سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » ساڵانە سێ ملیۆن تۆن گەنم لە كوردستان بەرهەم دەهێنرێت

یەكێتیی جووتیاران داوای هاوكاریی بۆ جووتیاران دەكات

ساڵانە سێ ملیۆن تۆن گەنم لە كوردستان بەرهەم دەهێنرێت

خاك‌و كەشوهەوای هەرێمی كوردستان بۆ كاری كشتوكاڵی‌و بەتایبەت چاندنی دانەوێڵەی گەنم‌و جۆ زۆر شیاو و لەبارە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جووتیاران پێویستیان بە هاوكاری‌و دەستگیرۆیی هەیە. حسێن محەمەد سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتیی جووتیارانی كوردستان رایدەگەیەنێت، رێكەوتنی نێوان وەزارەتی كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم لەگەڵ چەند كۆمپانیایەك بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران‌و دۆزینەوەی بازاڕ كارێكی باشە، بەڵام دەبێت رەچاوی نرخی وەرگرتنی گەنم بكرێت.

رووبەری زەوی بۆ گەنم‌و جۆ
لەبارەی رووبەری زەوی كشتوكاڵی لەهەرێمی كورستان، حسێن محەمەد سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتیی گشتیی جووتیارانی كوردستان بە كوردستانی نوێی راگەیاند، كوردستان كەش‌و هەوایەكی گونجاوی هەیە‌و (70 %)ی خاكەی گونجاوە بۆ كشتوكاڵكردن، بەشێوەیەك نزیكەی شەش ملیون دۆنم زەوی بۆ چاندنی گەنم‌و جۆ هەیە، هەرچەندە ساڵانەش بڕی بەرهەمی ئەو دوو دانەوێڵەیە لەتەواوی كوردستان دەگۆڕێت، بەڵام بەگشتی ساڵانە زیاتر لە سێ ملیۆن تۆن گەنم لەكوردستان بەرهەم دەهێنرێت.

وتیشی: «ساڵانە لەمانگی تشرینی یەكەمدا جووتیاران خۆیان ئامادە دەكەن بۆ چاندنی گەنم‌و جۆ، ئەگەر ئاوی هەبێت، ئەوە زەوییەكەی خاكاو دەكات، بەجۆرێك ئەو جووتیارەی پڕۆژەی ئاودێری هەبێت (مەڕەشە) خۆی ئاوی دەدات، بەپێچەوانەوە دەبێت جووتیار چاوەڕێی بارانبارین بكات».

بەوتەی حسێن محەمەد، سێ جۆر ئاودان هەیە: رشاندن بە خاكەناس، دڵۆپاندنی سەر زەوی‌و ئاودێری «میحوەری» كە بۆ زەوی رووبەر فراوان دەبێت.

قەرەبووی جووتیاران بكرێتەوە
روونیدەكاتەوە، بۆ ئەوەی لەكاتی چاندندا بەرهەمی دانەوێڵەی جووتیاران باش‌و بڕشت بێت، دەبێت پەینی كیمیایی یان پەینی ئاژەڵ بەكاربهێنرێت، بەشێوەیەك واباشترە لەگەڵ گەنمەكەدا «سەمادی مركب» بەكاربهێنرێت‌و دواتر كە شین بوو و پنجی كرد، پێویستە «سەمادی یۆریا» كە جووتیار پێی دەڵێ «كیمیای شەكر» لە زەوییەكە بدرێت، هەروەها لە وەرزی چاندندا بنەتۆ زۆر گرنگە‌و دەبێت لەجۆرێكی باش بێت، بەشێوەیەك بنەتۆ هەیە یەك تۆن زیاتر لە سی تۆن گەنم بەرهەمی دەبێت.

لەبارەی هاوكارییەكانی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم بۆ جووتیاران لەكاتی چاندن‌و تۆكردنی بەرهەمی ساڵانە‌و بەتایبەت گەنم‌و جۆ، سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتیی گشتیی جووتیارانی كوردستان وتی: «تائێستا بەپێی پێویست هاوكاریی جووتیاران نەكراوە، بەتایبەتی لەپێدانی بنەتۆی باوەڕپێكراو و سەمادو دەرمانی زیندەوەران‌و چاودێریكردنی بەرهەمەكانیان، زۆر پێویستە لەكاتی ئافات‌و رووداوی سروشتیدا، قەرەبووی جووتیاران‌و خاوەن پڕۆژە كشتوكاڵییەكان بكرێنەوە‌و لەكاتی چاندن‌و تۆكردنیش دەبێت سووتەمەنی بەسەر خاوەن تراكتۆرەكان دابەشبكرێت، هەروەها لەكاتی دورێنەوەش سووتەمەنی بۆ خاوەن دەڕاسەكان دابینبكرێت».

بەوتەی بەرپرسی لقی هەولێری یەكێتیی جووتیاران، پێویستە لەكاتی پێگەیشتنی بەرهەمی جووتیاراندا، بازاڕیان بۆ بدۆزرێتەوە‌و جووتیار ناچار نەبێت خۆی ئەو كارە بكات‌و لەبازاڕی رەشدا بە زەرەر بیفرۆشێتەوە. جیاوازی زۆریش دەكرێت لەوەرگرتنی بەرهەمی گەنمی جووتیاران لەسایلۆكاندا لەگەڵ جووتیارانی پارێزگاكانی عیراق، چونكە رێژەی وەرگرتنی گەنم لەكوردستان زۆر كەمترە لەوەی لەپارێزگاكانی ناوەڕاست‌و باشووری عیراق وەردەگیرێت‌و دەمانەوێت ئەو نادادپەروەرییە نەمێنێت.

گەنمی جووتیاران هەرزانفرۆش نەكرێت
سەبارەت بە پڕۆژەی بەبازاڕكردنی گەنمی جووتیاران لەلایەن وەزارەتی كشتوكاڵەوە، ئەو رایگەیاند، جێگای دەستخۆشییە كە وەزارەتی كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاو توانیویەتی لەگەڵ چەند كۆمپانیایەك رێكەوتن بكات، تا گەنمی جووتیاران وەربگیرێت، بەڵام دەبێت رەچاوی ئەوە بكرێت كە ئەو نرخەی كۆمپانیاكان دیاری دەكەن گونجاو بێت بۆ جووتیاران‌و هەرزانفرۆش نەكرێت، بەشێوەیەك تەنیا رەچاوی بەرژەوەندی كۆمپانیاكان نەكرێت لەپێدانی زەوی‌و هاوكاری ماددی‌و مەعنەوی، بەڵكو پێویستە ئەرك‌و ماندووبوونی جووتیارانیش بەهەند وەربگیرێت.

ئەوەشی وت: «بۆ ئەوەی جووتیاران زەرەرمەند نەبن‌و بەرهەمی گەنم‌و جۆیان لە سووتان بپارێزرێت، دەبێت حكومەت‌و وەزارەتی كشتوكاڵ لەكاتی وشكبوونی گەنم‌و جۆدا، ئۆتۆمبێلی ئاگركوژێنەوە بۆ هەموو ناوچەكان ئامادە بكات لەشێوەی گروپ لەهەموو قەزاو ناحیەكان‌و ژمارەكانیان بگات بەدەستی جووتیاران».

جووتیاران پێویستیان بەڕێنماییە كشتوكاڵییەكانە
لەبارەی دانانی پڕۆژەكانی ئاودێری‌و پشتنەبەستن بە بارانبارین، حسێن محەمەد روونیكردەوە، باشتروایە جووتیار پشت بە ئاودێری ببەستێت، چونكە ئەگەرهاتوو جووتیارەكە خەرجییەكی زۆری كردو لەمانگەكانی (3 و 4)دا باران كەم باری، ئەوە هەموو رەنجەكەی بە خەسار دەچێت، بەڵام دەبێ حكومەت‌و وەزارەتی كشتوكاڵ پلانیان هەبێ بۆ ئاودێریكردنی زەوی جووتیاران ئەویش بەڕاكێشانی بۆری ئاو، هەروەها پارەی كارەبا لەسەر ئەو بیرانە كەم بكاتەوە كە بەكارەبا كار دەكەن، لەگەڵ كردنەوەی پێشینەی كشتوكاڵی‌و پێدانی پارەكانیان لەكاتی رادەستكردنی گەنمەكانیان.

لەبارەی سوودوەرگرتن لەزانستی سەردەمی كاری كشتوكاڵی‌و جێبەجێكردنی رێنماییەكانی حكومەت، سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتیی جووتیارانی كوردستان وتی: «جووتیاران پێویستیان بەڕێنماییە كشتوكاڵییەكان هەیە تا بەروبوومەكانیان بە شێوەیەكی زانستی بچێنن، ئەوەی تائێستا كراوە لەكوردستان بەشێكی زۆری بە تیۆری بووە، بەشێوەیەك وەكو پێویست چاودێری كشتوكاڵیی لەسەر جووتیاران نییە، هەروەها ئەو پێداویستییانەی كە دەدرێن بە جووتیاران كەموكوڕی هەیەو جێگای رەزامەندی زۆربەی جووتیاران نییە، بۆیە پێویستە وەزارەتی كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاو نوێترین ئامراز رێنمایی‌و تەكنەلۆجیا پێشكەوتووەكان بۆ جووتیاران فەراهەم بكات».

 216 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*