سەرەکی » ئاراستە » سەرهەڵدانی داعش لە عیراق

بیره‌وه‌ریی شه‌ڕی دژی داعش

سەرهەڵدانی داعش لە عیراق

وه‌ستا ره‌سوڵ

ئه‌م زنجیره‌ نووسینه‌ كه‌ له‌ رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ دا بڵاوده‌بێته‌وه‌، له‌ بنه‌ڕه‌تدا پڕۆژه‌ی كتێبێكه‌ تایبه‌ت به‌ بیره‌وه‌رییه‌كانی خۆم له‌ شه‌ڕی دژی داعشدا.

به‌ پێویستی ده‌زانم داوای لێبووردن بكه‌م له‌ ئه‌گه‌ری بیرچوونی رووداوێك، یاخود هه‌رشتێكی تایبه‌ت به‌و باسه‌، بۆیه‌ داواكارم له‌ هه‌ڤاڵان و هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی لەم رووه‌وه‌ هه‌ر سه‌رنج و بیرهێنانه‌وه‌و پێشنیازێكیان له‌لا گه‌ڵاڵه‌ بوو، بۆم بنێرن تاكو له‌ كتێبه‌كه‌دا جێگه‌ی بكه‌مه‌وه‌.

(4)

یەکەم کۆبوونەوەی‌ میحوەر
لە (22ی‌ حوزەیرانی‌ 2014). یەکەم کۆبوونەوەی‌ فەرماندەی‌ لیواکانی‌ سنوورەکەمان ئەنجامدا، کە نوێنەری‌ پێشمەرگە دێرینەکان هەڤاڵ ئەحمەد کرێکار و پۆڵا تەکیەیی نوێنەری‌ پۆلیسی‌ کەرکوک لەو کۆبوونەوەیە ئامادەبوون، کۆبوونەوەکەش لەبارەگای‌ میحوەر لە تازە بەڕێوە چوو، تەنها عەمید شێرکۆ فەرماندەی‌ لیوای‌ یەک ئامادە نەبوو.

لە کۆبوونەوەکە ئەم بڕیارانە درا:
1 ـ سنووری‌ ئەرکی‌ لیواکان بە کیلۆمەتر دیاری بکرێت.

2 ـ سەنگەرسازی‌ بە درێژی‌ بەرەی‌ شەڕ دروستبکرێت.

3 ـ داوا لە هەڤاڵ ئاسۆ مامەند بکرێت بۆ سەنگەرسازی‌ سەنگەرەکانمان داوا لە حکومەت بکات ئامێری‌، وەکو: شۆفڵ، حەفارەمان بۆ دابین بکەن.

لە کاتی‌ کۆبوونەوەکاندا کاروانی‌ ئۆتۆمبیلەکانی‌ وەزیری‌ پێشمەرگە لەتازەوە تێپەڕی‌، بەداخەوە لەوکاتەدا ڕووداوێکی‌ زۆر ناخۆش ڕوویدا، کە تەقەکردن لە نێوان هێزەکانی‌ پێشمەرگەو چەکدارە شیعەکاندا ڕوویدا، عەمید مەریوان بە هێزێکەوە چووە مەیدانی‌ ڕووداوەکەو کۆنترۆڵی‌ بارودۆخەکەی‌ کرد کە لەو پەری‌ ئاڵۆزیدا بوو، لەو کاتەدا هەڤاڵان شێخ جەعفەر و لیوا حوسێن مەنسور هاتنەلام، نوێنەری‌ مەڵبەند هەڤاڵ خالید شوانی‌ و نوێنەری‌ شیعەکان وەکو لیژنەیەک دیاریکران بۆ لێکۆلینەوە لە رووداوەکە.

چەکدارێکی‌ شیعەکان لە ڕووداوەکەدا کوژرابوو، لەو کاتەدا چەندین رۆژنامەیەکی‌ بەناوبانگی‌ جیهانی‌ لەوێ بوون، ئەوەبوو لێدوانم بۆیاندا کە کێشەکە ڕووداوێکی‌ هەڵەبووە و پەیوەندی‌ بە کاری‌ تیرۆرستییەوە نیەو چارەسەردەکرێت .

بۆ رۆژی‌ دواتر کەناڵی‌ (BBC) هاتنەبەرەی‌ جەنگ، چاوپێکەوتنەکانی‌ ئەو رۆژانە بۆ ئەوەبوو کە زیاتر باسی‌ زوڵمی‌ داعش بکەن لە گوندی‌ بەشیر، چونکە خەڵکی‌ بێتاوانی‌ لەگوندەکە کووشتبوو، کە 30 کەس دەبوون لەناویاندا ژن و منداڵ هەبوون.

ئەمە یەکەم رووداوبوو لەگەڵ شیعەکانی‌ دانیشتووی‌ سنووری‌ ناحیەی‌ تازە و گوندی‌ بەشیر ڕووبدات. تاکۆتایی شەڕەکان لەگەڵ خەڵکی‌ ئەو سنوورە وەک برا دەژیان . هەموو هێزی‌ تورکمانە شیعەکان خرانە ژێر فەرمانی ئێمەوە.

کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆکی‌ هەرێم
لە (25ی‌ حوزەیران 2014) فەریق جەبار یاوەر بە تەلەفۆن ئاگاداری‌ کردمەوە کە ڕۆژی‌ (26ی‌ حوزەیران) لەپیرمام کۆبوونەوەمان لەگەڵ کاک مەسعود هەیە. کە بروسکەکەم بینی‌ تەنها ناوی‌ 8 بەرپرسی‌ میحوەرەکەی‌ هەموو کوردستانی‌ تێدابوو، بە تەلەفۆن پەیوەندیم بە عەمید شێرکۆوە کرد کە دیارە باشوری‌ کەرکوک یەک میحوەرەو ناوی‌ تۆ لە بروسکەکەدا نییە. سەرەتا باوەڕی‌ نەکرد، وتم: وەرە بۆ هێڵی‌ شەمەنەفەرەکە بۆلای‌ عەمید ڕوکن مەریوان. با کۆبوونەوەیەک بکەین و ڕاپۆرتێک ئامادەبکەین.

شەوەکەی‌ بەندەو عەمید ڕوکن مەریوان و عەمید شێرکۆ لەبارەگای‌ هێزەکانی‌ پشتیوانی‌ دوو دانیشتین، ڕاپۆرتێکمان لەسەر سەنگەرەکان ئامادەکرد کە میحوەری‌ باشووری‌ کەرکوک لە مەلاعەبدوڵڵاوە تا داقوقە. سەرەڕای‌ ئەوەی‌ کاک شێرکۆ پێی خۆش نەبوو وەکو فەرماندەی‌ میحوەر دانەنرابوو، بەڵام لەبەر بەرژەوەندی‌ هێزەکان لە کەرکوک ڕازی‌ بوو کە ئەو جێگری‌ میحوەربێت، گرنگ ئەوەیە کاروباری‌ شەڕگەکە بەسەرکەوتوویی‌ بەڕێوەبچێت پاش نیوەرۆی‌ (26ی‌ حوزەیرانی‌ 2014). یەکەم کۆبوونەوەی‌ لێپرسراوی‌ میحوەرەکان بە ئامادەبوونی‌ سەرۆکی‌ حکومەت و جێگرەکەی‌ و وەزیری‌ پێشمەرگە سەید مستەفای‌ سەید قادر، کە تازە دەستبەکاربوو لە وەزارەتی‌ پێشمەرگە، هەڤاڵان شێخ جەعفەر و زعیم عەلی‌ و مەسرور بارزانی‌ و لێپرسراوی‌ یەکەکانی‌ هەشتا ئامادەبوون. لەگەڵ لێپرسراوی‌ میحوەرەکان کە هەشت هەڤاڵ بووین.

پاش قسەکانی‌ کاک مەسعود بارزانی‌، لە میحوەری‌ یەکەوە، تا میحوەری‌ هەشت ڕاپۆرتی‌ خۆمان لەسەر بەرەکانی‌ جەنگ و کەم وکوڕی‌ و پێداویستییەکانی‌ هێزی‌ پێشمەرگە خوێندەوە، ئەم بەرێزانە بە لێپرسراوی‌ میحوەرەکان دانران، لەو کۆبوونەوەیە وەکو لێپرسراوی‌ محوەرەکان ڕاپۆرتیان خوێندەوە.

1-مستەفا چاو رەش بۆ میحوەری‌ یەک.

2-مەردان چاوشین بۆ میحوەری‌ دوو.

3-عەبدولڵا بۆر بۆ میحوەری‌ سێ.

4-وەستا رەسوڵ بۆ میحوەری‌ چوار.
5-ئەنوەر حاجی عوسمان بۆ میحوەری‌ پێنج.

6-عومەرعوسمان بۆ میحوەری‌ شەش.

7-عزیز وەیس بۆ میحوەری‌ حەوت

8-شیخ علۆ بۆ میحوەری‌ هەشت.

ئەمە جێگیر كرا كە كوردستان كراوەتە هەشت میحوەرەوە. لەگەڵ ئەوەی‌ من زۆرم پێخۆش بوو عمید شیركۆ فاتیح وەكوو لیێپرسراوی‌ مەكتەب خالید دیاری‌ بكرێت ئەمەش ئەركی‌ لەسەر شانی‌ من زۆر سووك دەكرد. بۆ ئەم مەبەستە داوامان لەوەزارەتی‌ پێشمەرگە كرد بەڵام رازی نەبوون .

هێرشی‌ تورکمانەکان بۆ گرتنەوەی‌ گوندی‌ بەشیر
لە (29ی‌ حوزەیرانی‌ 2014) چەند فەرماندەیەکی‌ هێزە شیعەکان بە یاوەری‌ دوو ڕاوێژکاری‌ ئیرانی‌ هاتنە لامان، وتیان: ئەمانەوێ ئەمشەو لە گوندەکانی‌ (شەمسیە و مەرعیە و بەشیر) هێرش بکەینە سەر دوژمن. لەسەر نەخشەیەک چۆنیەتی‌ هێرشەکەیان لەگەڵ من باسکرد منیش هەندێ تێبینیم لەسەر نەخشەکەیان خستەڕوو، وتیان: حیسابمان لەسەر ئەوانە کردووە، وتم: چی‌ لە سەر ئێمەیە بیکەین؟ وتیان: بەهێزەکانتان بڵێن رێگامان بدەن دەچینە پێشەوەی‌ شەڕگەکەتان، وتم: ئێمە ڕێگاتان دەدەین، بەڵام لە هێرشەکەدا بەشدارنابین لەگەڵتان، تەنها ئەگەر شکان بەرگریتان لێدەکەین .

لە کاتژمێر دوو هێرشیان کردە سەر هەردوو گوندی‌ شەمسیە و مەرعیە، سەرەتا سەرکەوتنیان لەناو گوندی‌ شەمسیە بە دەستهێنا، لە گوندی‌ مەرعیە کەوتنە کەمینی‌ دوژمنەوە، هێزەکەیان شکا، نزیکەی‌ (30) شەهیدیان دا. لە سەعات پێنج دژەهێرشی‌ دوژمن دەستی‌پێکرد، تا سەعات هەشت. هێزەکانی‌ پشتیوانی‌ دوو هێزەکانی‌ پێشمەرگە بە هەموو چەکێک بەرگریان کرد، تا توانرا هێزی‌ دوژمن لە شەمسیە ڕابگرن .

چەند گوله‌ هاوەنێکیش کەوتە ناو بارەگای‌ میحوەرەکەمان و دوژمنمان شکاندەوە. بەپێی‌ زانیاری‌ لە سەرچاوەکانمانەوە کوژراوی‌ دوژمن زیاتر لە (80) کەس بوو. تورکمانە شیعەکانیش زیانی‌ زۆریان بەرکەوت .

سەردانم بۆ سنوری‌ داقوق
لە (3ی‌ تەموزی‌2014) بەیاوەری‌ عەمید محەمەد سیاسی سەردانی‌ ناوچەی‌ داقوقمان کرد لە گوندی‌ (وەحدە) وە تا (ئەلبو محەمەد) ڕۆیشتین، هێزەکانیان وەکو پێویست دابەش نەکردبوو، لە بەرانبەر گوندی‌ وەحدە هێزەکانیان لەسەر ڕێگای‌ بەغداد جێگیرکردبوو، داوام لێکردن بگوازنەوە ناو گوندی‌ وەحدە، بەڵام نەیانکرد، دواجار داعش گوندەکەی‌ داگیرکرد و بە زیانی‌ گەورە بۆمان گەڕایەوە.

لە گوندی‌ (ئەلبو محەمەد) هێزەکانیان بەخراپی‌ لە رۆژهەڵاتی‌ گوندەکەوە جێگیر کردبوو، داوام لێکردن ئەو هێزە بگەڕێننەوە نێوان گوندی‌ (عەرەب کۆیی) و (ئەلبومحەمەد)، بۆ ئەوەی‌ هێزەکە بەردەمی‌ ببێتە گۆڕەپانی‌ شەڕکردن، ئەوەیان جێبەجێکرد. ئەو فەوجەی‌ لە گوندی‌ (عەرەب کۆیی) بوو بە فەرماندەی (عەتای‌ مەجید کازم) بوو یەکێک لە فەرماندە و پێشمەرگە قارەمانەکان بوو.
لیوای‌ (9) لە سنوورێکی‌ بەرفراواوندا جێگیرببوو، وەکو پێویست سەنگەرسازیان نەکردبوو، بڕیارماندا عەقید فەیسەڵ ڕەوانە بکەین بۆ دیاریکردنی‌ هێڵێکی‌ بەرگری‌ لە سنووری‌ خوارووی‌ داقوق، پاشان گەڕانەوە و عەقید فەیسەڵ ووتی‌: گوندی‌ زەنقڕی‌ کاکەییەکان بەو هێڵە ڕازی‌ نەبوون، ووتیان: گوندی‌ زەنقڕ دەکەوێتە ئەو دیوی‌ هێڵی‌ بەرگری‌، ئەم گوندە بەرزاییەک دەکەوتە پێشەوەی‌ کێشەکە لەوەبوو لە ڕووی‌ سەربازیەوە زۆر خراپ بوو کە هێڵەکە بەو شێوەیەی‌ لێ دێت، لەبەر ئەوان وازمان لەو بیرۆکەیە هێنا، تا کۆتایی شەڕ سنوری‌ کاکەییەکان لەلایەن هێزی‌ پێشمەرگەوە پارێزران. ئەگەر چی‌ کاکەییەکان زیانی‌ زۆریان بەرکەوت لەو شەڕانە ، بەڵام خۆڕاگرانە بەرگرییان لە خاک و ئاوی‌ خۆیان دەکرد.

کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ لێپرسراوی‌ مەڵبەند
بەردەوام هەفتانە لەگەڵ لێپرسراوی‌ مەڵبەندی‌ کەرکوک کۆبوونەوەمان هەبوو، هەڤاڵ ئاسۆ مامەند پیاوێکی‌ خەمخۆری شەڕگەکان بوو، لە بواری‌ سەربازی‌ شارەزای زۆری‌ هەبوو، هەموو کات وەکو لێپرسراوی‌ یەکەمی‌ هێزەکان بەتەواوی‌ پێیەوە پابەندبووین. خۆیشی‌ هێزێکی‌ ئامادەی‌ لە مەڵبەند دروستکردبوو، لە هەموو شەڕەکاندا ئامادەبوون، بەردەوام کەم وکوڕی‌ سەنگەرەکانمان لەگەڵ باسدەکرد، ئەویش لەڕێگای‌ سەرمایەدارانی‌ کەرکوک و دام و دەزگاکانی‌ کەرکوکەوە پێداویستییەکانی‌ بۆ هێزی‌ پێشمەرگە دابین دەکرد. خۆشی‌ بەوردی‌ لە گەڵ هێزەکانی‌ ئاسایش و پۆلیس ئاگاداری‌ ناوشاربوون، بەشێک لە هێزەکانی‌ بەرگری‌ و فریاکەوتنی‌ لەتەلارە بەرزەکانی‌ ناوشار جێگیرکردبوو، بەشێکی‌ تری‌ لە هێزەکانی‌ پۆلیسی‌ کارەباو نەوت بەهەمان شێوە لەسەر تەلارە بەرزەکان جێگیرکردبوو، لە ماوەیەکی‌ کورتدا توانرا ناو شاری‌ کەرکوک بەتەواوی‌ کۆنترۆڵ بکرێت. بۆ پڕکردنەوەی‌ بەرزاییەکانی‌ گەڕەکی‌ (سەیادە) هێزێکی‌ پۆلیسی‌ کارەبا بە فەرماندەیی عەمید ئاسۆ بارام لە بەرامبەر گەڕەکی‌ پیشەسازی‌ جێگیرکرا.

بەمشێوەیە هیچ مەترسیەک بۆ ناوشاری‌ کەرکوک نەما کە دوژمن بتوانێت دزە بکات و شارەکە یا بەشێک لە شارەکە کۆنترۆڵ بکات. لە بەر ئەوەی‌ بە دەیان گەڕەکی‌ عەرەبنشینی‌ سوننە مەزهەب لە ناو کەرکوک هەبوون بەردەوام ترسی‌ ئەوەمان هەبوو شانە نووستووەکانی‌ داعش پەلاماربدەن و لەناو شاردا پشێوی‌ دروستبکەن. بۆ ئەم مەبەستە هێزێكی‌ پۆلیسی‌ كارەبای‌ كوردستان بە فەرماندەیی‌ لیوا هەڵۆ سەعید قەرەناوی‌ و عەمید ئاسۆی‌ شێخ تەها لەناو گەڕەكە عەرەبنشینەكانی‌ خواری‌ كەركووك جێگیركرا .

یەکلابوونەوەی‌ سنوری‌ تەللوەرد و مەلا عەبدوڵڵا
ئەم سنوورە پێشتر لەلایەن هەڤاڵ عەمید شێرکۆ وە سەرپەرشتی‌ دەکرا، سەنگەرەکانی‌ تا گوندی‌ مەلا عەبدوڵڵا بوو. لە پاش دروستبوونی‌ میحوەرەکان کە هەموو هێڵەکانی‌ سەنگەرەکان دابەش کرایەوە، فەرماندەی‌ میحوەری‌ پێنج ئەنوەری‌ حاجی‌ عوسمان پێی‌ ڕاگەیاندین بەفەرمانی‌ فەرماندەیی گشتی‌ هێزە چەکدارەکان، هەردوو ناوچەی‌ تەللوەرد و مەلاعەبدوڵڵا دەکەوێتە سەر میحوەری‌ پێنج. ئەمە بۆ ئێمە خۆش نەبوو، چونکە ئەو دوو ناوچەیە دەکەوتنە باشوری‌ کەرکوک و دوو لیوای‌ لێبوو لە شەڕەکان ڕۆڵی باشیان هەبوو، من حەزمدەکرد لە سنوری‌ ئێمە بن، لە لایەکی‌ ترەوە پێشتر لە ژێر فەرماندەی‌ عەمید شێرکۆ بوون، هەستمان بەستەم دەکرد کە ئەو سنوورە لە میحوەری‌ چوار دابڕێت. چەند جارێک لەم بارەیەوە وەزیری‌ پێشمەرگەمان ئاگادارکردەوە، فەرماندەی‌ یەکەکانی‌ (70) مان ئاگادارکردەوە، کەچی‌ سوودی‌ نەبوو.

هەڤاڵ ئاسۆ مامەند هەموو لایەکی‌ لەم کێشەیە ئاگادارکردەوە تا جێگری‌ سەرۆکی‌ هەرێم کە دەبوو بە سەرۆکی‌ هەرێم بڵێت.

دەرئەنجام گوێیان بۆ داواکاریەکانی‌ ئێمە نەگرت و بەوشێوەیەبوو کە ئەو دوو لیوایە کەوتنە سەر میحوەری‌ پێنج.

لیوای‌ (6) بەفەرماندەیی عەمید سەید ساڵح لەسەرەتای‌ شەڕەکانەوە لەبەرزاییەکانی‌ تەللوەرد جێگیربوون، من لەنزیکەوە زۆربەی‌ فەرماندەکانیانم دەناسی‌، پیاوی‌ ئازا و خۆڕاگربوون، شوێنی‌ ئەم لیوایە لە شوێنە هەرە گەرمەکانی‌ شەڕبوو، هەڵکەوتەی‌ جوگرافیاکەی‌ وابوو، لە سێ لاوە دوژمن دەوریانی‌ دابوو، چونکە لەوبەری‌ ئاوەکەوەبوون، شەڕی‌ زۆریان لەسەربوو، رۆژانە بێ تەقە نەبوون، شەهید و برینداری‌ زۆریان دابوو. دووجاردوژمن بە هێزی‌ زۆرەوە پەلاماری‌ سەنگەرەکانی‌ تەللوەردی‌ داو هێزی‌ پێشمەرگەیان شکاند. پاشان بە هیممەتی‌ هەموو لایەک کۆنترۆڵ کرایەوە، لەلایەن هێزەکانی‌ محوەری‌ چواری‌ باشوری‌ کەرکوکەوە.

لیوای‌ (11) بەفەرماندەیی لیوا نەهرۆ ئەسوەد لەسنووری‌ ناحیەی‌ مەلا عەبدولله‌ لە (12ی‌ حوزەیرانی 2014) جێگیرکرابوون، لە رۆژی‌ یەکەمەوە بە شەڕ چوونە ئەو جێگایانە، بەرگری‌ قارەمانانەیان کرد لەسەر پرۆژەی‌ ئاوەکە جێگیربوون، لیواکەیان فەرماندەی‌ قارەمان و ئازای‌ تێدابوو، بەدرێژایی شەڕەکان هەر لەشەڕدابوون، شەهید و برینداری‌ زۆریان هەبوو. لە زۆربەی‌ شەڕەکان هێزەکانی‌ لیوای‌ (3)ی‌ هەڤاڵ كاك کۆسرەت و لیوای‌ (1)ی‌ پیادە بەدەنگیانەوە دەچوون.

بۆ پاڵپشتی‌ ئەو لیوایە لیوای‌ (114) مان لەناو گوندی‌ خەبازە جێگیرکرد، هەر لەسەر ڕێگای‌ کۆنی‌ حەویجە لەگوندی‌ قزلیار لیوای‌ (136) جێگیرکرا، لەراستیدا گومانی‌ زۆرمان هەبوو گوندنشینە عەرەبەکانی‌ دواوەی‌ هێزی‌ پێشمەرگە زیان بەهێزەکانمان بگەیەنن، کــە هەمـوویان عـەرەبـی‌ هـاوردەی‌ ســـوننە مــەزهـەب بـوون، ناحیەی‌ مولتەقا کە لەوبەری‌ ئاوەکەوە بوو لە (99%)ی‌ دانیشتوانەکەی‌ عەرەبی‌ سوننە بوو لەو سنورە کۆمپانیای‌ نەوت و کارەبا هەبوو، خەڵکەکەی‌ بەکاری‌ جوتیارییەوە خەریک بوون زۆربەیان لەژێرەوە پەیوەندیان بەداعشەوە هەبوو، لیواکانی‌ (6، 11) لەبەر ئەوەی‌ خەڵکی‌ کەرکوک نەبوون شارەزای سنورەکە نەبوون، بەڵام توانیان لەو ماوەیەدا خەڵکەکە بناسن و جێگەی‌ خۆیان لەناو دڵی‌ کەرکوکییەکان بکەنەوە، لە رۆژی‌ هاتنی‌ داعشەوە قارەمانێتی‌ زۆریان نواند و بە گەرمی‌ لە سنووری‌ هەردوو لیواکە بە بەردەوامی لەشەڕدابوون دژ بە دوژمن.

print

 151 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*