سەرەکی » کەلتوور » پەروەردەی ئایینی لای یارسانەكان لە سلێمانی‌

پەروەردەی ئایینی لای یارسانەكان لە سلێمانی‌

شاهۆ عوسمان سەید قادر

2-2

كاكەیەكان لەناوخۆیاندا بۆنە و یاد و دیاردەی تایبەتیان هەیە. پیاوانی كاكەی بەرسمێل ناكەن و وەك هێمایەك وایە لەناوخۆیان و خەڵكیدا، وابزانم بۆ ئەوەیە لە ناو كۆمەڵگە پیاوی كاكەی پێ بناسرێتەوە. ئەڵێن كاتی خۆی بۆ جیاكردنەوەیان بووە لەو لەشكرەی كە شەڕیان لەگەڵ كردون، ئەوان لەشێوەدا سورە و كۆسە و بێسمێڵ بوون و ئەمانیش بۆ جیابونەوە سمێڵیان هێشتۆتەوە.

بێجگە لەناسینەوەی پیاوی كاكەیی لەخشتە پیرۆزەكانی سەرئەنجامدا هاتووە كە سمێڵ دیاری خوای گەورەیە بۆ قاڵبی ئادەم پاشان گیانی بە بەرداكراوە.

لەڕووی ژن و ژنخوازی و پێكهێنانی خێزانەوە تاكو بۆیانبكرێت ژنخوازی لەناوخۆیاندا دەكەن، كاكەییەكان لە ناوخۆیاندا وەك دەڵێن پلە و مەقامی جیاوازیان هەیە. بەتایبەتی چینەكانی تر بۆیان نیە ژن لە سەیدەكانیان بخوازن تەنها دەبێت سەیدەكان لەناوخۆیاندا ژن و ژنخوازی بكەن.

بەڵام كاكەییەكی پیاو یان ئافرەت لەكاتێكدا هاوسەرگیری كرد لەگەڵ كەسێكی بەدەر لە كاكەیی ئەوا ڕێزی لێدەگیرێت و نابێتە كێشە، بەڵام كەسەكە ناكرێت ببێت بە كاكەیی. بەڵام پەیوەندی كۆمەڵایەتی لەگەڵیان بەردەوام دەبێت.

كاكەیەكان دەكرێن بە چوار گروپەوە
هەروەك ئەوەی لە ئاینەكانی تردا بەدی دەكرێت لای ئەمانیش لەڕووی ئاینییەوە پێكهاتەی كاكەیی پلەومەقامیان جیاوازە، كە ئەمەش بۆ خۆی ڕەنگدانەوەی كۆمەڵایەتی لێكەوتۆتەوە لەناویاندا وەك ئەوەی كاكەیەكان دەكرێن بە چوار گروپ و چینەوە:
یەكەمیان»سەید»ە كان ئەمانە سەرۆكی كاكەیەكانن و ئامۆژگاری و رێپشاندەریانن لە كاروباری ڕۆحی و كۆمەڵایەتیەوە.

پاشان كەسایەتی «باوە یان بابا»دوای سەید دێت كە ئاگاداری كاری مەزهەب و سەرپاكی كاری ئاینیە و كاری وەك ژن مارەكردن و… بەسەرهاتی مێژووی كاكەییەكانی لایە. هەندێك كەسی كاكەیی پیرەكەیان ناودەبەن بە باوە، لەگەڵ ئەوەی هەندێكی تریان پیرەكانیان ناو دەبەن بە سەید.

پاشان كەسایەتی «مام» كە بەچاودێری باوە «سەید» هەڵدەستێت بەكاری وەك جەنازە شتن و كەلەشێر سەربڕین و ڕێكخستنی مەراسیمی جەموكۆڕی ئاینی و شەوی جەژن، كە ڕۆژوگرتن دەكەوێتە چلەی زستان، پاش ڕۆژوگرتن ڕۆژانی جەژن دێتە ئاراوە و دەكرێتە جەژن، كەسایەتی مام كۆمەڵێك كاری تر ئەنجام ئەدات.

پاشان كەسایەتی»دەروێش»دێت كەخۆی بۆ جێبەجێكردنی ڕێنمایە ڕوحیەكانی لەسەردەستی سەید و باوە تەرخانكردوەو بە سەرسپاردە ناودەبرێن. لە كاتی بەستنی كۆڕی ئاینی یادی خوداو مناجاتدا هەر وەكو دەڵێن وەكو دەروێشەكانی ڕێبازی قادری ئیسلامی حاڵیان لێدێت.

كاتێك كەسێك كۆچی دوای دەكات «دەمرێت» لەسەربنەمای ئاینی خۆیان دەیشۆن و دوعای «بنیامین»ی بۆ دەكەن وەك دەڵێن تەڵقینی بەسەردا دەخوێنن و بڕوایان وایە هەموو مرۆڤێك خاوەنی گەردی خواییە و لای كەسی پاك و بەرگوزیدە ئەم گەردانە بەرەو پەرەسەندن دەچێت و زاتی خودای تیادا دەردەكەوێت، گەردوخوڵ و ئاڵوگۆڕی ئەم گەردەش لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تریان، واتە لە تەنێكەوە بۆ تەنێكی تر ناودەبرێت بە «دووناودوون».

پاكوبێگەردیەكەی بەرەو بەردەوامبوون دەیبا و نالەباری و سەرپێچیكردنی بەرەو تیاچوونو نەمان دەیبات. دۆنی فرشتەكان هەرئەوانەن هەمیشە هێز و توانای خوداییان بەشێوەیەكی فراوان تیدایە و تەنها ئەوەندە هەیە ناوی فریشتە لەهەر زەمانێكدا جۆرە ناوێكە.

بە پێی ئامارێكی نەتەوە یەكگرتووەكان
گەر بڵێین دینی یارسان ڕەگوریشەی لە ناو كۆمەڵی مرۆڤایەتیدا زۆر قوڵە، لەسەربناغەی بیروباوەڕی» دۆناودۆن» دامەزراوە، بڕوادارانی دۆناودۆن بە پێی ئامارێكی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەم ڕیبازە دینیە ڕێژەیكی بەرچاوی دانیشتوانی گۆی زەوین لەدین پەروەران، ئەم دینە بە چەند قۆناغێكی مێژوویدا تێپەڕیووە، بەبرەوترین و گەشاوەترین قۆناغ لەسەر دەستی (سوڵتان ئیسحاقی كوڕی شێخ عیسا)دابووە. كە خودی خۆی خوێندەوارێكی زۆر بلیمەتی سەردەمی خۆی بووە كە پلەی خوێندنی لە مەدرەسەی نیزامیەی بەغدا بەدەستهێناوە، كە بەرزترین پلەی خوێندنی باڵای ئەو سەردەمانەبووە.

كە لەسەدەی حەوتەمی كۆچییەوە دەست پێدەكات، لەهەورامانداو لە»پردێوەر»دا لەدێی «شێخان»ی ئێستای كەناری ڕووباری سیروان دەزگای دینی یاری دامەزراندووە.

پەیڕەوانی دابەشكردووە بەسەر پازدە گرۆدا، هەر گرۆیەك ئەركی تایبەتی خۆی پێسپاردووە، تاكڕەوی لەم بەڕێوەبردنەدا نەبووە، ناوی گرۆكان وەكو (حەوتەن، حەوتەوان، حەوت خەلیفە، چل تەن، چل چلتەنان، حەفتاودوو پیرە، نەوەدونۆ پیری شاهۆ، شەستوشەش غوڵام، هەزارویەك خواجەوبەندە…) بۆ ئەم مەبەستە بەڕێوەبردنی ئەم دەسەڵاتە دینییە هەڵبەتە پێویستی بەخوێندن و نووسین هەبووە.

هەر لەو زەمانەوە خوێندن و نووسین لەناو یارسانەكان بۆتە پێویستیەكی سەرەكی پەیڕەوانی ئەم دیینە. هەر لەوزەمانەدا (سەرەنجام) كە كتێبی پیرۆزی یارسانە بە شەش بەش نووسراوەتەوە بەزمانی ماچۆ «گۆران»، كە بریتی بووە لەعەقیدە و پەیڕە و دەستوری یارسان.

لەم ڕوانگەیەوە چەندەها ڕابەر و شاعیر و ناوداری خاوەن قەڵەم لەناو یارساندا هەڵكەوتووە، بەلام بەهۆكاری هەڵگیرساندنی ئاگری شەڕ لەم ناوچەیە لەلایەن داگیركەرانەوە نوسراوەكانیان سوتێنراوە، وەكو هەوڵێك بۆ مانەوەی بەشێوەی زارەكی و وتنەوەی دەماودەم و پشتاوپشت لە فەوتان و لەناوچوون پاراستویانە.

لەسەربنەمای زانیارییەكانی سەرئەنجام
لێرەدا بەكورتی هەوڵ ئەدەین نمونەی ناو و كارو پیشەی هەندێك لەبەرهەمی ئەو بەرێزانە بخەینەڕوو كە لەم بوارەدا ڕۆڵیان هەبووە. هەركەسایەتیەكیان لەشوینی خۆیان لەسەربنەمای زانیارییەكانی سەرئەنجام خەڵكیان فێری عەقیدە و دەستووری دینەكە كردووە.

ئەمە سەرەڕای ئەوەی هەندێك لە زاناو كەسایەتیەكانیان لەحوجرەو شوینەكانی تر خویندویانە بۆ وەرگرتنی زانستوزانیاری بەتایبەتی لەناوچەكانی كەركووك و خانەقین و موسڵ… هەر بۆیە لەسەردەمی خۆیاندا زمان و ئەدەبیاتی فارسی و توركی و عەرەبی و شەرعی دینی ئیسلامیان زانیووە. پەیوەندیی پتەویان هەبووە لەگەڵ زانایان و بنەماڵەی سەییدی موسڵمانان. كە زۆرجار نانخواردن و دانیشتن و مەجلیسان پێكەوە هەبووە. وەك خەسڵەتێكی جاران بۆ فێربوون سنوری جوگرافی نەبووە.

وەك ئەوەی لە هاواردا گوزەراوە بێچگە لە وەی زانیاری لەسەردەستی زانایانی ئاینی ناو هاوار وەرگیرەوە ساڵانە سەیدەكانی كاكەیی لە پایزاندا هاتونەتە دێی هاوار بۆ ئەنجامدانی ڕێورەسمی سەر سپاردنو ناونانی منداڵو هەندیك لە ئەركی ئاینی تر.

لەگەڵ ئەوەی بەشێوەیەكی گشتی هیچ قوتابخانە و مەدرەسەیەكی ئاینی ئاشكرایان نەبووە، كە پلەبەندی وەرگرتنی بڕوانامەی ئاینی هەبێت، بەڵكو لەسەر هەوڵ و كۆششی تاكەكەسیو بنەماڵەیی بووە، واتە ئەو كەسانە خۆیان هەوڵیانداوە كە بەپلەی زانایی دینی بگەن، یاخود بەپلەی ڕۆشنبوونەوە «كمال ـ ئیشراق» بگەن.

گەشتن بەپلەی ڕۆشنبونەوە زۆرجار پەیوەست نەبووە بەخوێندەواری بەڵكو پەیوەستبووە بە خۆ تەرخانكردنو تێگەیشتن لە ئاینی یارسانی، وەكو سۆفی رەشید هاواری، شێخ ئەمیری دەشتی موسڵ، كە وتەو»كەلامەكانی» وەرگێڕاوەتە سەر زمانی فەرنسی.

لە كوردەواری ئەو سەردەمەدا
لەگەڵ ئەوەی كاكەیەكان وشەو پێگەی زانستیو پلەی خویندەواری ئیسلامیان بۆخۆیان دابڕیوە وەكو ناوهێنانی حوجرەكانیان بەكارهێناوە بۆ هەمان مەبەست و پێگەی خویندەورای و شارەزایی دینی یارسانی تایبەت بەخۆیان لەبەر بەربڵاوی ئەو زاراوانەی وەكو «فەقێ، سۆفی، دەروێش، مەلا»كە لە كوردەواری ئەو سەردەمەدا بەكارهاتووە، ئەمانیش وەك پلەبەندی ئاینی بۆ خۆیان بەكاریانهێناوە. بەڵام ئەو پلەو نازناوانەیان لەسەربنەمای دینی یارسانی بووە نەوەكو لەسەربنەمای ئاینی ئیسلامی. ڕەنگە ئەم ناولێنانە ئیسلامیە لەخۆیان بۆ خۆ پاراستنو دەرنەكەوتن بوبێت.

لەو كەسایەتیانەی وەكو شا ئیبراهیمی بەغدادی ڕابەر و زانای بەناوبانگی كاكەی كوڕی سەید محەمەدی گەورەسوار، لەسەدەی هەشتەمی كۆچیدا ژیاوە لەتەمەنی چل ساڵیدا بەرە و خانەقین و بەغداد ڕۆشتووە بۆ برەودان بەدینی یاری، ئارامگاكەی لە گەڕەكی شێخ عومەرە لە شاری بەغداد. لە سەردەمی ئەم زاتەدا پەیڕەوانێكی زۆر لەكاكەی لەخانەقین و مەندەلی و كفریو كەركوك و بەغدا نیشتەجێ بوون. وەكو دەڵێن پێگەی كورد لەو ناوچانە دەگەڕێتەوە بۆ هیمەتی شا ئیبراهیم.

كەسایەتیەكی تری وەكو ئیبراهیم ئاغای خوبیلەزادە (1815-1906)ز كوڕی محمد حەمەمین ئاغایە باپیرەی بەناوبانگە بە(حەمە ئەمین گەورە) سەربەتیرەی خوبیلە زادەیە، لەهۆزی سنجاوییە، لە سلێمانی هاتۆتە دنیاوە، هەر لەمنداڵییەوە خراوەتە بەرخوێندن، خوێندەوارێكی چاكبووە، موڵكوزەوی و زاری زۆری بەدەستەوە بووە وەك ئەم گوندانە (بارۆی، چەقش، قایكان، مالومە، دووكان، ژاڵە، هوانە، شێخ وەیساوا، بەشێك لە قڕگە). ڕژێمی داگیركەری تورك دژی ئەم پیاوچاكانەبووە، بۆیە بە پیلانێك دووریان خستۆتەوە بۆ توركیا و لەوێشەوە بۆ ئەرزەڕووم، لە پاشاندا دەستبەسەر موڵك و ماڵیداگیراوە و پاشان كاربەدەستانی دەوڵەتی عوسمانلی زۆریانی فرۆشتووە.

هەروەها كەسایەتی»حەمەئاغای خوبیلەزادە» كە لە ساڵانی(1872- 1959)ز ژیاوە ناوی محمد كوڕی ئەحمەد ئیبراهیم ئاغای خوبیلەزادەیە لەشاری سلێمانی لە گەڕەكی سەرشەقام لە دایكبووە، لە بنەماڵەی «سنجاو»ین. لە پاش فامكردنەوە لەسەردابوونەریتی ئەوسەردەمە نراوەتە بەرخوێندن، سەركەوتنی بەدەستهێناوەو زانایەكی ئاینی بەناوبانگی هۆزی كاكەیی لێدەرچووە. هەق خوازبووەو هەژارانی خۆشویستووە. موڵكوماڵی زۆری لە باپیریەوە بۆ بەجێماوە، زۆربەی سامانەكەی بەسەرهەژارانو لێقەوماوانو هەتیواندا دابەشكردووە. شارەزای تەواوی لە ئاینی ئیسلامومەسیحی وئێزدی وڕێبازە ئاینییەكانی تر هەبووە. بۆ خۆی قوتابخانەیەكی سۆفیگەری ڕێبازەكەی بووە.

دەستوخەتی زۆرخۆشبووە زاناو زیرەكو هۆشیاربووە، حسێبگرەوەو ئەستێرەناس بووە، دیوەخانەكەی لەگەڕەكی سەرشەقام بووەو جێگەی خەڵوەتی دەروێشانو فەقێیانی كاكەیی بووە، لەگەرمیانو كوێستانەوە هەركەسێكی كاكەی ڕێی بكەوتایەتە سلێمانی لەدیوەخانەكەی پشوویانداوەو حەساونەتەوە.ئەم كەسایتیە دۆستایەتی لەگەڵ هەموو زاناو ناودارانو دەروێشەكانی كاكەیی هەبووە، بەتایبەتی سۆفی ڕەشید هاواری، مەلاعەباسی حیلمی، مەلاخەلیل خدرمنەوەر، سەید سڵێمان پەلكزێڕین، مام حەمەی دەروێش عەلی، فەقێحەمەحەیدەر، دەروێش خورشید سەلیم، سەید تۆفیق سەید عەلی خانەقینی.

دۆستایەتیەكی بەتینی هەبووە لەگەڵ كەسایەتیەكانی ئەو سەردەمە وەكو»شێخ مەحمودی حەفید، شێخ محمدی حەفیدزادە، پیرەمێرد، عەبدوڵازێوەر، عەلی باپیرئاغا، سەیدخەلیل ئاغا، سەید فەتاح ئاغای كاكەیی، شێخ مستەفا قەرەداغی، شێخ لەتیفی دانساز، سەید نوری نەقیب».

حەمەئاغا لەساڵی(1959) لەتەمەی(87) ساڵیدا كۆچی دواییكردووە، لە گۆڕستانی تایبەت بە خۆیان لە گردی سەیوان بە خاك سپێراوە.

وەكو فێركردن لەڕێگەی وتنەوەو لەبەركردن كەسایەتیەكی تری دینی یارسان ئاماژە بەسۆفی ڕەشید هاواری(1873-1948)دەكەم كە كوڕی وەیس مراد پیاوێكی نەخوێندەواربووە، بەڵام لەڕێگەی سۆفیگەریو دەروێشیەوە بە پلەی ڕۆشنبوونەوە گەیشتووە لەسەردەستی زانای ئاینی بەناوبانگ»حاجی نیعمەتوڵای جەیحون ئابادی» زانستی ئاینی یارسانی وەرگرتووە، بەسەدان بگرە هەزاران سرودو پەخشانی ئاینی لەبەربووە، گەلێسرودی ئاینیوسۆفی گەرێتیو پێشبینی بە زاراوەی»ماچۆـ گۆران» هۆنیوەتەوە. تاكە زانای ئاینی بووە لە گوندی هاواردا لە سەردەمی خۆیدا، ماڵەكەی وەكو قوتابخانەیەك تەرخانكردووە بۆ فێركردنی كاكەییەكان بەدینەكەیان لەبەرئەوەی نەخوێنەواربووە هەربە دەنگو سەدای خۆی خەڵكی فێركردووە.

هەروەها كەسایەتیەكی تری دینی یارسان كە ڕۆڵی هەبووە لە پەروەردە و فیركردنی كاكەییەكان ئەویش بەڕێز»هیجری دەدە»بووە كە لە ساڵانی (1877-1952) ز ژیاوە.ناوی مەحمود كوڕی مەلاعەلی مام نەزەر لەشاری كەركوك لەدایكبووە، لە خێزانێكی ئاین پەروەربووە، پیاوێكی ئەدیب و شاعیرێكی بەناوبانگ بووە.

نوسەران بەشاعیرێكی پایەبەرز لەقەڵەمیانداوە، ناوبراو زمانەكانی كوردیو عەرەبیو فارسیو توركی بە چاكی زانیوە. شیعری بە زمانی كوردیو توركیو فارسی داناوە. زۆربەی چاپكراوەكانی بەزمانی توركیو فارسین، بڕی (22) كتێبی داناوە هەندێكیان بەچاپ گەیشتون، زۆربەشیان چاپ نەكراون. هیجری خوێندنی لەسەردەستی ئەم مامۆستایانە تەواوكردووە(مەلا محمد ئەفەندی، مەلا ڕەزا ئەفەندی ، مەلا عەلی حیكمەت ئەفەندی).وانەی ڕێبازی كاكەیی لای زانایانی دینی یارسان لەلای مەلا فەتۆش، مەلازەینەڵ، سەیدمحمد عەبەلە، سەید سڵێمان پەلك زێڕین وەرگرتووە. ساڵی(1911) بووە بە مامۆستا لە قوتابخانەی سوڵتانییە.

بەڕێوەبەری ڕۆژنامەی كەركوك بووە، لەساڵی (1935)ز.كتێبێكی بەشیعری فارسی دەربارەی مێژووی ئەو سەردەمەی سلێمانی ئامادەكردووە بەناوی (توحفەی سلێمانی) لەچاپی داوە پیرەمێردی نەمر زۆر وەسفی ئەو كتێبەی كردووە.

لەگەڵ ئەوەی ئەم پێكهاتەیەی شار بەشداری قۆناغی خوێندنەكانی قوتابخانە فەرمیەكانیان كردووە هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە.

 204 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*