سەرەکی » راپۆرت » ״دۆخی عیراق پێویستی بە جێبەجێكردنی دەستوورە״

״دۆخی عیراق پێویستی بە جێبەجێكردنی دەستوورە״

راپۆرتی، جێگر خدر

لەساڵی 2005ەوە، عیراق دەستوورەكەی نووسیوەتەوەو هاووڵاتیان بە بەڵێ دەنگیان بۆ داوە. شارەزایانی دەستوور و بەشێكی زۆری كوتلە سیاسییەكانیش بەدەستوورێكی بێگرفتی دەزانن، بەڵام ژمارەیەك ماددەی، دوای تێپەڕبوونی 15 ساڵ بەسەریدا، هێشتا جێبەجێنەكراوەو جێگەی مشتومڕی لایەنە بەشدارەكانە لە پەرلەمان و حوكمڕانیی عیراقدا.

چارەسەرکردنی گرفتەکان
لەوبارەیەوە، دكتۆر رێبوار كەریم ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، لەلێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، ئاماژە بەوەدەكات، كە گرفتی سەرەكی لە جێبەجێنەكردنی هەموو ماددەكانی دەستوور وەكویەك، خوێندنەوەی جیاوازی لایەنەكانە بۆ دەستوور، بەشێوەیەك هەر لایەنێك وا دەستوور دەخوێنێتەوە كە خۆی باوەڕی پێیەتی، هەر ئەوەشە گرفتەكەی درووستكردووە. بەوتەی ئەو ئەندامە كوردەی ئەنجومەنی نوێنەران «لەناو دەستووردا هەندێك ناڕوونیی هەیە، بەتایبەت لە دەسەڵاتەكانی ناوەندو دەسەڵاتە هاوبەشەكاندا». وتیشی» ئەو گرفتانە پێویستییان بەچارەسەركردن هەیە، بەڵام ئاسان نییە، بەدڵنیاییەوە كاتی زۆری دەوێت و ناتوانرێت كاتێك دیاریبكرێت بۆ جێبەجێكردنی ئەو ماددە دەستوورییانە بەدەر لە رێكەوتنی لایەنەكان بۆ خوێندنەوەی دەستوور».

رەتكردنەوەی دەستوور بەپێی بەرژەوەندیی لایەنەكان
بەهەمان شێوە، رێبوار تەها ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، جەخت لەوە دەكاتەوە كە لایەنەكان لەكاتێكدا ماددەیەك لەبەرژەوەندییان بێت، دەگەڕێنەوە بۆ دەستوور، بەڵام هەر ئەو لایەنانە گەر ماددەیەك بەدڵیان نەبێت یان لەبەرژەوەندییان بدات، دەستوور پێشێل دەكەن، بەجۆرێك ئەوەی بۆ خۆیان پێیان باشە لەگەڵیدا دەبن و ئەوەشی بەدڵیان نەبێت، پابەندی نابن.

رێبوار تەها، ئاماژە بەوەش دەكات كە»لەدەستووری عیراقدا 50بۆ52 ماددە هەیە كە لەدەقی دەستوورییشدا هاتووە؛ دەكرێ بە یاسا رێكبخرێنەوە، بەڵام نەبوونی هەماهەنگی لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا وایكردووە ئەو ماددانە گرفتیان بۆ دروستببێت، چونكە دەبێ بەیاسا لە پەرلەمان رێكبخرێن، ئەوەش پێویستی بە رێكەوتنی لایەنە سیاسییەكانە».

جێبەجێکردنی مادەی 140
لەبارەی پرسی ماددەی 140 كە پرسێكی چارەنووسسازە بۆ كورد، وتی: پێویستە كورد لەپێكهێنانی حكومەتی داهاتوودا، ماددەی 140 بكاتە وەرەقەی فشار بۆ رێكەوتن و بەشداریكردن لە حكومەتەكەدا، بەجۆرێك دەبێت «بەشداریكردنمان پەیوەستبێت بە جێبەجێكردنی پێشمەرجی ماددەی 140 لەحكومەتی داهاتوودا».

ژمارەیەك یاسا هەن بۆ كورد چارەنووسسازن
لەسەر هەمان پرس، دانا جەزا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: كورد پابەندە بەدەستوورەوە، ئەویش بەهۆكاری ئەوەی جێبەجێكردنی دەستوور، كۆمەڵێك مافی كورد دەستەبەردەكات، وتیشی: جێبەجێكردنی دەستوور حكومەتی عیراق ناچاردەكات پابەندبێت بە دابینكردنی مافەكانی كورد، بەتایبەت ژمارەیەك یاسا هەن كە بۆ كورد چارەنووسسازن، لەوانە یاسای دابینكردنی شایستە داراییەكانی هێزی پێشمەرگە، كە تا ئێستا ناوەند هیچ بڕە پارەیەكی نەناردووە لە كاتێكدا ئەوە لە دەستووردا چەسپاوە.

راشیگەیاند: ئەو لێكتێنەگەیشتنەی نێوان هەرێم و بەغدا بۆ داننەنان بەمافەكانی كورددا هۆكارەكەی حكومەتەكانی عیراق و پابەندنەبوونیانە بەدەستوورەوە، بەجۆرێك ئاراستەی سیاسی پشتدەبەستێت بە رێكەوتنی لایەنەكان بۆ پێكهێنانی كابینەكانی حكومەت.

ساڵی 2005 راپرسی لەسەر رەشنووسی دەستووری عیراق كرا، كە 15 ملیۆن دەنگدەر بەشدارییان لە راپرسییەكەدا كردو زۆرینەی بەشداربووان بە»بەڵێ» دەنگیان بە رەشنووسی دەستوورەكە داو ئەم دەستوورەی ئێستای عیراقی لێكەوتەوە، بەڵام هێشتا ژمارەیەك ماددە نەچوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

 69 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*