سەرەکی » دۆسێ » لایەنە شاراوەكانی ئەرشیفی حزبی بەعس ئاشكرادەكرێن

(واشنتۆن پۆست) راپۆرتێكی بڵاوكردەوە

لایەنە شاراوەكانی ئەرشیفی حزبی بەعس ئاشكرادەكرێن

ڕاپۆرتێكی ئەمریكایی، لایەنە شاردراوەكانی ئەرشیفی حزبی بەعس ئاشكرا دەكات كە واشنتۆن ڕادەستی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی كرد لە سەردانەكەی ئەم دواییەی بۆ كۆشكی سپی، بەڵگەنامەكانیش بە خستنەڕووی سەركوتكارییەكان و دروستكردنی كاریگەریی لەسەر دامەزراوەی ئاینی شیعە، لەقەڵەم دەدات.

بەپێی ڕاپۆرتێك كە لە 16ی ئەیلولی 2020 لەلایەن ڕۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)ی ئەمریكاییەوە بڵاوكرایەوە”كاتێك حزبی بەعس لەسەدەسەڵاتدا بوو بەسەرۆكایەتی سەدام حسێن، تا ئەندازەیەكی زۆر هەموو شتەكان نوسراونەتەوە و كراون بە بەڵگەنامە كە ژمارەكەیان زیاترە لە پێنج ملیۆن لاپەڕە، ویلایەتە یەكگرتووەكان لە دوای دۆزینەوەی لە پەیمانگەی هۆڤەر لە زانكۆی ستانفۆرد لە ساڵی 2005وە داینا لەپاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس. لە دوای 16 ساڵیش دوایین وەجبەی ئەو ئەرشیفە نێردرایەوە بۆ عیراق كە بە هەنگاوێكی لەناكاو و جێگەی مشتومڕ لە نێوەندەكانی عیراقدا وەسقكرا”.

ڕۆژنامە ئەمریكاییەكە لەو ڕاپۆرتەدا، باس لە چەندان زانیاریی تایبەت بە شوێنی بەڵگەنامەكان و مێژوویان و كاریگەریی و گرنگی گێڕانەوەیان بۆ عیراق دەكات.

ناوەڕۆكی بەڵگەنامەكان
ڕۆژنامەكە نوسیویەتی”بەڵگەنامەكان وردەكاریی تاوانە سەركوتكارییەكان دەخەنەڕوو، كاریگەرییش لەسەر دامەزراوەی شیعە دروستدەكەن”.
واشنتن پۆست دەڵێت”لەسەر داوای كەنعان مەكیە توێژەر و ئۆپۆزسیۆنی پێشووی عیراق و هەندێك لە بەرپرسانی ئەمریكایی، ئەرشیفەكە لەپێناو پاراستنی گوازراوەتەوە بۆ دەرەوەی وڵات”.

بەڵگەنامەكان لای كێ‌ هەڵدەگیرێن؟
ئەو بەڵگەنامانە كە لە 31ی ئابی رابردوو رەوانەی عیراق كرانەوە، بۆ یەكەمجار نییە، بەڵكو پێشتر لە ساڵی 2013 وەجبەیەكی تر رەوانەكرا و لەئێستادا لەبەردەستی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراقدایە.

رۆژنامەكە ئاماژە بە جیاوازییەكی مێژویی دەكات و دەڵێت»خودی كازمی و ژمارەیەك كەسێتی تر لەكاتی خۆیدا داوایان كرد بەشێوەیەكی نهێنی ئەو ئەرشیفە بگوزرێتەوە بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكان بەبێ‌ ئەوەی رەزامەندی عیراقییەكانی لەسەربێت، لەئێستاشدا ئەرشیفەكە لەبەردەستی خۆیدایە».

بەڵگەنامەكان، ناوی كەسێتییە سیاسی و حزبییەكان لەخۆدەگرێت و زانیاریی گرنگ و هەستیاریی لەبارەیانەوە تێدایە كە هێشتا هەندێكیان لە ژیاندان و رووبەڕووی چەندان مەترسییان دەكاتەوە.

عیراقییەكان پێیانوایە، كەسوكارەكانیان كە بێسەروشوێن بوون، جا لەكاتی دژایەتیكردنیان بێت بۆ رژێمەكەی سەدام حسێن یان لەكاتی بەشداریی لە جەنگە دەرەكییەكان، چارەنوسییان نوسراوە و لە ئەرشیفەكەدا باس لەو چەرمەسەریانە كراوە كە لەو ماوە قورس و دژوارەدا رووبەڕووی بوونەوە، ئەمەش لەلایەن رۆژنامەكەوە ئاماژەی پێكراوە.

بەڵگەنامەكان دۆسێی كارمەندانی حزبی بەعس و تۆماری خوێندنگەكان و لیستی پیاوە ئاینییەكانیش لەخۆدەگرێت، ئەمەش لەكاتێكدایە كە بەپێی رۆژنامە ئەمریكاییەكە، ئەو توێژەرانەی لە پەیمانگەی هۆڤەر گەیشتنە سەر ئەو دۆسێیانە، داوایان لێكراوە زانیارییە تایبەتییەكان تۆمارنەكەن.

كاریگەریی بەڵگەنامەكان لە دوای كۆتایی رژێمی بەعس
(واشنتۆن پۆست) دەڵێت، دیارنەمانی ئەو بەڵگەنامانە لە ساڵی 2003دا لەكاتێكدابوو كە هاوپەیمانان وەك بەرپرس لە سەركردایەتی ئەو دەمەی وڵاتەكە، لە سەرەتاوە هەڵوەشاندنەوەی حزبی بەعس و دامەزراوە جیاجیاكان و پۆستە سەركردایەتییەكانی پەیوەست بە حزبەكەی راگەیاند، دواتر وایكرد وردەكاریی كۆتایی رژێمەكە ئاڵۆز دەربكەوێت.

رۆژنامەكە لە زاری چاودێرانەوە بڵاوكردەوە»پرۆسەی ریشەكێشكردنی رژێمەكە ورد نەبوو، بە تایبەتیش لەڕووی دیاریكردنی بەرپرسیارێتییەكانی ئەندامانی حزبەكە و مەودای بەشدارییان لە تاوانە مرۆییەكان، ئەمەش وایكرد پرۆسەی پاككردنەوە، جیاوازیی لەنێوان تێوەگلاوەكان لە جەنگ و ئەندامە ئیدارییەكاندا نەكرێت».

(واشنتۆن پۆست) پێیوایە»نەگەیشتن بەو زانیاریانە رەنگە هەڕەشە لەسەر مێژووی عیراق دروستبكات، و چاو لە تاوانی بەعسییەكان بپۆشێت».

رۆڵی ئەرشیفەكە لە دادپەروەریی راگوزەریی
دادپەروەریی راگوزەریی بەندە لەسەر فەراهەمكردنی یەكسانی لەنێوان قوربانیانی جەنگ و سەركوتكاریی، و ئامانج لێی كەمكردنەوەی ناڕەزایی كۆمەڵگە دابەشبووەكانە و بۆ پتەوكردنی توانای بنیاتنانی دەوڵەتێكی یەكگرتوو و بەهێزە.

بۆنمونە، دەكرا پێشوەخت ئەرشیفی حزبی بەعس یاریدەدەر بێت لە هەوڵەكانی دادپەروەریی راگوزەریی، لەڕێی پێشكەشكردنی تاوانە ئەنجامدراوەكان. رەنگە ئەو بەڵگەنامانە زانییارییان پیچشكەش بەو خێزانانە بكردایە كە كەسوكارییان لە جەنگەكاندا بێسەروشوێن بوون، ئەمەش لەلایەن رۆژنامەكەوە ئاماژەی پێكراوە.

(واشنتۆن پۆست) گوزارشتێكی لە فالح عەبدولجەبار زانای كۆمەڵایەتی عیراقییەوە خواستووە كە دەڵێت»دەكرا دانپێدانانی ئاشكرا بە تاوانە ئەنجامدراوەكان و ئەو كۆمەڵگانەی رۆڵەكانیان لەدەستداوە، ببێتە هاندەر بۆ ئەنجامدانی دیالۆگ لەنێوان تایەفەكان و سوككردنی هەستی رقلێبوونەوە».

چۆنیەتی بەكارهێنانی ئەو بەڵگەنامانە
(واشنتۆن پۆست( نوسیویەتی،»سۆز بۆ حزبی بەعس لەنێوان لاوانی عیراقدا دەردەكەوێت كە هۆكارەكەی هیوابڕانە بەرانبەر بە ئەدا و كاریی ئەو حكومەتانەی لە دوای ساڵی 2003وە هاتنە سەركار، دەكرا حكومەت ئەو بەڵگەنامانە لە راگەیاندنەكاندا بەكاربهێنێت بۆ پاراستنی یادەوەریی گشتی مێژووی عیراقی هاوچەرخ، وەك زامنكردنێك دژ بە خلیسكان بەرەو خۆسەپێنی».

«هەروەها چەندان چەندان ئامراز خرانەڕوو كە دەكرا لێوەی سود لەو بەڵگەنامانە وەربگرێت، دەركەتووترینیان، دامەزراندنی مۆزەخانەكانە و كتێبخانەكانە و تەنیا بە مۆزەخانەی نیشتمانی بەغداوە لێنەگەڕێن كە یادەوەریی كارەسات و نەهامەتی ئەزمونی عیراقی لە سایەی حزبی بەعسدا تۆماركردووە».

لەگەڵ گێڕانەوەی ئەرشیفی حزبی بەعس بۆ عیراق، تائێستا حكومەتی عیراق پلانە گشتییەكانی خۆی بۆ بەكارهێنانی ئەو ئەرشیفە نەخستۆتەڕوو، لەگەڵ بوونی مەترسی لەبارەی بەكارهێنانی بەشێوەیەكی خراپ، لەكاتێكدا پێویستە ببێتە هەلێك بۆ بەهێزكردنی یەكێتی نیشتمانی و پتەوكردنی پرەنسیپەكانی دیموكراتی و وەلاوەنانی خۆسەپێنی و سەركوتكاریی.

 304 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*