سەرەکی » راپۆرت » ئه‌ڵمانیا:كه‌مپی هۆل، مه‌ترسییه‌ له‌سه‌ر داهاتوو

ئه‌ڵمانیا:كه‌مپی هۆل، مه‌ترسییه‌ له‌سه‌ر داهاتوو

یادگار عه‌لی، قاهیره‌

به‌پێی راپۆرتێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا، نه‌وه‌كانی داعش له‌ كه‌مپی هـۆل له‌ پارێزگای حه‌سه‌كه‌ی رۆژئاوای كوردستان، مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ن له‌سه‌ر داهاتوو.
كه‌مپی هۆل شوێنی كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی داعش-ه‌، كه‌ له‌ كاتی شه‌ڕ و روبه‌ڕوبونه‌وه‌كاندا له‌لایه‌ن هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌)وه‌ ده‌ستگیركراون.

بۆته‌ ناوه‌ندێكی مه‌ترسیداری تیرۆر
به‌پێی ئاماره‌كان: ئێستا هه‌زاران ده‌ستگیركراوی تێدایه‌، زۆرینه‌یان هه‌ڵگری ره‌گه‌زنامه‌ی عیراقی و سوری- ن ‌و ژماره‌یه‌كیشیان خه‌ڵكی بیانین، هه‌روه‌ها 94 % یان له‌ ژنان و منداڵی چه‌كدارانی داعش پێكهاتوون.
به‌پێی راپۆرته‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا: كه‌مپه‌كه‌ بۆته‌ ناوه‌ندێكی مه‌ترسیداری تیرۆر ‌و ئاستی توندڕه‌وی و توندوتیژی لای منداڵه‌كان ئێجگار به‌رزه‌ و توندوتیژی زمانی ‌و جه‌سته‌یی به‌ راده‌یه‌كی مه‌ترسیدار تیایاندا ده‌ركه‌وتووه‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌: 80 ده‌ستگیركراوی نێو كه‌مپه‌كه‌، ئه‌ڵمانین و خاوه‌نی نزیكه‌ی 60 منداڵن ‌و كه‌مپه‌كان زۆر قه‌ره‌باڵغن.
ئه‌و داعشه‌ ئه‌ڵمانیانه‌شی گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ وڵاتی خۆیان، به‌هۆی نه‌بوونی هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی پێویست له‌ سه‌ریان، دادگاكان ناتوانن بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ له‌ زیندانه‌كاندا بیانهێڵنه‌وه‌ ‌و ناچارن به‌تۆمه‌تی رفاندنی منداڵه‌كانیان له‌ ئه‌ڵمانیاوه‌ بۆ عیراق و سوریا و خستنه‌ مه‌ترسی ژیانیان، مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ن.

له‌ زۆرێك له‌ وڵاتاندا به‌رنامه‌ی دوورخستنه‌وه‌ له‌ توندڕه‌وی نییه‌
راپۆرته‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا باسی له‌وه‌شكردووه‌: نه‌بوونی به‌ڵگه‌ی پێویست بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی داعشه‌ بیانییه‌ گه‌ڕاوه‌كان، به‌ ئاسانی رزگاریان ببێ و بێنه‌وه‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌ و مه‌ترسی دروست بكه‌ن، چونكه‌ له‌ زۆرێك له‌ وڵاتاندا به‌رنامه‌ی دوورخستنه‌وه‌ له‌ توندڕه‌وی نییه‌، یان وه‌ك پێویست نییه‌ و ناتوانرێت به‌شێوه‌یه‌كی باش ئه‌و كه‌سانه‌ په‌روه‌رده‌ بكرێنه‌وه‌، تابتوانن له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ و ژیانی دوور له‌ توندوتیژی خۆیان بگونجێنن و هه‌ڵبكه‌ن.

داواكاری گشتیی ئه‌ڵمانیا سه‌رقاڵی كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌یه‌
له‌ ساڵی 2011 وه‌ هه‌زار و 50 هاووڵاتی ئه‌ڵمانی به‌ره‌و ریزه‌كانی داعش له‌ عیراق و سوریا رۆیشتوون، له‌و ژماره‌یه‌ش 100 كه‌سیان له‌ شه‌ڕه‌كاندا كوژراون ‌و 300 كه‌سیشیان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ ئه‌ڵمانیا و چاره‌نووسی زۆربه‌ی ئه‌وانی تریشیان به‌ نادیاری ماوه‌ته‌وه‌.

سه‌رباری ئه‌وه‌ی دادگای ئه‌ڵمانیا فه‌رمانی به‌ حكومه‌ت كردووه‌، تاكو هه‌موو ئه‌ڵمانییه‌كانی ناو داعش و منداڵه‌كانیان بگه‌ڕێنێته‌وه‌، به‌ڵام تائێستا به‌ پاساوی نه‌بوونی كونسوڵخانه‌ی ئه‌ڵمانیا له‌ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌سه‌ده‌، كاره‌كان به‌ سستی به‌ڕێوه‌ده‌چن. سه‌رباری ئه‌وه‌ش، داواكاری گشتیی ئه‌ڵمانیا سه‌رقاڵی كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و زیندانییانه‌ی ئێستا له‌ كه‌مپی هۆل-ن، تاكو له‌ كاتی گه‌ڕانه‌وه‌دا دادگایی بكرێن.

هێزه‌كانی سوریای دیموكرات- یش زیاتر له‌ جارێك ئه‌وه‌یان دووپاتكردۆته‌وه‌ كه‌ هیچ رێگایه‌كیان له‌به‌رده‌ست نییه‌ بۆ زیادنه‌بوونی توندڕه‌وی له‌ نێوان داعشه‌كانی نێو كه‌مپه‌كان و دروستنه‌بوونی نه‌وه‌یه‌كی تری تیرۆر.‬

 

سه‌رچاوه‌، ئاژانسه‌كان

print

 147 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*