سەرەکی » وەرزش » دۆرتمۆند بە رەسمی مانەوەی سانشۆی لە ریزەكانی راگەیاندپەڕە 2

دۆرتمۆند بە رەسمی مانەوەی سانشۆی لە ریزەكانی راگەیاند

یانەی بروسیا دۆرتمۆند بە شێوەیەكی رەسمی مانەوەی جادۆن سانشۆی ئەستێرەی لاوی لە ریزەكانی راگەیاند، ئەمەش دوای ئەوەی مان یونایتد شكستی هێنا لەوەی ئەو یاریزانە بباتە ریزەكانی.

یانەی مان یونایتد ماوەیەكی زۆرە گرنگی بەتواناكانی ئەو یاریزانە دەدات بۆ ئەو مەبەستەش گفتوگۆی لەگەڵ دۆرتمۆند دەستپێكردبوو.

یانە ئەڵمانیەكەش رۆژی 2 شەممەی وەكو دوا وادە بۆ مان یونایتد دیاریكردبوو بۆ ئەوەی بۆندەكەی یەكلایی بكاتەوە.

دۆرتمۆند رایگەیاندبوو بە دەستپێكردنی كەمپی راهێنانی یانەكە لە سویسرا وادەی مان یونایتد كۆتایی دێت بە ئیمزا كردنی بۆند لەگەڵ سانشۆ.

هەرچەندە مان یونایتد هەوڵی زۆری دا بۆندەكە یەكلایی بكاتەوە بەڵام یانە ئەڵمانیەكە رازی نەبوو بە كەمتر لە 120 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری یاریزانەكە بێت ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بۆندەكە شكست بهێنێت.

بە گەیشتن بە سویسراش كە سانشۆ بەشێك بوو لە یاریزانە بانگهێشت كراوەكان مایكل زۆركی بەڕێوەبەری وەرزشی دۆرتمۆند بە رەسمی مانەوەی سانشۆی راگەیاند.

زۆرك بۆ كەناڵی یانەكەی وتی: سانشۆ بۆ ئەم وەرزە لە ریزەكانمان دەمێنێتەوە، ئەمە بڕیاری كۆتاییە و چی تر لەسەر ئەو بابەتە قسە ناكەین.

وتیشی: هاوینی رابردوو مووچەی سانشۆ زیادكرا بۆ ئەوەی شایەنی ئەو ئاستە بێت كە پێشكەشی دەكات و بۆندەكەشی تا 2023 نوێ كراوەتەوە.

print

 129 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*