سەرەکی » دۆسێ » كۆمكاری عەرەبی بۆ عیراق: پشتیوانی جموجوڵەكانتان دەبین لە دژی توركیا

داوای دەركردنی باڵیۆزی ئەنقەرە دەكرێت لە بەغدا

كۆمكاری عەرەبی بۆ عیراق: پشتیوانی جموجوڵەكانتان دەبین لە دژی توركیا

بۆردومانەكەی ئەم دواییەی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی توركیا لە هەرێمی كوردستان، كاردانەوەی جیاجیای بەدوای خۆیدا هێنا، لەو چوارچێوەیەشدا كۆمكاریی وڵاتانی عەرەب پشتگیریی و پشتیوانی خۆی بۆ هەر جموجۆڵێكی حكومەتی عیراق دەردەبڕێت لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی دژ بە توركیا، بزوتنەوەیەكی سیاسی عیراقیش، داوای دەركردنی باڵیۆزی ئەنقەرە دەكات لە بەغدا.

كۆمكاریی عەرەبی: لەگەڵ عیراقداین دژ بە توركیا
ڕێكخراوی كۆمكاریی عەرەبی، پشتیوانی خۆی بۆ هەر جموجۆڵێك دەردەبڕێت كە لەلایەن حكومەتی عیراقییەوە لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی بگرێتەبەر بۆ ڕاگرتنی”دەستدرێژییەكانی توركیا”.
بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە لەلایەن ئەحمەد ئەبو غەیت، ئەمینداری گشتی ڕێكخراوی كۆمكاریی عەرەبییەوە بڵاوكرایەوە”بە توندی ئیدانەی بۆردومانەكانی توركیا دەكەین كە لە 11ی ئەم مانگە كرانە سەر ناوچەی سیدەكان لەسەر سنورەكانی توركیا عیراق و بونە مایەی شەهیدبوونی دوو ئەفسەر و سەربازێكی هێزە چەكدارەكانی عیراق و برینداربوونی ژمارەیەك مەدەنی بێتاوان”.
بە وتەی ئەبو غەیت”ئەو كارەی توركیا پێشێلكردنێكی ئاشكرای سەروەریی عیراق و بنەما و بەڵێننامە نێودەوڵەتییەكان و بنەمای دراوسێتییە”.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، سەرچاوەیەكی بەرپرس لە ڕێكخراوی كۆمكاریی عەرەبی ڕایگەیاند، پشتیوانی لە هەر جموجۆڵێكی حكومەتی عیراق دەكەن لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی بۆ ڕاگرتنی دەستدرێژییە سەربازییەكانی توركیا بۆسەر خاكی عیراق و لەپێناو پاراستنی سەروەریی و ئاسایش و سەقامگیریی عیراق.

داوای دەركردنی باڵیۆزكەی توركیا دەكرێت
هەر لەو چوارچێوەیەدا دوو بزوتنەی سیاسی عیراقی، هەڵوێستە فەرمییەكان لەبارەی دەستدرێژییەكانی ئەم دواییەی توركیا بۆسەر خاكی عیراق ڕەتدەكاتەوە و داوای سنوردانان بۆ توركیا و دەركردنی فاتح یەڵدز باڵیۆزی وڵاتەكە دەكەن لە بەغدا.
عادل گەرعاوی وتەبێژی بزوتنەوەی (ئەنساروڵڵای ئەوفیا)، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:”لەسەرەتاوە هۆشداریمان داوە لەبارەی مەترسی دەستدرێژییەكانی توركیا بۆسەر خاكی عیراق، وتمان دەبێتە مایەی زیادەڕۆیی كردن لە ئۆپەرۆاسیۆنە سەربازییەكان لەنێو خاكی عیراق گەر حكومەت هەڵوێستێكی ڕاستەقینە و فەرمی بۆ ڕاگرتی ئەو دەستدرێژییانە نەنوێنێت”.
بە وتەی گەرعاوی”توركیا زۆر لەوە زیاتر ڕۆیشتووە كە تەنیا لە پێگەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان بدات، بەڵكو هاتۆتە قوڵایی كوردساانی عیراق و دەستی بەسەر زەوی و ئاساماندا گرتووە، لەگەڵ ئەمەشدا هەڵوێستی عیراق تائێستاش لاواز و شەرمنانەیە”، بۆیە داوای كرد لەبەرانبەر ئەو دەستدرێژیانەدا، فاتح یەڵدز باڵیۆزی توركیا لە بەغدا دەربكرێت.
بە هەمان شێوە بزوتنەوەی (سادیقون)، بە توندی ئیدانەی هێرشەكەی توركیا دەكات كە بووە مایەی شەهیدبوونی دوو ئەفسەری عیراقی لە هێزەكانی پاسەوانی سنور لە ناحیەی سیدەكانی سەر بە پارێزگەی هەولێر.
مەحمود ڕەوبەیعی، وتەبێژی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی سادیقون لە تویتێكیدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) ڕایگەیاند”سوپای داگیركەریی توركیا تاوانێكی چەپەڵی ئەنجامدا بە كوشتنی دوو فەرماندەی سەربازیی عیراقی و شۆفێركەیان لە پاسەوانی سنور لە سیدەكانی سەر بە پارێزگەی هەولێری باكووری عیراق”.
بە وتەی ڕوبەیعی”پێویستە سنورێك بۆ ئەو سوكایەتیپێكردنی توركیا بە سەروەریی و خوێنی عیراقییەكان دابنرێت كە تائێستادا حكومەت لەبەر هۆكاریی ناڕاگەیەندراو لەسەریان بێدەنگ بووە”.
وتەبێژەكەی بزوتنەوەی (سادیقون) پێیوایە”دەستهەڵگرتن بە ئیدانەكردن و ڕسواكردنی هێرشەكان، ئاسانكاریی بۆ دوژمنكاریی زیاتر خۆشدەكات و هێندەی تر هاندان دەبێت بۆ دەستدرێژییەكان”.
هەر لە دوای بۆردومانەكەی 11ی ئەم مانگە، شانەی میدیای ئەمنی عیراقی لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند”ئیدانەی دەستدرێژییەكەی توركیا دەكەین كە لەڕێی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە ئەنجامدرا و كاروانێكی سەربازی پاسەوانی سنوری لە ناوچەی سیدەكان كردە ئامانج و بووە مایەی شەهیدبوونی فەرماندەی لیوای دووی پاسەوانی سنوری ناوچەی یەك و فەرماندەی فەوجی سێ‌/ لیوای دوو و شۆفێری ئۆتۆمبێلەكەیان.

چەكەكانی عیراق دژ بە توركیا
وەزارەتی دەرەوەی عیراق ڕایدەگەیەنێت، وڵاتەكەی چەكی زۆری بەدەستەوەیە بۆ وەڵامدانەوەی دەستدرێژییەكانی توركیا بۆسەر خاكی عیراق.
ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عیراق لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی (العراقیە)ی نیمچە فەرمی ڕایگەیاند:”عیراق چەكی زۆری بەدەستەیە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ توركیا، لەوانە بودجەی بازرگانی كە زیاترە لە 16 ملیار دۆلاری ساڵانە، دەیان كۆمپانیای توركی لە عیراقدان، وێڕای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی و قوڵایی عەرەبی كە عیراق هەیەتی”.
بە وتەی سەحاف”ئۆپەراسیۆنێكی وەك ئەو ئۆپەراسیۆنە، دەبێتە مایەی لەقكردنی سەقامگیریی لە ناوچەكە، لەگەڵ ئەوەشدا كاتێك عیراق بەشێوازێكی دیپلۆماسی لەگەڵ ئەو دوژمنكاریی و دەستدرێژیانەدا مامەڵە دەكات، مانای ئەوە نییە كە توانای چارەسەری نییە”.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عیراق، ئاماژەی بە بوونی هەماهەنگی نێوان وەزارەتی دەرەوە و سێ‌ سەرۆكایەتییەكەش كرد، سەبارەت بە دەستدرێژییەكانی ئەم دواییەی توركیا.
سەحاف دەڵێت”ئێمە جەخت لەسەر بنەما دەستورییەكان دەكەین كە نابێت خاكی عیراق بكرێتە ڕێڕەو بۆ دەستدرێژكردنە سەر وڵاتانی دراوسی، لەگەڵ ئەوەشدا ڕەتیدەكەینەوە خاكی عیراق بكرێتە شانۆ بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان “.

لە 11ی ئابی 2020، فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی توركیا هێرشێكیان لەسەر سنوری عیراق ئەنجامدا و لە ئاكامدا پێنج كەس شەهیدبوون كە چەند فەرماندەیەكی پاسەوانی سنوری عیراق لەنێوانیاندا بوو.
سەرۆكایەتی كۆماری عیراق، ئیدانەی هێرشەكەی توركیای كرد بۆسەر ناوچەی سیدەكان لە هەرێمی كوردستان و بە پێشێلكارییەكی مەترسیدار بۆسەر سەروەریی خاكی عیراق ناوی برد.

 717 جار بینراوە