سەرەکی » وتار » هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د » حكومەت و متمانەی هاووڵاتی

روونتر

حكومەت و متمانەی هاووڵاتی

بەشێكی هەرە گرنگی گرفتی كابینەی هەشتەم و نۆیەمی حكومەتی هەرێم، نەبوونی متمانەیە لە نێوان لووتكە و دامێنی ئەم وڵاتەدا، حكومەت كاتێك دەتوانێت لە هەنگاوەكانیدا سەركەوتوو بێت كە بۆ هاووڵاتیان سایە و سێبەر بێت و ئارامی و خۆشگوزەرانی بكاتە نەخشەڕێی كاركردن. لە هەموو ئەگەرێكدا كاتێك حكومەتێك نەتوانێت ئەم كارە گرنگە بكات، هەرگیز ناتوانێت جێی بڕوا و متمانەی تەواو بێت و هەموو هەنگاوێكی ئەگەر ئامانجیشی كاری خێر و بەرژوەندیی گشتی بێت، بە گومان و دوودڵییەوە لێی وەردەگیرێت.

ژینگەی كابینەی هەشتەم و كابینەی نۆیەمیش، راستە بەشێكی وابەستەیە بە واقیع كە هەردوو كابینەكە (كابینەی هەشتەم لە سەرەتا تاكۆتایی و كابینەی نۆیەمیش لە دەسپێكییەوە) لە ناو قەیران و دۆخی سەختدا بوون، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا دەكرا كاری باشتر و هەنگاوی تری گرنگتر جێبەجێكرابا، كە بەر لە هەر شتێ ئەركی حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی هەرێم بوو متمانە بینا بكەن و ئەو پەیامە روونە بە كوردستانیان بگەیەنن، كە خەمی حكومەت دابینكردنی ژیانی شایستە و ئارام و خۆشگوزەرانە و لەو پێناوەشدا هەمووان وەك یەك تیم كار دەكەن.

كابینەكانی هەرێم لە رووی پڕۆژە و بەرنامەی كارەوە زۆر بە جێ و رێن، كاتێك لە دەسپێكی هەر كابینەیەك گوێت لە كارنامەی حكومەت دەبێ، هیچ گلەیی و گازندەیەك نادۆزیتەوە، بەڵام وەك هەمیشە گرفتی سەرەكی هەموو حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی ئێمە ئەوەیە كە كارنامەی حكومەت تەنها لەسەر كاغەز و لە رووكەشدا جددیە و لە واقیعدا كەمترینی دەچێتە خزمەتی هاووڵاتیانی هەرێمەوە.

كابینەی نۆیەم كە یەكێ لەو بەڵێنە گەورانەی بە هاووڵاتیانی دا، پێدانی مووچە بوو لە وادەی خۆیدا، بەڵام دەبینین حكومەت لە مانگی تەمموزدا، مووچەی مانگی شوبات دابەش دەكات، بە جۆرێك لێبڕینیشی كردە نەخشەڕێ و بۆ داهاتووش وابڕیارە لە ژێر رۆشنایی پڕۆژەی چاكسازییەكەی، مووچە و شایستەی دارایی هاووڵاتیان رێكبخاتەوە، لە دوای ئەمەشەوە بەو شێوازە نوێیە كە لە پڕۆژەكەدا هاتووە، بە جێگیری مووچە بە فەرمانبەرانی هەرێم بدرێت، بەڵام ترسی جددی هاووڵاتیان ئەوەیە، دوای چاكسازیی، حكومەت دەتوانێت مووچە لە كات و وادەی خۆیدا دابەش بكات؟ یان دوای ئەم شێوازە نوێیەش فەرمانبەرانی هەرێم دەبێت هەر لە چاوەڕوانی مووچەكانیاندا بن.

لە ژێر رۆشنایی ئەو راستییەی كە دەوترێت حوكمڕانی تەندروست پەیوەستە بە هەنگاوی دروستەوە، دەگەینە ئەو حەقیقەتەی، پێویست بوو حكومەتی هەرێم بەرلەوەی ئەم هەنگاوە جێبەجێ بكات، گرنگ بوو دڵنیایی تەواوی بە هاوڵاتیان دابا، كە لە دوای ئەم هەنگاوەوە مووچەی فەرمانبەران بەبێ دواخستن دابەش دەكرێت، چونكە كاتێكیش حكومەت لە دوای چاكسازیش نەتوانێت مووچە دابەش بكات، هەنگاوی چاكسازی بەو گرنگییەی كە هەیەتی ناچێتە ناو خەڵك و لە واقیعدا پێویست نەبوو بخرێتە بواری جێبەجێكردنیشەوە.

ئەمە لە كاتێكدا سەرباری هەوڵە بەردەوامەكان، حكومەتی هەرێم و فیدراڵ نەگەیشتوون بە دواخاڵی رێكەوتن.

ئێستا لە هەر هاووڵاتییەكی هەرێم بپرسی كە خواستی رێكەوتنی لەگەڵ بەغدا هەیە؟ هەمووان دەخوازن حكومەتی هەرێم بە هەر چەشنێك بێت رێكەوتن بكات و زامنی ژیانی هاووڵاتیانی هەرێم بكات، ئێستا پڕۆژەی چاكسازی و خەمی كۆرۆنا و زۆر پرسی تریش هیچ یەكێكیان هێندەی ئەوە گرنگ نییە، كە حكومەت دڵنیایی بە هاووڵاتییەكانی بدات و بەر لەم هەنگاوەش دەست بكات بە بیناكردنەوەی متمانە، چونكە هەتا ئەو كاتەی حكومەت ئەم هەنگاوە گرنگە نەنێت، بە ئەولەویەت هەموو جۆرە پڕۆژە و بەرنامەیەكی بە ناجێگیری و زۆرجاریش لە وێنەی بچووك بچووكدا بە هاووڵاتیان دەگات.

حكومەتی هەرێم گرنگە چاكسازی بكات، لەوەش گرنگتر هەوڵدانیەتی بۆ دابینكردنی ژیانێكی شایستە و هەموو چەشنە هەنگاوێكی لەم جۆرەش پەیوەستە بە رێكەوتنی لەگەڵ بەغدا، كە زوو یا درەنگ هەر دەبێ بیكات.

print

 173 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*