سەرەکی » راپۆرت » سوودەكانی بەنداوی نەهزە بۆ سودان

سوودەكانی بەنداوی نەهزە بۆ سودان

ئیدریس جەبار

بەبۆچوونی زەینەب محەمەد ساڵح رۆژنامەنوسی سودان، پێدەچێت بەنداوی نەهزەی ئەسیوپی كەجێگەی مشتومڕە، سودی بۆ سودان هەبێت.

لافاوە بێ‌ پێشینەكانی ئەم دواییە لە سودان، بوونەمایەی گیانلەدەستدانی زیاتر لە100 كەس و كاریگەرییان لەسەر ژیانی 875 كەسی تر دروستكرد. چەندان گەڕەكی جێنیشتەجێبوونیشی وێران بوون، بەرزبوونەوەی ئاستی رووباری نیلیش كەبەرزترین ئاستی تۆماركرد لەمێژووی نزیكدا، بووە مایەی لەگەڕخستنی كارەباو تێكدانی تۆڕەكانی ئاوەڕۆ.

هەندێك لەشارەزایان دەڵێن، گەر بەنداوی نەهزەی ئەسیوپی كەلەسەر نیلی شین دروستكراوە، بەتەواوی وزەی خۆی كاریی بكردایە، كاریگەریی ئەو لاوافاوانەو زیانەكانیان بۆ سودان كەمتردەبوو. ئەسیوپیا لە بەرزاییەكانی باكوورەوە دەستی كرد بەبنیاتنانی بەنداوەكە كە 85%ی ئاوی نیلی لێوەدەردەچوو لە2011، لەمساڵیشدا دەستیكرد بەپڕكردنی عەمبارەكانی پشتەوەی بەنداوەكە.

كاتێك بەنداوەكە بەتەواوی وزەی خۆی كاردەكات لەماوەی چەندان ساڵی داهاتوو، دەبێتە گەورەترین وێستگەی بەرهەمهێنانی وزەی كەهروئاوی لەئەفریقادا. كارەكەش مشتوكڕێكی زۆری لەسەربوو، بەو پێیەی میسر ترسی هەیە بكەوێتە سەر ئاراستەی ڕێڕەوی روبارەكە، و بەنداوەكەش كەتێچووەكەی دەگاتە 4 ملیار دۆلار، بڕی ئەو ئاوەی پێی دەگات بەشێوەیەكی گەورە كەمببێتەوە.

دانوستانەكانی ئێستا پێداگریی لەسەر مەودای خێرایی پڕكردنی بەنداوەكە دەكەنەوە، سودانیش لەنێوان میسرو ئەسیوپیادا بەهەڵواسراوی ماوەتەوە. سەلمان محەمەد، پسپۆڕی سودانی لەیاساو سیاسەتەكانی ئاوەنێودەوڵەتییەكان روونیدەكاتەوە كە چۆن ئاوی لافاوەكان بەشێوەیەكی كاریگەر لەسەر روباری نیل رێكدەخرێت بەبەنداوی ئەسوان.

بەوتەی ئەو پسپۆڕە»كەسانێكی زۆرمان لەدەستداوە، وێڕای زیانەكان كەبەچەندان ملیار جونەیهی سودانی مەزەندە دەكرێن، بەڵام تەماشای میسربكە.. یەك شەتڵی لەدەست نەداوە، چونكە بەردەوام پارێزگاریی لەئاوی لافاوەكان دەكات لەبەنداوی عالی، ئێمەش بەنداوی لەو جۆرەمان نییە، بۆیە بەنداوەكەی ئەسیوپیا دەكرێت هەموو ئەوانە رزگاربكات».

سودان خاوەنی 8 بەنداوە لەسەر نیل، لەو بارەیەوە دكتۆر محەمەد لەناوەندی نێودەوڵەتی بۆ سامانە ئاوییەكان دەڵێت»بەنداوەكانی ئێمە زۆر بچوكن».

میسر توانیویەتی هەموو ئەو ئاوەی لەلافاوەكان كۆیكردۆتەوە، لەپرۆژە كشتوكاڵییەكان لەبیاباندا بەكارییان بهێنێت.

مەترسییەكانی پەیوەست بە سەلامەتی بەنداوەكە
لەمیانی گفتووگۆ توندەكان لەبارەی پڕكردنی بەنداوەكەو بڕی ئاو ئاوەی پێویستە بەربدرێتەوە كە لەم ماوەیەی دواییدا لەژێر چاودێری یەكێتی ئەفریقادا دەستیپێكردەوە، سودان پشتیوانی لەمیسر دەكرد.

ئەو هەڵوێستە لەسایەی حكومەتەكەی عومەر حەسەن بەشیر سەرۆكی پێشوودا گیرابووەبەر، بەهەمان شێوە ئەو جەنەراڵانەی وەك بەشێك لەحكومەتی راگوزەریی ماونەتەوە كەلەئێستادا حوكمی سودان دەكەن، هاوپەیمانی بەهێزی میسرن. ئەحمەد موفتی، دانوستانكاری سودانی سەردەمی بەشیر، نیگەرانی لەبارەی مەترسییەكانی تایبەت بەسەلامەتی بەنداوەكە خستبووەڕوو.ئەو لەو بارەیەوە رایگەیاندبوو، گەر بڕوخێنرێت، ئەوا زیان بەتەواوی ناوچەكە دەگەیەنێت بەخەرتومی پایتەختی سودانەوە كەتێیدا نیلی سپی لەگەڵ نیلی شین یەكدەگرێت.

لەواقیعدا بەرپرسانی سودان لەسەر گوریسێكی بەستراوە ڕێدەكەن، تا بەدووربن لەهەر ململانێیەك.

قسەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكایی لەكاتی پەیوەندی تەلەفۆنی هاوبەشی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی سودان و سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، بۆ دەستپێكردنەوەی پەیوەندی نێوان هەردوووڵات خزمەت بەم رەوشە ناكات، بەتایبەت كەگوتبووی»میسر بەنداوەكە دەڕوخێنێت».

ئەسما عەبدوڵڵا، وەزیری دەرەوەی سودان لەحكومەتی راگوزەریی، لەمانگی تەمموزی رابردوودا رایگەیاندبوو، هەمیشە دیالۆگ تاكە چارەسەرە.

سودان پێی باشە، بگەنە رێگەچارەیەكی ئاشتیانە، تا بتوانێت سودە گەورەكانی ئەو بەنداوە زەبەلاحە ببینێت.

سەرچاوەی شانازیی ئەفریقایە
بەبۆچوونی دكتۆر محەمەد، بەنداوی نەهزە دەبێتە مایەی ئەوەی بەنداوەكانی سودان وەزی كارەبای زیاتر بەرهەم بهێنن، وێڕای كڕینی كارەبایەكی هەرزان و پاك لەئەسیوپیا.

هەروها دەڵێت، رێگە بۆ سێ‌ وەرزی كشتوكاڵی خۆش دەكات، بەو پێیەی لەئێستادا بەروبومە كشتوكاڵییەكان لەدەوروبەری مانگی تشرینی یەكەم یان تشرینی دووەم هەڵدەگیرێن، بەڵام كاتێك دەستبەبەردانەوەی ئاوی بەنداوەكە كرا، ئەوات جوتیارەكان دەتوانن لەزۆر كاتدا كشتوكاڵ و ئاودێری بكەن.

لەوشكە ساڵەكانیشدا، كاتێك ئاو زۆر كەمدەبێتەوە، بەنداوەكە بەردانەوەی ئاوی پێویست زامن دەكات. دكتۆر محەمەد دەڵێت»سودان تەنیا نزیكەی 12 ملیار مەتری دووجا یان 64%ی ئەو ئاوە بەكاردەهێنێت كەساڵانە مافی دەستەبەركردنی هەیە بەپێی رێكەوتنی 1959 كە لەگەڵ میسردا ئیمزاكراوە بۆ دابەشكردنی سامانی ئاوی نیل».

بەرەچاوكردنی ئەوەی كەنەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت، نزیكەی 10 ملیۆن كەس لەسودان رووبەڕووی كەمی خۆراك دەبنەوە لەمساڵدا، كەبەشێكی بەهۆی كاریگەرییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆناوەیە، ئەوان تەنیا دەتوانێت لەمەودایەكی دووردا سودەكانی ئەو بەنداوە زەبەلاحە ببینێت.

سەڵاح حەسەن كە تەمەنی 44 ساڵە و باوكی منداڵێكە دەڵێت، خانووەكەی لە ئوم درمان كەشارێكی نزیكە لەخەرتوم، زیانی زۆری پێگەیشتووە بەهۆی لافاوەكانەوە»ئێمە پشتیوانیان دەكەین، چونكە هەستی هاوبەشمان هەیە بەرامبەر بەگەلی ئەسیوپی».

محەمەد عەلی تەمەن 37 ساڵ كە دانیشتووی خەرتومی بەحرییە پێیوایە، بەنداوی نەهزە سەرچاوەی شانازیی ئەفریقایەو هەلی كار بۆ زۆرێك فەراهەم دەكات. ئەو دەڵێت»لەئێستادا چەندان ملیۆن ئەسیوپی هەن لەسودان نیشتەجێن، بۆیە لەو بڕوایەدام لەدوای بنیاتنانی بەنداوەكە، لەگەڵ زۆرێك لەسودانییەكاندا بۆ كاركردن دەگەڕێنەوە وڵاتەكەیان».

هەروەها بە(بی بی سی) رایگەیاندووە»من لەسەدا 100 پشتیوانی لەو بەنداوە دەكەم، چونكە هەر پرۆژەیەك سودی بۆ گەلانی ئەفریقا هەبێت، ئەوا مەزنە، خەڵكی لەكیشوەری ئەفریقا زۆری بەدەست نەدارییەوە چەشتووە، بۆیە پێویستییان بەم جۆرە پرۆژە گەشەكردنە گەورانە هەیە».

بەڵام تا ناكۆكییەكان لەبارەی چۆنیەتی رێكخستنی بەنداوەكەوە لەئەسیوپیا چارەسەر دەكرێت، ئەوا بۆ ئەوانەی لەسەر درێژترین رووبار لەجیهاندا دەژین و كشتوكاڵ دەكەن، بەسەرچاوەی مەترسی و نیگەرانی دەمێنێتەوە.

 40 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*