سەرەکی » مانشێت » سەرۆکایەتی یەکێتی: هێزە سیاسیەکانی کوردستان بەشداربن لە بوژاندنەوەی شەنگال

سەرۆکایەتی یەکێتی: هێزە سیاسیەکانی کوردستان بەشداربن لە بوژاندنەوەی شەنگال


له‌ شه‌شه‌مین ساڵیادی كاره‌ساتی شه‌نگال و جینۆسایدی ئێزدییان، به‌ خه‌مێكی قووڵه‌وه‌، یادی شه‌هیدان و قوربانیانی ئه‌و تاوانه‌ی‌ ده‌رهه‌ق به‌ گه‌له‌كه‌مان كرا به‌رز راده‌گرین، پشوودرێژی و وره‌ و باوه‌ڕ به‌ ئاینده‌یه‌كی گه‌شتر بۆ كه‌سوكاریان ده‌خوازین و، داواكارین لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی، حكومه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستان په‌له‌ بكه‌ن له‌ ناساندنی كاره‌ساتی شه‌نگال وه‌ك تاوانی جینۆساید و، له‌به‌رده‌م دادگایه‌كی باڵادا، رێكخراوی تیرۆریستیی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی و تاوانباره‌كانیان و ئه‌وانه‌ش كه‌ كه‌مته‌رخه‌م و هۆكاربوون بۆ‌ روودانی كاره‌ساته‌كه‌، به‌ سزا بگه‌یه‌نن.

سه‌رباری گه‌وره‌یی كاره‌ساته‌كه‌ و دوای تێپه‌ڕبوونی شه‌ش ساڵ به‌سه‌ر رۆژی ره‌شی ٣ی٨ی٢٠١٤، هێشتا برینی خوشك و برا ئێزدییه‌كانمان سارێژ نه‌بووه‌. ده‌یان هه‌زار خێزان داڕماون. هه‌زاران كچ و مناڵ و پیاوی ئێزدی بێ سه‌روشوێنن و، ده‌یان هه‌زار پیر و بریندار له‌ ئاواره‌یی كه‌مپه‌كاندا و دوور له‌ زێدی خۆیان، دوور له‌ ئازیزانیان، خراپترین رۆژگار ده‌گوزه‌رێنن. له‌ دۆخێكی وا تاڵدا، ئه‌ركی هه‌موو لایه‌كمانه‌‌ دوور له‌ دروشمبازیی، سنورێك بۆ ئه‌م دۆخه‌ خراپه‌ی ژیانی ئێزدییه‌كانی پاش جینۆساید دابنێین و، پشتیوان بین له‌ ئاسایی كردنه‌وه‌ی ژیانی خه‌ڵك له‌ شه‌نگال‌ و، دوور له‌ ململانێ و به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌سكی حزبی، ئێزدییان و ناسنامه‌ی گه‌لی خۆمان و كولتوری پێكه‌وه‌ژیان و فره‌یی ئاینیی بپارێزێن.

بە پێویستی دەزانین هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان، شانبه‌شانی حكومه‌تی عێراق و كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی، به‌شداری بكه‌ن له‌ پرۆسه‌ی بوژاندنه‌وه‌ی شه‌نگال و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی دانیشتوانه‌ ره‌سه‌نه‌كه‌ی بۆ زێدی باب و باپیریان. ئه‌ركی حكومه‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانه‌ به‌وپه‌ڕی هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیارێتی، دۆزینه‌وه‌ی خوشك و برا ئێزدییه‌ بێسه‌روشوێنه‌كراوه‌كان بكاته‌ كاری له‌پێشینه‌ی خۆی. ئه‌ركی هه‌مووشمانه‌ كه‌ ئه‌و رۆژانه‌ و، شه‌هیدانی ئێزدی و شه‌هیدانی روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی داعش له‌یاد نه‌كه‌ین و، دڵنیاین كه‌ قوربانیدانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و یه‌كڕیزیی خه‌ڵكی كوردستان رێگه‌ی نه‌دا پیلانی تری داعش له‌ قڕكردن و داگیركاریی بۆ سه‌ر كوردستان سه‌ربگرێت.

ئێمە لە سه‌رۆكایه‌تیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان له‌ كاتێكدا مه‌زڵومییه‌ت و قوربانیدانی ئێزدییه‌كان به‌وپه‌ڕی به‌رز ده‌نرخێنین، بەڵێنی هاوکاری و پشتیوانیی ته‌واویان بۆ دووپات دەکەینەوە و رایدەگەیەنین: خەباتی ئێمە لەپێناو پاراستن و بەدیهاتنی داوا ره‌واكانی ئەوان و ئامانجی ته‌واوی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستانه‌.

سڵاو بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی شه‌نگال و ته‌واوی شه‌هیدانی كوردستان

سه‌رۆكایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان

 194 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*