سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » سەرۆكی ئەمریكا: كۆسۆڤۆ هەمان هەنگاوی ئیمارات دەنێت بەرەو ئیسرائیل

سەرۆكی ئەمریكا: كۆسۆڤۆ هەمان هەنگاوی ئیمارات دەنێت بەرەو ئیسرائیل

هەوڵەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئیدارەكەی بەردەوامن بۆ رازیكردنی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی، تاكو هەمان هەنگاوی ئیمارات بنێن بە مەبەستی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل. هەینی رابردووش ترەمپ بڕیاری وڵاتێكی دیكەی ئیسلامی راگەیاند، بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل. دووپاتیشیكردەوە، كە وڵاتانی تری عەرەبی و ئیسلامیش دەیانەوێت هەمان هەنگاو بنێن.

ترەمپ: رۆژێكی دیكەی مەزن
لە تویتێكدا لە تویتەر، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند: رۆژێكی دیكەی مەزن بۆ ئاشتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. وتیشی: كۆسۆڤۆ كە زۆرینەی دانیشتووانەكەی ئیسلامن، بڕیاریداوە بە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل، بەمنزیكانەش وڵاتانی دیكەی عەرەبی و ئیسلامی بەو ئاراستەیە هەنگاو دەنێن.

راگەیاندنەكەی ترەمپ دوای نزیكەی سێ هەفتە دێت لە رێكەوتنی ئاشتی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل، كە لە دوای میسر و ئوردن-ەوە، بووە سێیەم وڵاتی عەرەبی بۆ ئیمزاكردنی رێكەوتننامەی ئاشتی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا.

ژمارەیەك وڵاتی تری ناوچەكە
هەفتەی رابردووش، جارید كوشنەر زاوا و گەورە راوێژكاری سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند: ژمارەیەك وڵاتی تری ناوچەكە، لە هەوڵدان هەنگاوەكەی ئیمارات بگرنەبەر و پەیماننامەی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل ئیمزا بكەن. بۆ ئەو مەبەستەش گفتوگۆمان لەگەڵ ژمارەیەك وڵاتی دیكەدا كردووە تاكو پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بكەنەوە و پەیماننامەی ئاشتی لەگەڵیدا ببەستن، وتیشی: زۆربەی ئەو وڵاتانە چاویان لەو هەنگاوەی ئیماراتە، بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل.

بۆ وڵاتانی تریش گرنگە
كوشنەر روونیكردەوە: ئەو وڵاتانە چاویان لە ئایندەی گەلەكانیانە و پشت دەكەنە رابردوو، داواش دەكەن كە ئاسایش و پێشكەوتن و پەیوەندیی بەردەوامی زیاتر لە ناوچەی رۆژهەڵات بێتە ئاراوە، هاوكات گەلانی ناوچەكەش دەخوازن ئاسایش و پێشكەوتنی زیاتر لە ناوچەكەیان بەدیبێت.

كوشنەر لە بەشێكی تری وتەكانیدا، رایگەیاند: لە نێوخۆی ئیماراتدا، پەیماننامەكە دەنگدانەوەیەكی ئەرێنی هەبووە و ئەم هەنگاوە بۆ وڵاتانی تریش گرنگە، بۆیە دەست بە كاركردن كراوە و ژمارەیەك رێكەوتن ئیمزا دەكرێن. وتیشی: وتوێژمانكردووە سەبارەت بە كردنەوەی ئەژماری بانكی لە نێوان هەردوو وڵاتی ئیمارات و ئیسرائیل، هەروەك گفتوگۆمان كردووە لەسەر رەخساندنی هەلی گەشتكردن و سەردانی شوێنە ئایینییەكان، هەروەها دۆناڵد ترەمپ پەیماننامەی ئاشتی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل بە گەورەترین دەستكەوت دادەنێت، كە بەمدواییە لە ناوچەكەدا هاتبێتەدی.

باشتركردنی دۆخی ژیانی فەلەستنییەكان
دەربارەی كێشەی فەلەستین، كوشنەر جەختیكردەوە، كە پێویستە جیاكاری لە نێوان سەركردەكان و گەلی فەلەستیندا بكرێت، لەوبارەیەشەوە سەرۆكی ئەمریكا بەڵێننامەی ئاشتی پێشكەشی هەردوو لایەنی فەلەستین و ئیسرائیل كردووە و پێویستە لەو رووەوە سەركردەكانی فەلەستین بڕیاری یەكلاكەرەوە بدەن، هەروەها ترەمپ و بەرپرسانی ئیمارات گفتوگۆیان لەسەر باشتركردنی دۆخی ژیانی فەلەستنییەكان كردووە.

سعودیە ئاسمانی وڵاتەكەی واڵا كرد
هەر هەفتەی رابردوو، عەرەبستانی سعودی داوایەكی بەرپرسانی ئیماراتی پەسەند كرد، بۆ بەكارهێنانی ئاسمانی وڵاتەکەی لەلایەن ئەو فڕۆكانەی گەشت بۆ ئەبو زەبی دەكەن و بە پێچەوانەشەوە.

سەرچاوەیەكیش لە دەستەی هێڵی ئاسمانیی شارستانیی سعودیە رایگەیاند: ریاز رەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر بەكارهێنانی ئاسمانی وڵاتەكەی لەلایەن فڕۆكەكانی سەرجەم وڵاتان، كە دەچنە ئیمارات یان لەوێوە بۆ وڵاتانی جیهان گەشت دەكەن.
هەفتەی رابردووتریش، فڕۆكەیەكی بۆینگی سەر بە كۆمپانیای ئەلعال-ی ئیسرائیلی، كە وەفدێكی باڵای ئیسرائیل و ئەمریكای بەرەو ئەبو زەبی گواستەوە، بەسەر ئاسمانی سعودیەدا تێپەڕبوو.

سەرچاوە، ئاژانسەكان

 167 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*