سەرەکی » زانست » توێژینەوەیەک:پلازمای خوێنی پیاو بڕێکی زۆرتر دژە تەنی تێدایە

توێژینەوەیەک:پلازمای خوێنی پیاو بڕێکی زۆرتر دژە تەنی تێدایە

کەشتیی نوح

تیمێکی توێژینەوەی بەریتانیی داوایان لەو پیاوانە کردووە کە تووشی کۆرۆنا بوون و دواتر چاکبوونەتەوە، پلازمای خوێنیان ببەخشن بە مەبەستی بەکارهێنانیی لەو توێژینەوانەی بۆ گەیشتن بە چارەسەری ڤایرۆسی (کۆڤید-19) ئەنجامی دەدەن.

بەپێی توێژینەوەکانی ئەو تیمە، پیاوان زۆرتر لەبەردەم هەڕەشەی تووشبوون بەو ڤایرۆسەدان، هەربۆیە ئاستێکی بەرزتری دژەتەنیان هەیە بە بەراوورد بە ژنان، ئەمەش مانای وایە کە پلازمای خوێنی پیاوان بە سوودترە بۆ ڕزگارکردنی گیانی توشبوانی کۆرۆنا.

بەگوێرەی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانیی بەریتانیا گەر تاقیکردنەوەکان ئەنجامی سەرکەوتویان هەبوو ڕەنگە بتوانرێت پلازما بۆ چارەسەکردنی ئەو کەسانە بەکاربهێنرێت کە لە نەخۆشخانەکاندان.

لە مانگی نیسانی ڕابردووەوە خزمەتگوزاریی تەندروستی نیشتمانیی لە بەریتانیا دەستیکردووە بە هەڵمەتی بانگهێشتکردنی ئەوانەی پەتای کۆرۆنایان تووشبووە و تێیانپەڕاندووە، بۆ ئەوەی پلازمای خوێن ببەخشن و تا ئێستاش بە سەدان کەس لەو هەڵمەتەدا بەشدارییان کردووە و پلازمای خوێنیان بەخشیوە.

لە نێو ئەو پیاوانەی کە خوێنیان بەخشیوە (43%)یان ئاستی دژە تەنی ناو پلازماکانیان بەس بووە بۆ بەکارهێنانیان لە تاقیکردنەوەکاندا، لە بەرامبەردا تەنها (29%)ی ژنەکان ئاستی دژەتەنی ناو پلازماکانیان بەرز بووە.

ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە لە سەرەتای بە کارهێنانی پلازماوە ئەوە ئاشکرا بووە کە زۆربەی کات ئاستی بەرزی دژە تەن لە پلازمای کەسە بەتەمەنەکان و نەخۆشە ئاسیاییەکاندا لەوانەی بە هۆی تووشبوونیان بە کۆڤید-19 لە نەخۆشخانەکان بوون بەرزتر بووە.

پلازما چییە؟
پلازما شلەیەکی زەردە، نزیکەی نیوەی قەبارەی خوێن دەبێت، هەریەک لە خرۆکە سپی و سوورەکان و خەپلە خوێنەکانی ناو لەش هەڵدەگرێت.
کاتێکیش کەسێک تووشی ڤایرۆسێک دەبێت پلازما دژەتەن دروست دەکات بۆ لە ناوبردنی ئەو نەخۆشییانەی بە هۆی ڤایرۆسەکەوە تووشی کەسەکە دەبن.

ئەو پلازمایەش کە بە پلازمای چاکبوونەوە ناودەبرێت، دەوڵەمەندە بە دژە تەن هەمیشە دوای (28) ڕۆژ لە چاکبوونەوەی ئەو کەسە دروست دەبێت کە تووشی ڤایرۆسەکە بووە.

بۆچی پلازما گرنگە؟
دەتوانرێت ئەو پلازمایە لە ڕێگەی گواستنەوەی خوێنەوە بدرێت بە تووشبوانی کۆرۆنا بۆ ئەوەی یارمەتی بدرێن لە بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکە و هەلی بە زیندوویی مانەوەیان پێبدرێت.

کێ دەتوانێت پلازما ببەخشێت؟
ئەو کەسانەی کە نیشانەکانی کۆرۆنایان هەبووە، دوای چاکبوونەوەیان دەتوانن پلازما ببەخشن ئەمەش کاتیان دەداتێ بۆ ئەوەی دژە تەن لە لەشیاندا دروست بێتەوە.

پرۆسەی خوێن بەخشین و پلازمابەخشین جیاوازییان هەیە، پرۆسەی پلازما بەخشین نزیکەی (45) خولەکی پێدەچێت و هەر لەو کاتدا پلازماکە جیادەکرێتەوە، هەمیشە جەستەی بەخشەریش دوای (48) سەعات پلازماکە بۆ خۆی قەرەبوو دەکاتەوە.

سەرچاوە: الصحە والحیاة

print

 71 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*