سەرەکی » زانست » تەنها (١٠٪)ی دانیشتوانی جیهان دەستی چەپیان بەكار دەهێنن

لە رۆژی جیهانیی چەپەوانەكاندا

تەنها (١٠٪)ی دانیشتوانی جیهان دەستی چەپیان بەكار دەهێنن

كەشتیی نوح

بەپێی ئامارەكان تەنها (١٠٪)ی دانیشتوانی جیهان دەستی چەپیان بەكاردەهێنن یان چەپەوانەن و ئەمەش وایكردووە زاناكان بەردەوام لێكۆڵینەوە بكەن كە بۆچی چەپەوانەكان دەگمەنن؟
ڕۆژی (١٣)ی ئابی هەموو ساڵێك وەك ڕۆژی جیهانیی چەپەوانەكان ناسێنراوە مەبەست لەو هەنگاوە ڕێزلێنانە لەو كەسانەی لە ژیانی ڕۆژانەیاندا دەستی چەپیان بەكاردەهێنن و هۆشیاركردنەوەی مرۆڤەكانە سەبارەت بەو تایبەتمەندییانەی كەسانی چەپەوانە هەیانە.

هەرچەندە زۆربەی كەسەكان ناتوانن بە شێوەیەكی دروست ئەوە ڕونبكەنەوە كە هۆكاری ئەوە چییە هەندێك كەس دەستی چەپیان و كەسانێكی زۆرتریش لە كاری ڕۆژانەیاندا دەستی ڕاستییان بەكاردەهێنن، لەگەڵ ئەوەشدا ماوەی سەدەیەكە زاناكان لە ڕێگەی هەندێك گریمانەوە هەوڵ دەدەن هۆكارەكانی چەپەوانە بوونی ژمارەیەكی كەمی دانیشتوانی جیهان ڕاڤە بكەن.

ئەوانەی كە چەپەوانە بوون بە درێژایی مێژوو ستەمیان لێكراوە، سەرەڕای ئەوەی كە هەندێك لە گریمانەی هەڵە و بیروبۆچوونی هەڵە سەبارەت بە كەسانی چەپەوانە بەرەو نەمان چوون، بەڵام بە هۆی جیاوازییان لەگەڵ ئەوانی تر، چەند پرسیارێك سەبارەت بەم مەسەلەیە دروست بووە.

چەندین توێژینەوە لەسەرانسەری جیهاندا كراوە بۆ دۆزینەوەی هۆكارە شاردراوەكانی پشت بەكارهێنانی دەستی چەپ، هەندێك لەو توێژینەوانە شتەكە دەگەڕێننەوە بۆ شێوازی ڕێكخستنی مێشك لە هەردوو نیوەگۆی مێشكدا، بەو پێیەی نیوەی ڕاست كۆنترۆڵی بەشی چەپی جەستە دەكات و نیوەی چەپ كۆنترۆلی بەشی ڕاستی جەستە دەكات، لە كاتێكدا كەسی چەپەوانە هەمیشە پشت بە بەشی ڕاست دەبەستێت.

دەرەنجامی هەندێك لە توێژینەوەكان ئەوەی سەلماندووە كە نیوەی چەپی مێشك قسە و زمان و نووسین و لۆژیك و بیركاری و زانست كۆنترۆڵ دەكات. لەكاتێكدا بەشی ڕاستی مێشك، مۆزیك و هونەر و داهێنان و تێگەیشتن و هەست و بلیمەتیی كۆنترۆڵ دەكات، هەربۆیەش زۆربەی كات كەسانی چەپەوانە كەسانی داهێنەر و بیرمەندن.

لە ساڵی (٢٠١٦)دا ئەنجامی چەند توێژینەوەیەك دەریخستووە كە پشتبەستنی كەسێك بە دەستێكی ، نمونەیەكە كە درێژ دەبێتەوە بۆ ئەندامەكانی تری جەستە، وەك چاو و گوێیەكان، بە شێوەیەك ڕەنگە یەكێكیان زیاتر زاڵبێت بەسەر ئەوی تردا هەروەك ئەوەی لە دەست و قاچەكاندا ڕوودەدات.

هاوكات چەند توێژینەوەیەكی تر ئەوەیان دەرخستووە كە بەكارهێنانی دەستی چەپ بە هۆی بازدانێكی جینییەوەیە، ئەمەش وا دەكات كەسێك دەستی چەپی بەكار بهێنێت و ببێتە چەپەوانە.

سەرەرای ئەوەی كە بۆماوەیی ڕۆڵی گەورەی هەیە لە دەستنیشانكردنی زاڵبوونی دەستێك بەسەر ئەوی تردا و لەمبارەیەوە زاناكان ڕایان وایە كە دەیان بوهێل هەیە ڕۆڵی سەرەكی هەیە لەوەی وا بكات كەسێك ببێتە چەپەوانە، بەڵام ئەم ڕوونكردنەوەیە نەبووەتە وەڵامێكی پەسەند كراو، هەندێك لە پسپۆڕانیش پێیانوایە مناڵ وەك زۆر شتی تر لە باوانییەوە فێر دەبێت دەستی چەپی بەكاربهێنێت.

هەندێك توێژینەوەی دیكەش ئاماژە بە ئاستی هۆرمۆنی ئیسترۆجین و چۆنییەتی لەدایكبوونی مناڵ دەكەن كە ڕۆڵیان هەیە لەوەی كەسێك ببێتە چەپەوانە.

هەرچی توێژینەوە نوێیەكانیشە ئاماژە بەوە دەدەن زۆرجار ژینگە و دەوروبەریش ڕۆڵی خۆیان هەیە لەوەی كەسێك وا لێبكەن لە مناڵییەوە ڕابێت دەستی چەپی بەكار بهێنێت و ببێتە چەپەوانە.

پسپۆڕان و دەرونناسانیش پێیان وایە كە چەپەوانە بوون هیچ نەنگیی نییە و پێویست ناكات دایك و باوكان زۆر لە مناڵەكانیان بكەن بۆ ئەوەی بە دەستی ڕاستیان كارەكانیان بكەن، بەڵكو بە پێچەوانەوە هەرچەندە ڕێژەی چەپەوانەكان لە جیهاندا زۆر كەمە، بەڵام دەركەوتووە زۆربەی ئەوانەی چەپەوانەن لە بوارێكی دیاریكراودا كارامەن و تەنانەت زۆربەی كەسایەتییە دیارەكانی جیهان لەو كەسانەن كە دەستی چەپیان بەكار دەهێنن.

سەرچاوە: الرٶیە

 578 جار بینراوە