سەرەکی » راپۆرت » شاری پرتەقاڵ لە عیراق گەورەترین زیادبوونی بەرهەمی پرتەقاڵ تۆمار دەكات

شاری پرتەقاڵ لە عیراق گەورەترین زیادبوونی بەرهەمی پرتەقاڵ تۆمار دەكات

ئەركان جەبار

كۆمەڵەی جووتیارانی پارێزگای دیالە رایدەگەیەنێت، بەرزترین رێژەی بەرهەمهێنانی میوەی پرتەقاڵیان لە مساڵدا تۆمار كردوە، كە لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا یەكەمین جارە بەو رێژەیە بێت.

رەعد موغامس، سەرۆكی كۆمەڵەی جووتیارانی دیالە ئاشكرایكردوە، وێڕای ئەو زیانانەی كە لە ساڵانی رابردوودا رووبەڕووی بەرهەمهێنانی پرتەقاڵ لە سنووری پارێزگای دیالە دەبوونەوە، بەڵام لە وەرزی ئەمساڵدا گەورەترین رێژەی بەرهەمهێنانی ئەو میوەیە لە پارێزگاكەدا تۆمار دەكرێت كە لە پێنج ساڵی رابردوودا بەو جۆرە نەبووەو بۆتە جێگای گەشبینی جووتیاران، هۆكارەكەشی بۆ زۆری رێژەی باران بارینی ئەمساڵو نەبوونی نەخۆشیی باخە پرتەقاڵەكان دەگەڕێتەوە.

دەشڵێت: «لە مساڵدا بەڕێژەی (30 %) بەرووبوومی میوەی پرتەقاڵ لە دیالە زیادیكردوە، بە شێوەیەك هەم پێداویستییەكانی ناوخۆی بازاڕی پارێزگاكە پڕ دەكاتەوە، هەمیش بە سەدان تۆن رەوانەی پارێزگاكانی ناوەڕستو باشوور و بەتایبەت بەغدا دەكرێت».

بەوتەی ئەو بەرپرسەی جووتیارانی دیالە، هەوڵی جدی هەیە بۆ ئەوەی لە ریگەی چەند بازرگانیەكەوە بەرهەمی پرتەقاڵی دیالە رەوانەی بازاڕی وڵاتانی عەرەبیو ئاسیایی بكرێت، كە لەدوای ساڵی 2003 وە ئەو كارە نەكراوە.

بەناوبانگترین پارێزگای عیراقە لە بەرهەمهێنانی پرتەقاڵدا، كە باخە پرتەقاڵەكانی بەسەر 16 ناوچەدا دابەشبووە، بەتایبەت لە ناوچەكانی (هۆیدەر، خرنابات، شێخ بابا و بهرەز).

لە سنووری پارێزگای دیالەدا نزیكەی (30 – 35) هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی بۆ باخی پرتەقاڵ تەرخانكراوە كە ساڵانە سەدان تۆن پرتەقاڵ لە جۆری «شیرینی ئاودار» بەرهەم دەهێنێت.

 

 360 جار بینراوە