 800 ساڵیش، بەڵام با لۆژیکیانە قسە بکەین، ئێمە هەموو ئەو ڤایرۆسانە ناناسین کە لەسەر زەوی هەن، ناشزانین کۆرۆنا لە کەیەوە هەیە، رەنگە 800 ساڵ ببێت ‌و لەم سەردەمەدا دەرکەوتبێت، کەواتە بابەتەکە تیۆری گەشەی ڤایرۆسەکانە ‌و پەیوەندی بە پیلانگێڕییەوە نییە.

*تائێستاش رۆژانە تووشبووی نوێ هەیە بەم ڤایرۆسە، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک وڵات کەرەنتینەی نەهێشتووە، ئەگەر وایە هەر لە سەرەتاوە ئەم کەرەنتینەیە بۆچی بوو؟
دکتۆرجیهاد سەعادە: راستە سەرەتا کەرەنتینەمان راگەیاند، لەبەر ئەوەی سەرەتا ئەم دوژمنە یان ڤایرۆسەکەمان نەدەناسی، نەماندەزانی سروشتی چییە ‌و چۆنە، چۆن بڵاو دەبێتەوە ‌و کێ دەیگرێت ‌و نیشانەکانی چین، لەبەر ئەوە پێویست بوو خەڵکی دابڕین یان کەرەنتینەی بکەین تا ڤایرۆسەکە دەناسین، شتێکی دیکەش، ئەگەر لە بیرتان بێت وتمان مەترسی ئەم ڤایرۆسە لەوەدایە کە زۆر خێرا بڵاو دەبێتەوە، لەبەر ئەوە دەترساین لەپڕ ژمارەی تووشبوان زۆر ببن ‌و کەرتی تەندروستی هەرەس بهێنێت، بەداخەوە ئێوە دەبینن هەندێک وڵات کە کەرەنتینەی نەکرد، تووشی ئەو گرفتە بوو.

*من تا ئێستاش خەمی خۆم ‌و منداڵەکانم ‌و کەسوکارمە، بێزار بووین لە دانیشتن لە ماڵەوە، ورەمان لەدەست داوە، چی بکەم باشە بۆ ئەوەی بچمە دەرەوە ‌و خۆم ‌و کەسوکاریشم بپارێزم؟
دکتۆر جیهاد سەعادە: من لە ترس ‌و نیگەرانیی خەڵک تێدەگەم، بە تایبەت کەرەنتینە، بەڵام وەبیرتان دێنمەوە، کۆرۆنا بە هەوا‌و بە هەناسەدان ناگوێزرێتەوە، ئەوە زانیارییەکی زۆر هەڵەیە کە دەڵێ ئەگەر تۆ بە لای کەسێکی تووشبوودا تێپەڕیت یەکسەر تۆشی تووش کردووە، تەنیا ئەوەی لەسەرتە پێویستە کە چوویتە دەرەوە لە خەڵک دوور بیت، خۆت بپارێزە، گرنگترین شت ئەوەیە ئەگەر زۆر دەترسیت، وا بکە دەستەکانت لەگەڵ دەموچاوتدا بەریەک نەکەون، وای دابنێ دوژمنایەتییان هەیە.

*دکتۆر کێشەکە ئەو منداڵانەن کە تەمەنیان لە خوار 18 ساڵەوەیە، بەرگەی مانەوەی ماڵەوە ناگرن، چۆن رەفتاریان لەگەڵ بکەین؟
دکتۆر جیهاد سەعادە: مەسەلەی منداڵانی خوار 18 ساڵ، من دەزانم ئاسان نییە رێگرییان لێ بکرێت بچنە دەرەوە‌و بچنە بازاڕ ‌و مۆڵەکان، دەتوانین بەم جۆرە رەفتاریان لەگەڵ بکەین: یەکەم شت منداڵان تێبگەیەنین کە گرنگی ئەم کارەی دەیکەین چییە بۆ پارێزگاری لە خۆیان ‌و کەسوکاریان، دووم مەرج نییە بچین بۆ ئەو شوێنە داخراوانەی قەدەغەن، دەتوانین بچین بۆ شوێنە گشتییەکان، ئەویش هەموو رۆژێک نا، بەڵکو جار جار، سێیەم شت منداڵەکانتان فێری بنەماکانی پاکوخاوێنی بکەن ‌و فێریان بکەن تێکەڵی خەڵک نەبن ‌و فێری گرنگی بەکارهێنانی دەمامکیان بکەن، دەزانم پرسیارتان لە بارەی دەمامکەوە زۆرە.

*هەر لە سەرەتاوە قسە‌و بابەتی زۆری دژبەیەک هەبوو لەبارەی دەمامکەوە، وتتان دەمامک مەبەستن، ئەمڕۆش زۆر وڵات بەستنی دەمامکی سەپاندووە، بۆ؟
دکتۆر جیهاد سەعادە: بابەتەکە دژبەیەک نییە، مەسەلەکە لە بیرۆکەی دەمامکدایە، یەکەم شت سەرەتای پەتاکە دەمامک زۆر کەم بوو، دووەم بۆ ئەو کەسانە گرنگتر بوو کە نیشانەکانیان لێ دەرکەوتووە وەک لەوانەی نیشانەیان نەبووە، سێیەم، هەندێک وڵات ناچار بوو بەکارهێنانی دەمامک بسەپێنێت لەبەر ئەوەی خەڵکەکەی پابەند نەدەبوون بە دوور کەوتنەوە لە یەکتری، لەبەر ئەوە ئێمەش ناچار بووین دەمامک بەکار بهێنین تا یەکتر بپارێزین، چۆن یەکتر بپارێزین؟ با پێتان بڵێم بەستی دەمامک لە دەمولووت تۆ ناپارێزێت، بەڵکو بەرامبەرەکەت دەپارێزێت، چۆن؟ لە سەرەتاوە وتومانە ئەم ڤایرۆسە لە رێگەی پڕیشکی پژمە‌و کۆکەوە دەگوازرێتەوە لەبەر ئەوە کاتێک تۆ دەمامک دەبەستیت ئەگەر هەڵگری ڤایرۆسەکەش بیت پریشک ناچێت بۆ بەرامبەرەکەت.

*چۆن بزانین تووشی کۆرۆنا بووین، بە تایبەت ئەگەر نیشانەکانمان لێ دەرنەکەوتبوو؟
دکتۆر جیهاد سەعادە: ئێمە لەو باوەڕەداین زۆر کەس هەیە تووشی بووە ‌و بەخۆیشی نەزانیوە، هۆکارەکەش ئەوەیە ئەم ڤایرۆسە خێرا بڵاو دەبێتەوە، لەبەر ئەوەی ئەم ڤایرۆسە نیشانەکانی لە هەموو کەسێکدا دەرناکەوێ، لەبەر ئەوە نەماندەزانی کێ تووش بووە ‌و کێ هەڵگری ڤایرۆسەکەیە، ئەگەر نیشانەکانی دەرنەکەوت لە رێگەی شیکاریی خوێنەوە دەزانرێ کەسەکە تووش بووە یان نا، ئەگەر خوێنەکەت دژەتەنی تێدا بوو، ئەوە بزانە بێ هیچ گومانێک تووشی کۆرۆنا بوویت.

*باشە ئەگەر جارێک تووش ببووم، ئەگەری هەیە دووبارە تووش ببمەوە یان نا؟
دکتۆر جیهاد سەعادە: جیاوازی هەیە لەوەی تۆ دووبارە تووش ببیەوە لەگەڵ ئەوەی بکەویتە دۆخێکی تەندروستی خراپەوە، بەڵێ هەریەکێ لە ئێمە ئەگەری هەیە دووبارە تووش بێتەوە، تەنانەت دەکرێ کەسێک دژەتەنیش لە لەشیدا هەبێت ‌و دۆخی تەندروستی خراپ نەبێت، بۆچی؟ ڤایرۆسەکە زۆر لە لەشیدا نامێنێتەوە لەبەر ئەوەی لەشی ڤایرۆسەکەی ناسیوە ‌و دەزانێ دژە ‌و بەرگری لەبەرامبەردا پەیدا کردووە ‌و راستەوخۆ لەناوی دەبات.

*بەرگری دژی کۆرۆنا تا کەی لە لەشدا دەمێنێتەوە؟
دکتۆر جیهاد سەعادە: ئەوە دەریایەک توێژینەوەی دەوێ ‌و بەم نزیکانەش دەکرێن، ئەوەی ئێستا مەزەندە دەکرێت لەسەر بنەمای تازەترین توێژینەوە، ئەوەیە کە بەرگری لەش بۆ ماوەی شەش مانگ بەردەوام دەبێت ‌و دەتپارێزێت، بەڵام هێشتا لەو توێژینەوەیەش دڵنیا نین، ئێمە قیاسەکە بە بەراورد بە سارس ‌و میرس دەکەین، بەرگرییەکە ماوەیەکی زیاتر دەمَنێتەوە یان نا، ئەوەیان نازانین، پێویستی بە توێژینەوەی زیاترە.

*ئەگەر تووشبووم ‌و نیشانەکانم پێوە دیار نەبوو، تا چەند رۆژ ئەگەری هەیە ڤایرۆسەکە بگوازمەوە بۆ کەسانی دیکە؟
دکتۆر جیهاد سەعادە: تازەترین توێژینەوە دەڵێ: کەسی تووشبوو لەو رۆژەوە کە تووش دەبێت تا 10 رۆژ دەتوانێ نەخۆشییەکە بگوازێتەوە بۆ کەسانی دیکە، بەڵام باشتر وایە 14 رۆژ خۆت بەدوور بگریت.

*ئەگەر تووش بووم چی بکەم؟
دکتۆر جیهاد سەعادە: ئەگەر خوانەخواستە تووش بوویت، گرنگترین شت ئەوەیە ئەگەر نیشانەکانت نەبوو، پێویستە لە ماڵەکەی خۆتدا خۆت لە خێزان ‌و لە خەڵکیش دابڕێیت، بەڵام ئەگەر نیشانەکانت هەبوو ئەوە شتێکی دیکەیە ‌و پێویستە لایەنی حکومی پەیوەندیدار ئاگادار بکەیتەوە، چونکە لەوانەیە پێویستت بە چادێری پزیشکی هەبێت.

*بەها: ئەگەر کەسێک لە ماڵەوە تووش بوو، چی بکەین؟
دکتۆر جیهاد سەعادە: گرنگترین شت ئەوەیە ئەو کەسە لە ژوورێکی تایبەت ‌و لەوانی دی داببڕێت، باشتریشە ژوورەکە حەمام ‌و تەوالێتی تێدا بێت، بواری ئاڵوگۆڕی هەواشی هەبێت، تەنیا یەک کەسیش تەرخان بکەن لە ماڵەکەدا خزمەتی ئەو تووشبووە بکات، هەڵبەت بە خۆپارێزیی باش بکات بە تایبەت بەستنی دەمامک.

*ئەگەر زانیمان کەسێک لە ماڵەکەدا تووش بووە، ئەمە مانای وایە هەموومان تووش بووین؟
دکتۆر جیهاد سەعادە: مەرج نییە، زۆر جار دیومانە کەسێک لە ماڵێکدا تووشبووە ‌و ئەندامانی دیکەی خێزانەکە تووش نەبوون، دەپرسی بۆ؟ دەڵێم هەندێک هۆکار هەن کاریگەرییان لەسەر گواستنەوەی ڤایرۆسەکە هەیە، دووبارە وەبیرتان دێنمەوە، راستە ئەم ڤایرۆسە بە خێرایی بڵاو دەبێتەوە، بەڵام بەو جۆرە نییە خەیاڵتان بۆی دەچێت ‌و لە سۆشیال میدیاوە باسی دەکرێت، وەک وتم بەو جۆرە نییە بە لای کەسێکدا تێپەڕی یەکسەر تووش بیت.

*پێوست دەکات ماڵەکە بە کلۆرێکس پاکژ بکەینەوە، سەوزە ‌و میوە بە شێوەیەکی دیاریکراو بشۆینەوە؟ یان ئەو شتانەی لە سۆپەرمارکێت دەیهێنین، یان خواردەمەنی دیلیڤەری بخۆین یان نا؟
دکتۆر جیهاد سەعادە: هەر لە سەرەتاوە باسم کردووە کە ماڵەکانتان پێویستی بە پاکردنەوە هەیە نەک پاکژکردنەوە، ماڵی ئێوە کەرتی تەندروستی نییە، واز لەو زیادەڕۆییە بهێنن لە بەکارهێنانی کلۆردا، دوایی تووشی حەساسیەتتان دەکات، هیوادارم تا ئێستا تووش نەبووبن، تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێت ئەو شتانەی لە سۆپەرمارکێتەوە دێت ڤایرۆسەکە دەگوێزێتەوە، ئەو شتانەی پێویست دەکات بشۆرێن، بە ئاو بیانشۆڕەوە ‌و تەواو، پێویست ناکات پاکژی بکەیتەوە یان چوار رۆژ دایبنێیت، هیچ دەرمانێک ‌و کحولیشی پێوە مەکەن، هەرچییەک دەکڕی زۆر گرنگە کە شتەکانت جیا کردەوە ‌و هەڵت گرتن دەستەکانت جوان بشۆ پێش ئەوەی بەر دەموچاوت بکەوێت. بابەتی دیلیڤەری، مەترسی لە خواردنەکەدا نییە، بەڵکو مەترسی لەو کەسەدایە کە دەیهێنێت، لە پرۆسەی وەرگرتنی خواردنەکە ‌و پێدانی پارەکەدایە، تەنیا ئەوەندەت لەسەرە لە کاتی وەرگرتندا دوور بوەستە، یان با خواردنەکەت بۆ دابنێ ‌و تۆش پارەکەی بۆ دابنێ، یان دەمامک ببەستە، هەر کە خواردنەکەشت لە زەرفەکان دەرهێنا بچۆ دەستەکانت بشۆ ئەو جار وەرە نانەکەت بخۆ.

*کۆرۆنا چارەسەری هەیە؟
دکتۆر جیهاد سەعادە: لە سۆشیال میدیادا ریکلامی زۆرمان بینی لە هەواڵیشدا بە هەمان شێوە باس لە چارەسەری کۆرۆنا دەکەن، بەڵام تا ئێستا کۆرۆنا چارەسەری نییە، ئەوەی کە هەیە چارەسەری ئەزموونییە، نامانەوێ بە درۆ هیوا بە خەڵک ببەخشین، مرۆڤی ژیریش پشت بە هیوای درۆ نابەستێ، هیچ چارەسەرێک نییە تەنیا بۆ نیشانەکان نەبێت، هەموو ئەوەش لە ریکلامەکاندا دەیبینن چارەسەری ئەزموونین، بە بۆچوونی من هیچ کام لەوانەش تا ئێستا سەرکەوتوو نەبوون.

*باشە ئەگەر چارەسەر نییە، من چۆن بەرگری لەشم بەهێز بکەم؟ ڤیتامینەکان بخۆم؟
دکتۆر جیهاد سەعادە: نەخێر، ڤیتامین تەنیا ئەو کاتە وەری دەگرێت کە کەمیی ڤیتامینت هەبێت، ئەگەر خۆراکت هاوسەنگ بێت پێویستت پێی نابێت، تەنیا شتێک کە رەنگە پێویستت پێی بێت ڤیتامین (D)یە.

*رەنگە پرسیارێکی بچووکتان مابێت، ئەویش: کۆرۆنا کەی تەواو دەبێت؟
پەلە مەکەن، لەوانەیە کۆرۆنا هەر بمێنێت، بەڵام پێویستە ئێمە بزانین چۆن مامەڵە لەگەڵ کۆرۆنا بکەین، ئەمە یەکەم ڤایرۆس نییە ‌و دەهەمین ڤایرۆسیش نابێت، زۆر ڤایرۆس لە ژیانی ئێمەدا هەیە ‌و دەزانین چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین، ئەو کەرەنتینە ‌و رێوشوێنە توندەش کە هەیە لەبەر ئەوەیە کە ژمارەیەکی زۆری خەڵک تووش نەبێت ‌و بەهۆیەوە سیستمی تەندروستی هەرەس نەهێنێت، تەنیا لەبەر ئەوەیە، ئەگەرنا لە ئێستاوە تا کۆتایی ساڵ لەوانەیە جیهان ئاسایی ببێتەوە، بە گەشتی نێودەوڵەتیشەوە، کۆت‌و بەندەکان وردە وردە لادەبرێن، دەپرسن بۆچی؟ لەبەر ئەوەی ئەو کاتە ئێمە بەهێزتر بووین، دەزانین چۆن مامەڵە بکەین ‌و بەشێکی زۆریشمان رەنگە بەرگرییەکی بەهێز دروست بکەن. بە تەندروستی باشەوە بتانبینمەوە.

 

*ئەمەی خوارەوە ڤیدۆی دیدارەکەیە. بەها دەپرسێت و دکتۆرجیهاد سەعادە وەڵام دەداتەوە.

الكثير من الأسئلة الجديدة حول #كورونا

متى؟ كيف و ليش؟ و هل كورونا مصنّع و مؤامرة فعلا؟ الكثير من الأسئلة الجديدة حول #كورونا #جهاد_سعادة #مختبر_العناية #الشارقة #دبي #ابو_ظبي #عجمان #العين #الفجيرة #ام_القيوين #الامارات #السعودية #الكويت #معادن #فيتامينات #مختبرات #مختبرات_طبية #تحليل_دم #اشاعات #معلومات #تجارب #كوفيد #COVID19 #خليك_بالبيت #لاتهاون_لاتهويل #مناعة #PCR #اجسام_مضادة

Gepostet von ‎Al Enaiah Lab- Labcare مختبر العناية الطبّي الشارقة‎ am Sonntag, 7. Juni 2020

print

 119 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*