سەرەکی » دۆسێ » كوژرانی شرۆڤەكارێكی ئەمنی لە بەغدا كاردانەوەی گەورەی لێدەكەوێتەوە

كازمی: تاوانباران راپێچی دادگا دەكەین

كوژرانی شرۆڤەكارێكی ئەمنی لە بەغدا كاردانەوەی گەورەی لێدەكەوێتەوە

هیشام هاشمی چاودێری ئەمنی و سیاسی ناسراوی عیراقی لە بەغدا تیرۆر كرا، تیرۆركردنی ئەو شرۆڤەكارە، كاردانەوەیەكی گەورەی لەنێوخۆ و دەرەوەی عیراق لێكەوتەوە، بەجۆرێك كە هەندێك تۆمەتەكانیان رەتكردەوە و هەندێكی تریش لە ئاستی تۆمەتباركردن و ئیدانەكردنی لایەنێكدا هەڵوێستی خۆیان خستەڕوو.

لەبەرانبەر تیرۆركردنی هاشمی، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق، لە چەند لێدوانێكی جیاجیادا، هەڕەشەی بەسزاگەیاندنی بكوژان و راپێچكردنی تاوانبارانی كردبوو بۆ بەردەم دادگا و رایگەیاندبوو كە رێگەنادەن عیراق ببێتە جێگەی باندە تێكدەرەكان و تۆڵەی خوێنی هیشام هاشمی دەكەنەوە.

تیرۆكردنی هاشمی كە پسپۆڕ بوو لە بواری «گروپە جیهادییەكان» كاردانەوەی فراوانی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدوای خۆیداهێنا، دوابەدوای تیرۆركردنەكەش، بەپێی هەندێك لە میدیاكان، «رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی» ئەنجامدانی تاوانەكەی ئەستۆگرتووە.

هاشمی بە یەكێك لە كەسە نزیكەكانی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق دادەنرا وەك (BBC) ئاماژەی پێدەكات كە بەڵێنی بەسزاگەیاندنی بكوژانی دابوو لەڕێی (تویتەر)ەوە.
هیشام هاشمی بە یەكێك لە دەركەوتووترین شارەزایانی بواری «گروپە جیهادییەكان» لە عیراق دادەنرا، لە هەمان كاتدا رەخنەی توندی لەو گروپە چەكدارانەش دەگرت كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیان لێدەكرێت، ئەمەش لەلایەن “The Guardian“ ئاماژەی پێكراوە.

كوژرانی هیشام هاشمی
میدیا عیراقییەكان لە 6ی تەمموزی 2020 بڵاویانكردەوە، ئەمشەو لەلایەن چەكدارانی نەناسراوە هێرشكراوەتە سەر هیشام هاشمی چاودێری ئەمنی و سیاسی ناسراوی عیراق و بەهۆیەوە دەستبەجێ‌ گیانی لەدەستداوە.

بەپێی زانیارییەكان، هیشام ئەلهاشمی لەبەردەم ماڵەكەی خۆیدا لەگەڕەكی زەیونەی بەغدا بە چەكی بێدەنگ لەلایەن چەكدارانی نەناسراوەوە تەقەی لێكراوە و كراوەتە ئامانج.

هاوكات، وزارەتی ناوخۆی عیراق لە ڕاگەیەنراوێكدا هەواڵی كوژرانی هیشام هاشمی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەشداوە لێكۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەی بكوژانی ناوبراو دەستیپێكردووە.

جێی ئاماژەیە، هیشام هاشمی بە زانیاری و شرۆڤە وردەكانی لەسەر لایەنی ئەمنی دەناسرایەوە و دژی هەژموونی میلیشیاكان بوو لە عیراق، لە كاتی هەڵمەتەكەی ئەمدواییەی هێزەكانی دژە تیرۆری عیراق بۆ سەر گروپەكانی حزبوڵڵا، پشتیوانی خۆی بۆ دەزگای دژە تیرۆری عیراق ڕاگەیاند.

سێ‌ سەرۆكایەتییەكە ئیدانەی تاوانەكەیان كرد
هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی كۆمار، ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق تیرۆركردنی هیشام ئەلهاشمی ئیدانە دەكەن كە ئەمشەو لەلایەن گروپێكی چەكدارەوە كرایە ئامانج.
د. بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق ڕایگەیاند: تیرۆركردنی توێژەری بەڕەوشت و نیشمانیی ڕاستگۆ تاوانێكە كە هاووڵاتی عیراقی دەكاتە ئامانج و وتیشی، كەمترین ئەركی سەرشانیش بریتییە لە دەستگیركردنی تاوانكاران و دادگاییكردنیان.
هاوكات، محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق وێڕای ئیدانەكردنی تاوانەكە داوای لە حكومەت كرد بەپەلە ئەو لایەنانە ئاشكرا بكات كە لە تیرۆركردنی هاشمییەوە تێوەگلاون.

هەروەها، مستەفا كازمی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق كوژرانی هاشمی ئیدانەكرد و هەڕەشەی لە بكوژانیشی كرد كە بە سزای خۆیان دەگەیەندرێن، ئەوەشیخستەڕوو، ڕێگەنادەن جارێكی تر تیرۆركردن لە عیراق سەرهەڵبداتەوە و هەموو هەوڵەكانیشیان دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەی چەك تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت.

كازمی: تاوانباران رادەستی دادگا دەكەین
سەرۆك وەزیرانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، عیراق چاولێكنانێت تا بكوژانی هیشام هاشمی شرۆڤەكاریی ئەمنی و ڕاوێژكاری پێشووی حكومەت لەبەرانبەر تاوانەكانیان ڕادەستی دادگا نەكات.

ئاژانسی دەنگوباسی (العراقیە) لە زاری مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراقەوە بڵاویكردەوە:”ئەوانەی دەستییان لە ڕشتنی خوێنی عیراقییەكاندا هەیە ڕووبەڕووی دادگا دەكرێنەوە و هەرگیز ڕێگە بە پشێوی و سیاسەتی مافیاگەری نادەین”.

بە وتەی كازمی:”ڕێگە بە كەس نادەین عیراق بكاتە دەوڵەتی باندەكان، تارمایی و سێبەری هاشمی لێمان جیانابێتەوە و وەك سەركردەكانی دەوڵەتیش راستەوخۆ خەمباری و ماتەمینی دەكەینە بەرهەم و دەستكەوت”.

سەرۆك وەزیرانی عیراق دەڵێت:”ئێمە بەرپرسین، تاكە وەڵامیش كە گەل لێمان قبوڵدەكات، تەنیا دەسكەوت و بەجێگەیاندنی كار و ئەركەكانە”.

كازمی فەرمانی كرد، ناوی یەكێك لە شەقامەكانی بەغدای پایتەخت بكرێت بە ناوی هاشمییەوە، تەئكیدی لەسەر شیاوی گەل كرد “تا لە پێناویدا كاریی زیاتر و راستەقینە بكرێت و كاتی ئەوەش هاتووە دەستكەوت و كاركردن ببینرێت”

لە 7ی تەمموزی 2020، تەرمی هیشام هاشمی شرۆڤەكاریی ئەمنی و ڕاوێژكاریی پێشووی حكومەت بەخاكسپێردرا، دوای ئەوەی لە 6ی تەمموزی 2020‌ لەلایەن چەند چەكدارێكی نەناسراوەوە لەبەردەم ماڵەكەی خۆی لە بەغدای پایتەخت كوژرا.

ئێران: هەوڵێكی تێكدەرانەیە
باڵیۆزی ئێران لە بەغدا تیرۆركردنی هاشم هاشمی چاودێری ئەمنی عیراقی لەلایەن چەند چەكدارێكی نەناسراوەوە بە هەنگاوێكی تێكدەرانە وەسف كرد.

ماڵپەڕی مەیادین بڵاویكرەوە، باڵیۆزیخانەی ئێران لە بەغدا لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، تیرۆركردنی هاشم هاشمی چاودێری ئەمنی عیراقی ئیدانە دەكەین و بە هەوڵێكی تێكدەرانەی وەسف دەكەین.
ئەمەش لەكاتێكدایە، تاكو ئێستا هیچ لایەنێك تیرۆركردنی هاشم هاشمی نەخستوەتە ئەستۆی خۆی، بەڵام زۆرێك لە سەرچاوەكانی وەك حەشدی شەعبی و بنەماڵەی تیرۆركراو ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كە ئەو چەكدارانەی هاشمیان تیرۆر كردووە چەكداری داعشن.

ئەمریكا: دەبێت بكوژانی هاشمی دادگایی بكرێن
هەر لەو چوارچێوەیەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا داوای دادگایی كردن و سزادانی بكوژانی هیشام هاشمی چاودێری سیاسی و ئەمنی كرد.

مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە 8ی تەمموزی 2020 لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: كوشتنی هیشام هاشمی بە هەوڵێكی قێزەون وەسف كرد و داوای لە حكومەتی عیراق كرد بكوژانی ناوبراو بدۆزێتەوە و ڕادەستی دادگایان بكات.

پۆمپیۆ وتیشی: عیراق پیاوێكی ئازای لەدەستدا، كە ژیانی خۆی تەرخان كردبوو بۆ ئاشكراكردنی پیلانگێڕییەكانی داعش و ڕێكخراوە تیرۆریستییەكان.

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئاماژەی بەوەش كرد: هاشمی لەلایەن میلیشیاكانی سەر بە ئێرانەوە هەڕەشەی كوشتنی لێ كرابوو

حزبوڵڵا تۆمەتەكان رەتدەكاتەوە
لەگەڵ ئەوەی چەند لایەنێكی عیراقی و نێودەوڵەتی ئیدانەی كوژرانی هیشام هاشمی شرۆڤەكاریی ئەمنی و سیاسییان كرد، پەنجەی تۆمەتیان بۆ كەتیبەكانی حزبوڵڵای عیراقی درێژكرد كە دەوترێت سەر بە ئێرانن، بەڵام حزبوڵڵا تێكڕای ئەو تۆمەتانەی لە راگەیەندراوێكدا رەتكردەوە و راگەیاند»ئامرازی كوشتن و تۆمەتەكان یەكن».

دوای رۆژێك لە تیرۆركردنی هیشام هاشمی، ناوەندی راگەیاندنی كەتیبەكانی حزبوڵڵای عیراقی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند»زنجیرەی بەئامانجگرتنی نەیارانی بوونی ئەمریكایی لەڕێی هەڵپەستنی تۆمەتەكان بەڕوونی دەردەكەوێت لە سیما و شێوازی میدیاكانی دژ بە گەلی عیراق، هەر لە رێگەی ئەو میدیایانەوە دەهۆڵی زایۆنیزمی لێدەدرێت بۆ لەكەداركردنی عیراقییە شەرەفمەندەكان و هەڵبەستنی تۆمەت بۆیان».

كەتیبەكانی حزبوڵڵا دەڵێت»خێرایی ئامادەكردنی تۆمەتەكان بۆ ئەو لایەنانەی دژ بە پرۆژەی داگیركارین لە عیراق و ناوچە، بێ‌ هیچ گومانێك تەئكید لەسەر ئەو راستییە دەكەنەوە كە ئامرازی كوشتن و تۆمەتەكان یەكن، ئەوەی لە خۆپیشاندانەكانی تشرینیشدا روویاندا لە بەكارهێنانی چەند شێوازێكی قێزەون، لە دواییدا تێوەگلانی ئەمریكایی و زایۆنیزمەكان لەو تاوانانەدا دەركەوت».

كەتیبەكانی حزبوڵلا پێیوایە»مێژووی تاوانكاریی ئەمریكا و ئەوانەی پشتوانی لێدەكەن، شێوازی ناپاكی و تاوانیان بەرانبەر بە مرۆڤایەتی دەردەخات و نالەباری و گڵاوی بڕیاربەدەستەكانیان ئاشكرادەكات».

هەر لە بەیانناكەیدا كەتیبەكانی حزبوڵڵا دەڵێت»ئەوانەی موجاهید و مقاومن ئاكاریی سوارچاكیان هەیە و خاوەنی پرەنسیپی چەسپاو و نەریتی شرعین، بۆیە بەربرست و ئاستەنگی بكوژان لەبەجێگەیاندنی واجبی شەرعی و ئاكاریی و نیشتمانی ساردیان ناكاتەوە».

print

 229 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*