سەرەکی » ئابووری » نرخی نەوت لە ژێر گوشاری کۆرۆنا دا

نرخی نەوت لە ژێر گوشاری کۆرۆنا دا

پ. ی. د. چیا محەمەد حەسەن

لە دوای بڵاوبوونەوەی فایرۆسی کۆرۆناوە (کۆڤید-١٩)، لە زۆربەی وڵاتی جیھان، بڕیاری کەرەنتینەکردنی خەڵک لە ماڵەوە و قەدەغەی ھاتوچۆ لە ناوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵات، کاریگەریی راستەوخۆی کردە سەر گەشەی ئابووریی جیھان بە گشتی و نرخی نەوت بە تایبەتی. بەشێوەیەک نرخی بەرمیلێک نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا گەیشتە کەمتر لە ٢٠ دۆلار، بەھۆی زۆریی خستنەڕوو و کەمی داخوازیی لەسەری و وەستانی زۆربەی ھەرە زۆری کارگە گەورەکانی جیھان و پەککەوتنی ھێڵەکانی گواستنەوە بە ھەموو جۆرەکانییەوە. ئەمە دوای بڵاوبوونەوەی فایرۆسەکە بەشێوەیەکی خێرا گەیشتە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا، کە خواستی بازاڕی نەوت گەیشتە ٢٠ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لەکاتێکدا خواست لەسەر نەوت بەرلە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، نزیکەی ١٠٠ ملیۆن بەرمیلی رۆژانە بوو، واتە لە ٨٠٪‏ ی خستنەڕووی زیادە ھەبوو لە بازاڕی نەوتدا.

ئەمەش وای لە وەبەرھێنەرانی نەوتی ئەمریکا کرد زیاتر نەوت ئەمبار بکەن لە کەناراوەکانی ئەو وڵاتە تا کار گەیشتە ئەوەی ھیچ شوێنێک بۆ ئەمبارکردنی نەوت نەمێنێت، چونکە وەبەرھێنەران ھەموو گرێبەستەکانی نەوتی مانگەکانی کانوونی دووەم و شوبات و ئاداری ٢٠٢٠ یان کڕیبوو و ھیچ شوێنێک بۆ گرێبەستەکانی مانگی نیسان نەمابوو، بەدوای ڕێگەچارەیەکدا دەگەڕان کە چۆن خۆیانی لێ رزگار بکەن، ئەمە بە دیاریکراوی لە رۆژی دووشەممە ٢٠ی نیسانی ٢٠٢٠ داڕمانێکی گەورە روویدا لە نرخی نەوتی خاوی خۆرئاوای تەکساس کە بە WIT-Crude-Oil ناسراوە بۆ گرێبەستە پاشینەکان (العقود اڵاجله‌) کە گەیشتە ژێر سفر بە سالب (-٣٧.٦٣) دۆلار بۆ بەرمیلێک نەوت، کە ئەمە یەکەم جار بوو لە مێژوودا، کە شتی لەوجۆرە بەسەر نرخی نەوتدا بێت لە ئەمریکادا.

بۆیە لێرەوە دەتوانین گرنگترین رووداوەکان دەستنیشان بکەین کە کاریگەرییان ھەبووە لەسەر نرخی نەوت لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ کە بریتی بوو لەمانەی خوارەوە:

١-لە ١٣ی کانوونی دووەم کاتێک یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە (کۆڤید – ١٩) لە دەرەوەی وڵاتی چین تۆمارکرا، نرخی بەرمیلێک نەوت نزیکەی ٧٠ دۆلار بوو .

٢-لە ٦ ی مارس (ئادار) دوای تەشەنەکردن و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بە شێوەیەکی زۆر خێرا لە زۆربەی وڵاتان و کاریگەریی خراپی لەسەر نرخی نەوت، بووە ھۆی تێکچوون و داڕمانی رێکەوتنامەی ئۆپێک پڵەس کە لە ٢٣ وڵاتی بەرھەمھێنەری نەوت پێکدێت، ئەمە بووە ھۆی دابەزینێکی بەرچاو لە نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ نزیکەی ٥٠ دۆلار.

٣- لە ١٠ی مارس (ئادار) دوای ئەوەی رێکخراوەی تەندروستیی جیھان (WHO) فایرۆسی (کۆڤید -١٩) ی بە پەتای جیھانی (Pandemic) ناساند و زیادبوون لە ژمارەی تۆمارکردنی تووشبوان بەو پەتا جیھانییە، و دەستپێکردنی جەنگی نرخی نەوت لەلایەن وڵاتی ڕوسیا و سعودیەوە، جارێکی تر نرخی بەرمیلێک نەوت دابەزی بۆ نزیکەی ٤٠ دۆلار لە بازاڕەکانی جیھاندا.

٤- لە٢ی نیساندا کاتێک نرخی بەرمیلێک نەوت گەیشتە کەمتر لە ٢٥ دۆلار ، دەستبەجێ سعودیە داوای کۆبوونەوەی لە ئۆپیک پڵەس کرد بۆ دۆزینەوەی رێگە چارەیەکی گونجاو بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانەی کە بەسەر نرخی نەوتدا ھاتووە.

٥- لە ١٢ ی نیسان دا دوای ١٠ رۆژ لە داواکاری وڵاتی سعودیە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئۆپیک پڵەس، نرخی نەوت ھەندێک بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی گەیشتە نزیک ٢٨ دۆلار ، دوای ئەوەی کۆبوونەوەکە بەسترا بە بەشداری ٢٢ وڵات لەکۆی ٢٣ وڵات و گەیشتنە رێکەوتن، ئەو وڵاتانەی ئەندام لە رێکخراوی ئۆپیک و وڵاتانی بەرھەمھێنەری نەوت، ڕۆژانە نزیکەی ١٠ ملیۆن بەرمیل نەوت لە بەرھەمھێنانیان کەم بکەنەوە بۆ ھەر وڵاتێک لە ٢٣٪‏ لەکۆی گشتیی بەرھەمھێنانی ئەو وڵاتە.

٦- لە ٢٠ ی نیسان دا ڕووداوێکی مێژوویی ڕوویدا لە نەوتی تیکساس کە گەیشتە ژێر سفر، ئەمەش بە راستەوخۆ کاریگەریی ھەبوو لەسەر نرخی نەوتی ئۆپیک پڵەس کە نزمترین نرخی تۆمارکرد لەو ڕۆژەداو گەیشتە کەمتر لە ٢٠ دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک.

٧- لە ١ ی ئایار دا ریکەوتننامەکەی ئۆپیک پڵەس چووە بواری جێبەجێکردنەوە و ھەموو وڵاتانی بەرھەمھێنەری نەوت پابەندبوون بەو ڕێکەوتننامەیە ئەمەیش وایکرد ھەندێک ھیوا بۆ بازاڕی نەوت بگەڕێتەوە و نرخەکە جوڵەیەکی باشی کرد لەو ڕۆژدا نرخی بەرمیلێک نەوت بە سەرووی ٢٥ دۆلارەوە مامەڵەی پێوە بکرێت.

ئێستا کە لەسەرەتای نیوەی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠داین، بەھۆی شکاندنی کەرەنتینە و دووبارە دەستپێکردنەوەی جووڵەیەکی تا ڕادەیەک باش لە کەرتی پیشەسازیی و ھێڵەکانی گواستنەوەدا، نرخی نەوت تا رادەیەک جۆرێک لە جێگیربوونی بەخۆیەوە بینیووە، چەند ڕۆژێکە لە سەرووی ٤٠ دۆلارەوە مامەڵەی پێوە دەکرێت، ھێشتا نرخی ئێستای بەراورد بە نرخی پێش بڵاوبوونەوەی فایرۆسەکە بە رێژەی ٣٧٪‏ لە جاران کەمترە، لە ھەمان کاتدا ھەندێک جار ھەواڵەکان باس لە ترسی شەپۆلی دووەمی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا دەکەن لە جیھاندا، دیارە لە ئەگەری سەرھەڵدانی ئەو شەپۆلەشدا جارێکی تر نرخی نەوت دەکەوێتە ژێر ئەو گوشارەوە.

*راگری پەیمانگەی تەکنیکیی کەلار- زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی

print

 525 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*