سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » ناڤاڵنی كێشە دەخاتە نێوان بەرلین و مۆسكۆوە

ناڤاڵنی كێشە دەخاتە نێوان بەرلین و مۆسكۆوە

دوو هەفتە لەمەوبەر، ئەلێكسی ناڤاڵنی سەركردەی دیار و بەرهەڵستكاری روسی گەیەنرایە ئەڵمانیا و لەوێ خرایە ژێر چاودێری وردی پزیشكییەوە.

چەند رۆژێک لەمەوبەریش، حكومەتی ئەڵمانیا ئەنجامی پشكنینەكانی ئەو سەركردەیەی ئۆپۆزسیۆنی روسیای بڵاوكردەوە و دكتۆرەكان ئاشكرایانكرد، كە ناوبراو بە پێكهاتەیەكی كیمیایی ژەهرخوارد كراوە. ئێستا ئەو كەیسە بۆتە باسێكی گەرمی نێوەندی سیاسی و میدیا و كێشەی خستۆتە نێوان ئەڵمانیا و روسیاوە.

لەو رووەوەشەوە، باڵیۆزی روسیا لە بەرلین بانگهێشتكراوە بۆ روونكردنەوەی ئەو پرسە و ئەنجێلا مێرکل-یش بەیاننامەیەكی توندی دەركردووە و تیایدا ئیدانەی ئەو كارەی كردووە و وتی: تەنها روسیا دەتوانێت وەڵامی پرسی ژەهرخواردكردنی سەركردەی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەكەی بداتەوە. شتێفان زایبەرت وتەبێژی حكومەتەكەشی لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: ژەهرخواركردنی ناڤاڵنی بۆتە حەقیقەت و لەخۆڕا ئەو قسەیە دەرنابڕدرێت، هەروەها ئەمە پرسێك نییە لە نێوان روسیا و ئەڵمانیا ساغبكرێتەوە، بەڵكو دەبێت لەلایەن ناتۆ و یەكێتیی ئەوروپاوە بەدواداچوونی بۆ بكرێ و سزاكان لەلایەن ئەوانەوە بسەپێنرێن.

لەوانەیە سزای روسیا بدەن
لای خۆشیەوە، هایكۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا كە وڵاتەكەی ئێستا سەرۆكایەتیی یەكێتیی ئەوروپا دەكات، بۆ رۆژنامەی بێكد ئەم زحنتاك رایگەیاندووە، كە ئەگەر لە رۆژانی داهاتوودا مۆسكۆ ئەستۆپاكی خۆی لەو مەسەلەیە نەسەلمێنێت، ئەوا حكومەتی بەرلین لەگەڵ هاوكارەكانی لە یەكێتیی ئەوروپا، بیر لە سزادانی دەكەنەوە.

ئاشكراشیكردووە: هەمان ئەو مادە ژەهراوییەی كە پێشتر و ساڵی پار لە دژی سیرڤگی سكریبال بەكارهاتووە، لە دژی ناڤاڵنیش بەكارهێنراوە و هەوڵی كوشتنیان دراوە.

روسیا رەتیدەكاتەوە
لە بەرامبەردا، حكومەتی روسیا ئەو تۆمەتانەی رەتكردۆتەوە كە گوایە دەستیان هەبووە لە ژەهرخواردكردنەكەدا، تەبێژی حكومەت وتی: ئەڵمانیا هیچی لەبارەی ئەنجامی پشكنینەكانەوە بە ئێمە رانەگەیاندووە، وەكو روسیاش لەم دۆسێیەدا ئامادەی هەموو جۆە هاوكارییەكین لەگەڵ ئەڵمانیا. سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا داوای لە ئەڵمانیا كردووە، تاكو جۆری ئەو مادەیە دیاری بكەن كە بۆتە هۆی ژەهراویبوونی ئەلێكسی ناڤاڵنی سەرۆكی ئۆپۆزسیۆنی روسیا لە سیبیریا. وتیشی: پزیشكەكانی ئێمە دەڵێن نەخۆشكەوتنەكەی پەیوەندیی بە هیچ جۆرە ژەهرێكەوە نییە، بەڵام وتەی پزیشكانی ئەڵمانیا بە پێچەوانەوەیە، بۆیە داوا لە ئەڵمانیا دەكەین كە مەسەلەكەمان بۆ روون بكاتەوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە: ئەوان بە دووری نازانن ئەو تۆمەتباركردنەی روسیا لەلایەن ئەڵمانیاوە، پلانێكی داڕێژراو و سیناریۆیەكی دروستكراو بێت لە دژی وڵاتەكەی.

لای خۆیەوە، حكومەتی ئەڵمانیا كەیسەكەی رادەستی یەكێتیی ئەوروپا و ناتۆ كردووە، تا رێكارەكان بگرنەئەستۆ و یەكێتییەكە داوای لە روسیا كردووە تاكو هاوكاریی بكات بۆ بەڕێوەبردنی لێكۆڵینەوەیەكی نێودەوڵەتی. نوێنەری باڵای یەكێتیەكە بە ناوی هەر 27 وڵاتە ئەندامەكەوە رایگەیاندووە، كە ئەگەر روسیا دەستی لەو ژەهردەرخواردانەدا هەبێت، ئەوان سزای ئابووری بەسەردا دەسەپێنن.

تەنگژەیەكی تازە
ئێستا ئەو كەیسە كەلێنێكی خستۆتە نێوان پەیوەندییەكانی بەرلین لەگەڵ مۆسكۆدا، لە كاتێكدا كە بەرژەوەندیی باڵا لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا هەیە و ئەڵمانیا سەركردایەتیی بلۆكی ئەوروپا دەكا و روسیاش یەكێكە لە زلهێزەكان و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و سەرتاسەری دونیا هەژموونی خۆی هەیە و بە یەكێك لە نەیارەكانی هاوپەیمانی ناتۆ سەیر دەكرێ، بۆیە لە كاتێكدا مەسەلەكە رووبەڕووی ناتۆ و یەكێتیی ئەوروپا دەكرێتەوە، مەسەلەكە هەستیارتر دەبێت و لەوانەیە ببێتە قەیرانێكی دیكە بەسەر ئەو قەیرانانەی تر كە بەرۆكی دونیای گرتووە.

ئەوە یەكەمجار نییە
ئەلیكسای ناڤاڵنی تەمەنی 44 ساڵە و سەرۆكی پارتی روسیای ئایندەیە. پارتەكەی بەرهەڵستكاری حكومەتی مۆسكۆیە و یەكێكە لە كەسایەتییە كاراكانی ئۆپۆزسیۆن و بەرهەڵستكاری گەندەڵی لە وڵاتەكەی. بەهۆی كار و چالاكییەكانییەوە، ساڵی رابردووش لە روسیا دەستگیركرا و دوای ئەوەی لە زیندان نەخۆشكەوت، رایگەیاند، كە لەلایەن حكومەتەوە ژەهرخوارد كراوە، بەڵام دوایی چاكبۆوە.

لە كۆتایی مانگی ئابی رابردوودا لە كاتی گەشتێكی ناوخۆییدا، لە نێو فڕۆكە نەخۆشكەوت و گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەیەكی هەرێمی سیبیریا و بە مەبەستی چارەسەركردنیشی، ئەڵمانیا گواستییەوە بۆ نەخۆشخانەی شاریتەی بەرلین و ئێستا باری تەندروستیی جێگیر نییە.

سەرچاوە: ئاژانسەكان

print

 121 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*