سەرەکی » وتار » عه‌بدوڵڵا عه‌باس » ئەفسانەی ژینگەی خاوێن و خەونی بەختەوەری

ئەفسانەی ژینگەی خاوێن و خەونی بەختەوەری

عەبدوڵڵا عەباس

وەک قەدیمیەکانمان دەڵێن : تەبعی ئینسانە، ئەگەر بێکاری و دەست بەتاڵی لەژیانی رۆژانەیدا درێژەی کێشا مەرج نییە لەو حاڵەتەدا ژمارەی ئەوانە زۆربەبن، کە دەست بەتاڵیەکەی بیگەنێتە ئیختیاری (شەر لە بەتاڵی باشترە ..!).

مەسەلەی دابەشبوونی مرۆڤ لە ململانێی بەینی خێروشەڕدا لەو راستی یە سەلماوانەیە خۆێنەوار و نەخوێنەوار لەسەرەتای چاوکردنەوەیان بۆ ناسینی ژینگەی خۆیان و دەوروبەریان پێی ئاشنا دەبن، پێویستمان بەھەڵدانەوەی زۆر لاپەرە و سەرچاوە نییە بۆ سەلماندنی ئەم راستییە ئەزەلیە لە تەبیعەتی مرۆڤدا، لێرەوە ئەگەر بووترێ ململانێی بەینی خێرو شەر لەژیانی مرۆڤایەتیدا دەکرێ بخرێتە خانەی ئەو پەندە میژووییەوە ئاراستەی مرۆڤ کراوەو دەڵێ (لەوانەیە بەخێر بگەرێتەوە بۆتان….) و ئەم ئاراستەیە یەکێک بێ لە نیشانەکانی ئیدامەی ژیان و…..دەست بەرنەدانی ھەردوو جۆرەکەی ئینسان (خێرخوازوو پێچەوەانەکەی ..!) لەو ململانێیەی لەگەڵ وجوودی لەسەر گۆی زەوی دەستی پێکردووە .

لەورد بوونەوەی بێلایەنانە (ئەگەر بگونجێ ئەم ناوە لە کارەکە بنرێ)،دیاردەی سەرنج راکێش لە ململانێیەکەدا (بەینی خێرو شەڕ) ، ھەردوولایەنەکە لەناو ھەوادارانی خۆیاندا، مەحاڵە خۆیان بەلایەنی شەڕ بزانن ، بەڵام ئەوەش راستە کە ئەوەی راستی وەسفی ھەرلایەنێکیان ساغ دەکاتەوە، بەری کردارەکانیانە .

خوێندنەوەی کلتوری ئینسانی، لەبەرەبەیانی مێژووە وە، پڕیەتی لەداستانی ئەو ململانێیەی نێوان خێروو شەڕ، دیاردەی سەرنجراکێش کە شارەزایان ھان ئەدا لەسەری بووەستن و ساغی دەکاتەوە کام لایان راستگۆن لەوەی ئاراستەکانیان لە سوودی بەختەوەری ئینسانە، لەوەدا دەرئەکەوێ بەرەی ئینسانی خێرخواز داستانەکانیان بە رۆمانسی ھۆنیوەتەوە،لەھەر قۆناغێکی میژوودا رویاندابێ، لەقۆناغەکانی دواییدا بەدرێژایی قۆناغەکانی ھاندەری ھەڵبژاردنی خێرخوازی بووە لە رەوتی ژیانی ئینسانیدا و لەم سەردەمی عیلمانیەت و زانست و زانیاری و ھەوڵی مرۆڤ بۆ زیاتر قوڵ بوونەوە لە ماناکانی وجوود لەلایەنی ماددی و رۆحیەوە، لە پاڵیا بەرھەمی ھونەریی داھێنەرانە بە ئاراستەی وروژاندنی ھەستی ئینسانی بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە ماناکانی وجوودی ژینگەی سروشتی جوان وەک وەسیلەی جێ متمانە بۆ بەربڵاوکردنی کاری خێرو چاکەو بنیاتنەرانە لە رەوتی ژیانی مرۆڤایەتیداو لەم لایەنەوە، وەک زەمانی داستانەکانی ھەزارو یەک شەوە، ململانێی خێرو شەر بۆ پاراستنی ژینگەی سرۆشتی پاک و جوان رۆحی ئینسان تیایدا ئارم بێ ، ئاسۆی ھەڵبژاردەی داھێنانە لای ئینسانی ئەم عەسرەش لە تاو و توێ و ئەنجاما ھەمان ئەفسانەکانی کۆنن بالەبەرگی سەردەمیشدا بێ..!

کۆی ئەم روانینە بۆ پەیەیوەندی خەڵک بەیەکەوە و کاریگەریی بایەخدان بە (جوانی و زیندویی) ئەو ژینگەیەی ئینسان تیایدا ھەڵسوکەوت دەکات، کراوە بە فیلمی سینەمایی بەناونیشانێکی جێی سەرنج (ململانێی چینایەتی بەکۆتایی دنیاش …کۆتایی نایەت)و چیرۆکی وێلیی ئینسان دەگێڕێتەوە بۆ دۆزینەوەی نھێنیەکانی وجوودی خۆی و ئیختیاری ژینگەیەکی پارێزراو، خەونەکانی وەک حەزدەکات تیا بەدیبێت و دەروونی بەختیار بێ…!

فیلمەکە لە ریزی فیلمەکانی (خەیاڵی زانستی)دا و لەچوارچێوەیەکی کۆمیدی و درامیدا نمایش دەکرێ و لەبەرھەمی ساڵی ٢٠١٧ ی سینەمای ئەمەریکی یە و بۆیەکەمجار لە میھرەجانی (سینەمای نێو دەوڵەتی – ڤینیسیا ئابی ٢٠١٧) نمایشکرا و ناوەرۆکەکەی لە چوارچێوەیەکی کۆمیدیدا باس لە مەترسی ئینسان دەکات لەسەر ژینگەو کاریگەری لەسەر سروشت و ئەو شتە جوانانەی لەبنەڕەتدا دەبێ وجوودیان مایەی بەختەوەری ئینسان بێ لەسەر ئەرز .

تەشەنەکردنی ئەو مەترسیانە، زانایەکی نەرویجی ھان دەدات چارەیەکی ئەفساناوی دابێنێ، کە بریتییە لە بچووککردنەوەیەکی وردەکارییانەی قەوارەی جەستەی ئینسان و یەکەمجار تاقیکردنەوەکە لەسەر خۆی و ھاوسەرەکەی دەکات ..! دوایی دەستەیەک خۆبەخش دەچنەپاڵی و ھەموویان روو لە ناوچەیەکی ژینگە پاکی گونجاو لەگەڵ قەوارەی جەستەی خۆیان دەکەن و ھەندێ ئاژەڵی گونجاو لەگەڵ ئەو قەوارەیەی خۆیاندا دەبەن و دەست دەکەن بەکاری چاندن و بۆ ماوەی چوارساڵ بەو شێوەیەی نەخشەیان بۆ داناوە ژیان بەسەر دەبەن ..! دوای ئەوە زاناکە داھێنانەکەی بۆ دنیا ئاشکرا دەکات خەڵکێکی زۆر بەلایانەوە باش دەبێ و رازی دەبن داھێنانەکەیان و بەلایانەوە چاکترین ھەڵبژاردە ئەبێ بۆ پاراستنی ژینگە و ئەو ئەرزو ئاوەی خێروبیری ژیانیان بۆ دابێن دەکات، دێن و خۆیان بچوک دەکەنەوە و ژیانێکی نموونەیی بەپێی ئەو وەزعەیان دەژین ، لوتکەی درامی ئەم ئەفسانەیە لێرەوە دەست پێ دەکات کاتێ ژمارەیەک خەڵکی چاوچنۆک روو لە چوونە ناو تاقیکرنەوەکە لە گۆشەیەکی دی ئەسڵی پرۆژەکەی زاناکە دەکەن ..! بەولایەنەدا بیرئەکەنەوە کەخۆیان بچوک دەکەنەوە خەرجی و تیچووی ژیانیان کەم ئەبێتەوە و ئەشتوانن رەنجی پاشەکەوتکردنی سەروەت و سامانیان بەرێگەیەکی ئاسانتردا بڕوات …!

ئەوانە کە دەچنەناو کۆمەڵە بچوککراوەکان (کورتە باڵا) کان ..! غەمی یەکەمیان حسابکردنی سەروەت و سامان دەبێ بە بەراوردی بەینی ئەو وەختەی قەوارەیان گەورەیی ئاسایی بوو لەگەڵ ھەموو ئەوانەدا، دوایی بچوکبوونەوەی قەوارەیان ..! لەناو ئەوانەی لە ئۆردوگای کورتە باڵاکاندا ئەژین پیاوێک ھەڵدەکەوێ کە ناکۆکیی لەگەڵ ھاوسەرکەیدا وادەکات لەیەک جیاببنەوە تەنیایی ھانی ئەدات روو لە تاقیکردنەوەی خۆ بچوککردنەوە بکات و کە دەچێتە ئەو کۆمەڵەوە و پەیوەندی لەگەڵ خەڵک فراوان دەکات و لە پەیوەندی لەگەڵ ئافرەتانی کورتە باڵا ھانی دەدات پەنا بۆ کاری نا شەرعی بەرێ بۆ پارە پەیداکردن دەبێتە پێشڕەوی بڵاوبوونەوەی گەندەڵی لە بازاری کڕین و فرۆشتن و …ھتد ..، ھەتا ململانێکە خەست دەبێتەوەو ئۆردوگای کۆمەڵە ئارامەکەی کورتە باڵاکان بەوەتێک دەچێت دەستەی زۆر ھەژارو دەستەی ورگنی گەندەڵی خاوەن سامان پەیدا دەبێ و ململانێی چینایەتی لەوێش دەبێتە دەلاقەی بەرەو لەبار بردنی خەیاڵی ئەو زانایەی بەنیازی (بەختەوەری و ئارام)قەوارەی خۆی و باوەڕبووەکانی بە فیکرەکەی بچوک کردەوە

دوا وێستگە:
تۆڵستۆی دەڵێت: «یەکێک لە ھەرە مەرجە گرنگەکانی بەختیاری ئەوەیە پەیوەندی ئینسان لەگەڵ سروشتا نەشکێ»

 660 جار بینراوە