دانا عه‌سكه‌ر
مێژووی بزووتنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی رۆشنبیریی كوردی مێژوویه‌كی پچڕپچڕه، دابه‌شبوونی كورد و ئه‌ده‌بیاتی كوردی به‌سه‌ر چه‌ند وڵاتێكی غه‌یره كورد، ئه‌مه بۆ خۆی گه‌وره‌ترین گرفته مێژووی ئه‌ده‌بی ئێمه‌ی پێدا تێده‌په‌ڕی، له راستیدا ئینسانی ئێمه ئه‌گه‌ر له‌و سیاقه‌وه كه له باشووری كوردستانه‌وه تیشك بخه‌ینه سه‌ر مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی، هه‌ست ده‌كه‌ین غه‌درێكی گه‌وره له رۆژهه‌ڵات و باكوور و رۆژئاوا كراوه، هه‌ر یه‌ك له ئه‌ده‌بیاتی كوردیی له‌م به‌شانه‌دا بۆخۆی مێژوویه‌كی تایبه‌تی هه‌یه، بۆیه ده‌ستبردن بۆ هه‌ریه‌ك له‌م دنیا جیاوازانه، بی ئه‌وه‌ی تیشك بخرێته سه‌ر ئه‌وی تر، گرفت بۆ خوێندنه‌وه دروست ده‌كات، ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه له هه‌ریه‌ك له‌م وڵاتانه‌ی كوردی به‌سه‌ردا دابه‌شكراوه، له قۆناغێكی تایبه‌تدا ژیان ده‌گوزه‌رێنن، قۆناغی ده‌ره‌به‌گایه‌تی و لادینشین و شه‌ڕ و قڕكردن، به درێژایی مێژوو بزوتنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی و رۆشنبیریی كوردی تووشی شكستی گه‌وره كردووه، له‌به‌رانبه‌ردا ئه‌ده‌بیاتی ئێمه‌ی تووشی ره‌وتی ناجێگیریی كردووه، قسه‌یه‌ك هه‌یه ده‌ڵی: ئه‌ده‌بی حه‌ماسه‌ت و دیدگای حه‌ماسی هێنده‌ی ئه‌ده‌بیات به‌ئاڕاسته‌ی بێفیكریی و گرژیی و ئاڵۆزیی ده‌روونی ده‌بات، نیو هێنده فیكر به‌رهه‌م ناهێنی، ئه‌م دۆخه فیكر و مه‌عریفه‌ی رۆشنبیریی له چه‌ند فه‌زایه‌كی كه‌لتووری هه‌ژاریی مه‌عریفیدا ده‌گوزه‌رێت، ئه‌وه‌شی بنووسرێت به ناوی رۆمان یا چیرۆك یا شیعر، وه‌ك سی دنیای جیاواز ده‌رده‌كه‌ون، بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌یه‌ك له‌سه‌ر گوتاری ئه‌ده‌بی كوردی بكه‌ین و بگه‌ینه سه‌ر ئه‌وه‌ی كه تا چه‌ند ئه‌ده‌ب و گرنگی رۆشنبیریی ئه‌ده‌بی به‌ده‌رخستنی وێنه‌ی مێژووی كۆمه‌ڵگه له فه‌زای چیرۆك و حیكایه‌تی واقیعی جیاده‌كرێته‌وه، هه‌ر میلله‌تێك رۆمانی نه‌بوو یانی شاریی نییه، بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌یه‌كی شار له یاده‌وه‌ریمان هه‌بێت، ده‌بی ئه‌ندێشه و بیركردنه‌وه‌ی ئێمه له كۆمه‌ڵگه‌ی لادییهوه بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی شار جیاوازیی له زمانی ئاخاوتن و بیركردنه‌وه و په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتووریی، فۆرمێكی و وێنه‌یه‌كی جیاوازی هه‌بێت، فۆرمێك كه ئیتر ژیان له‌و ساده‌یی و مه‌ودا جوگرافییه به‌رته‌سكه‌ی بیركردنه‌وه و به‌یه‌كه‌وه بوونه بچێته قۆناغێكی تری نووسین و ئاخافتنه‌وه، قۆناغێك ژیان له ره‌هه‌نده دنیاییهكهیهوه ته‌ماشا بكرێت، له‌بری ئه‌و فۆرمه‌ی په‌یوه‌ستبوون به‌خێزان و كۆمه‌ڵگه‌وه، لۆژیكی بیركردنه‌وه، شار ده‌خزێنێته شوێنه تایبه‌ته‌كه‌ی خۆی، واتا جوغزی بیركردنه‌وه له بونیادی شار له‌ئاوه‌زی ئێمه‌دا، له‌و دۆخه ئاڵۆزه‌وه ده‌چێته دۆخێك هه‌وڵ بۆ ده‌ربازبوون له‌و فه‌زا به‌رته‌سكه له بیركردنه‌وه و په‌یوه‌ندیی به‌دنیایه‌كی جیاواز ده‌دات، كه تێیدا نه‌زمان و نهبیركردنهوه چون خۆی نامێنێت، لێره‌وه شار ده‌بێته به‌شێك له بیره‌وه‌رییه‌كانی ئێمه، كه تا نووكه له واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی ئێمه‌دا شار نه‌بووه‌ته به‌شێك له یاده‌وه‌رییه‌كانمان، ئه‌وه‌ی ده‌ینووسین په‌یوه‌ندیی به زاكیره‌ی ئێمه‌وه هه‌یه، كه مه‌یلێكی گوندییانه‌ی هه‌یه، ئه‌مه واقیعی به‌شێكی زۆری بیركردنه‌وه‌ی ئێمه‌یه، به‌ڵام بیرمان نه‌چێت له سه‌ره‌تای حه‌فتاكانه‌وه ئه‌ده‌بی كوردیی به‌شێوه‌یه‌كی تر و فۆرم و زمانێكی جیاوازتر له‌وه‌ی پێشتردهردهكهوێت، بۆیه ده‌توانین ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی نێوان ئه‌ده‌ب و رۆمان و رۆشنبیریی گشتی شار، دیدێكی ترمان بۆ بخاته به‌رده‌ست، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئه‌ده‌بی كوردی له سه‌ره‌تای حه‌فتاكانه‌وه ده‌مێك گروپی روانگه و كفریی دواتریش له هه‌شتاكان ده‌ركه‌وتنی كۆمه‌ڵێك نووسه‌ر توانیان له‌و فۆرمه ته‌قلیدییه رزگاری بكه‌ن، به‌ڵام ده‌بی ئێمه له‌وه تێبگه‌ین كه سه‌ركه‌وتن و شكستی گوتاری ئه‌ده‌بی كوردیی له قۆناغه جیاوازه‌كانی ئه‌ده‌بی كوردی په‌یوه‌ندیی به‌و دیده ناجێگیره‌وه هه‌یه كه ئه‌مڕۆ قسه‌ی له‌باره‌وه ده‌كه‌ین، به بڕوای من وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا له ئه‌ده‌بی كوردی ده‌ڕوانین، ده‌بی ئه‌وه‌شمان بیرنه‌چێت ئه‌ده‌بی كلاسیكی كوردی رۆڵێكی گرنگ و به‌رده‌وامی به ئه‌ده‌بی ئێمه به‌خشییوه، تا ئێستا ئه‌و ئه‌فسوونه رۆمانسییه‌ی ئه‌ده‌بیاتی ئێمه سه‌رچاوه‌كه‌ی ئه‌ده‌بی سه‌رده‌می قۆناغی كلاسیكه، ئه‌و بكه‌رانه‌ی له هه‌ناوی ته‌كییه و خانه‌قا و مزگه‌وته‌كانه‌وه سه‌رچاوه‌یان گرت، له رێی زمان و كه‌شی ئاینه‌وه دیوه جوانه‌كه‌ی ئه‌ده‌بیان به ئێمه ناساند، ئه‌گه‌ر فه‌زای گشتیی ئێمه كه‌شێكی ئیمانداریی هه‌بی، بكه‌ره‌كانی نێو ئه‌م كه‌شه، توانیان ئه‌ده‌ب وه‌ك چه‌مكێكی ئیمانداری و رۆشنبیریی بناسێنن، ئه‌گه‌ر له‌پێشتردا ئه‌ده‌ب لای ئێمه نه‌یتوانیبێت خه‌ونی گه‌شه‌ی زمان و دنیابینی خۆی بهكۆمهڵگه بناسێنێت، ئه‌وان شاعیره‌كانی قۆناغی كلاسێك، ئه‌و به‌ربه‌سته گه‌وره‌یه‌یان تێك‌شكاند و ئه‌ده‌ب وه‌ك به‌شێك له رۆحی تاكی كورد به‌شداری له ژیانی ئێمه‌ی پێكرا، بۆیه ده‌بی له‌وه تێبگه‌ین زمان و كه‌شی ئاین رۆڵی كاریگه‌ری له به‌رده‌وامی ئه‌ده‌بی كوردیدا هه‌بووه، ئه‌گه‌ر سه‌رنج له سه‌ره‌تای قسه‌كردنمان له‌م وتاره‌دا بده‌ین، ده‌مێك باس له ئه‌ده‌بیاتی كوردی ده‌كه‌ین و ئاماژه به‌جیاوازی له فۆرمی ئه‌ده‌بیات نێوان بهشهكهكانی كوردستان ده‌ده‌ین، ئه‌م جیاوازی فۆرمه له سه‌رده‌می ئه‌ده‌بی كلاسیك‌دا نه‌بووه، به‌شێكی بۆ گه‌شه‌ی قۆناغ و زمان ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌شه‌كه‌ی دی، بۆ رۆڵی شاعیرانی ئه‌و قۆناغه ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌موو سه‌رنج و قسه‌مان له‌باره‌یه‌وه هه‌یه، نه‌بوونی زمانی ستاندارده، وه‌لی قه‌ت بیرمان له مه‌رجه‌عی ئه‌ده‌بی به‌مانا فیكریی و مه‌عریفییه‌كه‌ی نه‌كردۆته‌وه، واتا ئه‌گه‌ر ئێستا قسه‌مان له‌سه‌ر جیاوازی قۆناغ و بیركردنه‌وه و گه‌شه‌ی زمان هه‌یه، وه‌لی له قۆناغی ئه‌ده‌بیاتی كلاسیك، دۆخێكی جیاوازتری هه‌بوو، كه زۆر له ئێستا زیاتر شێوه‌یه‌كی ئالۆزی به‌خۆوه گرتبوو! بۆ ئه‌ده‌بی كوردیی به شێوه‌یه‌كی گشتیی نه‌یتوانیوه ئه‌و فۆرمه تێپه‌ڕێنی، ئه‌گه‌ر دۆخی ده‌روونی و جه‌نگ و قاتوقڕی به‌شێك بێت له دنیای ئه‌ده‌بی ئێمه، كه‌وایه ده‌بی دان به‌وه‌دا بنێین ئه‌ده‌بی ئێمه نه‌یتوانیوه خۆی له دیدگای عه‌وام جیابكاته‌وه، نه‌یتوانیوه سه‌لیقه‌ی بیركردنه‌وه‌ی، له‌و فه‌زا گشتیی جیابكاته‌وه.
244 جار بینراوە