سەرەکی » دۆسێ » داهاتەكانی عیراق بەشی مووچە ناكەن

حكومەت: مووچە بەرانبەر بە قەرز

داهاتەكانی عیراق بەشی مووچە ناكەن

تێكڕای داهاتەكانی عیراق بەشی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت ناكەن، ئەمەش حكومەت ناچار دەكات بۆ دابینكردنی مووچە و خەرجییەكانی تر پەنا بۆ داڕشتنی یاسای تەمویلكردنی كوردتهێنانی بودجە ببات كە لێوەی قەرز لە بانكی ناوەندی و بانكە حكومییەكان دەكات، ئەمەش بە بۆچوونی هەندێك وڵات بەرەو كارەساتێكی ئابوری چاوەڕوانكراو دەبات.

عیراق لەئێستادا بە بە تەنگژەیەكی ئابوری بێ‌ پێشینەدا تێدەپەڕێت، ئەمەش بارگرانییەكی زۆری بۆ هاووڵاتیان دروستكردووە و حكومەتیشی شەرمەزار كردووە كە ناتوانێت جگە لە چەند رێگەچارەیەكی لاوەكی، بە تەواوەتی كێشەكان چارەسەر بكات و ئابوری عیراق لەم رەوشە ناهەموار قوتار بكات.

حكومەتی ئێستای عیراق بۆ دەرچوون لەم گێژاوە، پاكێجی سپی لەپێناو چاكسازیی و زیاتركردنی داهاتەكانی دەوڵەت ئامادەكردووە، ئەمەش بە بۆچوونی ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمان كاتی دەوێت و دەبێت ئەوانەی جێبەجێی دەكەن دەستكراوە و بوێربن.

داهاتەكان بەشی مووچە ناكەن
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، هەموو پارەی فرۆشتنی نەوت لە مانگی ڕابردوودا كە 3.5 ملیار دۆرۆ بووە، بەپێی بەیاننامەكەی وەزارارەتی نەوت لەگەڵ داهاتەكانی تردا، بەشی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت ناكات.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق، لە لێدوانێكیدا بۆ (كوردستانی نوێ‌) ڕایگەیاند”هەموو پارەی فرۆشتنی نەوت لە یەك مانكدا، لەگەڵ داهاتەكانی تر كە دەوڵەتی دەستی دەكەوێت، بەشی پێدانی مووچەی فەرمانبەران كات، لەگەڵ ئەمەشدا وەزارەتی دارایی بەشێوەیەكی ورد، نەگەیشتۆتە قەبارەی ئەو پارەیەی كە مانگانە بۆ فەرمانبەران خەرج دەكرێت، بۆیە پێویستە ئەوە ڕوونبكاتەوە”.

بە وتەی شیروان میرزا”هەوڵەكانی حكومەت بۆ دەستەبەركردنی قەرزی ناوخۆیی و دەرەكی، لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە پارەی داهاتی فرۆشتنی نەوت و داهاتەكانی تر، بەشی پێدانی مووچەی فەرمانبەران ناكەن”.

لە 1ی تشرینی دووەمی 2020، وەزارەتی نەوتی عیراق، ئاماری سەرەتایی هەناردەكردن و داهاتی بەدەستهاتووی نەوتی مانگی ڕابردووی ئاشكراكردبوو.

داهاتی مانگێكی نەوت
بەپێی بەیاننامەكەی وەزارەتی نەوتی عیراق” كۆی گشتی داهاتی بەدەستهاتووی مانگی تشرینی یەكەمی ڕابردوو، وەك لە ئاماری سەرەتایی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عیراقی (سۆمۆ)دا هاتووە، بڕی هەناردەكردنی نەوت (89) ملیۆن و (153) هەزار و (899) بەرمیل بووە، داهاتی بەدەستهاتووش گەیشتۆتە نزیكەی (3) ملیار و (430) ملیۆن و (630) هەزار دۆلار”.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”كۆی گشتی هەناردەی نەوتی خاو لە مانگی تشرینی یەكەم ڕابردوو لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشوور، (2) ملیۆن و (867) هەزار و (673) هەزار بەرمیل بووە، هەناردەكردنیش بۆ ئەردەن گەیشتۆتە (263) هەزار و (58) بەرمیل”.

وەزارەتی نەوتی عیراق وەك لە بەیاننامەكەدا ئاماژەی پێكردووە”كۆی گشتی هەناردەی ڕۆژانە (2) ملیۆن و (876) هەزار بەرمیل بووە، تێكڕای فرۆشتنی یەك بەرمیلیش (38.480) دۆلار بووە”.

مووچە بەرانبەر بە قەرز
مشتومڕەكان لەنێوان حكومەت و پەرلەمان لەبارەی چارەنوسی مووچەی فەرمانبەران لە عیراق بەردەوامە، راوبۆچوونێك لێرە و ڕاوبۆچوونێكی تر لەوێ‌، دواكەوتنی مووچەش فەرمانبەرانی بێزاركردووە كە ژمارەیەكیان لە بەغدا و دیوانیە و خۆپیشاندانیان كرد لەپێناو وەرگرتنی مووچەكانیان.

لە سەرەتای ئەم مانگە عەلی عەبدولئەمیر عەللاوی وەزیری دارایی، مشتومڕێكی تری دروستكرد، كاتێك لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”دوو هەفتەی تر مووچە دابەش ناكرێت، مووچەش كاتێك بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ بۆ فەرمانبەران خەرج دەكرێت كە پەرلەمان دەنگ لەسەر یاسای تەمویلكردنی كورتهێنان بدات”.

لەبەرانبەر ئەو لێدوانانەی وەزیری دارایی، ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران هاتنە دەنگ و هەڵوێستی خۆیان خستنەڕوو، لەو بارەیەشەوە ناجی سەعیدی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان ڕایگەیاند”ئەوەی وەزیری دارایی باسی كرد، زۆر وردە، بەوپێیەی داهاتەكانی نەوت و داهاتەكانی تر، بەشی خەرجییە پێویستەكان و مووچە ناكەن”.

بە وتەی سەعیدی”لە حاڵەتی پەسەندنەكردنی یاسای قەرزكردن لەلایەن پەرلەمانەوە، وەزیری دارایی پەنادەباتە بەر داهاتە بەدەستهاتووەكان و لێوەی لەماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا مووچەی فەرمانبەران دابەش دەكات”.

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت”لیژنەی دارایی سورە لەسەر اێپەڕاندنی یاسای قەرزكردن لەم ماوەیە، لەپێناو بەلەكردن بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران و دابینكردنی پێداویستییە سەرەكییەكان، لەگەڵ ئەمەشدا فراوانكردنی قەرزەكان، كاریگەریی نەرێنی دەبێت بۆسەر ئابوری عیراق لە داهاتوودا”.

مەترسی مایەپووچی
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق، وادەی ڕاگەیاندنی مایەپوچبوونی عیراق دیاریی دەكات، هۆشداریش دەدات لەبارەی پەنابردن بۆ قەرز لەپێتاو خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران.

عەبدولهادی سەعداوی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”پەنابردنی حكومەت بۆ ڕاكێشانی پارە لە بانكی ناوەندی و بانكە حكومییەكان، بۆ مەبەستی فەراهەمكردنی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت، مانای ئەوەیە عیراق لە مانگی نیسانی 2021دا مایەپوچبوونی خۆی ڕادەگەیەنێت، ئەمەش مایەی مەترسییەكی گەورەیە و پێویستە هۆشداریی بدرێت لەبارەیەوە”.

بە وتەی سەعداوی”پەرلەمان پەیوەندی بە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەتەوە نییە، ئەمە ئەركی دەسەڵاتی ڕاپەڕاندنە (حكومەت)، بەڵام ئێمە پشتیوانی لە هەر ڕێكارێك دەكەین كە شیاو بێت و ببێتە مایەی فەراهەمكردنی مووچەی فەرمانبەران بەشێوەیەكی خێرا، لەگەڵ ڕێگرتن لە بەهەدەردان و یاریكردن بە دارایی و سامانی گشتی”.

پێشتر لیژنەی دارایی پەرلەمان، ئاماژەی بە بڕێكی دیاریكراوی قەرز كردبوو بۆ دەنگدان لەسەر یاسای قەرز لەپێناو دابینكردنی مووچە و بەشەخۆراك و دەرمان.

بەپێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە عیراق، فەرمانبەران خۆیان بۆ خۆپیشاندان ئامادەكردووە، لەپێناو گوشارخستنە سەر حكومەت بۆ دۆزیننەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ قەیرانی مووچە و داواكاركردن بە خەرجكردنی، هەر ئەمڕۆ ژمارەیەك لە فەرمانبەران لەبەردەم وەزارەتی دارایی گردبوونەوەیەكیان ئەنجامدا و داوای خەرجكردنی مووچەكانیان كرد، پاشان لە پارێزگەی دیوانیە هەندێك لە كارمەندانی سەر بە وەزارەتی تەندروستی خۆپیشاندانێكیان ئەنجامدا و هەمان داواكارییان خستنەڕوو.

 55 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*