سەرەکی » مانشێت » چەند بڕیارێکی نوێی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی

چەند بڕیارێکی نوێی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی

ئەمڕۆ، لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد، کە بەپێی بڕیارەکە لە ڕۆژی یەكشەممەی داهاتووەوە دەوامی رەسمی گشت دامودەزگا حكومییەكان بەپێی بڕیارو مەرج و رێكارو رێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەكان، دەستپێدەكرێتەوە.
ئەمەش دەقی بڕیارەکانە:

بۆ/ هەموو یەكە كارگێڕیی و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی

بابەت/ گشتاندن

ئەمڕۆ، (٢٠٢٠/٧/٩) لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، پاڵپشت بە بەیانی ژمارە (٤٢)ی ساڵی (٢٠٢٠)ی وەزارەتی ناوخۆ، بڕیاریدا بە:

١- بەردەوامبوون لەسەر ئەو خاڵانەی لە گشتاندنی ڕۆژی (٢٠٢٠/٧/٣)ی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنادا دیاریكراون، (جگە لەو خاڵانەی لەم گشتاندنەدا دیاریكراون).

٢- لە ڕۆژی یەكشەممە (٢٠٢٠/٧/١٢)وە دەوامی رەسمی گشت دامودەزگا حكومیەكان بەپێی بڕیارو مەرج و رێكارو ڕێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەكانی پێشتر راگەیەندراون، دەستپێدەكاتەوە.

٣- هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لە سەنتەری (ناوبازاڕی) شاری سلێمانیدا لە ڕۆژی (٢٠٢٠/٧/١٢)وە بەپێی ڕێكارو ڕێنماییە تەندروستیی و كارگێڕیی و ئارامییەكان ئاسایی دەكرێتەوە.

٤- سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی و بەشی لابردنی زیادەڕەویی شارەوانیی بەپێی یاساو ڕێنماییەكان ڕێكاری پێویست بەرامبەر هەر سەرپێچی و لادان و زیادەڕەوییەك دەگرنەبەرو ئەركی هەموو هاووڵاتیان و دامودەزگا حكومییەكان و دامەزراوە دادوەرییەكان و كەرتی تایبەتە هاوكارو هەماهەنگیان بن.

٥- لەڕۆژی شەممە (٢٠٢٠/٧/١١)وە تاقیكردنەوە وەزارییەكانی (١٢)ی ئامادەیی دەستپێدەكات، بۆ باش بەڕێوەچوونی كەشی تاقیكردنەوەكان و لەسەر پێشنیازی بەڕێوەبەرێتیی گشتیی كارەبای سلێمانی، بەسوپاسەوە موەلیدە ئەهلییەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی لەكاتی نەبوونی كارەبای نیشتمانیدا، كارەبای پێویست لە ڕۆژو ماوەی دیاریكراوی تاقیكردنەوەكاندا بۆ خوێندنگاو هۆڵەكانی تاقیكردنەوە دابین دەكەن.

د. هەڤاڵ ئەبوبەكر
پارێزگاری سلێمانی
سەرۆكی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا
٢٠٢٠/٧/٩

print

 239 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*