سەرەکی » دۆسێ » ره‌وته‌كان » عەللاوی باسی عەبدولمەهدی و كازمی و عەبادی دەكات

عەللاوی باسی عەبدولمەهدی و كازمی و عەبادی دەكات

هەندێك نهێنیش ئاشكرا دەكات

رەوتەكان-

ئەیاد عەللاوی لە دیمانەیەكی تەلەفیزیۆنی باس لە كەسێتییە سیاسییە عیراقییەكان دەكات كە لەم ماوەیەی دواییدا لە پۆستی سەرۆكایەتی وەزیرانی عیراقدا دەستبەكاربوون، هەندێك نهێنیش لەبارەیانەوە ئاشكرا دەكات كە پێشتر لە میدیاكاندا باسنەكراون.
ئەیاد عەللاوی سەرۆكی هاوپەیمانی وەتەنیە رایدەگەیەنێت، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی پێشوو ئاگاداریی بوونی ئەو كەسێتیانە بووە كە لەنێو نوسینگەكەیەوە فەرمانیان بۆ كوشتنی خۆپیشاندەران دەردەكرد، ئاماژەی بە خواستی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی ئێستاش دەكات بۆ دەستخستنی كۆمەك و یارمەتی دارایی لە سەردانەكەی بۆ سعودیە.
عەللاوی لە میانی دیمانەیەكی تەلەفیزیۆنی كە لەم ماوەیەی دواییدا پەخشكرا ڕایگەیاند:»بڵاوكردنەوەی كتێبەكەمان لەبارەی یاداشتەكانەوە مانای نزیكبوونەوەی وازهێنان ناگەیەنێت لەكاریی سیاسی، بەڵكو بەردەوام دەبین و سازش لەسەر رۆڵ و بنەمای خۆمان ناكەین بەهۆی بوونی هەندێك ئاستەنگ كە لەئێستادا دێنە ڕێگەمان».
بە وتەی ئەیاد عەللاوی:»پێویستە بەردەوام بین لە بەرگریكردن لە ئایندەی عیراقییەكان و رۆڵەكانمان و وەك تەماشەكەر نەبین».
عەللاوی گومانی خۆی دەربڕی بەرانبەر بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت و وتی:»هێزەكانی ئێستا نایانەوێت یاسای هەڵبژاردنەكان تەواو بكرێت، ئاڵۆزی تر هەن كە كار بۆ چارەسەركردنیان ناكرێت، تا گەیشتن بە وادەی هەڵبژاردنی 2022».
عەللاوی پلانێكی خۆی ئاشكرا كرد كە «ئامادەكاریی بۆ پێكهێنانی گردبوونەوەیەكی سیاسی بەدوور لە ئیسلامی سیاسی دەكات».
سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عیراق دەڵێت:»كەسێتییەكان لە نوسینگەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی پێشوو، فەرمانیان بۆ كوشتنی خۆپیشاندەران دەردەكرد، بەڵام عەبدولمەهدی كاتێك ئەوەی بۆ ئاشكرا بوو كە لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران چووەدەرەوە».
عەللاوی پێیوایە»هەر ئەو كەسێتیانە دەستییان لە دۆسێی دامەزراندنەكانی دەوڵەت وەرداوە».
سەرۆكی هاوپەیمانی وەتەنیە ئاماژە بە بوونی عەبدولمەهدی دەكات لە بەغدا و دەڵێت:»دوای ئەوەی نەشتەرگەرییەكی ئەنجامدا داوای لێكردووە سەردانی بكات و دەگەڕێتەوە بۆ بەغدا».
بە بۆچوونی عەللاوی:»حەیدەر عەبادی و عادل عەبدولمەهدی و مستەفا كازمی، قوربانی دەستی پرۆسەیەكی سیاسی ناڕێكخراون و ئەوەی قەبارەی هێرش و شێواندن و ناوزڕاندنیش بكات لەسەر پێگە كۆمەڵایەتییەكان، بەڕوونی ئەو راستەییەی بۆ دەردەكەوێت».
لە دەرێژەی قسەكانیدا، عەللاوی ئاماژەی بە بوونی كێشەیەكی جیهانی گەورەتر كرد كە لە كێشە و ناكۆكی نێوان ئێران و سعودیە و ئەمریكا گەورەترە و هیواشی خواست سەردانەكەی ئەم دواییەی محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ بەغدا، ببێتە مایەی كاری دیپلۆماسی بۆ كۆتایی هێنان بە ناكۆكییەكان».
هەر لەو بارەیەوە سەرۆكی هاوپەیمانی وەتەنیە پێیوایە:»كێشە جیهانییەكە پەیوەندی بە گەورەبوونی ناكۆكی جیهانی نێوان ئەمریكا و چین و روسیاوە هەیە كە خەریكە سایەی خۆی بەسەر هەموو ناكۆكییەكانی تردا دەكێشێت».
عەللاوی دەڵێت:»عیراق پێویستی بە بنیاتنانی رۆڵی ناوخۆیی هەیە بەر لەوەی هەنگاوی تر هەڵبنێت».
سەبارەت بە سەردانەكەی كازمیش بۆ سعودیە، عەللاوی دەڵێت»ئامانج لە سەردانەكەی كازمی بۆ داواكردنی پارە بوو لە سعودیە، لەگەڵ هەڵسەنگاندنی ئەگەرەكانی كردنەوەی دیالۆگ لەگەڵ ئێران، بەڵام رەوشی دارایی ئێستای سعودیە لەبار نییە و ناتوانێت یارمەتی دارایی پێشكەش بە عیراق بكات».

print

 341 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*