سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » لێپرسراوی مەڵبەندی هەولێر:بەرنامــــەیەكـی تایبەتمان هەیە تا بتوانین ئەركەكانمان بەرامبەر بە شــــارەكەمان جێبەجێ بكەین

لێپرسراوی مەڵبەندی هەولێر:بەرنامــــەیەكـی تایبەتمان هەیە تا بتوانین ئەركەكانمان بەرامبەر بە شــــارەكەمان جێبەجێ بكەین

دیداری: تەها عەبدوڵڵا-هەولێر

د.ڕێبوار ئیسماعیل ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی سێی هەولێری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەمیانی دیدارێكیدا لەگەڵ كوردستانی نوێ، ئاماژە بە قۆناغەكانی دوای كۆنگرەی چواری یەكێتی ‌و گۆڕانكاری و دواپێشهاتەكان، پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی و حزب و لایەنەکان دەكات، هەروەها گرنگیی هەولێر بۆ یەكێتی و بەرنامەی نوێی مەڵبەند بۆ شارەكە، دەخاتەڕوو.

لەسەرەتای دیدارەكەدا، لێپرسراوی مەڵبەندی سێ، لەبارەی سەردانی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی، بۆ هەولێر، رایگەیاند: هاتنی هاوسەرۆكی یەكێتی و وەفدی هاوڕێی بۆ هەولێر و كۆبوونەوەی لەگەڵ هەڤاڵان و چین‌وتوێژەكانی شارەكە، دەستپێكی قۆناغێكی نوێیە بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە سەردانێكی زۆر گرنگ بوو، بەجۆرێك هەموو ئۆرگانەكانی حزب كەوتنە جموجۆڵی نوێ، تەنانەت دۆست و لایەنگرانی یەكێتی سەردانەكەی هاوسەرۆك بۆ هەولێر بەگۆڕانكارییەكی گەورە دەزانن، تەنانەت جەماوەری دەرەوەی یەكێتی و حزب و لایەنەكانی دیكەش هەست بەپاڵپشتییەكی بەهێز دەكەن لە شارەكەدا، ئەوەش لەو روانگەیەوە سەرچاوەی گرتووە كە یەكێتی خۆی بەخاوەنی هەموو تاكێكی كورد دەزانێت و ئامادەیە بەرگرییان لێ بكات لەهەر جێگەیەك بن، هەر لەو چوارچێوەیەشدا رۆشنبیران و نووسەران پەیوەندییان كردووە و هیوایان لا دروست بووە كە سیاسەتی تازەی یەكێتی بەتایبەتی لەهەولێر بەو جۆرەیە دەیەوێت كێشەو قەیرانەكان چارەسەر بكرێن، پێیانوایە ئەوەی یەكێتی داوای دەكات لە ئەنجامدا خواستی لایەنەكان و زۆربەی چین‌وتوێژەكانە.

یەكێتی پەرۆشی یەكڕیزییە
هەروەها، سەبارەت بەسەردانی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی بۆ هەولێرو كۆبوونەوەی لەگەڵ پارتی و سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت، لێپرسراوی مەڵبەند، وتی: ئەو هەنگاوەی هاوسەرۆكی یەكێتی، دەرخەری پەرۆشیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە بۆ یەكڕیزیی، تا بەجددی كار بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكان ‌و چۆنێتی بەڕێوەبردنی حوكمڕانی لەهەرێمی كوردستاندا بكرێت، ئەگەریش ئەوە كرا ئەوا بەدڵنیاییەوە زەمینە دەڕەخسێت بۆ كۆبوونەوەی فراوانی لایەنەكان و هەموو كاتێكیش بۆ ئەو مەبەستە دەرگای یەكێتی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان بەبێ جیاوازی كراوەیە، بۆ ئەوەی بەڕاشكاوانە قسە لەسەر هەموو ئەو بابەتانە بكرێت كە داخوازیی خەڵكی كوردستانەو پێویستی بە چارەسەرە.

یەكێتی جیاوازی ناكات لە نێوان پارێزگاكاندا
لەدرێژەی قسەكانیدا، د.ڕێبوار ئیسماعیل، ئەوەشی خستەڕوو كە وەك یەكێتی بە هێزو توانایەكی زۆرەوە لە هەولێرین و قەتیس نەماوین لە زۆنی سەوز، یەكێتی كاركردنی رێكخراوەیی لە زۆندا بردۆتە دەرەوە، ئێستا هەموو شارەكانی هەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕاوەكان وەك یەك و بە یەك چاو سەیر دەكەین و سەركردایەتی و هاوسەرۆكان ئامادەییان لە هەموو ئەو شوێنانە دەبێت و لەنزیكەوە گوێ لە داواكارییەكانی خەڵك دەگرن بەبێ جیاوازی، كە ئەوە بڕیاری سەركردایەتییە و هەنگاوی یەكەمیش لە هەولێرەوە دەستپێكراوە‌و وەك بڕیاریش دراوە مەكتەبی رێكخراوە دیموكراتییەكان و مەكتەبی پەیوەندییەكان بەیەكجاریی بارەگای سەرەكییان بهێنرێتەوە هەولێر، هەر لەو چوارچێوەیەشدا بەشێكی مەكتەبی رێكخستن و مەكتەبی كۆمەڵایەتی هێنراوەتە هەولێر‌و سەردانەكانیش بەتایبەت بەسەركردنەوەكانی هاوسەرۆكان و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی بۆ دهۆك و زاخۆ و ناوچەكانی دیكە بەردەوامی دەبێت.

هەولێر پێگەیەكی بەهێزی هەیە لای یەكێتی
لەبارەی گرنگیی هەولێر بۆ یەكێتی و بەرنامەی نوێی بۆ شارەكە، لێپرسراوی مەڵبەندی سێ، رایگەیاند: هەولێر پایتەختە، بۆیە وەك یەكێتی بڕیارمانداوە بەبەرنامەو پلانی نوێوە بگەڕێینەوە شارەكەو هەنگاوەكانیش دەستیانپێكردووە، وتیشی: هەولێر موڵكی هەمووانە، پێگەی شارەكە لەهەموو ئاستەكاندا زۆر گرنگەو وەك یەكێتیش هەر بەو چاوەوە سەیری شارەكەمان دەكەین، هیچ كاتێكیش ئەوەمان لەبیرنەكردووە كە ئازادكردنی هەولێر لەڕاپەڕینی 1991دا لەسەر دەستی پێشمەرگەی قارەمانی یەكێتی و جەماوەرەكەمان بوو، بۆیە ئێمە بەرنامەیەكی تایبەتمان بۆ هەولێر هەیە، تاكو بتوانین ئەركەكانمان بەرامبەر هەولێرو خەڵكەكەی، كە قوربانیی زۆریان داوە، جێبەجێبكەین.

نوێبوونەوە، پێویستیی هەر حزبێكە
لەدرێژەی قسەكانیدا، لەبارەی كۆنگرەی چوارەم و هەنگاوەكانی داهاتووی یەكێتی، د.ڕێبوار، تەئكیدیكردەوە كە «بەوپێیەی نوێبوونەوە پێویستیی هەر حزبێكی سیاسییەو دەبێت بەردەوام پەیڕەوی بكات، بۆیە وەك یەكێتی هەنگاوی یەكەممان بە نوێبوونەوە دەستپێكرد، كە لەكۆنگرەی چوارەم بڕیارماندا هەموو لایەنەكانی حزب نوێبكەینەوەو بەبەرگێكی تازە دەستبەكاربین، تا بەگوێرەی سەردەم ئەركەكان جێبەجێبكەین، چونكە سەردەمەكە خێرایەو گۆڕانكاریی زۆر بەپەلە دێتەپێشەوە لەسەر ئاستی عیراق و ناوچەكە بەگشتی، بۆیە یەكێتی ئامادەییەكانی و كاركردنی بەو ئاراستەیەیە تا لە ئاستی گۆڕانكارییەكاندا بێت، بۆ ئەو مەبەستەش یەكێتی لەسەر ئەو رێبازە، كە رێبازی نوێبوونەوەیە و رێبازی سەرۆك مام جەلال-ە، توانیومانە بەرنامەیەكی سیاسی دابڕێژین، كە لەواقیعی هەرێمی كوردستان و ناوچەكەدا خۆی دەبینێتەوە، وەك بەڵێنیشمانداو بەجددی كارمان بۆ كرد، لەكۆنگرەی چوارەمەوە قۆناغێكی نوێمان هێناوەتە كایەوە‌و گەشەمان بەڕێبازی هەڤاڵ مام جەلال داوە ئەویش لەپێناوی پاراستنی دەستكەوتەكانی رابردوو، كە لەقۆناغی خەبات و تێكۆشان و حوكمڕانیدا بەدەستهێنراوە.

بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان لە كوێ بێت، لەوێ دەبین
لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا، ئەوەی دووپاتكردەوە كە دوای بەستنی كۆنگرەی چوارەم و نوێبوونەوە، یەكێتی بەرنامەیەكی وای داڕشتووە كە بەرژەوەندیی گەل لەسەرووی بەرژەوەندیی حزبەوە بێت، بەجۆرێك بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان لە كوێ بێت، یەكێتی لەوێ دەبێت، لە كوێ پێویست بكات قوربانی بدەین بۆ بەرژەوەندییەكانی خەڵك، یەكێتی ئامادەیی دەبێت، ئاشكرایە ئێمە هەڵقوڵاوی ناو خەڵكین و لەگەڵ ئێش و ئازارەكانی میللەتەكەماندا ژیاوین، بۆیە لەپێناوی خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان و پاراستنی بەرژەوەندییەكانیاندا، هەموو كات قوربانیمانداوە‌و تا دواساتی سەركەوتنیش یەكێتی لەسەر ئەو دروشمە بەردەوام دەبێت.

یەك تیمین و پشتیوانی یەكترین
لەبارەی یەكڕیزیی و تەبایی ناو یەكێتی بەتایبەت دوای كۆنگرەی چوار، لێپرسراوی مەڵبەندی سێ، ئاماژەی بەوە كرد بەدڵنیاییەوە یەكێتی یەك تیمە، ئەوەش بە ئاشكرا پێمانەوە دیارە، بەردەوام كاری سیاسی بە یەك تیمی دەكرێت، ئەگەر بمانەوێت دەستكەوتی زیاترو گەورەتر بەدەستبهێنین و بتوانین بەرەو ئامانجی زۆر گەورەتر هەنگاو بنێین، دەبێ یەك تیم بین، وەك چۆن ئێستا یەك تیمین، بۆیە ئێستا یەكێتی لەناو حزب بێت یان لە حكومەت یان فراكسیۆنەكان لە پەرلەمان و ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاكان، هەمووان پێكەوەین و پشتیوانی یەكترین و یەك تیمی بەهێزین و هەموومان هەڵقوڵاوی ناو خەبات و تێكۆشانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانین و یەك بەرنامەی كارمان هەیە، كە دواجار ئەوە بەسوودی یەكێتی و خەڵكی كوردستانیش دەشكێتەوە.

یەكێتی پەیوەندییەكانی بەرەوپێشتر دەبات
پەیوەندییەكانی یەكێتی لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و عیراق و ناوچەكەدا، تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو، لەوبارەیەوە، د.ڕێبوار، ئەوەی خستەڕوو كە یەكێتی پێداچوونەوە دەكات بەهەموو پەیوەندییەكانیدا، سەرەتاش لەناوخۆی كوردستانەوە دەستپێدەكات، دەرگای حزبیشمان كراوەیە بۆ هەموو لایەنەكان كە دەیانەوێ‌ سەردانی یەكێتی بكەن یان بە پێچەوانەوە، ئێمە دەمانەوێ یەكڕیزیی نێوماڵی كورد رێكبخەینەوە لەسەر بنەمای شەراكەتی راستەقینە، باشبوونی پەیوەندیی لایەنەكانیش كاریگەریی زۆری هەیە لەسەر شێوازی حوكمڕانی لەهەرێمی كوردستاندا، باشبوونی حوكمڕانیش رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر تەواوی خزمەتگوزارییەكان و باشتر خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان.

 439 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*