سەرەکی » دۆسێ » عیراق، هەندێك لایەن سوودیان لە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا بینیوە

پسپۆڕێك باس لە رێژەی تووشبوون دەكات

عیراق، هەندێك لایەن سوودیان لە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا بینیوە

پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ لە پەرلەمانی عیراق پێیوایە سێ‌ لایەن سودییان لە ڤایرۆسی كۆرۆنا بینیوە لە عیراق، پسپۆڕێكی تەندروستی گشتیش لەگەڵ حاڵەتی پابەندنەبوونی هاووڵاتیان بە ڕێكارەكانی خۆپارێزی، 80%ی كۆمەڵگەی عیراقی تووشی پەتاكە دەبێت.

باسم خەشان پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی عیراق، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”دەركەوتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵات و كاریگەرییەكانی لەماوەی چەند مانگی ڕابردوو، بەشێوەیەكی ڕوون بەرەنجامی شۆڕشی تشرینیان لە گۆڕانكارییە شاوەڕوانكراوەكان دواخست و هاوبەشییان كرد لە هێشتنەوەی هێزە سیاسییەكان لە ڕەوشی ئێستایاندا، بۆیە دەكرێت بڵێین هەموان سودییان لە ڤایرۆسەكە بینی جگە لە گەلی عیراق”.

بە وتەی خەشان”سێ‌ لایەن سودییان لە ڤایرۆسی كۆرۆنا بنیوە كە هێزە سیاسییە دەستڕۆیشتووەكان، بەو هۆیەی پارێزگارییان لە بوونی خۆیان كردووە لەبەرانبەر گۆڕانكارییەكان، لەگەڵ گرێبەستە گەورەكان كە لەماوەی ڕابردوودا واژۆكران، وێڕای سودوەرگرتنی بازرگانانی دەرمانە خراپەكان لەڕووی ساغكردنەوەی كاڵاكانیان لە بازاڕ”.

ئەو پەرلەنتارە پێیوایە”كۆرۆنا بۆتە مایەی ڕاگرتنی زۆرێك لە چالاكییە گرنگەكان لە وڵاتدا، بە تایبەتیش حكومییەكان، چونكە ڕێژەی دەوام 25% تێناپەڕێنێت، بۆیە هاووڵاتیان زەرەرمەندی گەورەن لەم تەنگژەیەی ڕوودەدات”.
پێشتر پسپۆڕێكی لە تەندروستی گشتی، پێشبینی كردبوو 80%ی گەلی عیراق تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا ببێت، باسی لە پێویستی هەنگاونانی عیراق كردبوو بۆ گەیشتن بە قۆناغی پێكەوەژیان لەگەڵ پەتاكە.
د. هەیسەم عوبێدی ڕایگەیاندبوو”عیراقییەكان و هەموو گەلانی جیهان، گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی كە پێویستە پێكەوەژیان لەگەڵ ڤایرۆسی كۆرۆنادا بكرێت، دوای ئەوەی ماوەیەكی زۆر بەسەر قەدەغەكردنی هاتووچۆدا تێپەڕی، هەروەها ژیان ناكرێت لەمە زیاتر ڕابوەستێت”.

بە بۆچوونی ئەو پسپۆڕە”هۆكاریی بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبوون بۆ كەمكردنەوەی ڕێوشوێنەكانی قەدەغەكردنی هاتووچۆ لەكانی جەژنی قوربان و تێكەڵبوونی خەڵك لە بازاڕەكان، یان لە سەردنەكان دەگەڕێتەوە كە ڕێگەی بۆ زیاتر بڵاوبوونەوەی پەتاكە خۆشكرد”.

عوبێدی پێشبینی كرد”70-80%ی كۆمەڵگەی عیراقی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا ببێتە بەپێی چەمكی بەرگری كۆمەڵایەتی، ناشكرێت ڕەوشەكە كۆنترۆڵ بكرێت تا بەشێوەیەكی پلەبەندی تووشبوون لەنێو كۆمەڵگەدا ڕوونەدات”.

پسپۆڕەكەی تەندروستی گشتی عیراق دەڵێت”كردنەوەی مۆڵەكان و ڕێگەدان بە هاتووچۆكردن، ڕێخۆشكەرن بۆ ڕوودانی حاڵەتی پابەندنەبوونی گەورە و بە تایبەتیش لەنێو توێژی لاوان كە زەمینەسازی بۆ تووشبوونی ملیۆنی خۆش دەكەن، ئەمەش عیراقییەكان دەخاتە ڕەوشێكی قورسەوە، چونكە دامەزراوەی تەندروستی لەو دەمەدا توانی لەخۆگرتنی ئەو ژمارە گەورەیەی نامێنێت”.

سەبارەت بە داواكارییەكانی هەڵگرتنی هەردوو شێوازیی قەدەغەكردنی هاتووچۆ، عوبێدی وتی”لەوبڕوایەداین پێكەوەژیان پێویستە هاوشان بێت لەگەڵ سەپاندنی ڕێكاریی توند كە هاووڵاتیان پابەند بكات بە خۆپاراستن و سەپاندنی سزای دارایی بەسەر سەرپێچیكاران، بۆ خۆلادان لە تۆماركردنی ژمارەیەكی گەورەی تووشبوان، بەركەوتن لەگەڵ ڤایرۆسەكەدا چەند زیاتر بێت، هێندە تووشبوو كاریگەریی لەسەر دروستدەبێت، بۆیە جەخت لەسەر پێویستی بەستنی كەمامە و سەپاندنی لە شەقامەكان و فەرمانگە و شوێنەكانی كار دەكەینەوە”.

د. هەیسەم عوبێدی ئاماژەی بە دەنگۆی تەوژمی دووەمی كۆرۆناش كرد كە بە وتەی ئەو”ڕوودانی جێگیر نییە، گەر ڕووشبدات لە عیراق، ئەوا 25%ی گەل كاریگەر نابێت بە پەتاكە، چونكە تووشبووە و لە ماوەی 6 مانگی ئەم ساڵدا بەرگری وەرگرتووە، گەر ڕووبدات، ئەوا نیشانەكانی جیاوازدەبن لەوەی لەئێستادا هەیە”.

لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتاكە، تائێستا زیاتر لە 170 هەزار كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون لە عیراق، لەو ژمارەیەش نزیكەی شەش هەزار كەس كیانیانلەدەستداوە و نزیكەی 116 هەزار كەسیش پەتاكەیان پەڕاندووە و چاكبوونەتەوە، ئەمەش بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی عیراق.

 619 جار بینراوە