سەرەکی » زانست » زۆربوونی دانیشتوان و لێکەوتەکانی

زۆربوونی دانیشتوان و لێکەوتەکانی

لە سەدەی هەژدەهەمدا،ژمارەی دانیشتوانی سەر گۆی زەوی تەنها یەك ملیار کەس بوو، لە ئێستادا ئەو ژمارەیە 7:8 ملیارە، واتا لە ماوەی دووسەد ساڵدا ژمارەی دانیشتوانی سەر گۆی زەوی نزیکەی پێنج ملیار کەس زیادی کردووە، بێ گومان لە دوای شۆڕشی پیشەسازی و پێشکەوتنی پزیشکی، سەرهەڵدانی ئابووری، پیشەسازی کشتوکاڵ و خۆراك و کەمبوونەوەی ڕێژەی مردنی منداڵ، کاریگەریان لەسەر زۆربوونی ڕێژەی لەدایکبوون هەبووە.
زۆربوونی دانیشتووان لە جیهاندا، یەکێکە لە کێشەکانی ژینگە، لە ئێستادا ئاسیا خاوەنی 4:6 ملیار کەسە، ئەفریقا نزیکەی 1:3 ملیارە، ئەوروپا 750 ملیۆن، ئەمریکای لاتین 670 ملیۆن، ئەمریکای باکور 370 ملیۆن و ئوسترالیاش خاوەنی تەنها 40 ملیۆن کەسە، ئەم ژمارەیە پێویستی بە دابینکردنی خۆراك، ئاوی خاوێن، وزە، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون و هاتوچۆ هەیە.

ئاشکرایە گۆڕانی کەشوهەوا، کە یەکێکە لە مه‌ترسیدارترین کێشەکانی ژینگەیە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بوونی ڕێژەیەکی زۆر لە گازە زیانبەخشەکان، بەتایبەتی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، کە دەمێکە هاوسەنگیەکەی لە سروشتدا تێکچووە، بە زیادبوونی هەر تاکێك لەسەر ڕووی زەوی، بەهۆی بەرخۆریکردنی بەشێکی زۆرتر لە خۆراك، دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون، هاتووچۆ و هەموو پێداویستیەکی ڕۆژانە، بڕێکی زیاتر لە ڕێژەی ئەو گازە زیانبەخشانە و بەتایبەتی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دەچێتە هەواوە، هەر کەسێك کە نیشتەجێ دەبێ، هاتوچۆ دەکات، خۆراك و ئاوی پێویست، یا هەر پێداویستییەکی تر، پێویستی بە وزە و کەرەستەی خاو و سامانی سروشتی هەیە، سوتاندنی ئه‌و وزه‌یه‌ش لێکه‌وته‌ی دووه‌م ئۆکسیدی کاربۆنی و هه‌ندێ گازی زیانبه‌خشی دیکه‌ی ده‌بێ، ئەو بەرخۆریەش بەپێی ئاستی ژیار زیاتر دەبێت، بۆ نمونە لە وڵاتە پێشکەوتووەکان زۆر زیاترە لە چاو وڵاتە دواکەوتووەکاندا.

زیادبوونی ڕێژەی گازە زیانبەخشەکان، دەبنە هۆی گەرمبوونی ئەتمۆسفێری گۆی زەوی، توانەوەی بەستەڵەکی جەمسەرەکان و پاشان بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریا، ئه‌ویش دەبێتە هۆی ڕوودانی لافاو، بەتایبەتی لە کەنار دەریاکان و ئوقیانوسەکاندا، ئاوارەکانی بەنگلادش زیندووترین نمونەی قوربانی ئەو لافاوانەن، کە بەئاوارەیی بەرەو هیندستان کۆچ و ڕەو دەکەن، لە کاتێکدا هیندستان خۆی بەدەست چڕی دانیشتوانییەوە دەناڵێنێت، هەر ئەو لافاوانەش دەبنەهۆی کەمکردنەوەی زەوی و زاری شیاوی کشتوکاڵی و بەرهەمهێنانی خۆراك.

هەر توانەوەی سەهۆڵبەندانی جەمسەرەکان نا، بەڵکو توانەوەی چاڵەشەختە و سەهۆڵبەندانی چیاکانی هیمالایاش، کە سەرچاوەی ئاوی ڕوباری گەنج و براهمابوتران، کەمبوونەوەی ئاوی ئەو ڕوبارانە هەڕەشەن بۆ سەر ژیانی ملیۆنەها کەس، کە سەرقاڵی چاندنی برنج و دانەوێڵەن لە کەناری ئەو ڕوبارانەدا، جگە لە ئاوارەبوونیان لە کاتی لافاو و کارەساتی سروشتیدا.

ڕاوکردنی ماسی، بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراك و پڕکردنەوەی پێداویستی زۆربوونی دانیشتوان، یەکێکە لە سەرچاوەکانی پرۆتینی ئاژەڵە، ئەو ڕاوکردنە، ئەوەندە زیادەڕۆیی تێدا دەکرێ، کە ڕێژەی بوونی ماسی بەتایبەتی ماسی توونا و ماسی ئاڵتون، زۆر کەم بوونەتەوە، تەنانەت بە پێی بۆچوونی شارەزایان، ئاوه‌دانکردنه‌وه‌، بنیاتنانی خانوبه‌ره، له‌ناودانی دارستان بۆ چاندنی به‌روبومی کشتوکاڵی، ‌هەڕەشەی قەلاچوکردنی فرەزیندەوەری لێ دەکرێ، جگە لەوەی ئیکۆسیستیمی زۆربه‌ی زینده‌وه‌ر دەشێوێنرێ و هاوسەنگی ئیکۆلۆژی تێکدەچێت.

لە ئێستادا زیاتر لە 55% ی دانیشتوانی جیهان لە شارە گەورەکاندا دەژین، بەڕادەیەك کە لە ساڵی 200دا، تەنها 371 شاری گەورە هەبوون، کە ژمارەی دانیشتووانیان لە یەک ملیۆن کەس زیاتر بێت، لە ساڵی 2018 دا بووە 548 شار و چاوەڕوان دەکرێت لە ساڵی ٢٠٣٠ دا جیهان ببێتە خاوەنی 706 شاری گەورە، کە ژمارەی هەر یەکێکیان ملیۆنەها کەس زیاتر بێ.

جیهان بەرامبەر کۆمەڵێ کێشەی ژینگەیی بۆتەوە، وەکو بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، توانەوەی بەستەڵەك، لافاو، وشکەساڵی، نەمانی زۆرێک لە زیندەوەر، کەمبوونەوەی سامانی سروشتی، ئاگرکەوتنەوە، کەڵەکەبوونی خاشاك و پیسبوونی ئاو، بە زۆربوونی دانیشتوانیش، ئەم کێشە و پێشهاتانە زیاتر دەبن و لێکەوتەکانیشی بە تێپەڕبوونی کات کاریگەرتر دەبن.

لە ئێستادا ژمارەی دانیشتوان لە سەرجەم ئەو وڵاتانەدا بەرەو زۆربوون دەچێت کە هەژارن، وشیاری تیایدا لاوازە و نەخوێندەواری تیایدا لە ئاستێکی بەرزدایە، هەروەها بەهۆی ئەوەی ڕێژەیەکی زۆری گەنج، کە لە هەندێ شوێندا دەگاتە 40% و زۆربەیان بێکار و هەژار و نەخوێندەوارن، هیچ بەرچاوڕوونی و پلانێکیان بۆ دواڕۆژ نیە، بۆیە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هەڵمەتێکیان بۆ خستنەبەر خوێندنی کچان و بڵاوکردنەوەی هوشیاری بۆ کەمکردنەوەی هاوسەرگیری لە تەمەنی کەم و پاشتر کەمکردنەوەی ڕێژەی لەدایکبوون لەو وڵاتانەدا دەستپێکردووە.

print

 149 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*