سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » بیلاڕوسیا لە نێـوان یەكێتیی ئەوروپا ‌و روسیادا

بیلاڕوسیا لە نێـوان یەكێتیی ئەوروپا ‌و روسیادا

بیلاڕوسیا وڵاتێكی بچووكی ئەندامی یەكێتیی ئەوروپایە و یەكێكە لە كۆمارەكانی یەكێتیی سۆڤێتی پێشوو، لە ساڵی 1991ەوە سەربەخۆیی خۆی لە روسیا راگەیەندووە، لە ساڵی 1994یشەوە تا ئێستا، كە دەكاتە 26 ساڵ، ئەلێكسەندەر لوكاشینكۆ لەسەر تەختی دەسەڵاتەو پۆستی سەرۆك كۆماری هەیە‌.

بەپێی ئەنجامی دوایین هەڵبژاردن، كە لە 9ی مانگی ئابدا بە زۆرینەیەكی خەیاڵی بۆ شەشەمین خول لەسەر یەك بە رێژەی 80,1 %ی زیاتری دەنگەكان، لە بەرامبەر خاتوو سفیتلانا تیكانۆفسكایا ركابەرەكەی كە تەنها 10 ٪ی دەنگەكانی هێنا، سەركەوتنی بەدەستهێناوە. ئێستا ركابەرەكەی لە ترسی توندوتیژی، رایكردۆتە لیتوانیا و لەوێوە ئاماژە بەوە دەكات، كە هەڕەشە لەسەر ژیانی هەیە و پیاوانی دەسەڵات وازی لێناهێنن.
ئەمانە لە كاتێكدان، كە بارودۆخ و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانیش لەو وڵاتەدا، لەسایەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەرەو خراپی دەڕوات، بۆیە زۆرینەی گشتی بە شەقام و ئۆپۆزسیۆن و تەنانەت هەندێك لە وڵاتانیش، ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنەیان رەتكردۆتەوە و داوای سەرلەنوێ ئەنجامدانەوەی دەكەن.

روبەڕوبونەوەی خۆپیشاندەران
خۆپیشاندانەكان لە دژی سەرۆكی ئەو وڵاتە، گەورەترین خۆپیشاندانن لە مێژووی بیلاڕوسیادا ‌و تەنها لە هەفتەی رابردوودا زیاتر لە 100 هەزار كەس لە مینسكی پایتەخت، بەشدارییان كرد و بە دروشمی «باركە، بڕۆ» هاتنە سەر جادە و ئیدانەی ئەنجامی هەڵبژاردن و بە وتەی خۆیان، ساختەكارییان كرد. لە بەرامبەریشدا، ئەو سەرۆكە هەڵوێستی توندی نواند لە دژی خۆپیشاندەران و بە توڕەییەوە وەڵامیدانەوە. هەروەك داوایكرد كە لایەنگرانی، بەرگریی لە وڵاتەكەیان بكەن ‌و روبەڕوی ئەوانە ببنەوە كە هۆكاری ئاژاوەن، ئەمەش لە كاتێكدایە كە خۆپیشاندانەكان فراوانتر و داواكارییەكانیش خۆیان لە وازهێنانی ئەو سەرۆكە و سەرلەنوێ ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنێكی تر ‌و سەپاندنی دەسەڵاتێكی دیموكراسیدا دەبینێتەوە. لە روبەڕوبونەوە ‌و پێكهەڵپژانیشدا لەگەڵ پۆلیس ‌و هێزە ئەمنییەكان، هەزاران كەس خراونەتەوە زیندان و ژمارەیەكیشیان لێكوژراوە.

یەكێتیی ئەوروپا متمانەی پێنابەخشێت
چەند رۆژێك لەمەوبەر، لوكاشینكۆ لە رێوڕەسمێكدا سوێندی یاسایی خوارد، یەكێتیی ئەوروپا بە ناوی هەر 27 وڵاتە ئەندامەكەیەوە، ئیدانەی هەڵوێستی ئەو ئەندامەی خۆی كرد و متمانەی پێنەبەخشی، داواشیان لەو دەسەڵاتە كرد كە هەموو جۆرە توندوتیژییەك لە دژی خۆپیشاندەران و لایەنە بەرهەڵستكارەكان رابگرێت ‌و گوێ لە دواكارییەكانیان بگرێت.

یەكێتیی ئەوروپا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، كە بەڕێوەچوونی مەراسیمی سوێندخواردنی دەستووری لەلایەن لۆكاشینكۆ-وە، نایاساییە و هیچ بنەمایەكی دیموكراسی تێدا نییە. روونیشیانكردۆتەوە، كە بە رەچاوكردنی ئەو رەوشەی ئێستا لەو وڵاتەدا دەگوزەرێت، یەكێتیی ئەوروپا پێداچوونەوە بە پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ بیلاڕوسیادا دەكات.

لای خۆیشییەوە، ئەڵمانیا ئاشكرایكرد: متمانە بە سەرۆكێك نابەخشێت، كە بە دەنگی ساختە ببێتە سەرۆكی وڵاتێك، بەتایبەتیش ئەگەر ئەندامی یەكێتیی ئەوروپا بێت.

ستیڤان زایبەرت وتەبێژی حكومەتی ئەڵمانیا وتی: رێوڕەسمی سوێندخواردنەكەش هیچ شەرعییەتێكی نییە و نایاساییە. فەرەنساش بە هەمانشێوە ئیدانەی هەڵسوكەوتی توندڕەوانەی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە لە بەرامبەر خۆپیشاندەران دەكات و لایەنگریی داخوازییەكانیان دەكات.

ئەو دوو وڵاتەو هاوئەندامەكانیان لەناو یەكێتیی ئەوروپا، داوا دەكەن كە سیستەمی ئەو وڵاتە نابێت رووەو دیكتاتۆرییەت هەنگاوبنێ و دەبێت پراكتیزەی ئەو بنەمایانە بكات، كە یەكێتییەكەی لەسەر بنیاتنراوە، لە پێشەوەشیاندا فەراهەمكردنی ئازادی و دیموكراسییە بۆ هاووڵاتیانیان.

ئێستا یەكێتیی ئەوروپا خەریكی دانانی پلانێكە بۆ سەپاندنی سزا بەسەر 40 كەس لە كەسایەتیی سیاسی و حوكمی بیلاڕوسیاو بڕیارە لە سەرەتای مانگی ئۆكتۆبەرەوە بخرێتە ناو ئەجێندای كۆبوونەوەكان و بڕیاری لێبدرێ.

هەڵوێستی روسیا
بەپێی لێدوانی چاودێران و كەناڵەكانی میدیا، ئەو سەرۆكە پەیوەندییەكی پتەوی لەگەڵ ڤلادمێر پوتین سەرۆكی روسیا هەیە و خۆی پەیوەستكردووە بە سیاسەتەكانییەوە، بۆیە روسیا پشتیوانی گەورەی لێدەكات و هەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەكاتەوە، كە باس لە ساختەكاریی دەكەن، بەڵام تا ئێستا هیچ لێدوانێكی لەسەر رێوڕەسمەكە نەداوە.

ماریا زاخارۆڤ ئەو تۆماتانەی رەتكردۆتەوە، كە باس لەوە دەكەن وڵاتەكەی پشتیوانیی مادی و مەعنەوی ‌و سەربازیی لوكاشینكۆ بكات و بیەوێت لە دەسەڵات بمێنێتەوە.

لە كۆتاییدا، وەك دەڵێن، دەسەڵات لەو وڵاتە پشتی لە یەكێتیی ئەوروپا كردووە و بەرەو كرملین و راسپاردەكانی پوتین، هەنگاودەنێت و دەكرێتە كارتێكی فشار بەسەر هەندێ وڵات و بەرژەوەندییە تایبەتییەكان، بۆیە لەوە ناچێت بەمزووانە دۆخی سیاسی لە بیلاڕوسیا هێورببێتەوە.

سەرچاوە: ئاژانسەكان

 183 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*