سەرەکی » ئاراستە » شاره‌دێی‌ نه‌وجول_ئیداره‌ی‌ گه‌رمیان_ پارێزگای‌ كه‌ركوك

شاره‌دێی‌ نه‌وجول_ئیداره‌ی‌ گه‌رمیان_ پارێزگای‌ كه‌ركوك

حه‌سه‌ن مه‌لا

زۆرن ئه‌و گوندانه‌ی‌ له‌لایه‌ن ڕژێمی‌ به‌عسی‌ عه‌ره‌بی‌ و عه‌ره‌به‌كانی‌ سه‌رده‌می‌ جاهیلیه‌ت و دیكتاتۆرێت چاوی‌ داگیركاری‌ و ماڵوێرانی‌ و غه‌در و كوشتن و ته‌عریب له‌سه‌ری‌ بوو، ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ خوای‌ گه‌وره‌ وه‌كو نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد دروستی‌ كردوون، به‌ تایبه‌تی‌ گونده‌كانی‌ سنوری‌ پاریزگای‌ كه‌ركوك، به‌فه‌ره‌مانی‌ كۆماری‌ ژماره‌ ( 460) له‌ ساڵی‌ (1972 ) نه‌وجول ده‌بێت به‌ شاره‌دێ (ناحیه‌)و یه‌كێك له‌و گوندانه‌ی‌ خرایه‌سه‌ر ئه‌م شاره‌ دێیه‌ ئاوایی‌ تازه‌ دێ یه‌، چه‌ند ئاواییه‌ك له‌ناوچه‌ جیاوازه‌كانی‌ كوردستان به‌ ناوی‌ تازه‌ دێ‌ ناو نراوه‌.

تازه‌ دێ‌ یه‌كێكه‌ له‌و گوندانه‌ی‌ له‌ سنووری‌ ئیداری‌ شاره‌ دێی‌ نه‌وجول سه‌ر به‌ پاریزگای‌ كه‌ركوك، هه‌تا پێش تاوان وجینۆسایدی‌ گه‌لی‌ كورد سه‌رجه‌م دانیشتوانه‌كه‌ی‌ كورد و ئاشتی‌ خوازبوونه‌، رۆژانه‌ به‌ كاری‌ ئاسایی‌ له‌سه‌ر خاك و ئاوی‌ خۆیان ژیانیان گوزراندوه‌ به‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ چه‌ند لاپه‌ره‌یه‌ك له‌ مێژووی‌ گوندی‌ تازه‌ دێ‌ به‌ پشت به‌ستنی ئه‌و دۆكیۆمینت و گێرانه‌وانه‌ی‌ له‌م ئاواییه‌ به‌ر ده‌سته‌، هاوته‌ریب هه‌وڵدانه‌ به‌ ئاشنابوون به‌به‌شێك له‌ زانیاری مێژوویی و كلتوووری له‌گه‌ڵ چیرۆكه‌كانی‌ ڕابردووی‌ دانیشتوانی‌ ئه‌م ئاواییه‌ بۆ نه‌وه‌كانی‌ داهاتوو ده‌نووسین هه‌تا به‌ زه‌یندویی‌ بیهێڵینه‌وه‌ .

مێژووی‌ ئاوه‌دانی‌ ئاوایی‌ تازه‌ دێ‌
ئاوایی‌ تازه‌ دێ‌ له‌سه‌رده‌می‌ شێخی‌ محمودی‌ نه‌مر و حكومه‌تی‌ مه‌لیك مه‌حمود له‌سه‌ر ده‌ستی‌ سه‌ید محمد عه‌لی‌ ناوێك ئاوه‌دان ده‌كرێته‌وه‌، به‌قسه‌ی‌ دانیشتوانی‌ ئه‌م گونده‌ پێشتر ئاوه‌دانی‌ تێدا بووه‌ بهڵام دیاره‌ ئه‌و كه‌سانه‌ كۆچه‌ری‌ بوونه‌، له‌ دوای‌ ساڵی‌ (1921) به‌ دواوه‌ ئیتر به‌یه‌كجاری‌ جێگر بوونه‌.

ناوی‌ گوندی‌ تازه‌ دێ‌ له‌ چیه‌وه‌ هاتووه‌؟
به‌ وته‌ی‌ دانیشتوانی‌ ئاوایی‌ تازه‌ دێ‌ ئه‌م گونده‌ پێشتر ناوی‌ جنگلاوه‌ بووه‌، له‌ دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌ فه‌ره‌می‌ له‌لایه‌ن شێخ محمودی‌ حه‌فید ناسراوه‌ به‌ مه‌لكی‌ كوردستانه‌وه‌ به‌ دیاری‌ درا به‌ سه‌ید عه‌لی‌ كوڵه‌كانی‌ ئیدی‌ ناوه‌كه‌ی‌ گۆرا بۆ تازه‌ دێ‌، هۆكاری‌ ناو لێنانی‌ ئه‌م ئاواییه‌، ڕیش سپیانی‌ تازه‌ دێ‌ ده‌ڵێن به‌ واتای ئاوایی‌ تازه‌یه‌ یان نوێ‌ هاتووه‌، بۆیه‌ ئیتر هێواش هێواش گۆڕاوه‌ به‌ تازه‌ دێ‌، هاوكات چه‌ند گوندێكی‌ تری‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كانی‌ كوردستان هه‌یه‌ به‌ ناوی‌ تازه‌ دێ‌.

سنووری‌ جوگرافی‌ تازه‌ دێ‌
ئاواییه‌كانی‌ سنوری‌ جوگرافی‌ نه‌وجول زیاتر له‌ 48 گوندێك ده‌بن له‌ كۆنه‌وه‌ هه‌موویان كورد بوون و كوردی‌ تێدا نیشته‌جێ بووه‌، تازه‌ دێ‌ له‌ڕووی‌ ئیداریه‌وه‌ ئێستا سه‌ر به‌ ناحیه‌ی‌ نه‌وجول یان زینانی‌ گه‌وره‌یه‌ سه‌ربه‌ قه‌زای‌ كفری‌ ئیداره‌ی‌ گه‌رمیانه‌. تازه‌ دێ‌ به‌ دووری‌ (14) كم له‌ ناحیه‌ی‌ نه‌وجول دووره‌.

هه‌روه‌ها (322) مه‌تر به‌رزه‌ له‌ ئاستی‌ ڕووی‌ ده‌ریاوه‌، سنووری‌ جوگرافی‌ ئاوایی‌ تازه‌ دێ‌ هاو سنووره‌ له‌گه‌ڵ گونده‌كانی‌ كوڵه‌كانی‌، مامشه‌، چه‌ورگه‌، سوڵتان ئاوا و تۆپخانه‌.

ئاوایی‌ تازه‌ دێ‌ له‌ ڕووی‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌
ئاوایی‌ تازه‌ دێ‌ سه‌ربه‌ هۆزی‌ شێخانی‌ به‌رزنجه‌یه‌ وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن ئێمه‌ هه‌موو كه‌س و ئامۆزاكانمان له‌ ئاوایی‌ كوڵه‌كانین بۆیه‌ په‌یوه‌ندی‌ كۆمهڵایه‌تی‌ دانیشتوانی‌ تازه‌ دێ‌ زۆر پته‌و بوو له‌گه‌ڵ گونده‌كانی‌ ده‌وروبه‌ری‌ به‌ تایبه‌تی‌ خه‌ڵكی‌ كوڵه‌كانی‌.

خه‌ڵكی‌ ئاوایی‌ تازه‌ دێ‌ جارانی‌ به‌ كه‌روبار بۆ كاروان و ئاڵوگۆری‌ بازرگانی‌ ده‌چوون بۆ كه‌ركوك و خورماتوو به‌رهه‌مه‌كانیان ده‌فرۆشت و هه‌ر له‌ كه‌ركوكیشه‌وه‌ پێویستییه‌كانی‌ خۆیان ده‌كڕی‌، خه‌ڵكی‌ تازه‌ دێ‌ له‌ساڵانی‌ زوو هێستر و ماینیان به‌كارهێناوه‌ وه‌كو نه‌ریتی‌ ناوچه‌كه‌یان بۆ كاری‌ كشتوكاڵی‌ گه‌نم و جۆ، زه‌وی‌ باشیان هه‌بووه‌ بۆ به‌راو و چه‌ڵتووك، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ئاژه‌ڵداری‌ جۆری‌ مه‌ڕ و بزن له‌م ئاواییه‌ به‌خێوكراوه‌، له‌ ئاوایی‌ تازه‌ دێ‌ زیاتر له‌ پێنج كانی‌ و كانیاو هه‌بووه‌ كه‌ سه‌رچاوی‌ ژیانیان بووه‌.

دانیشتوانی‌ ئاوایی‌ تازه‌ دێ‌ پێیان وایه‌ زه‌مه‌نی‌ ڕابردوو له‌ڕووی‌ كۆمهڵایه‌تی‌ و خزمایه‌تی‌ پێش تاوانی‌ ئه‌نفال زۆر خۆشتر بوو سه‌ره‌ڕای‌ ترس و كوشتن و ئه‌نفال، بهڵام هاتوچۆ و خزمایه‌تی‌ له‌نێوان خۆیان و گونده‌كانی‌ تر زۆر باش بوو، ئێستا دانیشتوانی‌ تازه‌ دێ‌ نیگه‌رانن له‌ دۆخی‌ ژیانیان به‌هۆكاری‌ كه‌می‌ خزمه‌تگوزاری‌ بۆیه‌ داواكارن پرۆژه‌ی‌ خزمه‌تگوزاریی‌ و ده‌ستی‌ ئاوه‌دانی‌ بۆ ئاوایه‌كه‌یان بهێنرێت .

تازه‌ دێ‌ له‌ ڕووی‌ جینۆساید و ئه‌نفاله‌وه‌
گوندی‌ تازه‌ دێ‌ وه‌ك سه‌رجه‌م گونده‌كانی‌ تر به‌ ده‌ستی‌ ڕژێمی‌ به‌عس و سوپای‌ داگیركه‌ری‌ عێراق له‌ مێژووی‌ خۆیدا ڕووبه‌ڕووی‌ جینۆساید و گوند سووتان و تاڵانی‌ بوونه‌ته‌وه‌،
له‌سه‌رده‌می‌ حه‌ره‌س قه‌ومییه‌كان له‌ ساڵانی‌ شه‌سته‌كان چه‌ند ماڵێكی‌ عه‌ره‌ب به‌ پشتیوانی‌ حكومه‌تی‌ عێراق به‌ ناوی‌ كار و مه‌ڕ له‌وه‌ڕاندن دێن بۆ تازه‌ دێ‌ به‌ڵام له‌ ڕاستیدا بۆ مه‌به‌ستی‌ داگیركاری‌ ده‌بێت، كاتێك بۆیان ده‌رده‌كه‌وێت شوێنیان گونجاو نیه‌ به‌هۆكاری‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌موو گونده‌كانی‌ دووروبه‌ری‌ ئه‌م ئاواییه‌ هه‌موو كوردن بۆیه‌ به‌یانییه‌ك هه‌موو ئاژه‌ڵه‌كانی‌ ئاوایی ده‌دزن و هه‌ڵدێن.

مێژووی‌ ئاوایه‌ تازه‌ دێ‌ پڕه‌ له‌ سه‌روه‌ری‌ و نه‌به‌ردی‌ ئه‌وه‌تا له‌ ساڵی‌ 1963 له‌ لایه‌ن به‌عسیه‌كانه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی‌ سووتان ده‌بێته‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ ساڵی‌ 1974 سوپای‌ به‌عس به‌ هێزێكی‌ زۆر هێرشی‌ گه‌وره‌ ده‌كه‌نه‌سه‌ر گوندی‌ تازه‌ دێ‌ ته‌واوی‌ ئاواییه‌كه‌ ده‌سوتێنن و ژماره‌یه‌ هاوڵاتی‌ ده‌ستگیر ده‌كه‌ن و هاوڵاتییه‌كی‌ ته‌مه‌ن (80) ساڵ به‌ ناوی‌ سه‌ید محه‌مه‌د عه‌لی‌ شه‌هید ده‌كه‌ن.

جیا له‌مانه‌ بڕیاری‌ (160)ی به‌عس بۆ دانانی‌ عه‌لی‌ حه‌سه‌ن مه‌جید له‌ ساڵی‌ 1987 بوو به‌ سه‌رۆكی‌ نووسینگه‌ی‌ باكور ئیدی‌ پرۆسه‌ی‌ ئه‌نفالی‌ كوردستان و گونده‌كان بووبه‌ ئه‌مری‌ واقیع و له‌گه‌ڵ قۆناغی‌ سێی‌ ئه‌نفالی‌ گه‌رمیان له‌ شاره‌ دێیه‌كانی‌ سه‌نگاو و قادركه‌ره‌م و لیلان و نه‌وجول و كه‌لار وقه‌ره‌نجیر له‌گه‌ڵ ته‌واوی‌ گونده‌كانی‌ ڕووخاند و له‌ناوچوو و دابران له‌ ژیان و پێشكه‌وتن، له‌ نێویشیاندا ئاوایی‌ تازه‌ دێ‌، ئه‌نفال بوو به‌ هۆكاری‌ ڕاوه‌ستانی‌ ژیان و ئاوه‌دانی‌ تازه‌ دێ‌، ئیتر گونده‌كانی‌ ده‌وروبه‌ری‌ بوون به‌ ناوچه‌ی‌ قه‌ده‌غكراو بۆ ماوه‌ی‌ نزیكی‌ (15) ساڵ، له‌ دوای‌ پرۆسه‌ی‌ ئازادی‌ عێراق جارێكی‌ تر ناحیه‌ی‌ نه‌وجول و گونده‌كانی‌ به‌ هاوكاری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان دووباره‌ ئاوه‌دانكرانه‌وه‌ له‌ناویشیاندا ئاوایی‌ تازه‌ دێ‌، جارێكی‌ تر ژیانی‌ كورده‌واریی‌ بۆ ئه‌و ئاواییه‌ گه‌ڕایه‌وه‌.

print

 257 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*