سەرەکی » راپۆرت » کێشەی لیبیا چییە و بۆ گرنگی پێ دەدرێت؟

کێشەی لیبیا چییە و بۆ گرنگی پێ دەدرێت؟

رەمزی سەعید

گرژی ناکۆکیەکانی لیبیا تا دێت بە تین تر دەبێت و پێدەنێتە ناو هەنگاوی کرداری، هەروەها بە جوڵاندنی هێز و لێدوانە ئاگرینەکان لە نێوان دەوڵەتانی بەرژەوەندیخوازی ناوچەکە زیاتر ئاگری شەڕ و وێرانکاری نزیک دەبێتەوە. لە لایەکی ترەوە دەوڵەتانی ئەوروپا بە تایبەتی فەرەنسا ڕۆڵی جی دەبینێت ئامانجی چیە کە نوێنەرایەتی ئەوروپا دەکات؟ ئایا کەیسی لیبیا پرسێکی ئەمریکییە یان ئەوروپی یان ووڵاتانی تری ناوچەکە؟
دوای ڕوخاندنی دەسەڵاتی قەزافی لە ساڵی 2011 هەموو لایەن و گروپە سیاسیەکان لە باتی بەرە و پڕۆسەی هەڵبژاردن بچن. بەڵام بە پێچەوانەوە هەرچی ڕێکەوتن هەبوو شکستیان پێهێنا، ئیتر لە ساڵانی دواتردا بە تایبەتی 2014 گروپە چەکدارەکانی لیبیا دابەش بوون بە سەر دوو بەرەی سەرەکی، لە ئیستادا ئەو دوو بەرەیە بە هێزەکانی حەفتەر یا سوپای نیشتمانی لیبی ناسراوە، هەروەها حکومەتی (الوفاق) بە ڕابەری فایز سەراج ناسراوە، بەرەی یەکەم پەرلەمان و چەندین چەکدار لە خۆ دەگرێت کە زیاتر علمانیەکانی لیبیا لەو بەرەیەدان . بەرەی دووەم بە بەرەی سەراج ناسراوە کە حکومەت و زۆربەی گروپە ئیسلامیەکان لە خۆ دەگرێت. ئیخوانەکانی لیبیا سەر بە وانن، بەڵام هەڵەیە و ناکرێت بوترێت ئەم شەڕە بە شەڕی ئیسلامی وعیلمانی تەماشا بکەین، چونکە بەرەی حەفتەریش گروپی ئیسلامی زۆر لێ کۆبۆتەوە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە لەسەر دۆخی لیبیا هەر لەسەرەتای دەستپێکردنی ناڕەزایەتیەکانی لیبیا دژی قەزافی، لە وەڵامدا قەزافی بە شێوەیەکی سەربازی زۆر توند وەڵامی ناڕەزایەکانی دایەوە، ئەمەش وای کرد کۆمکاری ‌عەرەبی داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات سنورێک بۆ قەزافی دابنێن و خەڵک بپارێزن، لە ئەنجامدا هاوپەیمانییەک دروستکرا لە نێوان کۆمەڵێک دەوڵەت ئەوەی مایەی سەرنجە ئەو هاوپەیمانییە سەربازییە بە ڕابەرایەتی ئەمریکا نە بوو! بەڵکو ووڵاتانی ئەوروپی بە تایبەتی فەرەنسا ڕابەرایەتی دەکات. کە ئەمەش ڕووداوێکی دەگمەنە هاوپەیمانییەکی سەربازی وا گرنگ ئەمریکا ڕابەرایەتی نەکات. لێرەوە جیاوازی کەیسی لیبیا دەردەکەوێت کە پرسێکی ئەوروپییە نەک ئەمریکی (بێگومان ئەمریکا ئامادەیی هەیە. بەڵام ڕابەر نیە بە ڕوکەش ڕۆڵی کەمترە).
خاڵێکی تری سەرنجڕاکێش ئەوەیە قەتەر ووڵاتێکی زۆر بچوکە بەشداری کردووەو هێرشی کردە سەر لیبیا لەگەڵ هاوپەیمانان بەتایبەتی به هێرشی ئاسمانی بە شداری کردوە لەگەڵ هاوپەیماناندا، خاڵێکی تر مایەی سەرنجە هاتنەناوەوەی دەوڵەتی ترە بۆ ناو گۆڕەپانی شه ری لیبیا، ئەو دەوڵەتانەش دابەش بوون بەسەر دوو بەرەدا بەرەی یەکەم میسر و ئیمارات و سعودیە و روسیا و فەرەنسا و ئیتاڵیا کە پشتگیری حەفتەر دەکەن، بەرەی دووم تورکیا و قەتەڕ کە پشتگیری سەراج دەکەن، بەڵام بە گشتی ئەم دەوڵەتانە چیان دەوێت لە لیبیا و بۆچی پشتگیری یەکێک لەم گروپانە دەکەن؟
فەرەنسا و ئیتاڵیا پەیوەندیەکی فرە ڕەهەندیان هەیە لە لیبیا، لە ڕووی مێژوویەوە لیبیا ووڵاتێکی داگیرکراو بووە لە لایەن ئیتاڵیاوە ئەوکاتە پێش جەنگی جیهانی یەکەم بە ڕێکەوتن لەگەڵ فەرەنسا، ئیتاڵیا هەڵدەستێت بە داگیرکردنی لیبیا لە بەرامبەردا ئیتاڵیاش هەڵدەستێت بە داگیرکردنی مەغریب لە لایەن فەرەنساوە.
لە ڕووی جوگرافیاوە لیبیا دەروازەیەکی سەرەکی ئەفریقیایە بەرەو ئەوروپا بەرامبەر ئیتاڵیا و زۆربەی هەرە زۆری کۆچبەرانی کیشوەری ئەفریقیا لە ڕێگەی لیبیاوە دەچنە ئیتاڵیا لە وێشەوە بۆ فەرەنسا و ئەوروپا، بۆیە دۆخی ناسەقامگیری لیبیا دەبێتە هەڕەشەیەکی ئەمنی گەروە بۆ ئەوروپا. چونکە لە نەبوونی دوڵەت کۆچبەران ئاسانتر دەتوانن لە لیبیاوە بۆ دەریای ناوەڕاست بپەڕنەوە بۆ ئیتاڵیا و فەرەنسا و دواتر هەموو ئەوروپا.
لە ڕووی سامانی سروشتیەوە لیبیا دەوڵەمەندترین دەوڵەتی ئەفریقیایە لە نەوت و گاز بۆیە ئەمەش بۆ ئەورپییەکان سەرچاوەیەکی ووزەیە لە دەرەوەی سەرچاوەکانی روسیا و ئێران، کە ئەوروپا ناچارانە مامەڵە لەگەڵ روسیا دەکات. ئێرانیش قورسە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت بە هۆی سزاکانی ئەمریکا.
ئەم جۆرە سەرچاوانە بۆ ئەوروپا زۆر بە گرنگی دەزانێت هێڵی گازی سروشتی (تەوژمی سەوز) دەچێتە ئیتاڵیا. ئەوروپا و ئیتاڵیا دەیانەوێت ئەم هێڵی گازیە لە ‌ژێر دەسەڵاتێکی لیبیایی دا بێت کە هاوپەیمانی خۆیان بێت، ئینجا وەک ئاماژەم پێدا لیبیا دەروازەیەکی سەرەکی ئەفریقیایە بۆ ئەوروپا بە تایبەتی ئیتاڵیا و فەرەنسا، فەرەنسا بەرژەوەندی گەورەی هەیە لە ئەفریقیا بۆ پاراستنی کە تا ئێستا هەزاران سەربازی جێگیرکردوە لەئەفریقیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و بە دەستهێنانی سامانی سروشتی، بۆیە فەرەنسا ئەگەر ڕۆڵی نەبێت دەروازەیەکی گەورە بۆ ئەفریقیا لە دەستدەدات بە تایبەتی لە لیبیا .
پاشان لیبیا گروپی توندڕەوی زۆری تێدایە بۆیە ئەوروپا بەتایبەتی فەرەنسا و ئیتاڵیا کە نزیکن لە لیبیاوە لە پەلاماری تیرۆرستی دەترسن کە لە لیبیا وە بەئاسانی پییان دەگات بە تایبەتی دوای نزیکبوونەوەی سەراج و تورکیا و گەیشتن بە ڕێکەوتن، ئەوروپا ترسێکی گەورەی هەیە لەوەی تورکیا هە ژموونی هەبێت بەسەر لیبیا و ئەوکاتە هەڕەشەی ناردنی کۆچبەرانی ئەفریقا بکات بۆ ئەوروپا، وەک چۆن ساڵانێکە هەرەشەی ناردنی ئاوارە سوریەکان دەکات بۆ ئەوروپا، یان ترس لە هە ژموونی تورکیا بە سەر گازی سروشتی لیبیا و دەریای ناوەڕاست بە تایبەتی دوای دۆزینەوەی گاز لە بەشی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، ئەوروپا نایانەوێت ئەو گازەش هەژموونی تورکیای بە سەرەوە نەبێت، چونکە بەشێک لە گاز و ووزە کە دەگاتە ئەوروپا لە ڕێگەی ئەو هێڵە گازی و نەوتیانەوە کە بە تورکیادا تێدەپەڕێت وەک ‌هێڵەکانی تاناب و تورک ستیم و جیهان… ئەمانەش هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی تورکیا ساڵانێکە لەگەڵ ئەوروپا چەندین کێشەیان هەیە .
خاڵکی سەرەکی ئەوەیە تەدەخولی روسیا لە لیبیا، ئەوروپا دیسانەوە نیگەرانە لەوەی ئەگەر لە ئایندەدا گاز و نەوتی لیبی گازی تازە دۆزراوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دەریای ناوەڕاست بکەوێتە ژێر هەژموونی رووسیا کە ساڵانێکی زۆرە ئەوروپا دەیانەوێت ڕزگاریان بێت لە کەلپچەکانی ڕوسیا کە ناچار بووون بە کڕینی گازی سروشتی روسیا، هەروەها لیبیا دەرفەتێک بوو بۆ ئەوروپا بێ ڕابەرایەتی ئەمریکا بچێتە هاوکێشەیەکی قورس ئاڵۆز و گرنگ، لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە ئەوروپا بە دەگمەن بێ رابەرایەتی ئەمریکا دەچێتە هاوکێشەیەکی سیاسی ئاڵۆز کە لە دەرەوەی ئەوروپایە، جگە لە چەندین بەرژەوەندی تری بازرگانی و بوونی کۆمپانیاکانی ئەو دوو دەوڵەتە لە لیبیا .
هەردوو دەوڵەت هاوکاری حەفتەر دەکەن، فەرەنسا گەیشتۆتە ئەو باوەڕەی کە کێشەی لیبیا بە ڕێکەوتن و پڕۆسەی دیموکراسی چارە سەر نابێت! چونکە بە بێ شومار عەشرەت و ملیشیا و گروپی توندڕەو بوونیان هەیە لە لیبیا هەر یەکەو بەرژەوەندی خۆی دەوێت، نزیکەی 300 گروپی چەکداری و میلیشیا هەیە لە لیبیا، نزیکەی 20 ملیۆن پارچە چەک هەیە لە ناو خەڵکی لیبیا و گروپە چەکدارەکانی بڵاوبۆتەوە، لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی لیبیا 6.6 ملیۆنە، بۆیە فەرەنسا پێیوایە کە ئەوەی ئارامی دەگەڕێنێتەوە بۆ لیبیا بریتییە لە کەسێکی بە هێز بتوانێت هەموو لایەنەکان ناچار بکات گوێ ڕایەڵی بن ئەویش بە جەنەڕاڵێکی وەک حە فتەردەکرێت، واتا فەرەنسا لەوانەیە دوای ئەوەی قەزافی لابرد پێویست بکات قەزافیەکی تر دروست بکات! جگە لەوەی هەریەک لە فەرنسا و ئیتاڵیا پێیان باشە لایەنە ئیسلامیە ئیخوانییەکان حوكم نەکەن لە لیبیا لەترسی هاتنی تیرۆرست لە لیبیا وە بۆ فەرەنسا و دواتر بۆ گشت ئەوروپا.
لە وێنە و ئەنجامیشدا فەرەنسا و ئیتاڵیا بە گشتی ئەوروپا سیاسەتیان لەیەکەوە نزیکن لە کەیسی لیبیا، بەڵام ئەگەر زۆرتر ورد بکرێتەوە ئەوانیش ناکۆکی و جیاوازی هەیە لە نێوانیان. بەڵام ئامانجیان ئەوەیە نەهێڵن بەرەی تورکیا و قەتەر و گروپەکانی سەربە سەراج هەژموونیان بسەپێنن و کرداری لە لیبیا جمووجۆڵ بکەن وە لە لایەکی ترەوە ستۆپ بە وورچە سپیەکان واتا ڕوسیا بکەن و نەتوانن زیاتر کەلەبچەکانی لە دەستی ئەوروپا قایمتر بکات.

print

 515 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*