سەرەکی » مانشێت » “به‌رده‌وامی و هه‌ماهه‌نگی زیاتری نێوان هێزه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و هاوپه‌یمانان و ئه‌مریكا زامنی پاراستنی ئاسایش و ئارامیی زیاتره‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا”

“به‌رده‌وامی و هه‌ماهه‌نگی زیاتری نێوان هێزه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و هاوپه‌یمانان و ئه‌مریكا زامنی پاراستنی ئاسایش و ئارامیی زیاتره‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا”

بافڵ تاڵه‌بانی بۆ ئه‌مریكا: هه‌موو هه‌وڵێكی یه‌كێتی روو له‌ سیاسه‌تی شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌و هاوبه‌شه‌ كه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی گه‌لی كوردی تێداپارێزراوبێت

بافڵ تاڵه‌بانی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، له‌مه‌كته‌بی سیاسی له‌هه‌ولێر، پێشوازییكرد له‌ جه‌یمس جێفری نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش و نوێنه‌ری تایبه‌تی ئه‌مریكا بۆ كاروباری سوریاو له‌دیدارێكدا به‌وردی دوایین پێشهات و گۆڕانكارییه‌ سیاسی و ئابووری و ئه‌منییه‌كان خرایه‌ به‌رباس و بۆچوونیان له‌باره‌وه‌ خرایه‌ڕوو .

بافڵ تاڵه‌بانی، به‌ڕاشكاوی؛ سیاسه‌ت و ستراتیژی یه‌كێتی بۆ دۆخی سیاسی و ئه‌منیی هه‌رێم و عیراق و سوریاو ناوچه‌كه‌ خسته‌ڕوو، ته‌ئكیدی له‌ سیاسه‌تی هاوسه‌نگ و هه‌ماهه‌نگی و هاریكاریی هاوبه‌ش كرده‌وه‌، له‌پێناوی سه‌قامگیریی سیاسی له‌ناوچه‌كه‌دا، به‌مه‌رجێك به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی گه‌لی كوردی تێداپارێزراوبێت.

له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێرو به‌غداو كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كان، هاوسه‌رۆك، دووپاتی له‌خواستی یه‌كێتی كرده‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوورو رایگه‌یاند: هه‌موو هه‌وڵێكی یه‌كێتی روو له‌سیاسه‌تی شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌و هاوبه‌شه‌، كه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هه‌ردوولا تێیدا پارێزراوبن.

سه‌باره‌ت به‌ مه‌ترسییه‌كانی داعش و پاشماوه‌كانی تیرۆریستان، بافڵ تاڵه‌بانی؛ پێویستیی به‌رده‌وامی و هه‌ماهه‌نگیی زیاتری هه‌مه‌لایه‌نه‌ی نێوان هێزه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و هاوپه‌یمانانی ته‌ئكیدكرده‌وه‌و داوایكرد هاوكارییه‌كان زیاتر بكرێن بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ڕووی پێداویستیی سه‌ربازی و مه‌شق و راهێنانه‌وه‌، ئه‌م هه‌نگاوه‌شی به‌هۆكاری به‌رقه‌رارتركردنی ئارامی و ئاسایشی زیاتر وه‌سفكرد.

هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا، هاوسه‌رۆك، ته‌ئكیدی له‌به‌رده‌وامیی پشتیوانییه‌كانی ئه‌مریكاو په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌هه‌موو ئاسته‌كاندا كرده‌وه‌.

له‌به‌رامبه‌ردا جه‌یمس جێفری، سوپاس یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانی كرد كه‌ هاوكارو پشتیوانێكی سه‌ره‌كی بووه‌ له‌شه‌ڕی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی داعشداو ته‌ئكیدیكرده‌وه‌ له‌به‌رده‌وامیی پشتیوانییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌و هێزه‌كان له‌ عیراق و سوریا به‌وپێییه‌ی شه‌ڕی تیرۆر، كۆتایی نه‌هاتووه‌.

 224 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*