سەرەکی » مانشێت » لاهور شێخ جەنگی:هەمیشە لەگەڵ ئێش ‌و ئازارەكانی میللەتەكەمان بووین

لاهور شێخ جەنگی:هەمیشە لەگەڵ ئێش ‌و ئازارەكانی میللەتەكەمان بووین

دوێنێ، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا، ئەوەی خستەڕوو كە تووشی پەتای كۆرۆنا بووە‌و ئێستاش تەندروستی زۆر زۆر باشە. وتیشی: هەر كاتێك لەهەر شوێنێك و لەهەر شارێك، كە بە زۆنی مەترسیداری پەتای كۆرۆنا لەقەڵەم دەدرا، بەندە لەگەڵ تیمێك لەو شوێنانە ئامادەبووین، تا هەوڵی بەرزكردنەوەی ورەی خەڵكەكەی خۆمان بدەین، هەمیش لەگەڵ ئێش و ئازارەكانیان بین. ئەمەش دەقی پەیامەكەیە:

هاونیشتمانیانی خۆشەویستم…

ئەم كاتەو هەموو كاتێكتان باش
پێشەكی دەمەوێت، هیوای تەندروستی و لەشساغیی باش بۆ خۆتان و كەسوكارتان بخوازم، دیارە ئێمەومانانیش، وەك هەموو هاووڵاتییەكی ئاسایی ئەم وڵاتە، موعەرەزین بۆ ئەوەی تووشی هەموو جۆرە نەخۆشی‌و پەتایەك ببینەوە، بۆیە من دەمەوێت لە زاری خۆمەوە، لێرە پێتان بڵێم كە بەندەش تووشی پەتای كۆرۆنا بووم، بەڵام خۆشبەختانە دەتوانم پێتان بڵێم ئێستا تەندروستیم زۆر زۆر باشە، دەتوانم بڵێم خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم كە تووشی ئەو پەتایە بووم، بۆ ئەوەی باشتر هەست بە ئێش و ئازارەكانی هەموو ئەو هاووڵاتیانە بكەم، كە لەماوەكانی رابردوو یاخود ئێستا رۆژانە لە شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان، روبەڕوی ئەم پەتایە بوونەتەوە، یاخود تووشی ئەم پەتایە بوون، لە هەمات كاتدا ئێمە هیچ كاتێك خۆمان لە بەرپرسیارێتی نەدزیوەتەوە، هەمیشە لەگەڵ ئێش‌و ئازارەكانی میللەتەكەمان بووین، هەروەكو لەماوەكانی رابردوو بینیتان، هەر كاتێك لەهەر شوێنێك و لەهەر شارێك، كە بە زۆنی مەترسیدار لەقەڵەم دەدرا، ئێمەومانان، خۆم بەندە لەگەڵ تیمێك لەو شوێنانە ئامادەبووین، تا هەوڵی بەرزكردنەوەی ورەی خەڵكەكەی خۆمان بدەین، هەمیش لەگەڵ ئێش و ئازارەكانیان بین، هەمیش لێكۆڵینەوە بكەین لەو كەموكورتیانەی لەكەرتی تەندروستی ئەو شوێنانە هەبوون، بۆ ئەوەی بتوانین بەشێوازێك لە شێوازەكان هەموو ئەو كەلوپەلانەی كە پێویستن بۆ روبەڕووبونەوەی ئەم پەتایە، دابینی بكەین بۆیان، بۆ ئەوەی كەمێك لەو بارگرانییەی كە كەوتۆتە سەرشانی هاووڵاتیانی خۆشەویستمان، كەمبكەینەوە.

لەسەرەتاوە باوەڕم بەوە نەبووە كە ئێمە بتوانین بەخۆ كەرەنتینەكردن لەماڵەوە لەمەترسییەكانی ئەم پەتایە دووربكەوینەوە، بەڵكو باوەڕم وابووە كە دەبێت خۆمان روبەڕووی ئەم پەتایە ببینەوەو هەوڵبدەین بەرگریی لەشمان بەهێز بكەین و تەنها لەو شوێنانەی قەرەباڵغن و جوڵەی زۆری تێدایە، هەوڵ بدەین خۆمان بپارێزین، تا هەر هاووڵاتییەك ئەگەر بەركەوتەشی هەبێت تووشی ئەم پەتایەش بێت، كەمترین رێژەی ڤایرۆسەكە بچێتە لەشییەوە، بۆ ئەوەی دوایی بتوانێت بەرگەی ئێش‌و ئازارەكانی ئەم پەتایە بگرێت.

من هەر لێرەوە دەمەوێت داوا لەخوای بەخشندە بكەم شیفای بەپەلە بنێرێت بۆ هەموو ئەوانەی تووشی ئەم پەتایە بوون، هەر لێرەشەوە سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی هەموو ئەوانە دەكەم كە بەهۆی ئەم پەتایەوە یەكێك لە ئازیزانی خۆیان گیانی لەدەستداوە.

هەر لێرەوە دەمەوێت رووبكەمە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان و پێیان بڵێم كە ئێمەومانانیش موعەرەزین بۆ ئەوەی تووشی پەتا بین ‌و لەكۆتاییشدا هەموومان دەمرین، بۆیە باشتر بیر بكەنەوە، هەوڵبدەن خزمەتی میللەتەكەتان بكەن، پارەو پوول چاوتان كوێر نەكات، واز لەخزمەتی هاووڵاتیان مەهێنن، چونكە لەكۆتاییدا ئەوەی بۆمان دەمێنێتەوە یان بۆ منداڵەكانمان دەمێنێتەوە تەنها ناو و ناوبانگە، چ جای ئەوەی میللەتەكەمان رەحمەتی خوا لەمردوەكانمان بكات یاخود چ جا لێمان هەڵگەڕێتەوەو نەفرەت لەمردووەكانیشمان بكات، بۆیە تكاتان لێدەكەم باشتر بیر بكەنەوە، هەوڵبدەن بەتەنگ ئێشوئازاری میللەتەكەمانەوە بن، ئەوەندە بیر لەسەروەت و سامان و كورسی و مەنسەب مەكەنەوە، چونكە ئەوانە شتێكن دێن و دەڕۆن، بەڵام ناو و ناوبانگ یەكجارە، تۆ تۆماری دەكەیت و دەبێتە سەروەت و سامان بۆ منداڵ و نەوەكانت، بۆیە دووبارە داوایان لێدەكەم بەخۆیاندا بچنەوەو هەوڵبدەن بەزوترین كات ئەم هەموو قەیرانەی لەم هەرێمە دروستبووە تێیپەڕێنن و ئەم بارگرانیەی كەوتوەتە سەر شانی هاووڵاتیانی خۆشەویستی ئەم وڵاتەمان بەزووترین كات كەم بكەنەوە.

لێرەوە دەمەوێت سوپاسی هەموو كارمەندانی تەندروستی و ناوخۆو ئاسایش و هەموو ئەو دامودەزگایانەی تر بكەم كە بەدڵێكی گەورەوە زۆر بەخۆبردوانە بەبێ مووچەش زۆرجار، هەوڵیاندا هاووڵاتیان بپارێزن و نەخۆشەكان چاكبكەنەوە، بۆیە من لە ناخی دڵمەوە دەستی ماندوبوونیان دەگوشم و دەستخۆشییان لێ دەكەم، دڵنیاشیان دەكەمەوە كە زۆر تەحەممولیان كردووە، ماوەیەكی تریش تەحەممول بكەن، تا پێكەوە هەموو ئەو قەیرانانەی روبەڕووی میللەتەكەمان و ناوچەكەمان بۆتەوە، پێكەوە بەیەكدەنگی تێیبپەڕێنین.

دووبارە داواكارم لە خوای پەروەردگار، كە هەموومان بپارێزێت، میللەتەکەمان بەدووربێت لەهەموو جۆرە كێشەو بەڵایەك.

زۆر سوپاستان دەكەم

print

 213 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*