سەرەکی » ئاراستە » (1)هاوپەیمانی – Alliance

فەرهەنگی سیاسی

(1)هاوپەیمانی – Alliance

لێرە بە دواوە لەم لاپەڕەیەدا وەرگێڕانی کۆمەڵێک زاراوەی سیاسی بڵاودەکەینەوە بەناوی فەرهەنگی سیاسی.

 

وەرگێڕانی: جێگر ئیبراهیم_ ئارام وەڵەدبەگی

هاوپەیمانی، ڕێککەوتنی فەرمی دەوڵەتانی سەربەخۆیە، بۆ هاوکاری سەربازی. بەگشتی یەکگرتن لەچوارچێوەی هاوپەیمانیەتیدا شێوەیەکی ڕێكوپێك و نووسراو پەیدادەکات، لەخۆگرتنی بەڵێنی دەوڵەتانە بۆ هاوئاهەنگی کاروبارەکانیان لەئەگەری سەرهەڵدان و پێكدادانی سەربازیدا، سەرەڕای پاراستنی سەرەوەری و ناسنامەی خۆیان وەك: دەوڵەتی سەربەخۆ. سەرکردەکان بە ئامانجی پێکهێنانی هێزێکی هاوبەش و گەورەتر لەوەی خۆیان هەوڵەکانیان یەکدەخەن، بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە ئاسایش و دەسەڵاتی وڵاتیان بەهێزتر بکەن.لەم سەردەمەدا زۆربەی لێکۆڵەران لە نێوان یەکگرتن و ریزبەندی جیاوازی دادەنێن یەکگرتن پەیوەندییەکی بەرجەستەیە لە دووتوێی رێکەوتننامەیەکی فەرمیی و نووسراودا، لە کاتێکدا ریزبەندی چاوەڕانیەکی نافەرمییە لەبەرژەوەندی هاوبەش و هەڵسووکەوتی یارمەتیدەراندا کورت دەبێتەوە.

یەکگرتنەکان چەندین جۆر و شێوەیان هەیە. لەزۆربەی هاوپەمانیەکاندا دەوڵەتان ناچارنین لە تەواوی هەوڵە سەربازیەکانی یەکتردا بەشداری بکەن، بەڵکو ئەو هەلومەرجەی پێویستە هاوکاری تێدا بکرێ و ئەو جۆره پەرچەكردارانەی دەوڵەتان پێویستە لەكاتی چالاكبوونەوەی بەڵێنەكانیان جێبەجێی بكەن، روونکراوەتەوە. لە هەندێك هاوپەیمانیەتیدا، وەك: «ناتۆ»، دەوڵەتەکان تەنها لە کاتێکدا ناچارن یارمەتیدانی یەکتر بدەن، کە یەکێك لە ئەندامانی هاوپەیمان لە نێوی خاكی خۆیدا هێرشی بکرێتەسەر. لە جۆرەکانی تری هاوپەیمانی، ئەندامەکان، نەك تەنها بۆ بەرگری لە دەسەڵات و یەکپارچەیی خۆیان، بەڵکو لە کاتی دەستدرێژی سەربازی و بەئامانج گرتنی وڵاتانی هاوپەیمان، پێویسته چالاكانە یارمەتی سەربازی یەكتر بدەن. زۆربەی پەیماننامە و یەکگرتنەکان، دەوڵەتان ناچار ناكەن كه لەیەك سەنگەردا شەڕبکەن، بەڵکو چاوەڕوانی ئەوەیان لە سەركردە هاوپەیمانەکان هەیە، كه لەکاتی سەرهەڵدانی قەیران، ڕاوێژ لەگەڵ یەکتر بكەن و ئەجێندایەکی هاوبەش پەیڕەو بکەن؛ لەوانەیە گەرەنتی پێكهێنانی هێزێکی سەربازی هاوبەش بکات. سەرەڕای هەموو ئەمانە لە سەر ئاستی دامەزراوەیی، هاوپەیمانییەکان لەگەڵ یەكتر جیاوازیان هەیە. هەندێك له هاوپەیمانییەکان وەك: «ناتۆ» زۆر دامەزراوەیین و تێکەڵاوی بەرچاویان لەبواری سەربازی، پلان داڕشتن، بنكەی فێركاری و سەربازی هاوبەش و بەستانداردکردنی ئامێر و ڕێنماییە سەربازیەكان هەیە، بەڵام هەندێكیان له كاتی ئاشتی، پێكهاتەیەکی بێبەهایان هەیە.

بە ئاسانی دەتوانین تێبگەین بۆچی سەرکردەکان پێکهێنانی هاوپەیمانیەتی بەسوود دەزانن. توێژەران هەر لەکۆنەوە وتوویانە «لە سیستەمی نێودەوڵەتی کە ئەنارشییە بەردەوام ئەگەری بەکارهێنانی هێز لەئارادایە» باشترین ڕێگەیە بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی وڵات (هاوسەنگی هێز) چوونە پاڵ دەوڵاتانی ترە؛ بەڵام لە بارودۆخی ئەنارشیدا جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە فەرمییەکانیش مسۆگەر نین، بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی وڵات پشتبەستن بە بەڵێن و درووشمەکان دەکرێت مەترسیدار بێت. سەرەڕای ئەمە، هاوپەیمانی فەرمی یەکێك لەتایبەتمەندییە بەردەوامەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی بووە!
لە توێژینەوە نوێیەکاندا دوو کرداری سەرەکی بۆ هاوپەیمانییەتی دیاری کراون.

یەکەم- دەوڵەتان لە پێناوی کەمکردنەوەی تێچووی بواری ئاسایش و بەرگری خۆیان دەست بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی دەبەن. یەکگرتنە فەرمییەکان یارمەتی ئەوە دەدەن هەڵسووکەوتی ئەندامانی هاوپەیمان لەنێوان خۆیاندا ڕێکبخرێت. هاوپەیمانەكان دەتوانن به رێکخستن، هاوئاهەنگی، پەروەردە، پێگەیاندن و شێوازی کارکردن بە ئامێرەکان بە تێچوویەکی کەمتر، هێزێکی سەربازی هاوبەش و گەورەتر پێکبهێنن. وڵاتان بە هاوکاری لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی کە تازیاری رێژەیی جیاوازییان هەیە (وەكو هێزی وشکانی لەبەرامبەر هێزی دەریایی)، دەتوانن بە ئاڵوگۆڕکردنی تازیارییەکانیان لەگەڵ یەکتر قازانجی زۆر گەورە بچننەوە. یەکێك لەو ئامانجە سەرەکییانەی دەوڵەتان لە پێکهێنانی هاوپەیمانیەتیدا بەدوایدا وێڵن، كەمكردنەوەی بارگرانی تێچوی بەرگری خۆیانه. دەوڵەتان بە پشتبەستن بە یارمەتیدانی ئەوانیتر، بۆ باشترکردنی گەرەنتی ئاسایش و راگرتنی نەیاران، دەتوانن داهاتێکی کەمتر بۆ تێچوە سەربازیەکان خەرج بكەن. بۆ وێنە، یەکێك لەو هۆکارانەی کە رێگای بۆ ژاپۆن خۆشکرد لە سەردەمی شەڕی سارددا گەشەی ئابووری بەخۆیەوە ببینێ، ئەوە بوو کە ژاپۆن دەیتوانی بۆ زۆربەی پێویستییه سەربازییەکانی پشت بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ببەستێت.

دووەم- لەوانەیە یەکگرتنەکان وەك هۆشدارییەکی فەرمی بن، بۆ ئەوانیتر تا نیازی وڵاتان له پەلامار و شەڕانگێزی نێودەوڵەتی ئاگاداربکەنەوە. یەکێک لە پاڵنەرە سەرەکییەکانی پێکهێنان و ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیەتی بۆ پەشێمانكردنەوەی ئەو وڵاتانە دەگەڕێتەوە کە نیازی دەستدرێژی و داگیرکارییان هەیە. ڕوونکردنەوە ناوەڕۆکی هاوپەیمانی وشیارکردنەوەی نیازی وڵاتانە بەر لە پەلاماردان، بۆ ئەوەی ڕوون ببێتەوە هێرش بۆ سەر هەر ئەندامێکی هاوپەیمانەکە وەك پەلامار و دەستدرێژی کۆی هێزی هاوپەیمانان لێکدەدرێتەوە، بۆیە دەکرێت یەکگرتنەکان رێگری لە روودانی شەڕ بکەن. لەلایەکترەوە، ئاگاداربوون و دڵنیابوون لەوەی کە بزانرێت دەوڵەتی هێرشبەر لەلایەن دۆستەکانیەوە هاوکاری دەکرێت، دەتوانێت ببێتە هاندەرێکی بەهێز بۆ خۆ ڕادەستکردنی دەوڵەتی هەڕەشەلێکراو. بەپێی ئەمە، ئەگەر ئاگادارکردنەوەی ئەوانیتر لە نیازی هاوپەیمانەكان بۆ هاوکاری لەگەڵ یەكتر بتوانێت ببێته هۆی پاشەکشەی هێرشبەران له دەستدرێژی یان هاندەری دووژمنان بۆ ڕادەستکردنی خێرا، جا ئیتر ئاساییه سەرۆكی ئەو وڵاتانە ئەمە لە بەرژەوەندی خۆیان بزانن.

دەکرێت چاودێران پەیامی پێکهێنانی هاوپەیمانیەکە بە گومانەوە وەربگرن. لەوانەیە سەرکردەکان بیانەوێت هەڕەشەی بێ ناوەڕۆک بکەن! رەنگە هەر سەرکردەیەك بە نیەتی بەرگری و پارێزراوی وڵاتی خۆی بچێتە ناو پێکهێنانی هاوپەیمانی و نیازی جێبەجێكردنی بەڵێنە فەرمییەکانی رێکەوتنەکەی نەبێت! بەڵام ئەو تێچوەی كه هاوپەیمانیەتی هەیەتی، رێگری لە هەڕەشە یا بەڵێنی دەوڵەتان دەکات!.

پێكهێنانی هاوپەیمانیەتی متمانەپێكراو، پێویستی بە هاوئاهەنگكردنی سیاسەتەكانه. سەرکردەی وڵاتان لە پێناو بەرژەوەندی و بڕیاری هاوبەش یان لانیكەم بۆ هاودەنگی و هاوئاهەنگی لە جوڵە و بابەتە پەیوەندیدارەكاندا، تا ڕادەیەك دەست له سەربەخۆ كاركردن هەڵدەگرن. سەرۆكەكان لە ئەگەری پێكهێنانی هاوپەیمانیەتی و دامەزراندنی هەر جۆرە پێکەوە بوونێكی فەرمی سەرەڕای ئەوەی دەبێ دانووستان بکەن، پێویستە بۆ قەناعەت پێهێنان و دڵنیابوون لە متمانەی یەکتر، بەرژەوەندی و نیازی هاوبەشی خۆیان بخەنەڕوو. له كۆتاییدا، گەر كەمتەرخەمی له جێبەجێكردنی بەڵێنی هاوپەیمانیەتیدا دەربكەوێت، دەرکەوێ کە هەڕەشەی بێ ناوەڕۆکن، ئەتوانێت دەرئەنجام و لێکەوتەی خراپ بەدوای خۆیدا بهێنێت. زۆربەی سەرکردەکان خۆیان بەدوور دەگرن لەو بەڵینانەی کەخواستی جێبەجێ کردنیان نییە! بۆ ئەوەی لەداهاتوو متمانە بە بەڵێنەکانیان بکەن.

هەرچەندە هاوپەیمانییەکان به تەواوی جێگەی متمانە نین، دەکرێت بە خۆ بەستنەوە بە وڵاتانی تر لە بواری پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری مەترسی گەورە بۆ خۆیان درووست بکەن. بەدیاریکراوی، وڵاتان پێویستە نیگەرانی ئەمەبن ئەگەر لە پێشگرتن و ڕێگریکردن لەو وڵاتانەی گریمانەی داگیرکەری و سنووربەزاندیان لەسەرە سەركەوتو نەبن، لەوانەیە هاوپەیمانەکانیان ئەوان جێبهێڵن. بۆ کەمکردنەوەی ترسی بەتەنها مانەوە چەندین ستراتیج بۆ ئەندامانی هاوپەیمان خراونەتەڕوو. بۆ وێنە لە سەردەمی شەڕی سارددا، بۆ هاوپەیمانە ئەوروپیەکان، بە تایبەت ئەڵمانیای ڕۆژئاوا، زۆر گرنگ بوو کە ویلایەتە یەکگرتووەکان سەربازەکانی خۆی لە سنووری ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات جێگیر بکات. ئەم ڕاستییە لەبەر چاوو بوو کە هەر جۆرە پەلامارێکی یەکێتی سۆڤیەت بە گیان لەدەستدانی سەربازانی ئەمریکی تەواودەبوو، بەڵام ئەو گومانەی کەمدەکردەوە یان دەڕەواندەوە کە ویلایەتە یەکگرتوەکان لە شەڕدا ئەورووپا بەجبهێڵێت.

یەکگرتنە سەربازییەکان، کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ لەسەر ئەگەری ڕوودانی تێکهەڵچوون و شەڕی توندوتێژی نێودەوڵەتی بەجێدەهێڵێن. یەکگرتنە بەرگرییەکان بۆ پەشیمانکردنەوەی ئەو وڵاتانەی هەوڵ بۆ نانەوەی شەڕ و تێکهەڵچوون دەدەن، ئەگەری پێكدادان کەم دەکەنەوە. یەکگرتنی داگیرکاری و فراوانخوازی ئەگەری ئەوەی هەیە هەڵسووکەوتی شەڕخوازانه پەرەپێبدەن. زۆربەی لێکۆڵەران و بیرمەندانی ئەو بوارە لەو باوەڕەدان هەرکاتێك ناوەڕۆک و خاڵەکانی یەکێتی ڕوون بێت و هەر دوو لایەن ئاگاداربن لەو رووداوانەی کە لە ئەگەری روودانی شەڕ زیاد دەکەن و زانیارییان سەبارەت بەدۆست و هاوپەیمانەکانیان هەبێت، ئەگەری جەنگ دوورتر دەکەوێتەوە؛ بە گریمانەی ئەوەی هەردوو لایەن پێش بیرکردنەوە لەجەنگ هەوڵی ڕێكەوتن دەدەن، کە بۆ هەردوولا بژاردەیەکی گونجاوە. لەگەڵ ئەمەش، دەکرێت هاوپەیمانی ببێتە هۆی برەودان بە هاوکاری لەنێوان ئەندامانی هاوپەیماندا. بۆ وێنە، هەندێکیان ئەوەیان خستۆتەڕوو زۆرجار هاوپەیمانیەکان دەبنە برەوبدەن بە ئاڵووگۆڕی بازرگانی لەگەڵ یەکتر و هەر ئەمەش ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوە كەمدەکاتەوە. هاوکاری لە بواری سەربازی دەتوانێت ناکۆکیەکان چارەسەر بکەن و گرێدراوی ئابووری و بازرگانی لێبکوێتەوە و بۆ گشت بەشەکانیتر شۆڕبکرێتەوە و بگشتێنرێت.

print

 141 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*