سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » یه‌كه‌م ژنی تورك كه‌ چووه‌ سه‌رته‌خته‌ی شانۆ

یه‌كه‌م ژنی تورك كه‌ چووه‌ سه‌رته‌خته‌ی شانۆ

ژیانی‌ ئه‌م ژنه‌ هونه‌رمه‌نده‌ له‌ كۆتاییه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ عوسمانی‌ ده‌ستی‌ پێكردووه‌ و له‌ سه‌رده‌می‌ كۆمارییدا كۆتایی هاتووه‌، له‌ ته‌مه‌نی‌ گه‌نجیدا ئاره‌زووی‌ له‌ شانۆ بووه‌ وه‌كو یه‌كه‌م ژنی‌ تورك چووه‌ته‌ سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ و به‌هۆی‌ ئه‌وه‌وه‌ تووشی‌ گرفت بووه‌. ئه‌و سه‌رده‌مه‌ توركیای‌ عوسمانی‌ رێگه‌ی‌ نه‌داوه‌ ژنان له‌ سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ رۆڵ ببینن، به‌و هۆیه‌وه‌ تووشی كێشه‌ بووه‌ و به‌ فه‌رمانی‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی‌ عوسمانی‌ رێگریی لێكراوه‌، به‌ڵام عه‌فیفه‌ وه‌ك یه‌كه‌م ژنی‌ مسوڵمان ئینكه‌به‌ری‌ كردووه‌ و به‌جارێك دژی یاسای‌ ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی‌ و ته‌نانه‌ت دژی ویست و ئاره‌زووی‌ باوكیشی چووه‌ته‌ سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ و رۆڵی‌ بینیوه‌، چه‌ند كارێكی‌ كردووه‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ ئالووده‌بوون به‌ تریاكه‌وه‌ زۆر نه‌ژیاوه‌، هێشتا گه‌نج بووه‌، له‌ ته‌مه‌نی‌ 39 ساڵیدا مردووه‌ و نه‌یتوانیوه‌ به‌هره‌مه‌ند بێت له‌ سه‌رده‌می‌ كرانه‌وه‌ و به‌ ئه‌روپاییبوونی‌ توركیای‌ سه‌رده‌می‌ ئه‌تاتوركدا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ چه‌ند به‌رهه‌مێكی‌ شانۆییدا رۆڵی بینیوه‌. له‌ دوای‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی‌ ئیمپراتۆرییه‌تی‌ عوسمانی‌ ئه‌تاتورك توركیای‌ نوێ داده‌مه‌زرێنێ و كۆمارێكی‌ عه‌لمانی‌ بنیات ده‌نێ، جا له‌دوای‌ ئه‌و گۆڕانكارییه‌ سیاسییه‌وه‌ سیستمی‌ سیاسی و و په‌روه‌رده‌ و كۆمه‌لایه‌تی‌ له‌ توركیا گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه‌ و توركیا پێی ناوه‌ته‌ قۆناغێكی‌ تره‌وه‌ و له‌بواری‌ رۆشنبیریشدا گه‌شه‌ی‌ كردووه‌ و له‌ كۆماره‌دا شانۆش وه‌ك زۆر بواری‌ دیكه‌ ده‌رگاكه‌ی‌ بۆ ژنان ده‌كرێته‌وه‌، به‌ڵام عه‌فیفه‌ هه‌ر فریای‌ چه‌ند كارێك كه‌وتووه‌ و له‌ ساڵی‌ 1941 له‌ ته‌مه‌نی‌ سی و نۆ ساڵیدا مردووه‌.

ئه‌م ژنه‌ ئه‌كته‌ری‌ ناوداری‌ شانۆی‌ توركیا، یان باشتر بڵێین یه‌كه‌م ژنه‌ موسڵمانی‌ توركه‌ چووه‌ته‌ سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ له‌ ساڵی‌ 1902 له‌ ئه‌سته‌نبوڵ له‌ خێزانێكی‌ مامناوه‌ند له‌ دایكبووه‌، باوكی‌ ناوی‌ هیدایه‌ت بووه‌ و دایكی‌ ناوی‌ مه‌دیحه‌ بووه‌، برایه‌كی‌ هه‌بووه‌ به‌ ناوی‌ ساڵح و خوشكێك به‌ناوی‌ به‌هییه‌. عه‌فیفه‌ له‌ نه‌وه‌ی‌ سه‌عید پاشای‌ پزیشك بووه‌. ژیانێكی‌ تیژ تێپه‌ڕی‌ هه‌بووه‌، خێرا هات و خێرا ونبوو، له‌ ساڵی 1941 به‌جوانه‌مه‌رگی‌ سه‌ری نایه‌وه‌. سه‌ره‌تای‌ ژیانی‌ هونه‌ری‌ و خولیای‌ شانۆ لای‌ عه‌فیفه‌ له‌ قوتابخانه‌ی‌ هونه‌ره‌ جوانه‌كانی تایبه‌ت به‌ ژنانه‌وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌، پێش ئه‌وه‌ی‌ له‌ به‌شی شانۆ له‌ په‌یمانگا وه‌ربگیرێ. باوكی‌ دڵی‌ له‌ هه‌ڵبژارده‌كه‌ی‌ نیگه‌ران بووه‌ و رازی‌ نه‌بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌، به‌ڵام عه‌فیفه‌ پڕكێشی كردووه‌. به‌هۆی‌ ئه‌و پڕكێشییه‌ی‌ كه‌ كردوویه‌تی‌ زۆر به‌خێرایی ناوبانگی‌ ده‌ركردووه‌.

ژیانی‌ خێزانی‌ عه‌فیفه‌ له‌ ساڵی‌ 1929دا ده‌ستیپێكردووه‌، شووی‌ به‌ ئاوازدانه‌ری‌ به‌ ناوبانگی‌ توركیا سه‌ڵاحه‌دین بینار كردووه‌، كه‌ له‌ ئاهه‌نگێكی‌ موزیكدا بینیبووی‌ و شه‌ش ساڵ له‌گه‌ڵیدا ژیاوه‌، به‌ڵام هه‌ر زوو ژیانی‌ خێزانی‌ تێكده‌چێ و له‌ ساڵی 1935 له‌ مێرده‌كه‌ی جیابووه‌ته‌وه‌ و له‌ كاری‌ شانۆش داده‌بڕێ و زۆرنابات ده‌مرێت.

یه‌كه‌م رۆڵ بینینی‌ عه‌فیفه‌ جاله‌ به‌ناوێكی‌ خوازراوه‌وه‌ بووه‌، به‌رده‌وام بووه‌ تاوه‌كو وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ به‌فه‌رمی‌ له‌كاری‌ شانۆ دایبڕیوه‌ له‌ ساڵی‌ 1911. به‌ڵام سه‌رباری‌ رێگرییه‌كان به‌رده‌وام بووه‌، له‌ ساڵی‌ 1920 له‌سه‌ر ته‌خته‌ی‌ شانۆ ده‌ركه‌وتووه‌ له‌ شانۆگه‌ریی یامالار له‌ رۆڵی‌ ئمیلدا. كه‌ حسێن سوات نووسیوێتی‌.

ئه‌ده‌ب و هونه‌ر

 79 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*