سەرەکی » راپۆرت » كازمی روو لە وڵاتانی كەنداو دەكات؟

شرۆڤەی رۆژ

كازمی روو لە وڵاتانی كەنداو دەكات؟

هەواڵ و بەدواداچوون

تا پلەكانی گەرما لە شارە جیاوازەكانی عیراق بەرزتر ببنەوە، گوشارەكانی سەر مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران بەهۆی دۆخی خراپی كارەباوە لەم وڵاتەدا زیاتر دەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەر بە تەنها خراپی كارەبا نییە كە كازمی خستۆتە ژێر گوشارەوە.

لە چەند رۆژی رابردوودا، هەریەك لە پارێزگاكانی زیقار، نەجەف، بابل و كەربەلا، مەیدانی ناڕەزایەتییەكان بوون سەبارەت بە خراپی كارەبا، لە بەرامبەردا كازمی پێش ئەوەی وێنەیەك بە دیار دوو مۆمەوە بڵاوبكاتەوە، رایگەیاند: هەموو هەوڵێكی ئێمە خستنەوە كاری ئەو وێستگانەیە كە بە سووتەمەنی كار دەكەن.

خۆپیشاندانەكانی عیراق لە چەند ساڵی رابردوودا لە چەند داواكارییەك زیاتر نەبووە، ئەمەش بەتایبەت لە چلەی گەرمای هاویندا زیاتر دەردەكەوێت، واتە كاتێك كە هاووڵاتیان لە پارێزگا جیاوازەكاندا بە دیار بێ كارەبایی و كەمی ئاوی خواردنەوە دابنیشن. لە سەردەمی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدیدا، پرسی راكێشانی كارەبا لە وڵاتانی كەنداو وروژێنرا. كارەبای وڵاتانی كەنداو پێدەچێت دەرزی ئاژنینی كێشەی كارەبای عیراق بكەن، بەڵام پێدەچێت لەوەدا گرفت بهێنێتە ئاراوە كە عیراق و سەرۆك وەزیرانی نوێ بۆ ئەم پرسە پشت لە ئێران و روو لە كەنداو بكەن.

كازمی دەڵێت: بۆ چارەسەری كێشەی كارەبا لە عیراق، هەنگاوی باشمان لەگەڵ ئێران و وڵاتانی كەنداو بڕیوە. عیراق بڕە پارەیەكی زۆری كارەبا قەرزاری ئێرانە، بۆیە پێناچێت وا بە ئاسانی دەستبەرداری ئێران بێت، بەوپێیەی بەشێكی ئەم پرسە پەیوەستە بە پرسی سیاسییەوە.

ئەمریكا، تا ئێستا لە عیراق خۆشبووە كە بۆ هاوردەی كارەبا پشت بە ئێران ببەستێت، بەڵام مەرجی ئەمریكا بۆ ئەم پرسە لە داواجاردا رووكردنە لە وڵاتانی كەنداو. ئێستا ئەمریكا پشتیوانی لە هاوردەی كارەبای كەنداو بۆ عیراق دەكات، ئەمەش دیسان كازمی دەخاتە نێوان دوو بەرداش و دواجار دەبێت یارییەكە بەلایەكدا بخات.

كازمی لە پرسی چارەسەری كارەبادا ناتوانێت بێلایەن بێت، هەر چۆنێك بێت ئێران بۆ عیراق لە رابردوودا سەرچاوەی سەرەكیی كارەبا بووە، ئەگەرچی ئێستاش دۆخی ئێران لەم رووەوە خراپە، بەڵام بۆ ئەومەبەستە ئێران نایەوێت عیراق پشتی تێبكات. دواجار لایەنە سیاسییەكانی نزیك لە ئێران هیچ نەبێت لێناگەڕێن بە تەنها وڵاتانی كەنداو پارەی كڕینی كارەبا لەلایەن عیراقەوە بخۆن.

print

 149 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*