سەرەکی » وتار » نه‌وزادى موهه‌ندیس‌ » هەڵبژاردنی پێشوەختەی عیراق لەپێناوی چی و…

هەڵبژاردنی پێشوەختەی عیراق لەپێناوی چی و…

هەڵبژاردنی پێشوەختەی عیراق لەپێناوی چی و بەقازانجی كێ؟

لەدوای (پرۆسەی ئازادیی عیراق) لەلایەن هاوپەیمانانەوە بە رابەرایەتی ئەمریكا لەساڵی 2003، تائێستا، چوار خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەچووە، بەڵام لە هیچ خولێكدا نەتوانراوە كار و ئەركی پەرلەمانی بەتەواوەتی جێبەجێ بكەن لە یاسادانان و چاودێریكردنی حكومەتەكانی عیراق لەماوەی 17 ساڵی رابردوودا، پەڕلەمان بەداخەوە كراوەتە ئۆرگانێكی بێكەڵكی رەزاقورس و بارگرانیی بەهۆی بێتوانایی و خەرجییە زۆرەكانییەوە لەسەر ئەستۆی تاكی عیراقی و گەنجینەی وڵاتیش.

ئەم ئەنجومەنە یەكێكە لە سێ ئۆرگانە سەرەكییەكەی حوكمڕانیی و سیمای گەشی دیموكراسی، بەڵام نەیتوانیووە رێگە لە پەتای گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی وڵات بگرێت و نەشیتوانیووە ببێتە ئۆرگانێكی گوشاری بەهێز لەسەر حكومەتەكان بۆئەوەی ئەركی خۆیان جێبەجێ بكەن لە دابینكردنی لانیكەمی ژیان و گوزەرانێكی پڕ كەرامەت بۆ تاك و كۆمەڵگەی عێراق و لانیكەمی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكانیان بۆ دابین بكەن و هەوڵی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدانی وڵات بدەن و سەرقاڵی نەهێشتنی دیاردەكانی بێكاریی و نەخوێندەواریی و نەخۆشیی و دواكەوتوویی و هەژاریی وڵات بدەن.

جا ئەنجومەنێك كە هێندە بێ كەڵك و بێ سوود بێت و بوێریی ئەوەی نەبێت حكومەتێك لەكار بخات و تەنانەت لێپرسینەوە لە وەزیرێكیش بكات لەسەر گەندەڵیی و متمانەی لێ وەربگرێتەوە، ئیدی بوونی چ قازانجێكی هەیە؟
پەرلەمانێك كە بەپێی دەستوور نوێنەری چین و توێژەكانی كۆمەڵگەیە و نوێنەرایەتیی ئەوان دەكات، نەتوانێت لەسەر مافە رەوا و داواكارییەكانی گەل هەڵبداتێ، ئیدی بوونی یان نەبوونی وەك یەك وانییە؟
هەربۆیە دوای 17 ساڵ شەقام و تاك و گروپ و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی عیراق لە باشوور و ناوەڕاستی عیراق گەیشتنە ئەو بڕوایەی كە چیدی پێویست بە پەرلەمانێك ناكات كە بەرگریی لە گەندەڵگاران بكات و هیچ جووڵە و گوشارێكی بەقازانجی گەل نەبێت، بۆیە لە خۆپیشاندانەكانی مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی 2019 و دواتریش و بەئێستاشەوە یەكێك لە داواكارییەكانیان بریتیبوو لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پێشوەخت بۆ پەڕلەمانێكی نوێ.

*ئێستا دوای نزیكەی یەك ساڵ لەم داواكارییە و گۆڕانكاریی لە حكومەتدا و هاتنە سەركاری مستەفا كازمی وەك سەرۆك وەزیران، وەك وەڵامدانەوەیەكی خۆپیشاندەران، بڕیاردراوە كە لە 6/6/2021دا هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوەبچێت پێش تەواوبوونی ماوەی یاسایی ئەم خولەی پەرلەمان لە مانگی ئایاری ساڵی 2022دا.

پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئاخۆ ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختە بۆچی و بە ئامانجی چی؟ ئایا هەڵبژاردنی پێشوەختە لە قازانجی چ كەس و لایەن و گروپێك تەواو دەبێت؟ ئایا هەڵبژاردنی پێشوەختە دەرمانی هەموو دەردەكانی كۆمەڵگەی عیراق دەكات؟ و دەیان پرسیاری تریش.

هەڵبژاردنی پێشوەختە سەرەتا وەك وەڵامدانەوەیەك و گوێڕایەڵیی حكومەتە بۆ داواكاریی خۆپیشاندەران و شەقامی تووڕە و ناڕازیی عیراق و بە ئامانجی هەنگاونانە بەرەو ئاسۆیەكی روونتر و هێنانە پێشەوەی وزە و توانا و كەسایەتیی نوێی گەنجە بۆ ناو ناوەندی بڕیار و دەسەڵات لە عیراقدا كە دووربن لە گەندەڵی و مشەخۆریی و پشكپشكێنەی حزبی و تایفی و نەتەوەیی و بەهیوای هێنانەدیی دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و نەهێشتنی جیاوازیی لە مووچە و ئیمتیازات لەنێوان پلەباڵاكان و چینەكانی خوارەوە، بەئامانجی دەربازكردنی عیراقە لەو بازنە بۆشە و لەو گێژاو و ململانێ سیاسییە ناڕەوایەی كە 17 ساڵە بەدەستییەوە دەناڵێنێت، بەتایبەتی لەناو ماڵی شیعەدا، بەنیازی ئەوەی عیراق بگەڕێنرێتەوە بۆ جوگرافیا نیشتمانی و نەتەوەییەكەی و دووربخرێتەوە لە فەلەك و هەژموونی وڵاتانی دراوسێ.

خۆ ئەگەر ئەم ئامانج و نیازانە لەم هەڵبژاردنە پێشوەختەدا هاتەدی، ئەوا بەدڵنیایی بە قازانجی چین و توێژە تووڕە و ناڕازیی و پەراوێزخراوەكەی كۆمەڵگەی عیراقی تەواو دەبێت و دەستی حزب و سەركردە سیاسییە گەندەڵەكان و وڵاتانی دەرودراسێ دەبڕدرێت و ئومێدەكان چەكەرە و چرۆ دەكەنەوە بە ئایندەیەكی نوێ و گەشاوە بۆ عیراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە.

بەڵام دەبێت ئەو راستیانەش لەبیر نەكەن كە ئەم هەڵبژاردنە و بەو نیاز و ئامانجانەی كە لەسەری هەڵچنراوە، ئاشكرایە دۆستی كەم و نەیاری زۆری هەیە و لێناگەڕێن بەئاسانی دووربخرێنەوە و دەسەڵاتیان قەتیس و بچووك ببێتەوە و لە ئیمتیازات و لەزەتی كێكە شیرین و بەتامەكەی سەروەت و سامانی عیراق بێبەش بكرێن، بەتایبەتیش ئەو سەركردە و حزب و لایەنانەی كە خاوەنی میلیشیای چەكدارین و بەتەواوەتی كەوتوونەتە ژێر هەژموونی وڵاتانی دراوسێ و بە قازانجی ئەوان كاردەكەن. هەربۆیە ناكرێت ئەم هەڵبژاردنی پێشوەختەیەش بە دارعەسای موسا سەیر بكرێت و لە شەو و رۆژێكدا تەواوی گەندەڵی و ناعەدالەتی و ناڕێكی 17 ساڵی رابووردوو چارەسەر بكات و بە دەرمانی 7 دەردە لێیبڕوانرێت، بەڵام بۆخۆی دەبێتە هەنگاوێكی سەرەتایی بۆ ئاڵوگۆڕی دەسەڵات و لێپرسینەوەی دەسەڵاتداران و بەهەند وەرگرتنی رای شەقام و بەدەنگەوە هاتنی داواكارییەكانیان و خستنەوە سەر سكەی راست و دروستی گەشە و ئاوەدانی وڵات و دەربازبوون لە چەقبەستوویی 17 ساڵەی رابردوو و كاڵبوونەوەی هەژموونی حزب و سەركردە و تایفە و وڵاتانی دراوسێ، چونكە ئەم هەڵبژاردنەش بۆخۆی كێشە و گرفتی زۆری لەبەردەمدایە لەڕووی سیاسی و دارایی و ئەمنی و تەندروستی و ..هتد.

*بەهیوای ئەوەی كە ئەم هەنگاوە راست و دروستە هەڵبهێنرێت و ئامانج و نیازە راست و راستگۆكانی كە لەسەری هەڵچنراوە بێنەدی و كۆمەڵگەی عیراقی بە كوردستانیشەوە لەسایەیدا ئاهێكی فەرەحیان پێدابێتەوە و خواست و ویستەكانیان لە دابینكردنی ژیان و گوزەرانێكی پڕ شكۆدا بێتەدی.

print

 173 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*